سەرەکی » دۆسێ » ئابووریی، کۆمەڵایەتی و ئاینیی و سیاسی(باسێکی مشتومڕئامێز و وەڵامە بۆ زەکی ساریگیڵ)پەڕە 3

تێگەیشتن لە ناسیۆنالیزمی نەژادی کورد لە تورکیادا:

ئابووریی، کۆمەڵایەتی و ئاینیی و سیاسی(باسێکی مشتومڕئامێز و وەڵامە بۆ زەکی ساریگیڵ)

فاروق ئەکمەکچی*
لە ئینگلیزییەوە: محەمەد حەمەساڵح تۆفیق

 

*فاروق ئەکمەچی Faruk Ekmekci
پرۆفیسۆری یاریدەدەرە لە بەشی زانستە سیاسییەکانی زانکۆی ئیلینۆی وێسڵیان لە ئەمریکا و ساڵی 2008 بڕوانامەی دکتۆرای لەو بوارەدا لە زانکۆی حکومیی فلۆریدا بەدەستهێناوە. وانە و موحازەرەکانی ئەکمەکچی لەسەر سیاسەتی نێودەوڵەتی، ئابووریی سیاسەتی جیهانی، گڵۆباڵیزم، پەرەپێدانی نێودەوڵەتی و سیاسەتی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستە. لێکۆڵینەوەکانی بەگشتی لەبارەی ئابووریی سیاسی و ئاسایشی نێودەوڵەتییەوەیە. هاوکات لێکۆڵینەوە بەرفراوانەکانی ئەم بوارانە دەگرێتەوە: ململانێی نێودەوڵەتی، پەرەپێدانی نێودەوڵەتی، دیموکراتیزەکردن، تێرۆریزم و مێتۆدۆلۆجی. زۆربەی باس و لێکۆڵینەوەکانی، کە بە هەردوو زمانی ئینگلیزی و تورکین، لەبارەی چەپ و رەوتی چەپەوەیە لە تورکیا. ئەمەی خوارەوە بەشێکی کەمە لە توێژینەوەکانی، جگە لەم توێژینەوەیەی کە لەم کتێبەدا بڵاوبۆتەوە:

-تیۆریی ئاشتی و دیموکراتی (2011).

-متمانەی کۆمەڵایەتی، دیموکراسی و مەسەلەی کورد لە تورکیادا (2012).

-«نیازی سیاسیی» تورکیا وەک حاڵەتێکی نەخۆشی: متمانەی نزمی کۆمەڵایەتی لە تورکیادا و لێکەوتە سیاسییەکانی.

-تێرۆریزم وەک جەنگ لەنێۆ هۆکارەکانی تردا: ئاسایشی نیشتمانی و پاڵپشتیی دەوڵەت بۆ تێرۆریزم.

کورتەیەک
لە باسەکەی ئەم دواییەیدا لەبارەی توێژینەوەکانی ئیتنیک و نەژادەوە، بە ناونیشانی «جڵەوگیریی ناسیۆنالیزمی نەژادیی کورد لە تورکیادا»، ساريگيل (2010) دوو گریمانەی رکابەر بەیەکتر تاقی دەکاتەوە سەبارەت بە ئیتنۆناسیۆنالیزمی کوردی لە تورکیادا و لە رێگەی بەکارهێنانی داتا و زانیاریی رووماڵی بەها جیهانییەکانەوە World Values Survey – WVS دەردەکەوێت کە دۆخی کۆمەڵایەتی و ئابووری (ئاستەکانی داهات و خوێندن) بەشێوەیەکی باشتر راڤە و لێکدانەوەی رەگوڕیشەی تاکەکەسی ئیتنۆناسیۆنالیزمی کوردی لە تورکیادا دەکات وەک لەوەی ئایین و ئایینداری دەیکات. من لەم باسەدا، رێبازێکی رەخنەییم گرتۆتەبەر بۆ توێژینەوەکانی ساریگیڵ و دووپاتکردنەوەیەکی نموونەکەی لەگەڵ نموونەیەکی گونجاوتردا و سەرەتا مشتومڕ لەسەر ئەوە دەکەم کە داڕشتنی توێژینەوەکەی ساریگیڵ لە کاریگەریی ناوخۆییدا کورتی هێناوە، چونکە ناسیۆنالیزم لە چوارچێوەی نموونەیەکدا تاوتوێ دەکات کە بەزۆریی لە تورک پێکهاتووە و ئەمەش ئەنجامەکەی بەتاڵ دەکاتەوە. پاشان مۆدێلەکەی ساریگیڵ دووپات دەکەمەوە و لەناو نموونەیەکی دیاریکراوی خەڵکی کوردزمانی تورکیادا بەرفراوانی دەکەم. بێگومان ئەنجامەکان گۆڕانکاریی ریشەیی پیشاندەدەن. پێدەچێت دینداری و قەناعەتی سیاسی هۆکارگەلێکی پێشيبینیکراو بن بۆ پاڵپشتی کردنی ئیتنۆناسیۆنالیزمی کوردی لە تورکیادا بە شێوەیەکی باشتر لە هۆکارگەلە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان.

پێشەکی
ژمارەی کانوونی دووەمی 2010ی گۆڤاری توێژینەوە ئیتنیکی و نەژادییەکان باسەکەی زەكی ساريگيڵی تێدایە لە ژێر ناونیشانی «جڵەوگیریی ئیتنۆناسیۆنالیزمی کوردی لە تورکیادا: هەڵسەنگاندنێکی ئەزموونیی بۆ رێبازەکانی لایەنداریی ئیسلام و کۆمەڵایەتی – ئابووری». ساریگیڵ لە باسەکەیدا دوو گریمانەی رکابەر بەیەکتر تاقیدەکاتەوە سەبارەت بە ئیتنۆناسیۆنالیزمی کوردی لە تورکیادا و لە رێگەی بەکارهێنانی داتا و زانیاریی شەپۆلی چوارەمی رووماڵی بەها جیهانییەکانەوە (WVS – 2006) دەردەکەوێت کە دۆخی کۆمەڵایەتی و ئابووری (ئاستەکانی داهات و خوێندن) بەشێوەیەکی باشتر راڤە و لێکدانەوەی رەگوڕیشەی تاکەکەسی ئیتنۆناسیۆنالیزمی کوردی لە تورکیادا دەکات وەک لەوەی ئایین و ئاینداری دەیکات.

