سەرەکی » دۆسێ » هەژموونی ئەمریكا لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا بەردەوام دەبێت ئەگەری كشانەوەی ئەمریكا لە عیراق و هەرێمی كوردستان

هەژموونی ئەمریكا لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا بەردەوام دەبێت ئەگەری كشانەوەی ئەمریكا لە عیراق و هەرێمی كوردستان

لە دوای كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی لەئەفغانستان، قسە و باسی زیاتر لە بارەی ئەگەری كشانەوەی ئەمریكا لە عیراق و كوردستان و ناوچەكە دەكرێت.

بە تایبەتی دوای ئەوەی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عیراق لە سەردانەكەیدا بۆ ئەمریكا لەگەڵ جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا كۆبۆوە و رێكەوتن لەسەر ئەوەی تا كۆتایی ئەمساڵ هێزە شەڕكەرەكانی ئەمریكا لە عیراق بكشێنەوە.

ئایا رووداوێكی لەو جۆرە چ كاریگەرییەك لەسەر عیراق و كوردستان و تەواوی ناوچەكە جێدەهێڵێت؟ یان لە راستیدا پێویستە بپرسین كە ئەمریكا بە نیازە لە عیراق بكشێتەوە؟

ئەمریكا دەكشێتەوە یان گوشار دەكات؟
هێزەكانی ئەمریكا لە عیراق و كوردستان و ناوچەكە دەكشێنەوە یان ئەوەی باس دەكرێت زیاتر فشار كردنە لەسەر وڵاتان؟ یان بە شێوەیەكی تر، ئەمریكا توانیویەتی ئامانجەكانی بهێنێتە دی تا بڕیاری كشانەوە بدات؟

لەو بارەیەوە، د.گۆران ئیبراهیم مامۆستای زانكۆی سلێمانی و پسپۆڕی كاروباری ئەمریكا دەڵێت، كشانەوەی ئەمریكا تەنها پەیوەندیی بە عیراق و ئەفغانستانەوە نییە، بەڵكو پەیوەندیی بە كۆی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستەوە هەیە.

بەشێكیشی پەیوەندیی بە ئیدارەی ئێستای كۆشكی سپییەوە هەیە كە لەم قۆناغە ئیدارەی دیموكراتەكانە و زیاتر بایەخ با ناوخۆی وڵاتەكەیان دەدەن بە تایبەتی بەهێزكردنی وڵاتەكە لەسەر ئاستی ناوخۆیی.

بیریشمان نەچێت هەندێك بابەتی لەو جۆرە پەیوەستن بە بەڵێنەكانی سەردەمی هەڵبژاردنەوە، لە سەردەمی خۆیدا باراك ئۆباما وتی لە عیراق و ئەفغانستان دەكشێمەوە، بۆیە لەم قۆناغەشدا كە جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكایە پلانی پێشتر جێبەجێ دەكات و لەسەری دەڕوات.

لە بارەی دۆخی ناوخۆیی ئەمریكا و عیراق، د.گۆران ئیبراهیم دەڵێت، لەسەر ئاستی ناوخۆی عیراق، ئەمریكا و بنكەكانی زۆرترین مەترسیان لەسەرە، میلیشیاكان كە لە لایەن حكومەت كۆنترۆڵ نەكراون، كۆنگرێس فشار لە كۆشكی سپی دەكات كە كاردانەوەی بەرامبەر فشاری میلیشیاكان هەبێت، بەڵام لەم قۆناغە ئاسان نییە و عیراق بەرەو هەڵبژاردن دەڕوات و دەیانەوێت پێگەی كازمی بەهێز بێت.

هەروەها دەڵێت، كشانەوەكان بە تایبەتی لە عیراق دەستیان پێكردوە تەنها 2500 سەرباز دەهێڵێتەوە كە ئەركیان مەشق و راهێنانە، بەڵام كشانەوەكە بۆ كوەیت یان وڵاتانی تری كەنداوە، ئەوەش كاریگەری زۆری گەورەی نەبێت بۆ كەمبوونەوەی هەژموونی ئەمریكی لە عیراقدا، بنكە و هێزی گەورەی لە كەنداو هەیە، پێگەی نزیكی هەیە و هەر كات بیەوێت، لە رێگەی ئەو هێزانە و ئەو تەكنەلۆجیای هەیەتی دەتوانێت ئامانجەكانی بپێكێت.

