سەرەکی » وتار » گۆران فه‌تحی » ئاگرەكەی توركیا

ئاگرەكەی توركیا

ئاگر و سووتانی دارستانەكانی توركیا كە چەند رۆژێكە بەردەوامە، زیانی گەورەی بەو وڵاتە گەیاندووە لە رووی گیانی و هەروەها ئابووری و بەتایبەتیش كەرتی گەشتیاری، رەخنەی توندیش لە حكومەتی ئەو وڵاتە دەگیرێت بەهۆی خراپ مامەڵەكردنی لەگەڵ ئەو رووداوە و بە كەمتەرخەمیش تۆمەتبار دەكرێت.

ئاگرەكانی ئەم دواییە كە حەوت هەرێمی ئەو وڵاتەی گرتۆتەوە كە ئەوانیش ئەنتاڵیا و ئەدەنە و قەیسەری و كۆتاهییە و مۆگلا و مەرسین و عوسمانییەن و وەكو ناوچەی كارەساتبار راگەیانراون، زیانی گەورەی بە سروشت و هەروەها كەرتی ئابووریی و گەشتیاریی ئەو وڵاتە گەیاندووە، كە بە ملیاران دۆلار مەزەندە دەکرێت، ئەگەری زۆریش هەیە کەوتنەوەی ئەو ئاگرانە كاریگەریی گەورە لەسەر كەرتی گەشتیاریی و گەشتكردن بۆ ئەو وڵاتە دروست بكەن، دوای ئەوەی رێژەیەكی زۆری دارستان و ناوچە سەوزاییەكانی ویلایەت و ناوچە گەشتیارییەكان بوونەتە سوتماک.

هاووڵاتیان و میدیاکانی ئەو وڵاتە، رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆكی توركیا و حكومەتی ئەنقەرەیان بەوە تۆمەتباركردووە کە خراپ مامەڵەیان لەگەڵ ئەو پرسەدا کردووە، بەجۆرێك كە زۆر لاواز كاریان لە رێگریكردن لە تەشەنەكردنی ئەو ئاگرانەدا كردووە لەو ناوچانەی کە تیایاندا کەوتوونەتەوە و بەشێك لە چالاكوانانیش داوای دەستلەكاركێشانەوەی كابینەی حكومەتیان كردووە.

ئەمەش لەكاتێكدایە کە حكومەتی ئەو وڵاتە و سەرۆكەکەی لەبری دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو بۆ ئەو دۆخە مەترسیدارە، هەوڵدەدەن رووداوەكە بخەنە ملی چەند كەس و لایەنێك گوایە تۆمەتبارن بە هەڵگیرساندنی ئاگر لەو ناوچانە، لەو رووەشەوە ئاماژە بەوە دەدرێت كە كەسێك لە ناوچەی میلاس و سێ كەسیش لە شاری ئیدیەن دەستگیركراون گوایە دەستیان هەبووە لە کەوتنەوەی ئەو ئاگرانەدا.

رەجەب تەیب ئەردۆغانیش هەڕەشەی ئەوەی كردووە كە سزای هەركەسێك دەدەن دەستی لەو ئاگركەوتنەوانەدا هەبێت.

هەرچەندە لایەنێك كە خۆی بە نزیك لە پەکەکە ناساندووە بەرپرسیارێتی خۆی لە بەشێك لە ئاگركەوتنەوەكان راگەیاندووە، وەكو هەندێك سایتی توركیا بڵاویان كردۆتەوە، بەڵام ئەوەش جێی گومانە تا لێكۆڵینەوەكان لە رووداوەکان تەواو نەبێت.

جێی ئاماژەیە، کەوتنەوەی ئەو ئاگرانە لەیەك كاتدا لە چەندین ویلایەتی باشوور و باشووری خۆرئاوای توركیا روویانداوە و تائێستاش جگە لە زیانی مادی، چەندین كەس بەو هۆیەوە گیانیان لەدەستداوە و دەیان كەسی تریش برینداربوون.

بەپێی ئامارەكانی یەكێتی ئەورپا، توركیا لەماوەی نێوان ساڵانی 2008 تا 2020 رووبەرووی 43 ئاگركەوتنەوە بووە، لەكاتێكدا ئەمساڵ 133 ئاگركەوتنەوە لەو وڵاتە تۆماركراوە.

بەپێی ئامارە رەسمییەكان توركیا، ئاگركەوتنەوەی ئەمجارە خراپترینە لە دە ساڵی رابردوودا و تا ئێستا بووەتە هۆكاری لەناوچوونی 95 هەزار هیكتار زەوی، لەكاتێكدا لەهەموو ساڵانی نێوان 2008 تا 2020، 13516 هیكتار سووتاوە.

ئەوەی دەمێنێتەوە لێرەدا بیڵێن هەرچەند حكومەتی تورکیا كۆنترۆڵكردنی زۆربەی زۆری ئاگرەكانی راگەیاندووە، بەڵام هێشتا لە هەندێك شوێنی ئەو وڵاتە و بەپێی ئەو گرتە ڤێدیۆییانەی هاووڵاتیانی ئەو وڵاتە لێرە و لەوێ بڵاویان دەکەنەوە، ئاگر لە هەندێک ناوچە هێشتا لە تەشەنەكردندایە یان کۆنترۆڵ نەکراوە و پەنابردنی حكومەتیش بۆ تۆمەتباركردنی خەڵك و لایەنی سیاسی، تەنها بۆ لادانی زوومی كامیرای میدیاکان و چەواشەکردنی هاووڵاتییەکانێتی لەسەر كەمتەرخەمی و مامەڵەی نابەرپرسیارنە لەگەڵ ئەو پرسە و بەشێكی تری پرسەكانی ئەو وڵاتە، وەكو ئاماژەشمان پێدا هەرچەند باس لە تۆمەتبار و لایەنی دیاریكراو دەكرێت لە هەڵگیرساندنی ئاگرەکاندا، بەڵام گومانی زۆریش دەكرێت بەشێكی تەنها رووداوێكی سروشتی بن، وەكو چۆن لە زۆرێك وڵاتی تر بەوڵاتی خۆشمانەوە ساڵانە و لەوەرزی هاویندا لە ئەنجامی کەمتەرخەمی گەشتیاراندا روودەدەن، یان بەهۆی زیادبوونی پلەكانی گەرما لە زۆر ناوچەی گۆی زەوی.

 166 جار بینراوە