سەرەکی » ئاراستە » لە ئەفغانستان چی روودەدات؟

لە ئەفغانستان چی روودەدات؟

جۆزێف کراوس

و: نۆڤین مەجید ساڵح

تالیبان کە هێزێکی چەکداری ئیسلامی ئەفغانییە کە لە نەوەدەکانی سەدەی رابردوودا حوکمی ئەفغانستانی دەکرد، پاش 20 ساڵ دیسان دەسەڵاتیان کەوەتەوە دەست. هێرشی ئەمریکا لە ساڵی 2001 تالیبانی لە دەسەڵات دوورخستەوە، بەڵام لەو کاتەوە ئەو وڵاتەیان بەجێ نەهێشتووە. دوای ئەوەی لەماوەی پێشوودا بڕیاری کشانەوەی هێزەکانیان دا، ئەو حکومەتەی کە 20 ساڵ بە پشتیوانیی وڵاتانی خۆرئاوا حوکمی دەکرد، لە ماوەیەکی کەمدا بە ئاسانی رووخا. ئەفغانییەکان لەترسی ئایندەیان بەرەو فڕۆکەخانەکان پێشبڕکێیان دەکرد کە تاکە هیوای رزگاربوونیان بوو.

بۆچی ئەفغانییەکان وڵات بەجێدەهێڵن؟
ئەوان نیگەرانن لە ئەگەری سەرهەڵدانی ئاژاوە لە وڵاتەکە یان تالیبان تۆڵەیان لێ بسێنێتەوە دژی ئەو کەسانەی کە لەگەڵ ئەمریکییەکان یان حکومەت کاریان کردووە. زۆرێکیش لەوە دەترسن کە تالیبان دووبارە شەریعەتی توندی ئیسلامی پەیڕەو دەکاتەوە وەك لە ساڵانی 1996 بۆ 2001. کە ئەوکات ژنان مافی خوێندن و کارکردنیان نەبوو لە دەرەوەی ماڵەکانیان، دەبوایە تەواوی گیانیان داپۆشرایە و لەگەڵ پیاوێکی نزیکی خۆیان هاتوچۆیان بکردایە. تالیبان هەروەها مۆسیقای قەدەغە کردبوو، زیناکار بەردباران دەکرا و دز دەستی دەبڕرا.

تالیبان بەدوای ئەوەوە بوون کە خۆیان وەک هێزێکی مامناوەندتر بەراورد بە رابردوو نیشان بدەن. لەوەتەی دەسەڵاتیان بەدەستەوە گرتووە، بەڵێنیان داوە رێز لە مافەکانی ژنان بگرن، لەو کەسانەی کە لە دژیان شەڕیان کردووە خۆشبن و رێگریی لەوە بکەن کە ئەفغانستان وەک بنکەیەک بۆ هێرشی تیرۆر بەکاربهێنرێت، بەڵام زۆرێک لە ئەفغانییەکان گومانیان لەو بەڵێنانە هەیە.

لە فڕۆکەخانەی کابول چی روویدا؟
هەزاران ئەفغانی بەپەلە بۆ فڕۆکەخانەکان رایان دەکرد، بە هیوای دەربازبوون لە وڵاتەکەیان، چونکە دەترسن لەوەی حوکمی تالیبان چی بە دوادا دێت. هەندێک زۆر بێهیوا بوون، خۆیان بە لێواری فڕۆکەکەوە هەڵدەواسی و پاشان لە ئاسماندا دەمردن. سەربازانی ئەمریکا هەلیکۆپتەریان بەکارهێنا بۆ ئەوەی هەوڵ بدەن قەرەباڵغی کەم بکەنەوە و چەند تەقەیەکی ئاگادارکردنەوەیان بە هەوادا تەقاند. بەرپرسانی ئەمریکا دەڵێن، لە فڕۆکەخانەکە لانیکەم حەوت کەس گیانیان لەدەستداوە.

