سەرەکی » وتار » ژن لە نێوەندی چەمکەکانداپەڕە 27

هەگبەی ژن

ژن لە نێوەندی چەمکەکاندا

کنێر عەبدوڵڵا

چه‌مکی پیاوه‌تی و پیاوێتی که‌ خوڵقێنه‌ری کلتور و دابونه‌ریتی کۆمه‌ڵگه‌یه‌ مێژووییه‌کی درێژی هه‌یه‌، به‌شێوه‌یه‌ک له‌ هزری مرۆڤه‌کاندا ره‌گی داکوتاوه‌ که‌ قسه‌کردن له‌سه‌ری کاردانه‌وه‌ی جیاواز دروستده‌کات، وێڕای ئه‌وه‌ی زۆرێک له‌ پیاوان خه‌ون و خه‌یاڵێکی زۆریان له‌سه‌ر بونیادناوه‌.

شانازیکردنی مرۆڤەکان به‌ ره‌گه‌زی خۆیانه‌وه‌ پێویستە، ئەگەرچی گرنگ متمانەبوونیانە بەوەی وه‌کیه‌ک باوەڕیان بە مرۆڤبوونیان هەبێت و هه‌ریه‌که‌یان وه‌ک مرۆڤ سەیری ئه‌ویدی بکات. ئه‌مه‌ وێڕای پێزانینیان به‌وه‌ی هه‌ریه‌که‌یان به‌ویتره‌وه‌ ده‌بنه‌ ته‌واوکه‌ر و پێکه‌وه ‌ژیان رازاوه‌تر و به‌رهه‌مدارتر ده‌که‌ن.

گرفتی سه‌ره‌کی له‌وه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت؛ کاتێک پیاوه‌که‌ به‌هۆی ئه‌و وێنا خه‌یاڵی و رۆڵه‌ دروستکراوه‌ی کۆمه‌ڵگه‌ پێیبه‌خشیووه‌، مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئەویدیدا بکات. کاتێک ره‌وایه‌تی به‌خۆی ده‌دات پیاده‌ی هه‌موو مافێکی بکات وه‌ک مرۆڤ؛ بێ ئه‌وه‌ی که‌سی به‌رامبه‌ر به‌شیاو بزانێت سه‌باره‌ت به‌و مافه‌؛ کاتێک خەسڵەتە خوڵقێنەرەکانی پیاوێتی دەبێتە کاریزمایەکی تر لە ناوخۆیدا؛ بەدوور لە دۆزینەوە و ناسینی راستەقینەی خودی خۆی وەک مرۆڤ، ئیدی له‌و نێوه‌نده‌دا به‌هامرۆییه‌کان نامێنن و ره‌فتاری مرۆڤه‌کان ده‌بێته‌ دووفاقی، دەرئەنجام دەبێتە هۆی سڕینەوەی کەسایەتی ژن بێئەوەی خودی ئه‌و پیاوانه‌ په‌ی پێبەرن.

بەو‌ واتایه‌ی خۆی به‌ پیاو ده‌زانێت، به‌ڵام بێئه‌وه‌ی هیچ به‌رپرسیارێتییه‌کی ئه‌و جۆره‌ پیاوه‌تییه‌ی لێینراوه‌، له‌ئه‌ستۆ بگرێت. له‌کاتی به‌رپرسیارێتییه‌کانی ماڵ و خێزان خۆی قوتار ده‌کات، چ له‌ رووی داراییه‌وه‌ یان مه‌عنه‌وییه‌وه‌ بێت و بگره‌ زۆرجار گه‌ر ژنه‌ هاوسه‌ره‌که‌ پێگه‌ و لایه‌نێکی دارایی به‌هێزی هه‌بێت، ئاماده‌یه‌ قبوڵی ئه‌وه‌ بکات کە ژنه‌کەی‌ له‌ناو ماڵ دوو ئه‌وه‌نده‌ی خۆی به‌رپرسیارێتییه‌ داراییه‌کان هه‌ڵبگرێت، به‌ڵام بێ ئه‌وه‌ی پێی راست بێت که‌س به‌وه‌ بزانێت یان ته‌نانه‌ت نایه‌وێت خۆیشی په‌ی به‌و راستییه‌ به‌رێت؛ له‌و روانگه‌یه‌ی له‌ پیاوه‌تییه‌که‌ی که‌م ده‌کاته‌وه‌ یان خه‌ڵک تانه‌ی لێده‌دات.

نموونه‌ی لەم شێوەیەی ژنان له‌ نێوه‌ندی خێزانه‌کاندا، کە هه‌ڵگری زۆرێک له‌و به‌رپرسیارێتییانه‌ له‌ئه‌ستۆ ده‌گرن، کەم نین. به‌ڵام له‌بری ئه‌وه‌ی لای هاوسه‌ره‌که‌ی ببێته‌ جێی شانازی، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ هه‌میشه‌ له‌ کاتی جدییه‌ت و گفتوگۆکاندا هه‌وڵی بچوککردنه‌وه‌ و بێبه‌هایی رۆڵی ژنه ‌هاوسه‌ره‌که‌ی ده‌دات و زوربەی شته‌کانی بێبایه‌خ ده‌نرخێنێت.

ئه‌م گرفته‌ پیاوان ده‌خاته‌ به‌رده‌م دوو هه‌ڵوه‌ستەوە،‌ یه‌کێکیان: به‌ئاشکرا بڵێت من پیاوسالارم و باوه‌ڕم به‌ مافی مرۆڤ نییه‌ و ئیدی به‌ به‌رچاوی خه‌ڵک پێویست به‌ نیشاندانی لیبراڵیه‌ت و پێشکه‌وتوخوازیی ناکات و دووه‌میان: راماڵینی خودی مرۆڤه‌کانه‌ سه‌باره‌ت به‌و وێنا و چه‌مکه‌ خه‌یاڵییه‌ی بۆ خودی پیاوان دانراوه‌، ئه‌مه‌ش گرێدراوی پیاچونه‌وه ‌و سه‌رله‌نوێ گۆڕانکاری ریشه‌یی هه‌یه‌ سه‌باره‌ت ئه‌و تێڕوانینانه‌ی بۆ خودی پیاوه‌تی خراونه‌ته‌ڕوو و بووه‌ به‌ به‌شێکی دانه‌بڕاو لای‌ تاکه‌کان، هەروەها ‌باوەڕی پیاوان بە داماڵینی پیاوێتی لە بیر و هزریاندا کە هەڵگری ناواخنێکی پڕ لە دەسەڵاتدارێتی، زاڵێتی، سەپاندن و.. هتد هەیە ئەمەش پرۆسه‌یه‌کی درێژخایه‌نه ‌و هه‌وڵی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی گه‌ره‌که‌ به‌ تایبه‌ت له‌ نێوه‌ندی دامه‌زراوه‌ په‌روه‌رده‌ییه‌کاندا، چونکە ره‌گه‌زه‌کان وه‌ک خۆیان جوانن، بێ ئه‌وه‌ی مرۆڤبوونی خۆیان له‌بیر بکه‌ن یان هه‌وڵی سڕینه‌وه‌ی ئه‌ویدی بده‌ن.

 233 جار بینراوە