من لەم باسەدا، رێبازێکی رەخنەییم گرتووەتەبەر بۆ توێژینەوەکانی ساریگیڵ و دووپاتکردنەوەیەکی نموونەکەی لەگەڵ نموونەیەکی گونجاوتردا و سەرەتا مشتومڕ لەسەر ئەوە دەکەم کە داڕشتنی توێژینەوەکەی ساریگیڵ لە کاریگەریی ناوخۆییدا کورتی هێناوە چونکە ناسیۆنالیزم لە چوارچێوەی نموونەیەکدا تاوتوێ دەکات کە بەزۆری لە تورک پێکهاتووە و ئەمەش ئەنجامەکەی بەتاڵ دەکاتەوە. پاشان مۆدێلەکەی ساریگیڵ دووپات دەکەمەوە و لەناو نموونەیەکی دیاریکراوی خەڵکی کوردزمانی تورکیادا بەرفراوانی دەکەم. بێگومان ئەنجامەکان گۆڕانکاریی ریشەیی پیشاندەدەن.

توێژینەوە ئەزموونییەکانی پێشتر: رێبازێکی (مێتۆدۆلۆجییەکی) خەوشدار
ئیتنۆناسیۆنالیزمی کوردی، بە هەردوو فۆرمی توندوتیژ و ناتوندوتیژییەوە، رەگەزێکی گرنگ بووە لە ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتیی تورکیادا لەم چەند دەیەی ئەم دواییەدا. سەرباری زۆریی ئارگومێنتی تیۆری و گریمانەیی سەبارەت بە هۆکار و دەرەنجامەکانی ئیتنۆناسیۆنالیزمی کوردی لە تورکیادا، بەڵام توێژینەوەی ئەزموونی لەبارەی ناسیۆنالیزمی کوردەوە لە تورکیادا لاوازبووە. لێکۆڵینەوە ئەزموونییەکەی ساریگیڵ لە ساڵی (2010) دا گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی کە دۆخی کۆمەڵایەتی – ئابووریی تاک لە دیندارییەکەی باشتر لایەنداریی تاک بۆ ئیتنۆناسیۆنالیزمی کورد لێکدەداتەوە، هەرچەندە ئەو نموونەیەی ساریگیڵ بەکاریهێناوە لە توێژینەوەکەیدا بۆ شیکاریی ناسیۆنالیزمی کوردی بەزۆری خەڵکی تورکی دەگرتەوە نەک کورد. ساریگیڵ لەجیاتی درووستکردنی لقە نموونەیەک لە خەڵکی کورد، لە شیکارییەکەیدا هەموو وەڵامدەرەوەیەکی خستووەتە چوارچێوەی شەپۆلی چوارەمی WVS توركياوە، کە لە دوو ساڵی 1999 و 2000دا جێبەجێ کراوە. من پێموایە ئەم مێتۆد و رێبازە خەوشدارە، چونکە ئیتنۆناسیۆنالیزمی کوردی ئایدیۆلۆجیایەکە تەنها لەلایەن (هەندێک) کوردەوە پەیڕەوی دەکرێت. کاتێک کە پرسیاری حازربەدەست ئەوەیە کەوا «چی وای لە کورد کردووە پاڵپشتتیی ناسیۆنالیزمی کورد بکەن لە تورکیادا؟» هەڵبەت نموونەکە دەبوو هەر کوردی بگرتایەتەوە، نەک هەر هاووڵاتییەکی تورکیا، چونکە بەسادەیی هیچ هۆکارێکی پێشوەخت نییە چاوەڕوانی ئەوەی لێبکەیت کەوا تورکێک ببێتە نەتەوەپەرستێکی کورد١. بەم پێیە، تەواوی حاڵەتەکانی تورکە ئیتنیکییەکان لە نموونەکەی ساریگیڵدا «حاڵەتی ناپەیوەندیدارن» و باشترە بە نموونە نەهێنرێنەوە (Ragin and Robinson راگن و رۆبنسن، 2009 لاپەڕە 16،). لە لێکۆڵینەوە بنەڕەتییەکانیاندا لەبارەی «حالەتە نەرێنییەکانەوە»، (Mahoney and Goertz ماهۆنی و گوێرتز، 2004، لاپەڕە 653) مشتومڕ لەسەر ئەوە دەکەن کەوا توێژەران دەبێت تەنها مامەڵە لەگەڵ ئەو حاڵەتە نەرێنیانە بکەن «کە ئەنجامی بایەخدانەکەیان ئەگەری تێدا هەیە» (جەختکردنەوەکە لەسەرەتادایە). رەچاوکردنی زۆر لەو حاڵەتانەی کە پەیوەندیدار نین رەنگە نەک هەر سەربکێشێتەوە بۆ ئەنجامی شڵەژاو، بەڵکو بۆ ئەنجامی چەواشەش، وەک ئەو هەڵەیەی کە بپرسین «بۆ مسوڵمانەکانی بەریتانیا رادیکاڵ و پەڕگیرن؟» و پاشان رووماڵی خەڵک بکەین لە گەڕەکێکی لەندەندا کە زۆربەی دانیشتوانی مەسیحین، بەهەمان شێوە مەسەلەیەکی چەواشەکارە کە وەڵام و وەڵامکاریی خەڵکی تورک بکەیتە پێوەر بۆ تێگەیشتن لە ئیتنۆناسیۆنالیزمی کوردی.