بۆچی ئێستا؟
لەوانەیە لەبەرئەوەی کە سەربازەکانی ئەمریکا بە تەواوی کشانەوە. ئەمریکا بۆ ماوەی چەند ساڵێکە هەوڵ دەدات لە ئەفغانستان دەربچێت، کە درێژترین شەڕیەتی، پێشتر ئەمریکا لە ماوەی چەند مانگێکدا تالیبانیان تێکشکاند بۆ ریشەکێشکردنی قاعیدە، دوای ئەوەی هێرشەکانی 11ی سێپتەمبەریان کرد. تالیبان هەوڵی داوە خۆی لەو بابەتە بێبەریی بکات و دەڵێن دەستمان لەو هێرشەدا نەبووە، بەڵام سەلماندنی بێتاونییان بۆ ئەمریکا کارێکی ئەستەمە. لەوە ئەستەمتر ئەوەیە ئەمریکا بتوانێت بە تەواوی کۆتایی بە جەنگ بهێنێت لەو وڵاتەدا و میللەتێک بنیات بنێتەوە، لە کاتێکدا جەنگ لە دوای جەنگ لەو وڵاتەدا هەڵدەگیرسێت. لە کاتێکدا کە ئەمریکا گرنگی زیاتر و جەختی لەسەر عیراقە، تالیبان دەستیکرد بە دووبارە خۆکۆکردنەوە و لەم ساڵانەی دواییدا دەستیان بەسەر زۆربەی گوندەکانی ئەفغانستاندا گرت. ساڵی رابردوو دۆناڵد ترەمپ پلانێکی راگەیاند بۆ واژۆکردنی رێکەوتنێک لەگەڵ تالیبان کە هێرشەکانی ئەمریکا بۆسەر تالیبان سنووردار دەکرێت بە مەرجێک تالیبان زیاتر و زیاتر داگیرکاریی نەکات. دواتر جۆ بایدن بڕیاریدا کە لە کۆتایی مانگی ئاب-دا تەواوی هێزەکانی ئەمریکا دەکشێنەوە. دوای ئەم بڕیارەش، تالیبان دەستیکرد بە هێرشێکی زۆر و شار لە دوای شاری داگیردەکرد.

بۆچی هێزە ئەمنییەکانی ئەفغانستان داڕمان؟
بە کورتی وەڵامی ئەم پرسیارە بریتییە لە «گەندەڵی» ئەمریکا و هاوپەیمانانی ناتۆ لە ماوەی دوو دەیەدا ملیاران دۆلاریان خەرج کردووە بۆ مەشق و راهێنانی هێزە ئەمنییەکانی ئەفغانستان، بەڵام حکومەتی ئەفغانستان لە گەندەڵییەوە تێوەگلاوە، فەرماندەکان زیادەڕۆییان کردووە لە ژمارەی سەربازەکانیان، بەمەبەستی وەرگرتنی سەرچاوەی دارایی زیاتر، لە کاتێکدا سەربازەکان لە مەیدانی جەنگدا کەمی چەک و فیشەک و تەنانەت خۆراکیشیان هەبووە. ورەیان زیاتر رووخا کاتێک بیستیان ئەمریکا هێزەکانی دەکشێنێتەوە. لەگەڵ هاتنە پێشەوەی خێرای هێزەکانی تالیبان، یەکە سەربازییەکانی حکومەت خۆیان دەدا بە دەستەوە، بەم شێوەیەش کابول و دەوروبەری بەبێ شەڕ داگیرکران.

چی بەسەر سەرۆکی ئەفغانستان هات؟
ئەشرەف غەنی لەکاتێکدا کە تالیبان لە سەرانسەری وڵاتدا بڵاوبوونەوە، چەند لێدوانێکی جەماوەریی پێشکەشکرد، رۆژی یەکشەممە کە تالیبان گەیشتە پایتەخت، تەنها بە جلەکانی بەرییەوە ئەفغانستانی بەجێهێشت و وتی: کە بۆ خۆلادان لە خوێنڕشتنی زیاتر رۆیشتنی هەڵبژاردووە. کە ئەمەش وای لە خەڵکی ئەفغانستان کرد هەست بکەن خیانەتیان لێکراوە لەلایان سەرۆكی وڵاتەکەیانەوە. زۆربەی سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەدەن کە ئەشرەف غەنی لە ئیمارات بێت، بەڵام تائێستا بە رەسمی هیچ نەزانراوە.

بایدن چی دەڵێت؟
بایدن بارودۆخی ئەفغانستانی بە «دڵتەزێن» ناوبرد، بەڵام لۆمەی ئەوەی کە روویداوە لەسەر خۆی هەڵدەگرێت و خۆی بێبەری دەکات. لە کاتێکدا دانی بەوەدا نا کە رووخانی حکومەتی ئەفغانستان زۆر خێراتر بوو لەوەی ئەو پێشبینی دەکرد. ئەو وتی: «کە بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ئەفغانستان بڕیارێکی دروستە بۆ سیاسەتی وڵاتەکەی، دەبوایە ئەفغانییەکان باشتر بەرگرییان لە خۆیان و وڵاتەکەیان بکردایە».
بۆچی خەڵک ئەفغانستان بە کەوتنی سایگۆن بەراورد دەکەن؟
کەوتنی سایگۆن لە بەرامبەر هێزەکانی ڤێتنامی باکوور لە ساڵی 1975 کۆتایی شەڕی ڤێتنام بوو. ئەوە بوو بە هێمایەکی شکست دوای ئەوەی هەزاران ئەمریکی و هاوپەیمانە ڤێتنامییەکانیان بە هەلیکۆپتەرەوە لە شارەکە هەڵهاتن، ئانتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هەر بەراوردێکی بە ئەفغانستان رەتکردۆتەوە و دەڵێت: «ئەمە بە ئاشکرا سایگۆن نییە»

