سەرەکی » ئابووری » له‌ كۆنگره‌ی‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی‌ عیراقدا،هاوپه‌یمانیی گه‌نده‌ڵی‌،گێچه‌ڵ،میلیشیا،دروشمیان به‌رز كردۆته‌وه‌‌و ده‌ڵێن: له‌م وڵاته‌ وه‌به‌رهێنان مه‌كه‌ن

له‌ كۆنگره‌ی‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی‌ عیراقدا،هاوپه‌یمانیی گه‌نده‌ڵی‌،گێچه‌ڵ،میلیشیا،دروشمیان به‌رز كردۆته‌وه‌‌و ده‌ڵێن: له‌م وڵاته‌ وه‌به‌رهێنان مه‌كه‌ن

و: كورده‌وان محه‌مه‌د سه‌عید

هێشتا كۆنگره‌ی‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی‌ عیراق له‌ كوێت ده‌ستی‌ پێ نه‌كردبوو، حه‌یده‌ر ئه‌لعه‌بادی‌ سه‌رۆك وه‌زیری‌ عیراق ده‌ركه‌وت‌و له‌ كۆنگره‌ی‌ رۆژنامه‌وانی‌ هه‌فتانه‌یدا هۆشداری‌ دا، كه‌ گه‌نده‌ڵی‌‌و بیرۆكراتی‌ هه‌ڕه‌شه‌ن بۆ سه‌ر ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی‌ عیراق‌و وه‌به‌رهێنه‌ران له‌ عیراق ته‌ره‌ ده‌كه‌ن. ئێستا كه‌ كۆنگره‌كه‌ش ده‌ستی‌ پێكردووه‌، زرینگانه‌وه‌ی‌ قسه‌كانی‌ حه‌یده‌ر ئه‌لعه‌بادی‌ هه‌ر به‌رده‌وامه‌‌و هه‌ڕه‌شه‌كان هه‌ر له‌ شوێنی‌ خۆیانن‌و هیچ نه‌گۆڕاوه‌.
رۆژی‌ دوو شه‌ممه‌ی‌ رابردوو كۆنگره‌كه‌ له‌ كوێت به‌ كۆبوونه‌وه‌ی‌ پسپۆڕانی‌ باڵا ده‌ستی‌ پێكرد بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی‌ بارودۆخی‌ عیراق‌و پێداویستییه‌كانی‌ ئاوه‌دان كردنه‌وه‌، به‌رپرسانی‌ عیراق له‌و كۆنگره‌یه‌دا به‌ڵێنیان دا كه‌ ئه‌و پاره‌یه‌ی‌ له‌لایه‌ن وڵاتانی‌ به‌خشنده‌‌و سندوقی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌‌و وه‌به‌رهێنه‌رانه‌وه‌ پێشكه‌ش ده‌كرێت، پارێزراو ده‌بێت‌و به‌هه‌ده‌ر نادرێ، كۆنگره‌كه‌ نزیكه‌ی‌ 70 ده‌وڵه‌ت به‌شدارییان تێدا كرد.
پێشتر‌و له‌ كۆبوونه‌وه‌كانی‌ داڤۆسدا، عه‌بادی‌ وتبووی‌ عیراق پێویستی‌ به‌ 100 ملیار دۆلار ده‌بێت بۆ ئاوه‌دانكرده‌وه‌، له‌ كۆنگره‌كه‌ی‌ كوێتیشدا سه‌لمان جومێلی‌ وه‌زیری‌ پلاندانانی‌ عیراق وتی‌ عیراق پێویستی‌ به‌ 88,2 ملیار دۆلار هه‌یه‌، چونكه‌ زیانی‌ زۆر به‌ كه‌رتی‌ نیشته‌جێبوون‌و ژێرخان‌و خزمه‌تگوزارییه‌كانی‌ گه‌یشتووه‌. مه‌هدی‌ ئه‌لعه‌لاق ئه‌منداری‌ گشتی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیرانی‌ عیراقیش وتی‌: عیراق، جیهانی‌ له‌ ده‌ستی‌ داعش رزگار كرد، ئێستاش جیهان ده‌بێ پاداشتی‌ ئه‌و چاكه‌یه‌ی‌ بداته‌وه‌.