هێشتا تیرۆر ماوە و چالاكییەكانیان زیادیكردوە
هاوكات هێمن سەعید چاودێری سیاسی دەڵێت، دەبێت پرسیار بكەین ئەمریكا بۆچی هاتە ناوچەكە؟ ئایا ئەو ئامانجانەی بەدیهێناوە تا ئێستا بڕیار بدات بكشێتەوە؟ ئەمریكا بەهۆی بڵاوبوونەوەی مەترسی تیرۆر و بە دیاریكراوی بە هۆی رووداوی 11ی سێپتەمبەرەوە هات، بەڵام ئێستاش هێشتا تیرۆر ماوە و گرووپە تیرۆریستییەكان بە تایبەتی داعش لەم ناوچەیە چالاكییەكانی زیادیكردوە، بۆیە ئەمریكا دەبێت ئێستاش هەر بۆ تیرۆر لە عیراق بمێنێتەوە. راستە ئەمریكاش كۆمەڵێك بەرژەوەندیی هەیە كە ناچاری دەكات بمێنێتەوە، بەڵام گرنگتر ئەوەیە كە عیراقێكی بەهێز و دیموكرات دابمەزرێت و كاربكات بۆ بەرگرتن لە هەژموونی ئێران، بۆیە بە گشتی ئامانجەكان بەدینەهاتوون.

هەر لەو بارەیەوە دەڵێت، عیراق لەگەڵ ئەفغانستان زۆر جیاوازە لە رووی سیاسی و جیۆ پۆلەتیكییەوە. ئەمەش لە كاتێكدایە كە ئەمریكا بەرژەوەندییەكی ئەوتۆی لەو وڵاتە نەمابوو بۆیە بەجێیهێشتوە بۆ هێزە ركابەرەكانی وەك ئێران و روسیا و پاكستان، بەڵام عیراق زۆر گرنگە بۆ بەرژەوەندیی ناوچەكە و پاراستنی ئارامی و سەقامگیریی ئیسرائیل و وڵاتانی ناوچەكە، ئەوان بە جۆرێك لە جۆرەكان رێگە بە كشانەوەی ئەمریكا نادەن. ئێستاش باسكردنی پرسی كشانەوەی ئەمریكا لە كۆی ناوچەكە پەیوەندیی بە هەڵبژاردنی عیراقەوە هەیە، ئەمەش لە كاتێكدایە كە ئەمریكا مەبەستیەتی هەڵبژاردنی پاك و سەركەوتوو بكرێت. بەڵام لەدوور مەودا ئەمریكا لە عیراق ناكشێتەوە.

باری ناوخۆیی و ئابووریی ئەمریكا
مەسەلەی كشانەوەی ئەمریكا پەیوەندیی بەو دۆخ و هاوكێشەیەوە هەیە كە ئێستا لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بە شێوەیەكی گشتی هاتۆتە ئاراوە یان بەشێكی پەیوەندیی بە بارودۆخی ناوخۆیی ئەمریكا و ئابوورییەكەیەوە هەیە؟

لەو بارەیەوە د.گۆران ئیبراهیم دەڵێت، لە راستیدا كشانەوەكان پەیوەندیی بە ناوخۆی ئەمریكا و ناوخۆی وڵاتەكە و پرسی ئابووریشەوە هەیە. ئابووریی ئەمریكا لە پێش و پاش كۆرۆنا جیاوازە، كۆرۆنا زەبرێكی زۆر لە ئابووری ئەمریكا داوە. ساڵانێكی زۆرە ئەمریكا لە 85 وڵات بنكەی سەربازیی هەیە كە خەرجیی زۆرە و لەوانەیە لەم كاتەدا بە جۆرێكی تر بیری لێبكاتەوە، بە هێنانە ئارای پرسی كشانەوە یان كشانەوەی بەشێكیان ئەركە داراییەكە كەمبێتەوە، بەڵام لە راستیدا هەژموونی ئەمریكا كەمنابێتەوە، بەڵكو دەتوانێت لە ئاسمان و لە رێگەی مانگی دەستكردەوە چاودێریی وڵاتان بكات، هەروەك لە وڵاتانی ناوچەكە و لە دەریا سەرەكییەكان بنكەی گەورەی هەیە، بۆیە دەتوانێت لەو رێگەیەشەوە ئامانجەكانی بپێكێت.

