سەرەکی » دۆسێ » پەنجشیر ناوچەیەكی سەخت لە وڵاتێكی ئاڵۆزدا

تالیبان گەمارۆی كوڕەكەی ئەحمەد شا مەسعودی داوە و ئەویش بەنیازی بەرگرییە

پەنجشیر ناوچەیەكی سەخت لە وڵاتێكی ئاڵۆزدا

لە دوای 15ی ئابی 2021ەوە كە تەواوی ناوچە و هەرێم و كەرتەكانی ئەفغانستان لەلایەن چەكدارانی بزووتنەوەی تالیبانەوە كۆنترۆڵ كراونەتەوە، تەنها ناوچەیەك ماوەتەوە بەناوی (پەنجشیر) كە بە واتای (پێنج شێر) دێت.

چیرۆكی ناوچەی پەنجشیر
میدیاكانی ئەفغانستان و جیهان بایەخێكی تایبەتی بە چیرۆكی ناوچەی پەنجشیر دەدەن، چونكە زیاتر لە هۆكارێك هەیە كە مانایەكی تایبەتی پێدەدات. هەم لەبەرئەوەی تەنها ناوچەیە تائێستا دژی تالیبان وەستاوە، هەمیش لەبەرئەوەی هێزی بەرەنگاریی لەلایەن كەسێكەوە فەرماندەیی دەكرێت كە كوڕی كەسێكە نموونەی بەرەنگارییە دژی یەكێتیی سۆڤێت و تالیبان و بەرلە هاتنی ئەمریكا بۆ ئەفغانستان لەساڵی 2001 لەلایەن تیرۆریستانی رێكخراوی قاعیدەوە تیرۆركرا.

ئەحمەد مەسعود، تەمەنی 34 ساڵە و كوڕی ئەحمەد شا مەسعود یەكێك لە سەركردە دێرینەكانی ئەو وڵاتەیە، ئێستا سەدان چەكداری ناوچەكەی لەخۆی كۆكردۆتەوە و پێشوازیشی لە سەدانی چەكداری تر كردووە كە پاشماوەی هێزە سەربازییە رەسمییەكانی حكومەتی پێشووی كابولن بە سەرۆكایەتی ئەشرەف غەنی، كە ئەو كاتەی تالیبان گەیشتە كابول، بەرگریی نەكرد و بە فڕۆكە هەڵات.

بەرەی بەرگریی نیشتمانی
ئەحمەد مەسعودی كوڕی ئەحمەد شا مەسعود لە رووی سیاسییەوە قەوارەیەكی پێكهێناوە بەناوی بەرەی بەرگریی نیشتمانی ئەفغانستان (NRF)، تا ئێستا چەند جارێك كەوتوونەتە گفتوگۆ لەگەڵ نوێنەرانی بزووتنەوەی تالیبان بۆ رێكەوتن لەسەر پرسە سیاسییەكان، بە تایبەتی خۆبەدەستەوەدانی ناوچەی پەنجشیر، بەڵام ئەو گفتوگۆیانە ئەنجامێكی ئەوتۆیان نەبووە، چونكە (NRF) بەنیازی بەرگرییە لە پەنجشیر و تەنانەت باسی ئەوەش دەكەن كە دەیانەوێت ئەفغانستان لە ژێر چنگی تالیبان دەربهێننەوە.

عەلی نەزەری بەرپرسی پەیوەندییەكانی بەرەی بەرگریی نیشتمانی (NRF) رایگەیاندووە: چەكدارەكانی (NRF) سەرقاڵی خۆسازدان و خۆ تەیاركردنن بۆ شەڕ و روبەڕوبوونەوەی چەكدارانی بزووتنەوەی تالیبان بە تایبەتی ئەگەر ئەو بزووتنەوەیە گفتوگۆ بە چارەسەر نەزانێت و بیەوێت بۆچوونەكانی بسەپێنێت.

هیوایەك بۆ ئایندەی ئەو وڵاتە
میدیاكانی ئەمریكا بایەخێكی تایبەتی بە بەرەی بەرگریی نیشتمانی (NRF) دەدەن و ناڕاستەوخۆ پشتیوانیی لێدەكەن و بە هیوایەك بۆ ئایندەی ئەو وڵاتەی دادەنێن لە بەرەنگاربوونەوەی تالیبان.

