سەرەکی » راپۆرت » بڵاوبوونەوەی بۆنێكی ناخۆش لە گەڕەكە كوردنشینەكانی كەركوكدا

كۆمپانیای نەوتیش قسەی خۆی هەیە

بڵاوبوونەوەی بۆنێكی ناخۆش لە گەڕەكە كوردنشینەكانی كەركوكدا

کەرکوک- هێمن ئەحمەد

ماوەی 10 رۆژە بۆنێكی نامۆ و ناخۆش لە گەڕەكەكانی پەنجا عەلی و شۆڕیجە و راپەڕین لە شاری کەرکوک بڵاوبۆتەوە، بەتایبەتی لە شەواندا ئەو گەڕەكانەی هەراسان كردووە و خەوی لێیان زڕاندووە.

بە وتەی خەڵکی ئەو گەڕەکانە، لەگەڵ پەیدابوونی ئەو بۆنە تووشی تەنگەنەفەسی و خوراندن و نەخۆشی پێست بوون، بەو هۆیەشەوە بەشێك لە دانیشتوانەكەی بەشێوەیەكی كاتی گەڕەکەیان جێهێشتووە.

لە بەرامبەردا، كاربەدەستانی پارێزگای کەرکوک هیچ هەڵویستێكیان نییە، تا ئێستا كاریان نەكردووە بۆ دۆزینەوەی سەرچاوەی بۆنەكە و گرتنەبەری رێگەی پێویست بۆ پاراستنی هاووڵاتیان، لە كاتێكدا دوو نەخۆشخانەی گەورە، نەخۆشخانەی ئازادی و دەزگا تەندروستییەكانی لەگەڵ نەخۆشخانەی چارەسەركردنی شێرپەنجە لەو شوێنەدان كە پێویستیان بە ژینگەیەکی پاک و سازگار هەیە، ئەوەی هەیە خەڵكی خۆی هەڵسەنگاندنی بۆ دەكات قسەی جۆراوجۆری لەبارەوە دەكرێت.

بیرە نەوتییەكانی دەوروبەری گەڕەكەكان
هاووڵاتی محەمەد چاوجوان دانیشتووی یەكێكە لە گەڕەكەكانی كەركوك بە كوردستانی نوێی راگەیاند: لە دەوروبەری ئەم گەڕەكانەدا كۆمەڵێك سەرچاوەی بیری نەوت هەیە، لەوانەیە بۆرییەكان كۆن بووبێت و لە كەلەبەرەكانەوە ئەو غازە دزەی كردبێتە دەرەوە و بەو گەڕەكاندا بڵاوبووبێتەوە.

ئاوەڕۆكانی كەركوك كۆن و بەرتەسكن
حاجی ئەحمەد دانیشتووی گەڕەكی راپەڕینی شاری کەرکوک دەڵێت، بەهۆی پیسی و بەرتەسكی ئاوەڕۆی نەخۆشخانەی ئازادی ئەم بۆنە دەردەچێت، لەوانەیە لە كاتی رێكردنیدا لە گەڕەكی بڵاخ لە نزیك فیتەرەكانی چاككردنی ئۆتۆمبێل كە رۆنێكی زۆر دەڕێژنە نێو ئاوەڕۆكەوە، دەبێتە هۆی گیرانی بەمەش بۆنێكی ناخۆش دەردەكات.

مێژوو خۆی دووبارە دەكاتەوە
هاووڵاتیەكی دانیشتووی گەڕەكی شۆڕیجەی شاری كەركوك دەڵێت، پێشتریش حاڵەتێکی لەو جۆرە هەبووە، لە پرۆسەی ئازادی و رزگاركردنی عیراقدا كاتێك حكومەتی بەعس بۆ سەرلێشێوانی فڕۆكەكانی هاوپەیمانان ئاگری لە بیرە نەوتەكانی ئەو دەورووبەردا کردەوە كە لە ئاکامدا بووە هۆی بڵاوبوونەوە بۆنێكی ناخۆش و تەمێكی رەش و دووكەڵاوی بەسەر شاردا.

پاشاگەردانی لە دامودەزگاكانی حكومەت
ئاشکرایە بێسەر و بەرەییەك پارێزگای کەرکوکی گرۆتەوە، كاركردن و چارەسەری ئەم حاڵەتەش پێویستیی بە ماوەیەكی زۆرە بۆ چارەسەركردنی، هەر کێشەیەک كاتێكی دوور و درێژی دەوێت هەتا چارەسەر دەکرێت كە ئەویش بە زیان بەسەر هاووڵاتیاندا دەشکێتەوە.

رەنگە پاڵاوگەی نەوتی بچووك و نایاسایی هۆکاربن
لەو بارەیەوە ئەندازیار فەرهاد هەمزە شارەزا لە بواری نەوتدا بە كوردستانی نوێی راگەیاند: وەك كۆمپانیای نەوتی باكوور وێستگەیەكی نەوتمان لە (جەبەل بۆر) هەیە و بە دوو بۆری بەرەو كۆمپانیای نەوتی باكوور رێچكەی بەستووە، بەڵام وەك شارەزایەك لەو بوارەدا پێناچێت كە هیچ درزێك یان كەلەبەرێك لەو بۆرییانەدا هەبێت تا گاز دزە بكاتە دەرەوە، چونكە ئەم بۆریانە نوێن و شتی وا ئەستەمە ڕووبدات.
بە بۆچوونی ئەو لەوانەیە پاڵاوگەی نەوتی بچووك و نایاسایی لەو دەوروبەرەی گەڕەكەكاندا هەبێت، پاشماوەی رۆنەكان بسووتێنن و لە شەواندا ئەو بۆنە ژەهراویە بڵاوبێتەوە، یان لەوانەیە پاشماوەی ناوچە پیشەسازییە نوێیەكەی دەورووبەری ئەم گەڕەكانە پاشماوەكانیان بسووتێنن ئەم بۆنە ناخۆشەی لێ پەیدابێت.

بڵاوبوونەوەی جۆرەها نەخۆشی
سەبارەت بە زیانە تەندروستیەکانی ئەو بۆنە، د. عەفان عەلی پسپۆڕی نەخۆشییەكانی پێست دەڵێت: ئەگەر ئەم بۆنە بەردەوام بێت زۆربەی دانیشتووی ئەو گەڕەكانە تووشی نەخۆشی پێست و هەوكردن و تەنگەنەفەسی و هەستیاری دەبن، پێویستە بەزوویی چارەسەر بدۆزرێتەوە، ئەگەر ئەم بۆنە بەردەوام بێت ئەوا لە داهاتوودا جۆرەها نەخۆشی سەرهەڵدەدات کە هەندێکیان درێژخایەن دەبێت.

ژینگەش قسەی خۆی هەیە
خاتوو شكۆفە عومەر ئەندامی كۆمەڵەی كوردستانێكی سەوز لە كەركوك بە كوردستانی نوێی راگەیاند: گەر چارەسەرێكی دەست و برد بۆ ئەم بۆنە ناخۆشە نەدۆزێتەوە ئەوا دەبێتە هۆی پیسبوونی ژینگەی هەموو شارەكە و تەنانەت كاریگەری لەسەر مرۆڤ و پەلەوەرو دار و درەختیش دەبێت.

 169 جار بینراوە