سەرەکی » وتار » مستەفا محەمەد » عیراق وەک ئەفغانستانی لێدێت؟پەڕە 2

شەن و كەو

عیراق وەک ئەفغانستانی لێدێت؟

نەخشەی ستراتیژی ئەمریکا لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا بە جێهێشتنی ئەفغانستان، لەدوای کۆنتڕۆڵکردنی تەواوی کابول لەلایەن تالیبانەوە، کردنەوەی دەروازەیەکی ترە بۆ ئاشووبی سیاسی لە ناوچەکە و بە دووریش نازانرێ کە لە ریزبەندی ئەجێندای ئیدارەی بایدندا دوای ئەفغانستان سەرەی یەکاڵاکردنەوەی دۆسێی عیراقیش نزیک بوبێتەوە.

بەتێڕوانین لە ستراتیژی نوێی واشنتن، بۆت دەردەکەوێ ئیدارەکەی بایدن گەیشتۆتە ئەو بڕوایەی پرۆژەی ئەمریکی بە رێگەی سەربازیی بەدرێژایی ئەو هەموو ساڵە نەیتوانیوە ئەنجامێکی ئەوتۆ بەدەست بخات، بەڵکو رۆژ لەدوای رۆژ ئاسۆی چارەسەری کێشەکان نادیار و ناکۆکیەکانیش لەو وڵاتانەدا زۆرتر دەبن، هەر ئەمەش پاڵ بە بایدنەوە دەنێت بە ئاشکرا رایبگەیەنێت کە لەکشانەوەی هێزەکانیان لە ئەفغانستان پەشیمان نییە و ئیدارەکەشی ئامادە نییە چیتر هێز رەوانەی ئەو وڵاتە بکات. رادەستکردنەوەی تەواوی بەرپرسیارێتی مەلەفی ئەمنی و سەربازیی لەدوای ئەو هەموو ساڵە لە پێشکەشکردنی هاریکاریی لۆجستی و راهێنانی سوپای ئەفغانستان بۆ روبەڕووبونەوەی تالیبان، داهاتووی عیراقیش دەخاتەوە بەرباس کە ئاخۆ ئەمریکا تا کوێ و تاچ ئاستێک پابەندی مانەوە یا مەشق و راهێنانی سوپای عیراق لەئەستۆ دەگرێت؟

گومانی تێدا نییە بایدن لە بڕیاری کشانەوەی سەربازانی ئەمریکا لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست جدیە و لەمەشدا پێدەچێت هێشتا کار بۆ زیندووکردنەوەی رێکەوتننامە ئەتۆمیەکەی ساڵی 2015 لەگەڵ ئێراندا بکات و هاوشێوەی ساڵی 2011 کە لەگەڵ ئۆبامادا بڕیاریاندا لەعیراقدا بکشێنەوە، رێگە لەبەردەم چوونە پێشەوە لە مەلەفی ئەتۆمی ئێران فەراهەم بکات، بۆ داهاتووی عیراقیش ئەو نەخشەڕێیە بهێنێتەوە سەر مێز و بە کەمێک دواخستنەوە تا دوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە، هەمان سیناریۆی کابول لە بەغداشدا دوبارە بکاتەوە.

هەر لەسەر هەمان ئاراستەش ئەوەی لە ئەفغانستان پێیگەیشتن، بۆ هێز و میلیشیا شیعەکانی نزیک لە ئێران هاندەرێکی باشە کە بەلاسایی کردنەوەی هەنگاوەکانی تالیبان، گەمەی توندکردنەوەی ناکۆکیەکان لەناوخۆی عیراقدا چڕتر بکەنەوە و هاوکێشە سیاسیەکانیش رووە و ئاڵۆزی زیاتر ببەن و رەواج بدەن بە شکستی رەوتی دیبلۆماسی ئەمریکی لە هاریکاریی راستەوخۆی بیناکردنەوەی عیراقی نوێدا.

هەر بۆیە کشانەوەی ئەمریکا لەعیراقیش هەنگاوێکی حەتمییە وەک چۆن لەسەردەمی ئۆباما و ترەمپەوە دەستی پێ کراوە، بێگومان ئیدارەکەی بایدنیش تەواوی دەکات، ئەوەی هەیە پێدەچێت لای بایدن و ئیدارەکەی بۆ کشانەوەی هێزەکانی لە عیراق پێدانی دوا هەل بێت بە عیراقیەکان تا دوای ئەو هەڵبژاردنەی لە پێشە، کشانەوەکە دوابخات و وەک دوایین شانسیش بۆ گۆڕانکاریی ریشەیی لە حکومڕانی عیراقدا بیداتە سیاسیەکانی عیراق، کە ئیتر لەدوای ئەو کاتەوە ئۆباڵەکەی لەشانی خۆیانە و راستنەکردنەوەی رێڕەوەی حکومڕانی و رێنەکەوتنی لایەنەکان ئەو تەنگژە سیاسیەی بەرۆکی عیراقی گرتووە سەری زۆر لایەنی سیاسی دەخوات، هەر خۆی لە راستیدا لە کۆتایی ئەمساڵدا بڕیارەکە ئامادەیە و ئەمریکا لەعیراق هەر دەکشێتەوە، بەڵام خێراکردنی کشانەوەکە، عیراق دەکاتە مەیدانی جەنگێکی کراوەی میلیشیا تائیفیەکان و دوبارە سەرهەڵدانەوەی داعش، پڕیشکی ئەم جەنگەش هیچ پێگەیەکی عیراق لێی بێ بەش نابێ بەهەرێمی کوردستانیشەوە.

 334 جار بینراوە