سەرەکی » ئابووری » ״سلێمانی دەبێتە سەنتەرێكی گرنگی بازرگانی״

״سلێمانی دەبێتە سەنتەرێكی گرنگی بازرگانی״

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران، سە‌ردانی كۆگاكانی ژووری‌ بازرگانی و‌ پیشەسازیی سلێمانی كرد، كە‌ دە‌كە‌وێتە‌ نێو پڕۆژە‌ی سلێمانی نوێ كە‌ بە‌ «سلێمانی 2020» ناسراوە و بە تەواوبوونی پێنج هەزار دەرفەتی كار دەڕەخسێنێت‌.

لەمیانی بەسەركردنەوەكەدا قوباد تاڵەبانی دەستخۆشی لە لایەنە جێبەجێكارەكانی پڕۆژەكە كرد كە بەشی زۆری پڕۆژەكەیان بەشێوەیەكی سەركەوتووانە جێبەجێكردووە و داواشیكرد، زیاتر كار بكرێت بۆ ئەوەی پڕۆژەكە لەكات و وادەی دیاریكراوی خۆیدا تەواو بكرێت.

هەروەها جێگری سەرۆك وەزیران لەگەڵ لایەنی جێبەجێكاری پڕۆژەكە باسیان لە گیروگرفتەكانی بەردەم پڕۆژەكە كردووە بەتایبەت كێشەی كارەبا. لەوبارەیەوە قوباد تاڵەبانی رایگەیاندووە، لەگەڵ وەزارەتی كارەبا و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كارەبای سلێمانی قسە دەكەن، بۆ ئەوەی كێشەی كارەبای پڕۆژەكە بە تەواوی چارەسەر بكرێت.

جێگری سەرۆك وەزیران باسی لەوەشكردووە، بە تەواوبوونی پڕۆژەكە جگە لەوەی سلێمانی دەبێتە سەنتەرێكی گرنگی بازرگانی لە هەموو عیراقدا، هاوكات نزیكەی پێنج هەزار هەلی كاری راستەوخۆش بۆ هاووڵاتیانی هەرێم دابین دەكات و خۆشحاڵی خۆشی دەربڕی، كە نزیكەی هەموو ئەو كرێكارانەی ئێستا لە پڕۆژەكە كاردەكەن كرێكاری خۆماڵین.

ئاماژەی بەوەشداوە، لە حكومەتی هەرێم بە هەموو توانایانەوە كار دەكەن بۆ ئەوەی پشتگیریی تەواو لە كەرتی تایبەت بكەن بۆ وەبەرهێنانی زیاتر و تەواوكردنی پڕۆژەكان. جەختیشی كردۆتەوە، لەپێناوی بووژانەوەی بازاڕدا چیتر رێگە نادەن بە هیچ جۆرە دەستوەردانێكی لابەلا لە كاروباری بازاڕدا.

لای خۆیەوە، سیروان محەمەد سەرۆكی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی سلێمانی رایگەیاندووە، لە مانگی ئابی 2018ەوە، بەردی بناغەی پڕۆژەكە دانراوە و ئێستا (90 %)ی كارەكانی تەواو بووە و تا كۆتایی ساڵ سەرجەم كارەكانی پڕۆژەكە تەواو دەبێت، كە لەسەر ئاستی عیراق گەورەترین پڕۆژە دەبێت و شاری سلێمانی دەكاتە سەنتەرێكی بازرگانی گەورە لەسەر ئاستی عیراق، بەجۆرێك پێشتر تەنیا توانراوە بەشی پانزە رۆژ خۆراك هەڵبگیرێت لەشاری سلێمانیدا، بەڵام ئێستا بەهۆی دروستكردنی كۆگاكانی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی سلێمانی، جێگای عەمباركردنی 350 هەزار تۆن پێداویستی خواردن و خۆراكی دەبێت كە بەشی شەش مانگ دەكات بۆ شاری سلیمانی و ئاسایشی خۆراك دەپارێزێت.

پڕۆژەی گەنجینەكانی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی سلێمانی بریتییە لە دروستكردنی 586 كۆگای هاوچەرخ بە رووبەری جیاواز، پڕۆژەكە لەسەر 400 دۆنم زەوی لە سلێمانی لە نزیك گوندی ژاڵەی سەروو جێبەجێ دەكرێت، دابەشبوون بەسەر چەند زۆنێكدا، لە دروستكردنی پڕۆژەكەدا هەموو ستاندار و پێوەرێكی جیهانی تێدا رەچاو دەكرێت و ئێستاش كاركردن تیایدا بەردەوامە.

 

 328 جار بینراوە