سه‌باره‌ت به‌ زیانه‌كانی‌ عیراق، مسته‌فا ئه‌لهیتی‌ به‌ڕێوه‌به‌ری‌ سندوقی‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی‌ ناوچه‌ زیانلێكه‌وتووه‌كان رایگه‌یاند، نزیكه‌ی‌ دوو ملیۆن‌و 500 هه‌زار كه‌س به‌هۆی‌ شه‌ڕه‌وه‌ ئاواره‌ بوون، 138 هه‌زار خانوو زیانی‌ به‌ركه‌وتووه‌‌و نیوه‌ی‌ ئه‌و ژماره‌یه‌ش له‌ خانووه‌كان به‌ ته‌واوی‌ وێران بوون.
عیراق له‌و كۆنگره‌یه‌دا 157 پڕۆژه‌ی‌ پێشنیاز كردووه‌ بۆ به‌رده‌م وه‌به‌رهێنه‌ران، كه‌ سه‌رجه‌م پارێزگاكان ده‌گرێته‌وه‌ ته‌نها پارێزگاكانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان نه‌بێ، پڕۆژه‌كانیش له‌ بواری‌ پیشه‌سازی‌، كشتوكاڵی‌، ته‌ندروستی‌، په‌روه‌رده‌‌و فێركردن، گواستنه‌وه‌، گه‌شتیاریی‌و نیشته‌جێبووندان، به‌ڵام نیشته‌جێبوون گرنگی‌ زیاتری‌ پێ ده‌درێ.
جگه‌ له‌و 70 ده‌وڵه‌ته‌ی‌ به‌شداری‌ له‌ كۆنگره‌كه‌دا ده‌كه‌ن، 70 رێكخراوی‌ مرۆییش به‌شداری‌ ده‌كه‌ن، بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی‌ بارودۆخی‌ مرۆیی ئه‌مڕۆی‌ عیراق‌و هه‌زار‌و 850 كۆمپانیاش به‌شداری‌ ده‌كه‌ن‌و هه‌وڵی‌ به‌ده‌ستهێنانی‌ پڕۆژه‌كان ده‌ده‌ن. به‌رپرسانی‌ عیراق تا ئێستا جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ عیراق ئاماده‌یه‌ پێشوازی‌ له‌ وه‌به‌رهێنه‌ران بكات، وته‌بێژی‌ حكومه‌تی‌ عیراقیش رایگه‌یاند، به‌شداری‌ كردنی‌ كۆمپانیاكان له‌ كۆنگره‌ی‌ كوێتدا، نیشانه‌ی‌ ئه‌وه‌یه‌ خواستی‌ ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ له‌ عیراقدا كار بكه‌ن، ئاماژه‌ی‌ بۆ ئه‌وه‌ش كرد، ئێستا له‌ عیراقدا ژماره‌یه‌كی‌ زۆر كۆمپانیای‌ بیانی‌ هه‌ن‌و كار ده‌كه‌ن، هیچ كێشه‌یه‌كیشیان نییه‌، حكومه‌تیش ئاسانكارییان بۆ ده‌كات‌و كاره‌كانیان به‌ رێگه‌ی‌ تاك په‌نجه‌ره‌ بۆ رایی ده‌كات. ئه‌و وته‌بێژه‌ وتی‌ گرنگترین ره‌گه‌ز‌و كاركردی‌ وه‌به‌رهێنان كه‌ بۆ وه‌به‌رهێنه‌ران دابین بكرێت ئاسایشه‌.
