سەرەکی » زانست » وەرزی خورما لە عیراقپەڕە 2

وەرزی خورما لە عیراق

راپۆرتی، هێمن ئەحمەد

شارەكانی عیراق تایبەتمەندی خۆیان هەیە لە بەرهەمهێنانی میوەی تایبەت لە هەر چوار وەرزەكەی ساڵدا.

تایبەتمەندی وەرزەكان
خورما یەكێكە لەو میوە هاوینانەی كە لە عیراقدا و بەتایبەت لەناوەراست‌و خواروی عیراقدا هەیە, هەر لە سەردەمانێكی زووەووە عیراق جێگەی بەرهەمهێنانی خورما بووە و سەدان جۆری جیاوازی خورمای تێدا بەرهەم دەهێنرێت. هەر ناوچە شارێكی عیراق بە جۆرێكی دیاریكراوی خورما بە ناوبانگە و هەندێك لە جۆرەكانی تەنها لە كەش و ئاو و هەوای ئەم وڵاتەدا دەڕێت.

جۆرەكانی خورما
بەپێی ئەو سەرچاوانەی لەبەردەستدایە نزیكەی 600 جۆر لە خورمای عێراقی هەیە، كە بەناوبانگەكانیان بریتییە لە دیری، زوهدی، خەستاوی، حەلاوی، برحی، سایری، خەزراوی، ئەلوان، مەتكوم، بەربن.

دابەزینی بەرهەمهێنانی خورما
ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەم بەرهەمە لەڕووی بەرهەمهێنانەوە خەریكە بەرەو دابەزین دەڕوات و زۆربەی زەوییەكانی تایبەت بە داری دار خورما سوتێنراوە یان كراوە بە شوێنی نیشتەجێ بوون و بەرهەم هێنانی لە ئاستێكی زۆردا دابەزیوە كە هەندێ جار عیراق ناچار دەبێت لە دەرەوە هاوردەی بكات.

ئەم بەرهەمە هاوینەیە زیاتر لە مانگەكانی تەمووز و ئاب بەشێوەیەكی بەرچاو پێدەگات و پلەی گەرما لە عیراق لەو دوو مانگەدا زۆر بەرز دەبێتەوە و لە مانگی ئەیلوودا بەرهەم هێنانی بەرەو كزی دەڕوات.

تایبەتمەندی خواروو و ناوەڕاستی عێراق
زۆربەی شارەكانی خواروو و ناوەڕاستی عیراق هەر لە شارۆچكەی خاڵسەوە بەرەو دیالە و بەغدا و بەرەو خوارتر بەرهەم هێنانی بەشێوەیەكی بەرچاو بەرز دەبێتەوە.

كەركوك وەكو شارێكی ناوەندی بەكاردەهێنرێت بۆ ئاڵ و وێركردنی لەگەڵ ناوچەكانی خواروو و ناوەڕاست و هەرێمی كوردستان.

لە بازاڕ و عەلوەی كەركوك دەبینین بەشێكی زۆر لە جۆرەكانی خورما ئاڵ و وێری پێدەكرێت، بەمەبەستی كڕین و فرۆشتن بەرەو هەرێمی كوردستان بەڕێدەخرێت.

نرخی ئەم میوە هاوینەیە لەسەرەتادا زۆر بەرزە و لە كۆتاییەكانی مانگی تەمووزدا نرخەكانی بەشێوەیەكی مام ناوەندە مامەڵەی پێوە دەكرێت.

جیاوازی نرخەكان
شكور عەلی، كاری فرۆشتنی میوە و خورما دەكات لە بازاڕی ئیسكانی شاری كەركوك بەكوردستانی نوێی راگەیاند: هەموو ساڵێك خۆیان ئامادە دەكەن بۆ وەرزی پێگەیاندنی خورما، كە خەڵكی زۆر لە شاری كەركوك پێشوازی كڕینی دەكات و هەندێك لەو خەڵكە جۆری تایبەتی خۆیان دەوێت بۆ خواردنی، هەندێكی تریش رێژەیەكی زۆر دەكڕن و بەشێوەیەكی تایبەتی لە بەفرگردا هەڵی دەگرن كە بۆ وەرزی زستان و كاتی باران بارین دەیخۆن یان لە كاتی مانگی رەمەزاندا لە جیاتی شرینمەیەكانی تر بەكاری دەهێنن.

لە سروشتدا پێگەیوە
رێبین محەمەد، دانیشتووی گەڕەكی شۆریجەی كەركوك لە سەر كڕینی خورما بۆ كوردستانی نوێ وتی: هەموو ساڵێك تامەزرووی بەرهەمی خورما دەكەم لەبەر ئەوەی تایبەمەندی و سوودی پزیشكی خۆی هەیە، چونكە لە سروشتدا پێگەیوە كە ئەمەش گرنگی و سوودی تایبەتی خۆی هەیە بۆ تەندروستی مرۆڤ بەتابەتی بۆ ئەو مرۆڤانەی كە باری تەندروستیان باش نییە و نەخۆشن.

لەجیاتی گوێز بەكاری دەهێنین
خاتوو خەدیحە عەبدوڵڵا، دانیشتووی گەڕەكی ئیسكانی شاری كەركوكە و لەسەر كڕینی خورما بۆمان دواو وتی: جۆرێكی تایبەت لە خورما هەیە كە بەكاری دەهێنین لە كاری هەویركاریدا بە تایبەتی بۆ دروستكردن و برژاندنی كویچە و برومە لە جیاتی گوێز بەكار دەهێنرێت.

بەرەو پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان دەیبەن
فرۆشیاری خەلەف عەبدوڵڵا، دانیشتووی خەڵكی شاری دیالەیە و پێكابێكی خورمای پێبوو لەسەر شەقامەكانی كەركوك دەیفرۆشت وتی؛ ئێمە كۆمەڵێك فرۆشیارین كە هەموو ساڵێك لە مانگی ئابدا دەچینە عەلوەكانی بەسڕا و بەغدا و دیالە بۆ كڕینی خورما و هێنانی بۆ كەركوك و هەرێمی كوردستان و تا مانگی نۆ بەردەوام دەبین یان هەندێ كڕیار بە شێوەیەكی كۆ لە فرۆشیارە عەرەبەكانی دەیكڕن و بەرەو پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان دیبەن.

وتیشی: ئێمە زیاتر خورمای بەرحی و زوهدی، خەستاوی، لە عەلوەكان دەستدەكەوێت و خەڵكی ئارەزووی دەكەن، چونكە تام و چێژی زیاتر هەیە.

لەناوچە ساردەكان دەخورێت
ئەوەی جێگەی سەرنجە جۆرێكی تایبەت لە خورما هەیە كە دۆشاوی خورمای لێدروست دەكەن و زستانان لەگەڵ تەحین و گوێزدا لە كوردستان لە ناوچە ساردەكان دەخورێت و كارگەیەكی زۆر كراوەتەوە بۆ دروست كردنی دۆشاوی خورما و تەحین.

 105 جار بینراوە