سەرەکی » ئەدەب و هونەر » ئاینور شاژنی سه‌رسته‌یجپەڕە 3

ئاینور شاژنی سه‌رسته‌یج

ره‌وه‌ز جه‌بار

هونه‌ری ره‌سه‌ن و هونه‌رمه‌ندی ره‌سه‌ن دره‌نگ یان زوو ده‌گاته‌ لووتكه‌ی سه‌ركه‌وتن و ناوبانگ و ده‌بێته‌ مایه‌ی شانازی بۆ خۆی و بۆ نه‌ته‌وه‌كه‌ی. ئاینور دۆغان له‌و هونه‌رمه‌نده‌ ده‌نگخۆش و به‌ توانایانه‌ی كورده‌، كه‌ له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌تێكی داگیركه‌ردا له‌ باكووره‌وه‌ به‌ هونه‌ره‌كه‌ی توانی سه‌رنجی گوێگران بۆ لای خۆی راكێشێ. هونه‌رمه‌ندێكی ده‌نگخۆشه‌ و كوردانه‌ گۆرانی ده‌چڕێ. بۆیه‌ ناونابانگی به‌ دنیادا بڵاوبۆته‌وه‌ و گوێگرانی تا دێت له‌ زیادبووندایه‌. ئاینور به‌و گۆرانییانه‌ ده‌ستیپێكرد كه‌ له‌ مناڵییه‌وه‌ له‌ گوێیدا ده‌زرنگێنه‌وه‌. گرنگی به‌ هونه‌ری فۆلكلۆری دێرسیم داوه‌ و توانیوێتی به‌شێوازی خۆی و ئه‌و هونه‌ره‌ فۆلكلۆرییانه‌ بچڕێته‌وه‌. كه‌ مۆرێكی كوردی عه‌له‌ویی ناوچه‌ی دێرسیمیان پێوه‌ دیاره‌. سه‌رباری فشاره‌ سیاسییه‌كان و كێشه‌ی نه‌ته‌وه‌یی و نه‌بوونی ئازادی كورد ئاینور توانی بگاته‌ ناوه‌نده‌ مه‌زنه‌كانی هونه‌ری موزیكی جیهانی و خه‌ڵاتی وۆمێكس 2021 بباته‌وه‌. ئه‌وه‌ی وای كرد ناوه‌ندی موزیكی جیهانی ئه‌و خه‌ڵاته‌ به‌م هونه‌رمه‌نده‌ ببه‌خشێ هونه‌ره‌ ره‌سه‌نه‌كه‌ی بووه‌ كه‌ ئاینور له‌ سه‌ره‌تای كاركردنییه‌وه‌ گرنگی به‌ هونه‌ری كوردی و فۆلكلۆری نه‌ته‌وه‌كه‌ی داوه‌ و هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ ویستوویه‌تی ده‌نگی كپكراوی نه‌ته‌وه‌كه‌ی به‌ جیهان بگه‌یه‌نێ.

ئاینور دۆغان كچه‌ كوردێكی باكووری كوردستانه‌ و ساڵی 1975 له‌ دێرسیمی سته‌م لێكراو له‌ دایكبووه‌. ئه‌م خانمه‌ هونه‌رمه‌نده‌ گرنگی به‌و گۆرانییه‌ فۆلكلۆرییه‌ كوردییانه‌ ده‌دات كه‌ سه‌روه‌تێكی نه‌ته‌وه‌ی كورده‌ و ئه‌و هاتووه‌ به‌ شێوازێكی تازه‌ و به‌ ستایلی خۆی ده‌یانچڕێته‌وه‌. هه‌ر ئه‌وه‌ش وای كردووه‌ سه‌ركه‌وتنی مه‌زن به‌ده‌ستبهێنێ. ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌ له‌ ساڵی 1992ه‌وه‌ له‌ ئه‌سته‌نبوڵ ده‌ژی و هه‌ر له‌و شاره‌ گه‌وره‌یه‌ مۆسیقای خوێندووه‌. به‌ دوای ئه‌و خولیایه‌ی خۆیدا رۆیشتووه‌ و یه‌كه‌م ئه‌لبۆمی له‌ ساڵی 2002 بڵاوكردۆته‌وه‌ و هه‌ر زوو ده‌نگه‌ خۆشه‌كه‌ی سه‌رنجی گوێگرانی راكێشا و به‌ گۆرانیی كه‌چا كوردان ناسرا و له‌ ناو دڵی جه‌ماوه‌ردا جێگه‌ی خۆی كرده‌وه‌. ئه‌م گۆرانییه‌ له‌ لایه‌ن دادگایه‌كی توركیا بۆ ماوه‌یه‌ك قه‌ده‌غه‌كرا. هه‌ر ئه‌وه‌ش وای كرد زیاتر بناسرێ. هه‌ر ئه‌و عه‌یامه‌ ده‌ركه‌وت ئاینور به‌ رۆحێكی نه‌ته‌وه‌یی پاكه‌وه‌ گۆرانی ده‌ڵێ و گۆرانییه‌كانی به‌ كوردیی كورمانجی و توركی و به‌ كوردی سۆرانیش گۆرانی چڕیوه‌. چه‌ند ئه‌لبوومێكی به‌رهه‌مهێناوه‌. له‌وانه‌ ساڵی 2005 ئه‌لبوومی دووه‌می به‌ ناوی نووپه‌ل بڵاوكرده‌وه‌، له‌ ساڵی 2010دا ئه‌لبوومێكی دیكه‌ی به‌ ناوی ره‌وه‌ند بڵاوكرده‌وه‌. دواین ئه‌لبوومی گۆرانی به‌ ناوی هه‌ڤڕا له‌لایه‌ن ده‌زگای سۆنی میوزیك كلاسیك به‌رهه‌مهێنراوه‌ و بڵاوكرایه‌وه‌. له‌ پای ئه‌و هونه‌ره‌ باڵایه‌دا كه‌ پێشكه‌شی هونه‌ری كوردی كردووه‌ چه‌ندین خه‌ڵاتی پێبه‌خشراوه‌. ساڵی 2017 له‌ ئه‌مریكا خه‌ڵاتی ماستره‌ی میوزیكی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی له‌ لایه‌ن كۆلێژی بێركلی پێبه‌خشراوه‌. ئاینور دۆغان شاژنی سه‌رسته‌یج دواین شانازی بۆ خۆی و نه‌ته‌وه‌كه‌ی تۆماركرد و كه‌ ئه‌ویش خه‌ڵاتی ناوه‌ندی موزیكی جیهانی بووه‌ كه‌ ئه‌م ساڵ «2021» به‌م هونه‌رمه‌نده‌ ده‌نگخۆش و ره‌سه‌نه‌ به‌خشرا. ئه‌و ناوه‌نده‌ش وه‌ك جه‌ماوه‌ره‌كه‌ی به‌ ده‌نگه‌خۆشه‌كه‌ی ئاینور سه‌رسام و حه‌یره‌ت زه‌ده‌بوون و بۆ ئه‌مساڵ خه‌ڵاته‌كه‌یان به‌خشی به‌ ئاینور و وه‌ك یه‌كێك له‌ باشترین گۆرانیبێژه‌كانی جیهان ناسێنرا. ئه‌و ناوه‌نده‌ هونه‌رییه‌ له‌ په‌یامێكدا رایگه‌یاند ئاینور دۆغان «وۆمێكس 2021» برده‌وه‌.

 224 جار بینراوە