له‌ ساڵی‌ 2017دا بانكی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ عیراقی‌ به‌ 168مین وڵات دانا له‌ كۆی‌ 190 وڵات، له‌ رووی‌ ئاسایش‌و ئارامی‌‌و له‌بارییه‌وه‌ بۆ وه‌به‌رهێنان، ئه‌مه‌ش ده‌یسه‌لمێنێت عیراق له‌بار نییه‌ بۆ وه‌به‌رهێنانی‌ بیانی‌‌و وه‌به‌رهێنه‌ران رووبه‌ڕووی‌ كێشه‌ی‌ زۆر ده‌بنه‌وه‌ له‌سه‌رو هه‌مووشیانه‌وه‌ كێشه‌ی‌ ئه‌مه‌نی‌‌و بیرۆكراتی‌‌و گه‌نده‌ڵی‌. هاوكات عه‌بدولڕه‌حمان مه‌شهه‌دانی‌ ئابووری‌ ناس، كه‌ خۆیشی‌ ئه‌ندامی‌ وه‌فدی‌ عیراقه‌‌و به‌شداری‌ كۆنگره‌كه‌ی‌ كوێت ده‌كات ده‌ڵێ: كۆنگره‌ی‌ كوێت له‌ كاتێكی‌ گونجاودا نییه‌‌و عیراق نه‌یتوانیوه‌ دڵنیایی ته‌واو بداته‌ وه‌به‌رهێنه‌ران، تا ژینگه‌یه‌كی‌ له‌باری‌ كاركردنیان بۆ بڕه‌خسێنێت.
ئه‌و ئابووریناسه‌ به‌ سایتی‌ ره‌سیف22ی‌ راگه‌یاند، بیرۆكراتی‌‌و گه‌نده‌ڵی‌ دارایی‌و كارگێڕی‌ سه‌رجه‌م فه‌رمانگه‌كانی‌ حكومه‌تی‌ ته‌نیوه‌ته‌وه‌، ئه‌مانه‌ش هۆكاری‌ ته‌ره‌ كردنی‌ وه‌به‌رهێنه‌رن نه‌ك راكێشانی‌ وه‌به‌رهێن. ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌ش كرد، كه‌ تا ئێستا زۆرێك له‌ وه‌به‌رهێنه‌ران له‌لایه‌ن گروپه‌ چه‌كداره‌كانه‌وه‌ گێچه‌ڵیان پێ كراوه‌، گێچه‌ڵ له‌ بابه‌تی‌ رفاندنی‌ كارمه‌نده‌كانی‌، یان سه‌ندنی‌ سه‌رانه‌‌و ده‌وڵه‌تیش تا ئێستا سنوورێكی‌ بۆ ئه‌و چه‌كدارانه‌ دانه‌ناوه‌، جگه‌ له‌وه‌ش وه‌به‌رهێن پێویستی‌ ده‌ستكاری‌‌و چاككردنی‌ زۆرێك له‌ یاساكان هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ رێگه‌ نه‌درێت حزب‌و عه‌شیره‌ت ده‌ست له‌ كاروباریان وه‌ربده‌ن.
حیسام هاشم وه‌به‌رهێنێكی‌ عیراقیه‌‌و چیرۆكی‌ خۆی‌ بۆ سایتی‌ ره‌سیف22 ده‌گێڕێته‌وه‌، كه‌ چۆن میلیشیاكان گه‌ڕیان پێ كردووه‌‌و گێچه‌ڵیان پێ فرۆشتووه‌‌و حكومه‌تیش ده‌سته‌وستان بووه‌ له‌ ئاست رووداوه‌كاندا. حیسام ده‌ڵێ: ساڵی‌ 2009 سه‌رقاڵی‌ دروست كردنی‌ كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی‌ نیشته‌جێ بووم‌و مۆڵه‌تی‌ حكومه‌تی‌ به‌غدام وه‌رگرتبوو، مانگێك دوای‌ ده‌ستبه‌كار بوون لایه‌نێكی‌ سیاسی‌ ده‌ستڕویشتوو گێچه‌ڵی‌ پێ كردم، من ملكه‌چیان نه‌بووم، ئه‌وانیش خزمێكیان كوشتم، كه‌ سه‌رپه‌رشتی‌ كاره‌كانی‌ پڕۆژه‌كه‌ی‌ ده‌كرد، دوای‌ ئه‌و رووداوه‌ بڕیارم دا به‌ ته‌واوی‌ ده‌ست له‌ پڕۆژه‌كه‌ هه‌ڵگرم. چونكه‌ تێگه‌یشتم عیراق به‌ كه‌ڵكی‌ وه‌به‌رهێنان نایه‌ت، عیراق جارێ پێویستی‌ به‌ ئاسایش‌و چاككردنی‌ یاساكانه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ ئاسانكاری‌ بۆ وه‌به‌رهێنان بكات. له‌ پارێزگای‌ زیقار-یش كۆمپانیایه‌كی‌ چینی‌ تایبه‌ت به‌ بواری‌ كاره‌با، گروپێكی‌ چه‌كدار هێرشیان كردۆته‌ سه‌ری‌‌و ناچار بووه‌ ده‌ستبه‌رداری‌ پڕۆژه‌كه‌ بێت.