ئیتنۆناسیۆنالیزمی کوردی لە ناو کورددا
لەم بەشەدا، من شیکارییەکەی ساريگيڵ دووبارە دەکەمەوە لە رێگەی بەکارهێنانی سامپڵێک لە کوردەکانی تورکیا. چوارەم شەپۆلی WVS، کە شیکارییەکانی لێکۆڵینەوە ئەزموونییەکەی ساریگیڵ پشتیان پێ دەبەستێت، 3401 وەڵامدەرەوە دەگرێتەوە لە توركيادا. بەرنامەی رووپێویی WVS پرسیارێکی لەلایە سەبارەت بە «گرووپە ئیتنیکییەکەی» وەڵامدەرەوە بەڵام نەخراوەتە رووماڵەکانی تورکیاوە. جێگرەوەیەکی ئەڵتەرناتیڤ دەکرێت ئەم پرسیارە بێت کە لە وەڵامدەرەوەکان دەکرێت و «ئاخۆ زمانی قسەکردنیان لەماڵەوە چییە»؟. ئەگەرچی هەموو کوردەکان لەماڵەوە بە کوردی قسە ناکەن، بەڵام زۆرێکیان ئەوە دەکەن (Entessar ئینتیسار 1989؛ Van Bruinessen ڤان برونەسن 2007) و «ئەو زمانەی لە ماڵەوە قسەی پێدەکرێت» وەک ئەڵتەرناتیڤێکی ئیتنیک بەکارهاتووە لە هەندێک لێکۆڵینەوەی نوێدا لەبارەی تورکیاوە (چارک ئۆغڵوو و تۆپراک Carkoglu and Toprak ؛KalaycIoglu) کەڵایجی ئۆغڵوو 2009)٢. بەهەرحاڵ، وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە سوودبەخش نەبوو بەو مانایەی کە ئەو 3124 کەسەی وەڵامی ئەم پرسیارەیان داوەتەوە هەر هەموو نووسیویانە کە لە ماڵەوە بە زمانی تورکی قسە دەکەن، (بەڵام 277 کەس لە وەڵامدەرەوەکان ئەم پرسیارەیان بێ وەڵام هێشتۆتەوە). بەم پێیە، شەپۆلی چوارەمی WVS لە توركيا رێگەی پێنەداین نموونەیەکی جیا لە کوردەکان یان کوردزمانەکان درووستبکەین لە تورکیادا.

خۆشبەختانە، هەرچەندە وەڵامدەرەوەکان لە پێنجەمین شەپۆلی ئەمدواییەی (WVS 2009) لە توركيادا، کە لە ساڵی 2007 دا بەڕێوەچوو زیاتر جۆراوجۆر بوون لەڕووی ئەو زمانەوە کە لە ماڵەکانیاندا بەکاریان دەهێنا. 99 کەس لە وەڵامدەرەوەکان کە ژمارەیان بوو 1346 (نزیکەی 7.3%) وتوویانە کە زمانی ماڵەوەیان کوردی بووە. من لە بەشی دوای ئەوە شیکارییە ئەزموونییەکانی ساریگیڵ دووبارە دەکەمەوە لە چوارچێوەی سامپڵێکدا لەو 99 کوردزمانە.

گۆڕاوی مەرجدار
وەک لە لێکۆڵینەوەکەی ساریگیڵدا هاتووە، گۆڕاوی مەرجداری ئەم لێکۆڵینەوەیە پاڵپشتە بۆ حزبێکی لایەنداری کورد. پارتی هادەپ HADEP، کە حزبێکی ناسیۆنالیستیی کوردییە لە توێژینەوەکەی ساریگیڵ بۆ شەپۆلی چوارەمی WVS، قەدەغەی خرایەسەر لەلایەن دادگای دەستووریی تورکیاوە لە ساڵی 2003دا و ئیتنۆناسیۆنالیزمی کوردیی لەژێر ناوی حزبێکی نوێدا سازو تەیار کرد Demokratik Toplum Partisi – DTP، دەتەپە – پارتی کۆمەڵگەی دیموکراتی)3. گۆڕاوی مەرجدار لە شیکارییەکانی دواتردا دەنگدانە لە بەرژەوەندیی دەتەپە DTP ، کە یەکسانە بە 1 ئەگەر هەڵبژاردن لەوکاتەدا بکرێت کە رووماڵ و راپرسییەکان بەڕێوەدەچوون و بەپێچەوانەوە یەکسانە بە سفر. 53 کەس لە 99 وەڵامدەرەوەکان دەڵێن کەوا دەنگ بە دەتەپە DTP دەدەن.

گۆڕاوە روونکردنەوە و کۆنترۆڵەکان
سێ گۆڕاوی روونکردنەوە (داهات و خوێندن و دینداری) و سێ گۆڕاوی کۆنترۆڵ (تەمەن و جێندەر و ئایدیۆلۆجیا) هاوشێوەی پرۆسەی کارپێکردنی ساریگیڵ دروست دەکرێن4. بەڵام دوو گۆڕاوی کۆنترۆڵ لە مۆدێلەکەی ساریگیڵدا لە مۆدێلە دووبارەکەی مندا نییە. گۆڕاوی پاشکۆ هەرێمییەکان لە مۆدێل و نموونەکان دوورخراونەتەوە، لەبەرئەوەی مەسەلەی دیاریکردنی ناسنامەی هەرێمی لە شەپۆلی پێنجەمی سیستەمی WVSدا نییە لە توركيادا. هەروەها گۆڕاوی ناسیۆنالیستیش لە نموونە و مۆدێلەکان دوورخراوەتەوە، چونکە رەچاوکردنی ژمارەی حاڵەتەکان لە 99 وە دادەبەزێنێت بۆ 40 و ئەمەش لەدەستدانێکی گەورەی سەرنج و تێبینییەکانە.

سەرباری ئەوەش، حاڵەتە لەدەستچووەکانی لایەنگرانی دەتەپە DTP مەسەلەیەکی نەگونجاوە. لەکاتێکدا کە لەو 99 کەسە کوردزمانەی پێشوو، 53 یان (٪54)یان لایەنگری پارتی دیموکراتی پێشکەوتوو (دەتەپە) بوون، بێجگە لە هەشت کەس لە چل واتە (٪20)ی ئەو خەڵکە کوردزمانەی مابوونەوە، پشتیوانیی دەتەپە بوون. کەواتە حیسابکردنی گۆڕاوی ناسیۆنالیستی، نموونە یان مۆدێلەکە دەشێوێنێت دژ بە لایەنگرانی دەتەپە DTP٥.
خشتەی ژمارە (1) ئەنجامەکانی خەمڵاندن و مەزەندەی دابەزینی ئیتنۆناسیۆنالیزم لەناو کوردەکانی تورکیادا دەخاتەڕوو. هەردوو گۆڕاوی کۆمەڵایەتی – ئابووری (خوێندن و داهات) و دینداری شکست دەهێنن لە ئەنجامدانی دەلالەت و بایەخی ئامار لە نموونەی (1)دا.

تاقە گۆڕاوی بابەتیی کەوا کاریگەرییەکەی بایەخێکی ئاماری بەدیدێنێت لەم نموونەیەدا کە ئەویش ئایدیۆلۆجییە. ئەو کوردانەی کە ئایدیۆلۆجیای راستڕەویان هەیە بە شێوەیەکی بەرچاو کەمتر دایدەشکێنن بەلای ئیتنۆناسیۆنالیزمی کوردیدا، لەو کوردانەی کە ئایدیۆلۆجیای چەپڕەویان هەیە.