هاوكات هێمن سەعید دەڵێت، لەوەتەی بایدن هاتووە دەیەوێت هەڵەكانی ترەمپ چاك بكاتەوە بەڵام هەندێك هۆكار هەن بۆ ئەوەی ئەمریكا درێژە بە بەرژەوەندییەكانی بدات لە ناوچەكە، ململانێی ئێران و ئیسرائیل و ئاشتبوونەوەی سعودیە و ئەوانی تر. ئەوەی گرنگە ئەوەیە ئەمریكا لەم ناوچەیە زۆر زیانی راستەوخۆی بەر ناكەوێت، بە جۆرێك لە جۆرەكان پرسی كشانەوە لە عیراق سەرەتایە بۆ راكێشانی سەرنجی نەیارەكانی. هەروەها هەڵبژاردنی عیراق بۆ ئەمریكا زۆر گرنگە كە پاك و سەركەوتوو بێت ئەگەرنا كێشە و سەرئێشەی گەورە بۆ ئەمریكا دروست دەكات.

ئەمریكا و راكێشانی سەرنجی نەیارەكانی
بە رای هێمن سەعید، دواجار پرسی كشانەوە لە لایەن ئەمریكاوە بۆ راكێشانی سەرنجی نەیارەكانە، لە ناوخۆشدا بۆ وروژاندنی ئەركە داراییەكانی هێزەكانە لە دەرەوە. بایدن دەیەوێت فۆرمی مانەوە و هەژموونی خۆی دابڕێژێتەوە لەو كاتەی مەترسی دیكتاتۆری لە عیراق و زیادبوونی هەژموونی ئێران هەمیشە ئەگەرێكی ئامادەیە.

لە ئەگەری كشانەوەی ئەمریكا لە عیراق و كوردستان و ناوچەكە بە گشتی، دۆخی ناوچەكە بەرەو كوێ هەنگاو دەنێت؟ ئەو هێز و لایەنانە كامانەن كە رەنگە سوود لەو پێشهاتە نوێیە وەربگرن؟

بە رای د.گۆران ئیبراهیم، لە ئەگەری كشانەوەی ئەمریكا لە عیراق ئەگەر هەرێمیش بگرێتەوە مەترسی لەسەر هەرێم و قەوارە دەستووری و یاساییەكەی زیاتر دەبێت، چونكە لە كاتی كشانەوەی ئەمریكا بۆشایی دروست دەبێت و وڵاتانی هەرێمایەتی دەیانەوێت ئەو بۆشاییە پڕ بكەنەوە و بەو هۆیەشەوە كاریگەریان زیاتر دەبێت و كورد و قەوارەكەی رووبەڕووی مەترسی دەبنەوە، ئەمەش لە كاتێكدایە كە بنكەی ئەنجەرلیك و هێڵی پاراستن نەماون بۆیە زیاتر لە جاران مەترسی لەسەر قەوارەی هەرێم دروست دەكات.

دەرگا بۆ گومانەكان دەكرێتەوە
بەشێوەیەكی گشتی، پرسی كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عیراق و كوردستان و ناوچەكە، هێشتا جێگەی مشتومڕ و لێكدانەوەی جیاوازە، بە تایبەتی لەو رووەی كە هێشتا ئەمریكا و بەرپرسانی ئیدارەی بایدن، جگە لە دۆسێی ئەفغانستان، بە شێوەیەكی روون و رەوان باسیان لەو بڕیارە نەكردوە، ئەمەش دەرگای بۆ گومانەكان كردۆتەوە كە رەنگە ئەو پرسە وەك جۆرێك لە فشار لەسەر وڵاتانی ئەم ناوچەیە تەماشا بكرێت.

د.گۆران ئیبراهیم

هێمن سەعید

 150 جار بینراوە