سەرەکی » ئەدەب و هونەر » سه‌ركرده‌كانی تالیبان به‌نموونه‌پەڕە 27

ئه‌حمه‌د نه‌به‌ز و هونه‌ری ئیستیفزازی

سه‌ركرده‌كانی تالیبان به‌نموونه‌

خه‌لیل عه‌لی

كاتێك هونه‌ر ده‌بێته‌ ئاوێنه‌ی رووداوه‌كان، ئه‌وا هونه‌رمه‌ندیش ئه‌فرێنه‌ری ئه‌م رووداوانه‌یه‌ و له‌ دیدێكی ته‌واو هونه‌رییانه‌وه‌ دایان ده‌ڕێژێته‌وه‌. زۆرجار جووڵه‌ی ژیان كۆمه‌ڵێك لێكه‌وته‌ی جیاواز جیاوازی لێده‌بێته‌وه‌، ئه‌م لێكه‌وتانه‌ش چه‌ندین ئاقاری رێك و ناڕێك وه‌رده‌گرن و له‌به‌رانبه‌ر بینه‌ردا خوێندنه‌وه‌ی فره‌ی بۆده‌كرێت. ئه‌وه‌ی لێره‌دا ده‌مێنێته‌وه‌ ئه‌و مێكسه‌ هونه‌رییه‌یه‌، كه‌ بكه‌ر جیاواز له‌وانی دی ده‌رخسته‌ی بۆ رووداوه‌كان كردووه‌ و بینه‌ر ده‌خاته‌ ئاستێكی تێڕامانه‌وه‌.

شایانی باسه‌، هونه‌رمه‌ندی لاوی كورد «ئه‌حمه‌د نه‌به‌ز» ماوه‌یه‌كه‌ به‌ تێزه‌ جیاوازه‌كانی له‌ رێگه‌ی دیجیتاڵ ئارته‌وه‌ چه‌ندین كێشه‌ی خستۆته‌ڕوو، به‌ڵام به‌ خواستێكی ته‌واو هونه‌رییانه‌ و له‌ گۆشه‌یه‌كی ره‌خنه‌گرانه‌ی ته‌نزئامێزه‌وه‌ پاشخانی لاپه‌ڕه‌ی سه‌ركرده‌ و فه‌رمانڕه‌واكانی له‌ رابردوودا هه‌ڵداوه‌ته‌وه‌، به‌تایبه‌ت ئه‌و سه‌ركردانه‌ی ده‌ستیان به‌خوێن سووره‌. ئه‌م گوژمه‌ وێنانه‌ هه‌رایه‌كی جه‌ده‌لی له‌ نێو كایه‌ی هونه‌ری و راگه‌یاندنه‌ نێوخۆیی و جیهانییه‌كاندا نایه‌وه‌ ‌و بووه‌ جێگه‌ی سه‌رنجی ره‌خنه‌گران. به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگه‌ی بایه‌خه‌‌ له‌م چه‌ند رۆژه‌ی پێشوودا «ئه‌حمه‌د نه‌به‌ز» كۆلێكشنێكی نوێی له‌ وێنه‌ی دیجیتاڵی دروست كرد، كه‌ بووه‌ جێگه‌ی سه‌رنجی میدیا و ئاژانسه‌ جیهانییه‌كان، به‌تایبه‌ت وێنه‌كان گوزارشتی له‌ دۆخی ئێستای ئه‌فغانستان ده‌كرد، له‌گه‌ڵ هه‌ره‌سهێنانی حكومه‌تی ئه‌و وڵاته‌ ‌و هاتنه‌سه‌ركاری بزوتنه‌وه‌ تالیبان.

لێره‌دا ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رنجه‌ ئه‌وه‌یه‌، كه‌ هونه‌رمه‌ند لێزانانه‌ مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌و دۆخه‌ هه‌ستیاره‌دا كردووه‌ و له‌ تێڕمێكی سه‌رسوڕمێنه‌ر دیمه‌نه‌كانی نمایشكردووه‌، هه‌ر وه‌ك ده‌بینرێت ئه‌م دوو تابلۆیه‌، ئیستێكی ته‌واو سیاسی هه‌یه‌، به‌ڵام به‌ ره‌هه‌ندێكی هونه‌رییه‌وه‌ ده‌رخراوه‌. پاڵه‌وانه‌كانی تالیبان بوونه‌ته‌ بووكه‌ڵه‌ی سیاسه‌تی جیهانگیری و وه‌ك نمایشكار خستوویانه‌تنه‌ سه‌ر ته‌خته‌ی شانۆی جیهانی. ئیدی لێره‌وه‌ ده‌رده‌كه‌وێت سه‌ركرده‌كانی جیهان به‌دیار ئه‌م نمایشه‌وه‌ دانیشتوون و ورد، ورد، لێیان ده‌ڕوانن. هونه‌رمه‌ندیش لێزانانه‌ مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ رووداوه‌كاندا كردووه‌ و ئه‌م سیناریۆ جیهانییه‌ی له‌ یه‌كه‌یه‌كی دیجیتاڵیدا له‌ ژێر ناوی The fashion of politics (مۆده‌ی سیاسی) رێكخستووه‌.