ئەنجامەکانی مۆدێلی (١) لەسەرەتاوە ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە هۆکارەکانی کۆمەڵایەتی – ئابووریی و ئاینداری کاریگەریی گەورەیان نییە لەسەر ئیتنۆناسیۆنالیزمی کوردی لە تورکیادا. لەگەڵ ئەوەشدا، پێویستە بە سڵکردنەوە و ئاگاییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم بابەتەدا بکرێت لەبەرئەوەی گۆڕاوی ئایدیۆلۆجی لەم مۆدێلەدا رەنگە هێزی لێکدانەوە و راڤەکردنی گۆڕاوە بنەڕەتییەکانی تر لاواز بکات.

لەڕاستیدا، ئایدیۆلۆجیای تاک تا ئاستێکی گەورە لەژێر کاریگەریی تەمەن و جێندەر و بیروباوەڕی ئاینیی و خوێندن و داهاتدایە (Layman لەیمان 1997 و Lipset لیپسێت 1960 ؛ Napier and Jost ناپییەر و یۆست 2008). بەهەرحاڵ، دەکرێت ئێمە ئایدیۆلۆجیا بە گۆڕاوێکی ناوەنجی دابنێین و خۆمانی لێ بەدووربگرین بۆ هەڵسەنگاندنی کاریگەرییە سەربەخۆکان لەسەر ئیتنۆناسیۆنالیزمی کوردی بەشێوەیەکی باشتر. بۆ ئەوکارەش، من جارێکیتر مۆدێلی (1) دەخەمەوە کار بەبێ گۆڕاوی ئایدیۆلۆجیی (مۆدێل 2). لەم مۆدێلەدا، کەوا گۆڕاوە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان بایەخێکی ئابوورییان نامێنێت، ئەوا کاریگەریی نەرێنیی گۆڕاوی ئاینداری لەسەر ئەگەری مەیلداریی دەنگدان بە دەتەپە DTP دەلالەت و بایەخی ئاماری لەسەر ئاستی 0.05 بەدیدێنێت. بەم پێیە، دەکرێت بەشێوەیەکی مەبدەئی بگەینە ئەو ئەنجامەی کەوا ئاینداریی تاکی کورد کاریگەریی هەیە لەسەر مەسەلەی لایەنداریی بۆ ئیتنۆناسیۆنالیزمی (ناسیۆنالیزمی رەگەزیی) کوردی و رەنگە لە رێگەی فۆرمەڵەبوونی ئایدیۆلۆجیایەکی گشتگیرەوە.

پێکەوە گرێدانی پەیوەندییەکانی ئیتنۆناسیۆنالیزمی کوردی لە تورکیادا مەسەلەی ئابووریی کۆمەڵایەتی و ئایین تێدەپەڕێنێت. راستییەکەی بۆ زۆر کەس، پاڵنەری ناسیۆنالیزمی کوردی لەهەر شتیک زیاتر زوڵم و ستەمی سیاسییە (Ergil ئێرگیل 2000؛ Yavuz یاڤوز 2001 ؛ Olson ئۆڵسن 2009). لەگەڵ ئەوەشدا کە ساریگیڵ کاریگەریی گەورەی زوڵم و ستەمی سیاسی دەسەلمێنێت لەسەر ناسیۆنالیزمی کوردی، بەڵام خۆ بەدوور دەگرێت لە دانانی ئەو زوڵم و ستەمانە لە مۆدێلەکەیدا. من لە هەریەکە لەم دوو مۆدێلەی خوارەوە گۆڕاوی قەناعەتی سیاسی زیاد دەکەم بۆ گۆڕاوەکان لە مۆدێلی دوودا.

مۆدێلی3 گۆڕاوێکی دیموکراسی لەخۆدەگرێت کە مەودای قەناعەتی تاک دەپێوێت بە دیموکراسی لە تورکیادا6. مۆدێلی4 گۆڕاوێکی مافی مرۆڤ لەخۆ دەگرێت، کە مەودای قەناعەتی تاک بە مافی مرۆڤ دەپێوێت لە تورکیادا7. هەردوو ئەم گۆڕاوە لە هەمان (WVS 2009)دا هاتوون.

هەردوو گۆڕاوی سیاسی لە مۆدێلی 3 و 4 دا کاریگەریی نەرێنی و بایەخداریان هەیە لەلایەنی ئامارەوە (p. 0.05) لەسەر ئەگەری دەنگدان بە DTP. لە مۆدێلی (3)دا، تەماشا دەکرێ ئەو کوردانەی ئاستێکی بەرزیان هەیە لە قەناعەتهێنان بە دیموکراسیی تورکیا ئەگەری کەمی ئارەزوویان هەیە بۆ دەنگدان بە حزبی نەتەوەیی کورد. بەهەمان شێوە، لە مۆدێلی (4)دا، تەماشا دەکرێ ئەو کوردانەی ئاستێکی بەرزیان هەیە لە قەناعەتهێنان بە ستانداردەکانی مافی مرۆڤ ئەگەری کەمی ئارەزوویان هەیە بۆ دەنگدان بە حزبی نەتەوەیی کورد. لە هەردوو مۆدێلەکەدا، کاریگەریی هەردوو گۆڕاوە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان دوورە لە بایەخی ئامارییەوە. بە پێچەوانەی ئەوەوە، کاریگەریی نەرێنی ئاینداری لەسەر ئیتنۆناسیۆنالیزمی کوردی بایەخی لە هەردوو مۆدێلی 3 و 4 لە ئاستی 0.05. بەم پێیە، ئەنجامەکان لە هەردوو نموونەی 3 و 4دا ئەوە دەگەیەنن کە قەناعەتی سیاسی و ئاینداری، نەک دۆخی کۆمەڵایەتی و ئابووری بەربەستە لەڕێی ئیتنۆناسیۆنالیزمی کوردی لە تورکیادا.

رێگەیەکی ئەڵتەرناتیڤ هەیە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ کاریگەریی ئاڵۆزی گۆڕاوی ئایدیۆلۆجیا کە پاشەکشەی ئایدیۆلۆجیایە لە هەموو گۆڕاوەکانی تر لە مۆدێلەکەدا.