له‌به‌ر هه‌موو ئه‌م هۆكارانه‌، مه‌شهه‌دانی‌ جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌، كه‌ كرنگره‌ی‌ كوێت ته‌نها نمایشێكی‌ ئابووریی ده‌بێت‌و چه‌ند دیدارێكی‌ نێوان به‌رپرسانی‌ عیراقییه‌كان‌و بیانییه‌كانی‌ لێ به‌رهه‌م دێت‌و عیراق ناتوانێ پاره‌یه‌كی‌ زۆر بۆخۆی‌ رابكێشێت، پێشبنی‌ ده‌كه‌م به‌ وه‌به‌رهێنان‌و یارمه‌تییه‌كانیشه‌وه‌ ئه‌و پاره‌یه‌ی‌ ده‌ستی‌ ده‌كه‌وێ له‌ 10 ملیار دۆلار تێپه‌ڕ نه‌كات.
ستار روبێعی‌ توێژه‌ری‌ بواری‌ سیاسی‌‌و ئابووری‌، ره‌شبینانه‌ ده‌ڕوانێته‌ وه‌به‌رهێنان‌و ئاوه‌دان كردنه‌وه‌ی‌ عیراق‌و ده‌ڵێ: كۆنگره‌ی‌ ئاوه‌دان كردنه‌وه‌ی‌ عیراق له‌ كوێت له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ گه‌نده‌ڵی‌‌و بیرۆكراتی‌ سه‌رتاپای‌ عراقی‌ گرتووه‌‌و وه‌به‌رهێن ئه‌گه‌ر بیه‌وێ پڕۆژه‌یه‌ك له‌ عیراق جێبه‌جێ بكات، ده‌بێ زیاتر له‌ ساڵێك چاوه‌ڕێی‌ مۆڵه‌ت بكات‌و دوای‌ ئه‌وه‌ش ده‌بێ حزبه‌كان‌و گروپه‌ چه‌كداره‌كان‌و پیاوانی‌ عه‌شیره‌ته‌كان رازی‌ بكات. ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌ش كرد، كه‌ عیراق له‌ سه‌روبه‌ندی‌ هه‌ڵبژاردندایه‌، ئه‌مه‌ش مانای‌ وایه‌ حزبه‌كان پێویستیان به‌ پاره‌ی‌ زۆره‌ بۆ پڕوپاگه‌نده‌كانیان‌و بۆ به‌ده‌ستهێنانی‌ ئه‌و پاره‌ زۆره‌ش فشار ده‌خه‌نه‌ سه‌ر وه‌به‌رهێنه‌ره‌كان. ئه‌و توێژه‌ره‌ جه‌ختی‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ وه‌به‌رهێن ئه‌گه‌ر بیه‌وێ بێته‌ عیراقه‌وه‌‌و پڕۆژه‌ جێبه‌جێ بكات، پێش هه‌موو شت ده‌بێ سه‌ر به‌ لایه‌نێكی‌ سیاسی‌ بێت، تا به‌رگری‌ لێ بكات، كۆمپانیا جیهانییه‌كانیش سه‌نته‌ری‌ توێژینه‌وه‌یان هه‌یه‌‌و باش ده‌زانن بارودۆخی‌ عیراق چۆنه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ به‌شداری‌ كردنیان له‌ كۆنگره‌كه‌ی‌ كوێتدا بۆ وه‌رگرتنی‌ پڕۆژه‌ی‌ وه‌به‌رهێنان نییه‌، به‌ڵكو ته‌نها بۆ رازی‌ كردنی‌ ده‌وڵه‌ته‌كانیانه‌.

سه‌رچاوه‌: سایتی‌ ره‌سیف22 – ئاژانسه‌كان

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*