سەرەکی » دۆسێ » 250 چاودێری نێودەوڵەتی دەگەنە عیراق

بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەیە

250 چاودێری نێودەوڵەتی دەگەنە عیراق

وەزارەتی دەرەوەی عیراق گەیشتنی 250 چاودێری نێودەوڵەتی بەمزیكانە بۆ عیراق رادەگەیەنێت، تا وەك چاودێری هەڵبژاردنی پێشوەختە كاربكەن كە واچاوەڕوان دەكرێت لە دەی تشرینی یەكەمی داهاتوو بەڕێوەبچێت، لەكاتێكدا هەندێك لە هێزە سیاسییەكان هێرش دەكەنە سەر رۆڵی نێودەوڵەتی لە عیراق و بە «دەستوەردان» لە كاروباری هەڵبژاردندا وەسفی دەكەن.

ئەمە لەكاتێكدایە هەندێك لە فراكسیۆنە سیاسییەكانی عیراق لە پێشبڕكێی هەڵبژاردن پاشەكشەیان كرد، لەنێوەندی بزواوتنی دواخستنی وادەی هەڵبژاردنیش، كۆمسیۆنی هەڵبژاردن تەئكید لەسەر وادەی هەڵبژاردن دەكاتەوە و دەڵێت، بانگەشەكردن بۆ پاشەكشەكردن كاریگەریی لەسەر وادە دیاریكراوەكە دروست ناكات، بەو پێیەی دەستیكردووە بە چاپكردنی پۆستەرەكانی دەنگدانی تایبەت بە كاندیدەكان و هیواشی خواستووە هەندێك لە لێدوانەكان و هەڵوێستەكان كاریگەریی لەسەر دەنگدەران دروست نەكەن.

حكومەتی عیراق بەردەوامە لە هەوڵەكانی بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە وادەی خۆی و لەگەڵ تیمە نێودەوڵەتیەكان هاوئاهەنگی هەیە بۆ سەرپەشتی پرۆسەكە.

لە 30ی تەمموزی 2021، فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عیراق، لە بارەگای نەتەوە یەكگرتووەكان لە نیویۆرك، چاوی كەوت بە كریگ جاینیس سەرۆكی تیمی پشتیوانی هەڵبژاردن لە فەرمانگەی كاروباری سیاسی و بنیاتنانی ئاشتی لە ئەمیندارێتی گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان، لە چاوپێكەوەتنەكەشدا ئامادەكارییە پێویستەكان بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە وادەی دیاریی كراوی خۆی، تاوتوێ‌ كران.

بەپێی بەیاننامەیەكیش كە لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی عیراقەوە بڵاوكرایەوە، فوئاد حسێن تەئكیدی لەسەر بەردەوامی هەوڵەكان كردۆتەوە بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە وادەی خۆی، خۆشخاڵیشی دەربڕیوە بۆ دەستەبەركردنی هەڵوسێتی پشتیوانی لەلایەن ئەنجومەنی یاسایش، سەبارەت بە دۆسێی تایبەت بە هەڵبژاردن.

وەزیری دەرەوەی عیراق، تەئكیدی لەسەر خستنەگەڕی هەوڵێكی گەورە كردۆتەوە لەلایەن حكومەتی عیراق بۆ فەراهەمكردنی كەشێكی گونجاو بۆ هەڵبژاردن «بەرپرسیارێتی ئامادەكارییەكانیش بۆ فەراهەمكردنی تەواوی پێداویستییەكان و رەخساندنی كەشێكی ئەمنی لەبار و ئازاد و پێخەوش كە لەگەڵ پێوەرە نێودەوڵەتییەكاندا یەكانگیر بێت، دەكەوێتە ئەستۆی حكومەت «، ئەمەش لە بەیاننامەكەی وەزارەتی دەرەوەی عیراقدا ئاماژەی پێكراوە.

بەیاننامەكەی وەزارەتی دەرەوەی عیراق، لە زاری كریگ جاینیس سەرۆكی تیمی پشتیوانی هەڵبژاردن لە نەتەوە یەكگرتووەكان بڵاویكردەوە»نەتەوە یەكگرتووەكان 150 پسپۆڕی نێودەوڵەتی دەخاتەگەڕ بۆ پتەوكردنی هەوڵی پشتیوانی هەڵبژاردن كە پێشكەش بە عیراق دەكرێت، وەك تیمێكی ئامادەكاریی بۆ پرۆسەی چاودێری كە بەسەر چوار ناوەندی سەرەكی لە عیراقدا دابەش دەكرێن، بە هەمان شێوە 100 پسپۆڕی نێودەوڵەتی تر لە ناوەڕاستی مانگی ئایلولی داهاتوو رەوانە دەكرێن و ئەركی سەرەكییان چاودێری هەڵبژاردن دەبێت».