ئەگەر ئایدیۆلۆجیای سیاسی هۆکاری لێکدانی سەرەکی بێت کە کاردەکاتە سەر پشتیوانی کردنی پارتە ئیتنۆنەتەوەییەکانی کورد لە تورکیادا، ئەوە هەر کاریگەرییەکی بنەڕەتی بۆ گۆڕاوە سێیەمەکان لەسەر ئایدیۆلۆجیای هەرکەسێک کاریگەرییەکی ناڕاستەوخۆی هەیە لەسەر لایەنداریی تاک بەلای ئیتنۆناسیۆنالیزمی کوردی. خشتەی (3) لەخوارەوە مەزەندەی داکشانی چوارگۆشە بچووکە ئاساییەکانی ئایدیۆلۆجیای سیاسیی کوردەکانی تورکیا دەخاتەڕوو.

پێش هەموو شتێک، (R2 (0.49 پاڵپشتی راگەیاندنی پێشوو دەکات کەوا ئایدیۆلۆجیای تاک تاڕادەیەکی زۆر کاریگەرە بە تەمەن و جێندەر و باوەڕی ئایینی و خوێندن و داهات. هەر شەش گۆڕاوە بنەڕەتییەکەی مۆدێلی 5 نزیکەی نیوەی جیاوازییەکان پێکدەهێنێت لە ئایدیۆلۆجیای سیاسیی گەلی کورددا لە تورکیا. لە نێو گۆڕاوە تیۆرییەکاندا، لەکاتێکدا کە ئاستی خوێندن و داهاتی گەلی کورد لە تورکیادا کاریگەرییەکی وای نییە لەسەر ئایدیۆلۆجیای سیاسییان، بەڵام هەریەک لە ئاینداری و قەناعەتی دیموکراتی کاریگەریی ئەرێنی و لەڕووی ئامارەوە بایەخداریی بەرچاوی هەبوو لەسەر ئەگەری مەیل و ئارەزووی کوردێک بۆ وەرگرتنی ئایدیۆلۆجیایەکی راستڕەوتر و پاشانیش کاریگەرییەکی نەرێنی لەسەر ئەگەری دەنگدان بە پارتە ئیتنۆناسیۆنالیستەکانی کورد. بەم پێیە، ئەو کوردانەی پتر ئاینپەروەرن و قایلن بە دیموکراسیی تورکیا، ئەگەری کەمیان هەیە بۆ پشتیوانیکردنی پارتە ئیتنۆناسیۆنالیستەکانی کورد لەوانەی کە کەمتر ئاینداری دەکەن و کەمتر قەناعەتیان بە دیموکراسیی تورکیا هەیە. جارێکیتر پێدەچێت ئاینپەروەری و قەناعەتی سیاسی پێشبینیکەری باشتربن بۆ پاڵپشتیی ئیتنۆناسیۆنالیزمی کورد لە تورکیادا لەوەی کە هۆکارەکانی کۆمەڵایەتی – ئابووری دەیکەن.

تێبینییەکانی کۆتایی
بە رەخنەگرتن لە رێباز و مێتۆدی هەڵە سەبارەت بە توێژینەوەیەکی پێشتری هەڵە لەبارەی ئیتنۆناسیۆنالیزمی کوردەوە لە تورکیادا (Sarigil ساریگیڵ 2010)، کە پەیوەندییە تاکەکەسییەکانی ئیتنۆناسیۆنالیزمی کوردی شیکردۆتەوە لە رێگەی بەکارهێنانی نموونە یان مۆدێلیکەوە کەوا بەزۆری لە گەلی تورک پێکهاتووە، ئێمە هەوڵی لێکدانەوەی پەیوەندییە ئەزموونییەکانی ناسیۆنالیزمی کوردی تورکیامان داوە بەهۆی دووبارەکردنەوە و فراوانکردنی مۆدێلەکانی ساریگیڵەوە لە چوارچێوەی نموونەیەک لە کەسانی کوردزمان لە تورکیادا، کە لەسەر ئەو داتا و زانیارییانەی دواینترین شەپۆلی رووماڵی بەها جیهانییەکان (2009) بنیاتنراوە.

ئەنجامەکانی ئەم توێژینەوەیە ئەوە دەردەخەن کەوا بە پێچەوانەی ئەوەی لە توێژینەوەکەی پێشووی ساریگیڵدا هاتووە، پەیوەندیی نێوان دۆخی کۆمەڵایەتی – ئابووری (ئاستی خوێندن و داهات) و پاڵپشتیی ئیتنۆناسیۆنالیزمی کوردی لەناو کوردەکانی تورکیادا یان لاوازە یان هەر نییە. بەپێچەوانەوە، تێبینی دەکرێت کەوا کاریگەریی قەناعەت نەهێنانی سیاسی لەسەر پشتیوانیکردنی ئیتنۆناسیۆنالیزمی کوردی بەهێز و هەماهەنگە لەناو خەڵکە کورد زمانەکەی تورکیادا. ئەم دوو ئەنجامگیرییە پێکەوە ئاماژە بەوە دەکەن کە سەرچاوەکانی ئیتنۆناسیۆنالیزمی کوردی لە تورکیا زیاتر سیاسییە وەک لەوەی کۆمەڵایەتی – ئابووری بێت. بێ نکوڵیکردن لە بایەخی وەبەرهێنانەکانی ئابووری و خوێندن لەو ناوچانەی کە زۆرینە کوردن لە تورکیادا، ئەم توێژینەوەیە ئاماژە بەوە دەکات کە ریفۆرمە سیاسییەکان و چاکسازییەکانی پەیوەست بە ژیانی خەڵکەوە لەو ناوچانەدا زۆر پێویستن بۆ جڵەوکردنی ئیتنۆناسیۆنالیزمی کوردی لە تورکیادا.

دابەزاندنی سنووری نوێنەرایەتیی هەڵبژاردنەکان بۆ 10%، کە ئەمەش رێگرە لە نوێنەرایەتیکردنی رەوای دەنگدەری کورد لە پەرلەماندا و لابردنی قەدەغە لەسەر بەکارهێنانی زمانی کوردی لە هەموو کایەکانی ژیاندا بە خوێندن و میدیاشەوە. زیاتر پێدەچێت کە لێکۆڵینەوەی رەوا لە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە خۆرهەڵاتی تورکیادا ببێتە هۆی قایلبوونی سیاسی بۆ گەلی کورد لە تورکیادا و پاشانیش جڵەوگیرکردنی ئیتنۆناسیۆنالیزمی کوردی.