ده‌كرێت لێره‌دا ئاماژه‌ به‌ لێزانی «ئه‌حمه‌د» بكه‌ین، كاتێك به‌ هه‌ستیارییه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ وێنه‌دا ده‌كات، چونكه‌ هه‌ندێك پێیان وایه‌ چاره‌سه‌ر و چاكردنی وێنه‌ ته‌نها بواری جوانكاری و زیادكردنی هه‌ندێك نه‌خشاندن و وێنه‌‌، یان لێبڕینی هه‌ندێك گرته‌ی زیاده‌ ‌و ناڕێكوپێك ده‌گرێته‌وه‌، تا له‌ وێنه‌ بنچینه‌كه‌ نه‌چێت و جیاواز ده‌ربكه‌وێت، به‌ڵام له‌ بنه‌ڕه‌تدا چاره‌سه‌ری ژماره‌یی دیجیتاڵی هه‌ر له‌بنه‌ڕه‌تدا بایه‌خ به‌م جۆره‌ له‌ چاره‌كردنه‌ نادات و پتر لێی ده‌ڕوانێت. به‌ڵكو لێره‌دا جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كرێته‌وه‌، تا بتوانرێت وێنه‌كه‌ له‌ رووی ژماره‌ییه‌وه‌ هێنده‌ خورد بكرێته‌وه‌، تا بتوانرێت له‌ رێگه‌ی كۆمپوته‌ره‌وه‌ باشتر و چاكتر بخوێندرێته‌وه‌ ‌و بتوانرێت به‌شێوه‌یه‌كی هه‌ستیار مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا بكرێت. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا بابه‌تی هه‌ڵبژێردرا و ده‌بێته‌ هه‌وێنی ناوه‌ڕۆكی كاره‌كه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ی ناوبراو دركی كردووه‌.

ئیدی ئه‌م جۆره‌ به‌رهه‌مهێنانه‌ له‌ وێنه‌ زۆر هه‌ستیاره‌كانه‌،‌‌ چونكه‌ جوانی وردبینییه‌كه‌ی هه‌ست پێده‌كرێت، كاتێك وێنه‌كه‌ چاپ ده‌كرێت، یان خودی وێنه‌كه‌ ده‌خرێته‌ ناو ئامێری خۆكاری، وه‌ك ناسینه‌وه‌ له‌ رێگه‌ی گلێنه‌ی چاو، یان ناسینه‌وه‌ له‌ رێگه‌ی په‌نجه‌مۆر، یان ناسینه‌وه‌ له‌ رێگه‌ی روخسار… جا لێره‌دا به‌های وێنه‌ گیراوه‌كه‌، یان چاكراوه‌كه‌ به‌شێوه‌یه‌ك به‌كارده‌هێنرێت، كه‌ ده‌توانرێت به‌های ئه‌و چاره‌سه‌ره‌ ژماره‌ییه‌ بزانرێت و هه‌ستی پێبكرێت، كاتێك له‌ بواری هه‌ستی بینگه‌ییه‌وه‌ ده‌خرێته‌ بواری كاره‌وه‌. بۆ نموونه‌ كاتێك وێنه‌كه‌، وه‌ك سه‌رچاوه‌ی زانیاری به‌ ئامێره‌ خۆكارییه‌كان ده‌درێت و ئه‌ویش ئه‌ركی ناسینه‌وه‌ی شێوه‌ و ئاكاره‌كانییه‌تی، وه‌ك ئه‌وه‌ی مرۆڤ له‌ یه‌ك لاكێشه‌ی گه‌وره‌ و بازنه‌یه‌ك و چوار لاكێشه‌ی بچووك پێكدێت، كه‌واته‌ ئه‌وه‌ هێمایه‌ بۆ مرۆڤ، كه‌ زۆر جیاوازه‌ له‌ هێمای وێنه‌ی تر…

 87 جار بینراوە