لەو چوارچێوەیەدا نەزەری بە میدیاكانی ئەمریكای وتووە: هەزاران كەس رێگەیان گرتۆتەبەر بۆ پەنجشیر و ئامادەیی بەرگرییان تێدایە، بە شێوەیەكی گشتی تائێستا 9 هەزار چەكدار لە پەنجشیر كۆبوونەتەوە.

هاوشێوەی میدیاكانی ئەمریكا، میدیای وڵاتانی تری ئەوروپاش بایەخ بە بەرەی بەرگریی نیشتمانی (NRF) دەدەن و چەند جارێك لە رێگەی پەخشی راستەوخۆ و راپۆرتی رۆژنامەوانییەوە بانگەشەیان بۆ دەكەن. چەند جارێك ئاژانسی فرانس پرێس راپۆرتی لەو بارەیەوە بڵاوكردۆتەوە كە پاشان لە زۆربەی میدیاكانی وڵاتانی جیهان دووبارە بڵاوكراوەتەوە.

چەك و جبەخانەی سەربازی
بەپێی ئەو راپۆرتانە، هێزەكانی بەرەی بەرگریی نیشتمانی (NRF) ژمارەیەكی باش چەك و جبەخانەی سەربازییان لەبەردەستدایە، سەرچاوەی سەرەكیشی چەك و جبەخانەی پاشماوەی هێزەكانی حكومەتی پێشووی كابولە كە خۆیان رادەستی تالیبان نەكردووە و ئێستا لە پەنجشیر جێگیر بوون.

زەبیحوڵڵا موجاهید وتەبێژی بزووتنەوەی تالیبان لە بارەی ناوچەی پەنجشیر و بەرەی بەرگریی نیشتمانی (NRF) رایگەیاندووە: دەمانەوێت كێشەكان بە گفتوگۆ و بەشێوەیەكی ئاشتییانە و بەبێ شەڕ چارەسەر بكەین و بۆ ئەو مەبەستەش لەهەموو لایەكەوە گەمارۆی ئەو ناوچەیەمان داوە.

خاڵی بەهێزی پەنجشیر
ناوچەی پەنجشیری ئەفغانستان بە دووریی 65 كیلۆمەتر دەكەوێتە خۆرهەڵاتی كابولی پایتەختەوە و بچووكترین كەرت واتە دابەشبوونی ئیداریی ئەو وڵاتەیە، خاڵی بەهێزی سەختی و ئاڵۆزیی سروشتەكەیەتی كە بە درێژایی شەڕ و ناكۆكی و گرژیی و داگیركارییەكان ناوچەیەكی عاسی و زەحمەت بووە، تەنها رێگەیەكیش كە ئێستا بیبەستێتەوە بە دەرەوەی خۆیەوە، دەروازەیەكی بچووكە لە نێوان دوو شاخی بەرزدا كە پانییەكەی تەنها 6 مەترە، ئەوەش ئەوەندەی تر هێرش و كۆنترۆڵكردنی پەنجشیری زەحمەت و ئاڵۆزكردووە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز، پلانی سەركردەكانی بەرەی بەرگریی نیشتمانی (NRF) بۆ مانەوە و بەرگریكردن و سوودوەرگرتن لە سروشتی ناوچەی پەنجشیر، جۆرێك دڵنیایی داوەتە خەڵكی ناوچەكە.

سیستمی لامەركەزی بۆ پەنجشیر
ئەگەر وردتر تەماشای دۆخەكە بكەین، تالیبان دەیەوێت هەژموون و دەسەڵاتی خۆی بەسەر پەنجشیریشدا بسەپێنێت، بۆ ئەو مەبەستەش گەمارۆی ناوچەكەی داوە و هەزاران چەكداریشی رەوانە كردووە، بەڵام بەرپرسانی بەرەی بەرگریی نیشتمانی (NRF) خۆ بەدەستەوەدان رەتدەكەنەوە و داوای دامەزراندنی سیستمێكی لامەركەزی بۆ پەنجشیر و تەواوی ئەفغانستان دەكەن.

بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی بەرەی بەرگریی نیشتمانی (NRF) رایگەیاندووە، مەرجی گفتوگۆی ئاشتی لەگەڵ تالیبان، سیستمی لامەركەزییە كە عەدالەتی كۆمەڵایەتیی تێدا جێبەجێ بكرێت و یەكسانیی ژن و پیاو و مافی مرۆڤ و ئازادیی بۆ هەمووان دەستەبەر بكات.

 179 جار بینراوە