ئەنجامی ئەم توێژینەوەش ئاماژە بەوە دەکات کە دینداریی تاکی کورد بەکردەوە کاردەکاتە سەر لایەنداریی بەلای ئیتنۆناسیۆنالیزمی کوردیدا، بەتایبەتی لەرێگەی فۆرمەڵەبوونی ئایدیۆلۆجیای سیاسییەوە. بەزۆری ئەو کوردە ئاینپەروەرانەی تورکیا ئەگەری کەم هەیە کە بچنە سەر ئایدیۆلۆجیای چەپڕەو و پشتیوانیی لە ئیتنۆناسیۆنالیزمی کوردی بکەن. بەهۆی سروشتی سێکولاری سیستمی سیاسی لە تورکیادا، دۆزینەوەی ئەوەی کەوا کەمینە ئایندارە کوردەکە رێی تێناچێت پشتیوانیی ئیتنۆناسیۆنالیزمی کورد بکات و مەسەلەیەکی بێمانایە. بێگومان بووژاندنەوەی هۆشیاریی ئاینی کە حکومەت دنەی دەدا بۆ جڵەوگیریی ئیتنۆناسیۆنالیزمی کوردی کارێکی نابەجێیە. لەگەڵ ئەوەشدا، رەنگە ئەم ئەنجامە زۆر سوودبەخش بێت کاتێک کە مەسەلەکە پەیوەست بێت بە لێکدانەوە و تێگەیشتنی گوتاری دژە ئایینی هەندێک کەسایەتیی ناوداری نێو نەتەوەییەکانی کورد، کە بەئاشکرا مشتومڕ لەسەر ئەوە دەکەن کەوا ئیسلام میللەتی کوردی «وێران کردووە» و بەدرێژایی سەردەم و رۆژگار لە تاریکیدا هێشتوویەتیەوە8. پێدەچێت هۆکاری ئەو هەڵوێستە توندەی دژ بە ئیسلام لەلایەن هەندێ کەسایەتیی سەرەکی لەناو ناسیۆنالیستە کوردەکاندا لەو راستییەوە «بە بۆچوونی ئەوان» سەرچاوەی گرتبێت کەوا ئیسلام یان هەر جۆرێکی تری دڵسۆزی و پابەندیی ئاینی بۆ ئەم مەسەلەیە، بنەمای پاڵپشتی کۆمەڵایەتیی بۆ ئیتنۆناسیۆنالیزمی کوردی تێکشکاندووە9.

لەدواییدا و لەبەر بچووکیی قەبارەی ئەو نموونەیەی لەم توێژینەوەیەدا بەکارهاتووە، ئەم باسە بەو ئاماژەیە کۆتایی پێ دەهێنم کەوا تێگەیشتنیکی باشتر و چەسپاوترمان دەبێت بۆ پەیوەندییەکانی ئیتنۆناسیۆنالیزمی کوردی لە تورکیادا، کاتێک کە رووماڵی گەورەتر و وردتر لەبارەی کوردەوە لە تورکیادا دەڕەخسێت. هەڵبەت تا ئەوکاتە پێویستە وا مامەڵە لەگەڵ هەموو ئەنجامەکاندا بکەین کە سەرەتایین.

سەرچاوەکان
-ئاکیۆڵ مستەفا، 2007، «ئاوها کوردە زەردەشتییەکان دووان Thus spoke the Zarathustrian Kurds» ، رۆژنامەی تورکیش دەیلی نیوز، 4ی نیسانی 2007، www.hurriyetdailynews.com
-چارکۆغڵوو، عەلی و تۆپراک بینناز، 2007، «ئاین و کۆمەڵگە و سیاسەت لە تورکیایەکی گۆڕاودا Religion, Society, and Politics in a Changing Turkey,»، (ئەستەمووڵ، لە بڵاوکراوەکانی TESEV), www.tesev.org.tr.
-ئینتیسار، نادر، 1989، «مۆزایکی ناکۆکیی کورد The Kurdish mosaic of discord»، گۆڤاری وەرزیی جیهانی سێهەم Third World Quarterly، بەرگی 11، ژمارە 4، ل 83 – 100.
– ئێرگیل، دۆغو، 2000، «مەسەلەی کورد لە تورکیادا The Kurdish question in Turkey»، گۆڤاری جۆرناڵی دیموکراسی، بەرگی 11، ژمارە 3 ، ل 122 – 135.
– زانکۆی حاجی تەپپە، HUIPS، 2004، «رووماڵی دیمۆگرافی و تەندرووستیی تورکیا، 2003 Turkey Demographic and Health Survey»، ئەنقەرە: (ئینستیتیوتی زانکۆی حاجی تەپپە بۆ توێژینەوەی دانیشتوان».
-کەڵایجی ئۆغڵو، ئەرسین، 2009، «بژارەی گشتی و کاروباری دەرەوە: دیموکراسی و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە تورکیادا Public choice and foreign affairs: democracy and international relations in Turkey»، گۆڤاری دیدی نوێ لەسەر تورکیا New Perspectives on Turkey، ژمارە 40، ل 59 – 83 .
-لەیمان، جیۆفری سی.، 1997، «رەفتاری ئاینی و سیاسی لە ویلایەتە یەکگرتووەکاندا: کاریگەریی بیروباوەڕ و ریزبەندی و پابەندی لە 1980 تا 1994 Religion and political behavior in the United States: the impact of beliefs, affiliations, and commitment from 1980 to 1994»، گۆڤاری وەرزیی رای گشتی The Public Opinion Quarterly، بەرگی 61، ژمارە 2، ل 288 – 316.
– لیپسێت س. م.، 1960، «پیاوی سیاسی Political Man»، لە کتێبی ماهۆنی جەیمس و گوێرتز گاری، «ئەگەری بنەڕەتی: هەڵبژاردنی کەیسە نەگەتیڤەکان لە لێکۆڵینەوەی بەراوردکاریدا The Possibility principle: choosing negative cases in comparative research»، گۆڤاری پێداچوونەوەی زانستی سیاسیی ئەمریکی The American Political Science Review، بەرگی 98، ژمارە 4، ل 653 – 669.
– میللییەت – کۆندا، 2007، «ئێمە کێین؟ لێکۆڵینەوەیەک لەبارەی پێکهاتەی کۆمەڵایەتییەوە Who Are We? A Study of Social Composition «، www. konda.com.tr
-ناپییەر جەیمی ل. و یۆست، جۆن، 2008، «بەسەرکردنەوەی ‹کەسایەتیی دژە دیموکراتی›: لێکۆڵینەوەیەکی بان نەتەوەیی/ نیشتمانی لەسەر دەسەڵاتخوازیی The ‘‘antidemocratic personality’’ revisited: a cross–national investigation of working class authoritarianism « ، گۆڤاری کاروباری ناوخۆ Journal of Social Issues، بەرگی 64، ژمارە 3، ل 595 – 617.
-ئۆڵسن، رۆبەرت، 2009، «خوێن و بیروباوەڕ و دەنگدان: ئیدارەدانی ناسیۆنالیزمی کوردی لە تورکیادا Blood, Beliefs and Ballots: The Management of Kurdish Nationalism in Turkey «، کۆستا مێسا، کالیفۆرنیا: خانەی بڵاوکردنەوەی مازدا.
-راگن، چارڵس سی. و رۆبنسن، کڵۆد، 2009، «تایبەتمەندیی لێکۆڵینەوەی بەراوردکاریThe distinctiveness of comparative research»، لە کتێبی تۆد لاندمان و نەیڵ رۆبنسن، «نامیلکەی حیکمەت لەبارەی سیاسەتی بەراوردکاری The SAGE Handbook of Comparative Politics» ، (Thousand Oaks, CA: Sage Publications)، ل 13 – 34.
-ساریگیڵ، زەکی، 2010، «جڵەوگیریی ئیتنۆناسیۆنالیزمی کوردی لە تورکیادا: هەڵسەنگاندنێکی ئەزموونیی مامەڵە و سەوداکارییەکانی پرۆ – ئیسلامی و کۆمەڵایەتی – ئابووری Curbing Kurdish ethno –nationalism in Turkey: an empirical assessment of pro – Islamic and socio – economic approaches «، لە گۆڤاری لێکۆڵینەوەی ئیتنیک و نەژاد Ethnic and Racial Studies، بەرگی 33، ژمارە 3، ل 533 – 553.
– تۆپراک، مەتین و ئوسڵوو، نەسوح و کینگ، جود دی.، 2009، «گۆڕانکاری لە سیاسەتی تورکیادا: تایبەتمەندییەکانی کۆمەڵایەتی – سیاسی، ئابووری و نەژادی Transformation of Turkish politics: socio–political, economic and ethnic peculiarities»، گۆڤاری بیلیگ Bilig، ژمارە 50، ل 199 – 232 ؛ توغڵوک ئەیسەڵ، 2008، «گەڕانەوە The Return»، گۆڤاری رادیکاڵ، ژمارە 2، شوبات، www. radikal.com.tr/ek_haber.php
-ڤان برونەسن، مارتن، 1992، «کۆمەڵگەی کوردی، ئیتنیک و نەژاد، ناسیۆنالیزم و کێشەی ئاوارەکان Kurdish society, ethnicity, nationalism, and refugee problems»، لە کتێبی فیلیپ جی. کرەینبرۆک و ستێفان سپێرڵ «کوردەکان: پێداچوونەوەیەکی هاوچەرخانە The Kurds: A Contemporary Overview «، نیویۆرک: رۆتلێج، ل 33 – 67.
– رووماڵی بەها جیهانییەکان، 2006، «فایلی رووماڵی داتا و زانیارییە تەواوەکانی بەها جیهانی و ئەوروپییەکان، European and World Values Surveys four wave integrated data file, 1981 – 2004»، www.wvsevsdb.com
– 2009 فایلی رووماڵی داتا و زانیاریی فەرمی بەها جیهانییەکان 2005 World Values Survey، www.wvsevsdb.com /wvs / WVSData. jsp