ئاماژەی بە هەوڵەكانی نەتەوە یەكگرتوەكانیش كردبوو كە «بەسەر دوو میحوەردا دابەش دەكرێن لە بواری پشتیوانی هەڵبژاردن كە خۆیان لە هاوكاریی تەكنیكی و چاودێری هەڵبژارندا دەبیننەوە، بەوشێوەیە نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ یارمەتی هەڵبژاردن لە عیراق دەبێتە گەورەترینی نەتەوە یەكگرتووەكان، تیمی پەیوەندی ستراتیژیش بەمزوانە دەگاتە بەغدا».

ئەمەش لەكاتێكدایە هەندێك لە هێزە سیاسییەكان لە عیراق، رۆڵی نەتەوە یەكگرتووەكان لە چاودێری هەڵبژاردن رەتدەكەنەوە و تۆمەتی (دەستوەردان لە دۆسێی هەڵبژاردن)یش رووبەڕووی نێردەكە (نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عیراق) و جینین بلاسخارتی سەرۆكەكەی دەكەنەوە.

نوری مالیكی سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا كە بە یەكێك لە سەرسەختترین ئەو كەسانە دادەنرێت كە هێرشی توند دەكەنە سەر نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان، لە تویتێكیدا رایگەیاندبوو»پێدەچێت بلاسخارت پێویستی بەوە كە بزانێت ئەرك و رۆڵی چییە وەك بەرپرسی نێردەی یۆنامی لە عیراق، نێردەكە لەسەر داوای حكومەتی عیراق جموجۆڵ دەكات، دەسەڵاتی ئەوەی نییە بە خواستی خۆی هەڵسوكەوت و دەستوەردان بكات لە كاروباری هەڵبژاردن»، رۆڵی نێردەكەشی رەتكردبۆوە لەبارەی «قسەكردنی لەسەر دواخستنی هەڵبژاردن».

لەو بارەیەوە ئەحمەد نعێمی، شارەزا لە كاروباری سیاسەتی عیراقی رایگەیاندبوو، هەڵوێستی هەندێك ئەو لایەنە سیاسیانە بەرامبەر بە نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان، بۆ هەوڵی نێردەكە دەگەڕێتەوە لەڕووی پتەوكردنی ئاستی سەربەخۆیی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن و بانگهێشتكردنی چاودێرانی نێودەوڵەتی بۆ بەشداریی لە هەڵبژاردن و كاركردنییان وەك چاودێر.

بە وتەی نعێمی كە قسەی بۆ میدیا عەرەبییەكان كردبوو»هۆكاریی رەتكردنەوەی ئەو هێزە سیاسییانە بۆ رۆڵی نێودەوڵەتی لەوەوە سەرچاوەی گرتووە كە دڵنیانیین لە رێوشوێنەكانی چاودێری و پێیانوایە ئەوان دەكاتە ئامانج، بە تایبەت كە هەژموونێكی زۆری چەكدارییان لە نیوەی بازنەكانی هەڵبژاردن هەیە لەڕێی گروپە چەكدارەكان، وێڕای رووبەڕووكردنەوەی تۆمەتی تەرەفگیریی بۆ نێردەی نێودەوڵەتی لەلایەن ئەو هێزانەوە».

لەلایەكی ترەوە، باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغدا رایگەیاندبوو، بە مەبەستی هاوكاریكردنی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە عیراق وڵاتەكەی بەم دوایانە نۆ ملیۆن و 700 هەزار دۆلاری پێشكەش بە نێردەی یۆنامی كردووە لە عیراق.

بەپێی بەیاننامەیەك كە لە كۆتایی مانگی تەمموزی رابردوو لەلایەن باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغدا بڵاوكرایەوە»ئەمریكا بەم لەماوەیەی دوایی نۆ ملیۆن و 700 هەزار دۆلاری پێشكەشی رێكخراوی یۆنامی كردووە لە عیراق بەمەبەستی هاوكاریكردن لە كاروباری هەڵبژاردن، پلانیشی هەیە پێنج ملیۆن و 200 هەزار دۆلاری تر پێشكەشی عیراق بكات و لەو بارەیەوە چاوەڕوانی رەزامەندی كۆنگرێسن».

هەر لە بەیاننامەكەی باڵیۆزخانەی ئەمریكادا هاتبوو»زیادكردنی هاوكاری ئەمریكا بۆ عیراق لە ئاكامی گفتوگۆ ستراتیژییەكانی ئەم دواییانەی نێوان هەردوو وڵاتە».

وابڕیارە هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عیراق لە 10ی تشرینی یەكەمی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت، بەڵام بە بۆچوونی چاودێران، لە نێوەندی پاشەكشەكردن و بایكۆتكردنی هەندێك لە هێزە كاریگەرییەكان، رەنگە پرۆسەكە بۆ وادەیەكی تر دوابخرێت.

 180 جار بینراوە