سەرەکی » راپۆرت » فرۆشتنی کەلوپەل لە بەردەرگا، بازرگانی بچووکی بەشێک لە ژنانەپەڕە 3

فرۆشتنی کەلوپەل لە بەردەرگا، بازرگانی بچووکی بەشێک لە ژنانە

ئەسرین محەمەد

فاتم ژنێکی بە تەمەنە هەموو ئەو کەلوپەلانەی ماڵەکەی کە کۆن ببن و شتی تازە بکڕێت یان پێویستی پێیان نەمێنێت لەبەردەرگای ماڵەکەی خۆی دەیانفرۆشێت، سێ رۆژە چاوەڕێی هاتنی کاک عەبدوڵای دەستگێڕە بۆ ئەوەی بەفرگر (ثلاجه) کۆنەکەی بفرۆشێت و پاش تەمەنێک لە خزمەت بەڕێی بکات.

فاتم دەڵێت، ئەو بەفرگرەی سێ رۆژە چاوەڕێی فرۆشتنی دەکات، کاتێک شووی کردووە بە هەدیە بۆی هێنراوە، بەڵام ئێستا باش کار ناکات بۆیە بەفرگرێکی تازەی کڕیوە و کۆنەکە دەفرۆشێت.

کەلوپەلە کۆنەکان بە یەک دەستگێڕ دەفرۆشن
لەگەڵ ئەوەی دەستگێڕ زۆرن بۆ کڕینی شتومەکی کۆنەی ناوماڵ بەڵام، فاتم چەندین ساڵە کەسێکی دەستگێڕ دەناسێت و هەرچی هەبێت بۆ فرۆشتن دایدەنێت تا ئەو دێت و دەڵێت، تاقیمکردۆتەوە فێڵم لێ ناکات و شتەکانم بە هەرزان لەبندەست دەربهێنێت بۆیە کاک عەبدوڵڵا نەبێت هیچ شتێک بە کەسی تر نافرۆشم، یەک مانگیش نەیەت چاوەڕێی دەکەم.

لە دوای ساڵی 2003 و باش بوونی دۆخی دارایی هاووڵاتیان تا سەرهەڵدانی قەیرانی دارایی و پاشەکەوت و لێبڕینی مووچە، بەشێکی زۆر هاووڵاتیان زوو زوو خەریکی گۆڕینی کەلوپەلی ناوماڵەکانیان بوون بە شتی تازەتر و هەندێکجار ئەگەر زۆر کۆنیش نەبووایە بەهۆی ئەوەی مۆدێلەکەی بەسەرچووە کەلوپەلەکانیان دەفرۆشت، ئەوەش وایکرد جگە لە بازاڕی تایبەت بۆ ساغکردنەوەی کەلوپەلەکانی دەستی دوو یان ئەوانەی کۆن بوون و لەکار کەوتوون ژمارەی دەستگێڕەکانیش لە کۆڵانەکاندا زۆر ببێت بۆ کڕینەوەی کەلوپەلی کۆنەی ماڵان.

زۆرجار بە هەرزان کەلوپەلەکانیان لەدەست دەرهێناوم
باجی ئایشێ دەڵێت، قەدری شت کەمبووەتەوە تائێستا بەفرگر و تەباخی یەکەم رۆژم ماوە کەشووم کردووە، بەڵام ژنی ئێستا شتێک دەکڕێت بەیانی بە دڵی نییەو دەیفرۆشێتەوە دەستگێڕەکانیش بە هەرزان لە دەستیان دەرەهێنن.

تانیاش ژنێکی تر بوو باسی لەوەکرد، زۆری رق لە شتی زیادەیە لەناو ماڵەکەی بۆیە هەرچی بە کەڵکی نەیەت لەبەر دەرگا دەیفرۆشێت، پارەکەی بۆ کەلوپەلێکی زەرور تر خەرج دەکات و وتی، هەندێکجار لەسەر ئەوە لەگەڵ هاوسەرەکەشم بووە بە شەڕمان پێی وتوم خەڵەتاندویانی و بە هەرزان فرۆشتووتە.

کاری دەستگێڕیش رۆژ بە رۆژ گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە جاران کەسەکە بە عەرەبانەیەکەوە دەگەڕاو بە دەنگی خۆی هاواری دەکرد، بەڵام ئێستا بە ئۆتۆمبێل دەگەڕێن و بە بڵندگۆ هاوار دەکەن ماڵێک شتی کۆنە و شکاوی بێت و بیفرۆشێت ئەوەش بەشێک لە هاووڵاتیانی بێزار دەکرد هەر بۆیە قائیمقامیەتی سلێمانی بە بریارێک دەنگی بەرزی بڵندگۆکانی قەدەغەکرد و سزای بۆ ئەو کەسانە دیاریکرد کە پابەند نابن، بەڵام بڕیارەکە وەک خۆی جێبەبچی نەکراوە.