سەرچاوە:
گۆڤاری توێژینەوە ئیتنیکی و نەژادییەکان
بەرگی 34 ، ژمارە 9 ، سێپتەمبەری 2011 ، ل 1608 – 1617
ناوی باسەکە: تێگەیشتن لە ناسیۆنالیزمی نەژادیی کورد لە تورکیادا: کۆمەڵایەتی – ئابووری و ئاین و سیاسەت (باسێکی مشتومڕ ئامێز و وەڵامە بۆ زەکی ساریگیڵ)
ناوی نووسەر: فاروق ئەکمەکچی (پرۆفیسۆری یاریدەدەرە لە بەشی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە زانکۆی تەکنیکیی قەرەدنیز– تورکیا).
Ethnic and Racial Studies Vol. 34 No. 9 September 2011 pp. 1608 – 1617
Understanding Kurdish Ethno – Nationalism in Turkey: Socio – Economy, Religion, and Politics
(Debate Article / Response to Zeki Sarigil)
Faruk Ekmekci

تێبینییەکان
* لەم باسەدا سێ خشتە هەیە لە سەر هەر سێ مۆدێل یان نموونەکە و لەبەر ئاڵۆزییان لێرەدا دامنەناون و پێموایە سەر لە خوێنەر دەشێوێنن – وەرگێر.

1- توێژینەوەیەکی تازە ئەوەی تێدا هاتووە کەوا لەکاتێکدا ٪18.1ی ئیتنیکی کورد لە تورکیادا، پشتیوانییان لە پارتی کۆمەڵگەی دیموکراتی دەتەپە DTP Demokratik Toplum Partisi کردبوو، لە ساڵی 2007 دا، کەچی رێژەی ئەو تورکانەی پاڵپشتی دەتەپە DTP یان کردبوو زۆر کەم و بە رێژەی ٪0.8 بوو (تۆپراك، ئوسڵوو و کینگ 2009 ، لاپەڕە 211). تەنانەت ئەو تورکە پەراوێخراوانەش کە لایەنداریی حزبە سەر بە کوردەکان دەکەن، یان لەژیر کاریگەریی هەندێک ئایدیاڵی دیموکراتی / مەدەنیدان، یان دەنگ بە کاندیدایەکی دیاریکراوی حزبە لایەندارەکانی کورد دەدەن. بەم پێیە، پاڵپشتیکردنی حزبەکانی سەربە کورد لەناو تورکەکاندا زۆر دەگمەنە لە تورکیادا و تەنانەت ئەو تورک نەژادە نامۆ و ناباوانەش کە لایەنگریی پارتە سەربە کوردەکان دەکەن، هیچ پەیوەندییەکیان بە ئیتنۆناسیۆنالیزمی کوردییەوە نییە وەک ئایدیۆلۆجیایەک.