داهاتووی ئەفغانستان چۆن دەخەمڵێنرێت؟
تالیبان دەڵێن دەیانەوێت لەگەڵ فراکسیۆنەکانی تردا حکومەتێکی «گشتگیری ئیسلامی» پێکبهێنن، ئەوان دانوستان لەگەڵ گەورە سیاسەتمەداران دەکەن، لەناویشیاندا سەرکردەکان لە حکومەتی پێشوودا. ئەوان بەڵێنیان داوە یاسای ئیسلامی جێبەجێ بکەن، بەڵام هانی ژنان دەدەن بچنە ناو حکومەتەکەیانەوە و دەڵێن کەشێکی ئارام بۆ گەڕانەوەی ژیانی ئاسایی دوای دەیان ساڵ لەشەڕ دابین دەکەن. بەڵام زۆرێک لە ئەفغانییەکان متمانەیان بە تالیبان نییە و ترسی ئەوەیان هەیە کە حکومڕانییەکەیان توندوتیژ و سەرکوتگەرانە بێت. هەروەها ئەفغانییەکان نیگەرانن لە تێکشکاندنی ئاسایش دوای ئەوەی هەزاران زیندانی ئازادکران و هێزە ئەمنییەکان لە بەرامبەر پێشڕەوییەکانی تالیباندا توانەوە.

داگیرکارییەکەی تالیبان بۆ ژنان چی دەگەیەنێت؟
زۆرێک ترسیان لە سنووردارکردنی مافەکانیان هەیە. ژنانی ئەفغانی لەوەتەی رزگاریان بووە لە حوکمی تالیبان، دەستکەوتی گەورەیان بەدەستهێناوە، زۆر کەس نیگەرانن کە جارێکی تر لە ناو ماڵ و حاڵی خۆیاندا سنوردار دەبن، تالیبان وتوویانە کە بەپێی شەریعەتی ئیسلامی رێز لە مافەکانی ژنان دەگیرێت، بەبێ ئەوەی وردەکارییەکی زۆر پێشکەش بکرێت. رەوشی ژنان لە هەموو جیهانی موسڵماندا جیاوازە و زۆرجار لەناو یەک وڵاتدا. ئەفغانستان هەمیشە زۆر کۆنەپارێز بووە، بەتایبەتی لە دەرەوەی شارە گەورەکاندا.

ئایا جارێکی تر تالیبان دەلکێتەوە بە قاعیدەوە؟
تالیبان بەڵێنیان داوە کە رێگری بکەن لەوەی ئەفغانستان وەک بنکەیەک بۆ هێرشەکانی سەر وڵاتانی دیکە بەکاربهێنرێت، کە داوایەکی سەرەکیی ئەمریکایە کە لە رێکەوتنی ئاشتی ساڵی 2020دا هاتووە، بەڵام بەرپرسانی سەربازی ئەمریکا نیگەرانن.

لە سەرەتای ئەمساڵدا سەرکردە باڵاکانی پەنتاگۆن وتیان کە گروپێکی توندڕەوی وەک قاعیدە لەوانەیە بتوانن لە ئەفغانستان سەرهەڵبدەنەوە و بەرپرسانیش ئێستا هۆشداریی دەدەن کە ئەو جۆرە گروپانە دەتوانن زۆر خێراتر لەوەی پێشبینی دەکرێت گەشە بکەن. لەلایەکی تریشەوە پێشکەوتنە تەکنۆلۆجییەکان لە ماوەی 20 ساڵی رابردوودا، رێگە بە ئەمریکا دەدات کە چەکدارە گومانلێکراوەکان لە وڵاتانی وەک یەمەن و سۆمال بکەنە ئامانج کە تێیدا هێزی سەربازیی هەمیشەیی تێدا نییە. تالیبان نرخێکی قورسیان بۆ رۆڵی خۆیان لە هێرشەکانی 11ی سێپتەمبەردا داوە و بە ئەگەری زۆر هیواخوازن کە خۆیان لە دووبارەبوونەوە بەدوور بگرن، وەک ئەوەی دەیانەوێت حوکمی خۆیان بەهێز بکەن. هەروەها ئەفغانستان ماڵی گروپێکی سەربە دەوڵەتی ئیسلامییە کە لەم ساڵانەی دواییدا شەپۆلێک هێرشی ترسناکیان بەڕێخستووە و کەمینە شیعەکانیان کردۆتە ئامانج. تالیبان ئیدانەی ئەو جۆرە هێرشانەیان کردووە و ئەو دوو گرووپەش لەسەر خاک شەڕیان لەگەڵ یەکتریدا کردووە، بەڵام تائێستا نازانرێت کە ئاخۆ حکومەتەکەی تالیبان ئامادە دەبێت یان توانای سەرکوتکردنی داعشی هەیە؟

سەرچاوە: https://apnews.com.

 119 جار بینراوە