هەندێک کەس بەئاسانی کەلوپەلەکان لە دەستیان نابێتەوە
کاک عەلی 25 ساڵە کاری دەستگێڕی دەکات لەناوبازاڕ دوکانی کڕین و فرۆشتنی شتی کۆنەی هەیە و لە کۆڵانەکانیش شتی ماڵان دەکڕێتەوە و دەڵێت، جاران خەڵک هەرچییەکی هەبوایە بۆ فرۆشتن دەیهێنا بۆ بازاڕ، بەڵام ئێستا کارەکە بۆ خەڵک ئاسان بووە و دەبێت خۆت کۆڵانە و کۆڵان بگەڕێیت بۆ کڕینەوەی کەلوپەلی کۆنەی ماڵان.

محەمەدیش دەستگێڕێکی تر بوو وتی، زیاتر ژنان لە کۆڵانەکاندا کەلوپەل دەفرۆشن وەک لە پیاوان، هەندێک لە ژنان زۆر گیرن و بە ئاسانی کەلوپەلەکە لە دەستیان نابێتەوە، بەڵام هەندێکی تریان خوا خوایانە زوو بیفرۆشن و هەرچەندیان بەیتێ ئەڵێت بیبە.

نازەنین ژنێکی تر بوو کە هیچ کات لەبەردەرگا کەلوپەلی ناوماڵی نەفرۆشتووە و دەڵێت، هاوسەرەکەم رێگە نادات لەبەردەرگا بیفرۆشم و دەڵێت، دەتخەڵەتێنن بۆیە هەرچی زیادەبێت لەناوماڵ خۆی دەیبات لە مەزادخانەکە دەیفرۆشێت.

سوهام ژنێکی تربوو کە هەرچی لێ زیادەبێت لەبەردەرگا دەیفرۆشێت و نکۆڵی لەوە نەکرد کە هەندێکجار شتی زۆر بە هەرزان فرۆشتووە و دوایی پەشیمان بۆتەوە، بەڵام تێپەڕیوە و وتی، ئەو دەستگێڕانە شتی خەڵک ئەوەندە بە کەم سەیر دەکەن هەندێکجار لەبەرچاوی خۆشتی دەخەن بۆیە بە هەرزان پێیان دەفرۆشێت، بەڵام ئەگەر خۆیان شتێکیان پێبێت و بتەوێت لێیان بکڕیت شان و باڵی لێ دروست دەکەن و بە گران پێت دەفرۆشن لە کاتێکدا خۆی بە هەرزان لە ماڵانی تری کڕیوەتەوە.

دەستگێڕێک: بە نرخی کەم شتی زۆرباشم کڕیوەتەوە
وتیشی، چەندین جار دوای فرۆشتنی کەلوپەلێک زانیومە کە بە هەرزان فرۆشتوومە سوێندم خواردووە کە ئیتر شت لەبەردەرگا نەفرۆشم، بەڵام کە کەلوپەلێکی زیادە یان لەکار کەوتووم دەبێت پەشیمان دەبمەوە لەبەر ئەوەی بۆم ناگاتە بازاڕ و دەمەوێت زوو لەکۆڵم ببێتەوە.

ئازاد کەریم کاری دەستگێڕێ دەکات باسی لەوەکرد کە زۆرجار لە کۆڵانەکان بە نرخی زۆر کەم شتی باشی کڕیوەتەوە و دواتر لەماڵی خۆی دایناوە، وتی، ئەوە پێی ناوترێت دەستبڕین یان خەڵەتاندن ئەوە مامەڵەیە و من بە کەسەکە دەڵێم ئەوەندەی پێ دەدەم جا ئەو پێی گونجاو بێت پێم دەفرۆشێت و پێشی گونجاو نەبێت ماڵی خۆیەتی خۆ بە زۆر لێی ناسەنم.

فرۆشتنی کەلوپەلی کۆنەی ماڵان یان دەستی دوو لەبەردەرگا جگە لە دەسکەوتنی بڕە پارەیەک بە دووبارە فرۆشتنەوەی، بۆ هەندێک لە کەسەکان و بە تایبەت ژنان وەک حەز و خولیای لێهاتووە و پێی خۆشە هەرچی بەکەڵکی ماڵەکەی نەیەت زوو بیفرۆشێت و ئەو جێگەیەی گرتویەتی بەتاڵ ببێت و کەلوپەلی تازەتر بخاتە شوێنەکەی، بەبێ ئەوەی کرێی ئۆتۆمبێلی لێ بدات.

 190 جار بینراوە