2- توركيا لە ساڵی 1965دا کۆکردنەوەی داتا و زانیاریی راگرت لەبارەی زمانی دایکەوە بۆ هاووڵاتیانی تورکیا. لەبەرئەوە ئەو خەمڵاندن و مەزەندانەی پەیوەندییان بە دانیشتوانی ئێستای کوردزمانەوە هەیە لە تورکیادا جیاوازییان تێدایە. رووماڵی تەندروستی و دیمۆگرافیی تورکیی ساڵی 2004 (HUIPS 2004) ئەوەی دەرخستووە کە زمانی کوردی زمانی دایکە بۆ ٪14.5ی ژنانن لە تورکیادا. هەروەها لە لێکۆڵینەوەیەکی تری نوێدا (Milliyet – Konda 2007) هاتووە کە ٪14.3 زمانی دایکی هاووڵاتیانی تەمەن گەورە یان باڵقی تورکیا کورد بوون.

3- دەتەپەش DTP لە کۆتایی ساڵی 2009دا لەلایەن دادگای دەستوورییەوە قەدەغەی خراوەتەسەر و ئەمجارەیان ئیتنۆناسیۆنالیستە کوردەکان بە رابەرایەتیی پارتی ئاشتی و دیموکراسی بەدەپە BDP – Baris ve Demokrasi Partisi کوردە نەتەوەییە ئیتنیکییەکانی کۆکردەوە.

4- پێوەری داهات 1 بۆ 10یە و پێوەری خوێندن یەک بۆ هەشتە، 1 بۆ ئەوەیە کە خوێندنی سەرەتایی تەواونەکردووە و 8 ئاماژەیە بۆ تەواوکردنی خوێندنی زانکۆ. پێوەری ئاینداری «گرنگیی ئایین لە ژیانی ئاشکرادا» و پێوانەکەی لە 1 بۆ 4 ە و ئاماژەی 1 واتە «بەڕەهایی گرنگ نییە» و 4 ئاماژەیە بۆ «زۆر گرنگە». تەمەن و جێندەر واتە هی وەڵامدەرەوە. ئایدیۆلۆجیا لە 1 بۆ 10یە، چەپڕەو بۆ راستڕەو بە پێی پلەکان.

5-شێواوییەکی هاوشێوەش لە نموونەکەی ساریگیڵدا هەیە. تۆمارکردنی گۆڕاوی نەتەوەیی (ناسیۆنالیست) دەبێتە هۆی لەدەستدانی پەنجا حاڵەتی سەربار، کە 23 یان لە لایەنگرانی هادەپن HADEP. کورتهێنانی ئەو داتا و زانیاریانەی کە لە ٪2 ی تێکرای نموونەکە کەمترە تا لەدەستدانی زیاد لە ٪20 ی ناسیۆنالیستە کوردەکان. لەکاتێکدا کە رێژەی سەدیی کوردە نەتەوەییەکان (لایەنگرانی هادەپ HADEP) لە تێکڕای نموونەکەی ساریگیڵدا تەنها ٪3.2 بوو، ئەم رێژەیە 46% بوو لەناو تێبینییە لەدەستچووەکاندا. ئەوەی جێی سەرنجە کاتێ کە گۆڕاوی نەتەوەیی لە مۆدێل یان نموونەکانی ساریگیڵ دوورخرایەوە، ئەوا کاریگەریی دینداری لەسەر ئیتنۆناسیۆنالیزمی کوردی بایەخێکی ئاماریی بەرز وەردەگرێت (p.0.01). وادیارە دانانی گۆڕاوی نەتەوەیی ئەنجامی ئامارەکە لەدژی دینداری دەشێوێنیت. ئەمەش ئاماژەیە بۆئەوەی کەوا ئەو ئەنجامە کردەییانەی ساريگيڵ پێیگەیشتووە نموونە گەلی تەواو دیاریکراون.

6- سەبارەت بە قەناعەتی دیموکراتی، سەبارەت بە قەناعەتی دیموکراتی، WVS پرسیاری کردووە: «مەودای دیموکراسیی حوکمی ئەم وڵاتە ئەمڕۆ چۆنە؟ جارێکیتر لەڕیگەی بەکارهێنانی پێوەری هەڵسەنگاندن لە 1 بۆ 10، کە 1 مانای ئەوەیە «بەڕەهایی نا دیموکراتییە» و 10 مانای ئەوەیە کە «تەواو دیموکراتییە» و «تۆ چ هەڵوێستێک هەڵدەبژێریت؟»

7- سەبارەت بە مافی مرۆڤ، WVS پرسیار دەکات: «مەودای رێزگرتنی مافی مرۆڤ تا چ ئاستێکە بۆ تاک لەئێستای (وڵاتەکەماندا)؟» و داوای یەک هەڵبژاردەی کردووە لەمانەی خوارەوە: 1) رێزگرتنی مافی مرۆڤ بۆ تاک زۆرە (کە هێمای 4ی بۆدانراوە) ؛ 2) هەندیک رێزگرتن هەیە (هێمای 3) ؛ 3) رێزگرتنێکی زۆر نییە (هێمای 2) ؛ 4) بەڕەهایی هیچ رێزگرتنێک نییە (هێمای 1). من جارێکیتر هێمام بۆ پلەبەندیی نمرەکان داناوەتەوە بۆئەوەی باڵاکان رەنگدانەوەی ئاستی بەرزی رەزامەندی بنوێنن.

8- بۆ نموونە، بڕوانە ئاکیۆڵ 2007.

9- هەڵکشانی حیزبە ئیسلامییەکان و تەشەنەکردنی شێوازی ژیانی ئیسلامی لەو ناوچانەی زۆرینەیان کوردن هانی هەندێ کوردی ناوداریان دا وەک ئایسڵ توغڵوک (پەرلەمانتاری پێشووی پارتی دەتەپە DTP کە دادگای دەستووری ساڵی 2009 ئەندامێتی کۆتایی پێهێنا لە پەرلەماندا) کە بانگەشەی هاوپەیمانی بکات لەگەڵ کەمالییەکاندا بۆ کۆسپ خستنە ریگەی هێزی هەڵکشاوی ئیسلام لە ناوچەکەدا. لەنێو ئەو مەسەلانەدا کە توغڵوک سکاڵای لەدەست دەکات لە نامە کراوەکەیدا بۆ کەمالییەکان ئەو راستییە باس دەکات کە سڵاوکردنی بەیانیان لەنێوان خاوەن کارە کوردەکاندا لە «بەیانیتان باشەوە!»ی سێکولارەوە بووە بە «ئەسسەلامو عەلەیکوم!». بڕوانە توغڵوک 2008.

 

 152 جار بینراوە