سەرەکی » مانشێت » قوباد تاڵەبانی: هاوپەیمانیی كوردستان بەرگری لە مافەكانی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان دەكات

بە‌یە‌كە‌وە‌ بە‌هێزترین

قوباد تاڵەبانی: هاوپەیمانیی كوردستان بەرگری لە مافەكانی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان دەكات

دوێنێ قوباد تاڵە‌بانی سە‌رۆكی هاوپە‌یمانیی كوردستان، بە هاوڕێیەتیی كاندیدە‌كانی هاوپە‌یمانیی كوردستان لە‌ دە‌ڤە‌ری چەمچەماڵ‌، سە‌ردانی مۆنۆمێنتی ئە‌نفالی كرد. پاش دانانی چە‌پكە‌گوڵی‌ رێز و وە‌فا، پە‌یامێكی بڵاوكردە‌وە‌.

قوباد تاڵە‌بانی سە‌رۆكی هاوپە‌یمانیی كوردستان لە پەیامەكەیدا رایگەیاند: ئێمە ئەمڕۆ لێرەین، لەبەرئەوەی ئێرە شوێنێكە كە برینێكی قووڵی ناو جەستەی گەلەكەمان دەبینین، لێرە ئەنفالكراین، بۆیە هەر لێرەوە دەمانەوێت داوای متمانە لە ئێوەی بەڕێز بكەینەوە، خۆمان ‌و كاندیدە بەڕێزەكانی هاوپەیمانیی كوردستان لێرەین تاكو پێتان بڵێین هەر لێرەوە دەچینەوە بۆ بەغدا، تاكو لە بەغدا بەرگری لە ماف ‌و شایستەكانی ئێوە بكەین. راشیگەیاند: كوردستان ئەنفالكرا، لەبەرئەوەی كە خەڵكی كوردستان ئەوكات داوای مافی خۆیان دەكرد، ئەنفالكراین لەبەرئەوەی كە كورد بووین، لەبەرئەوەی كە هەقمان هەبوو، بەڵام هەقیان نەدەداینێ.

وتیشی: ئەمڕۆ خۆشبەختانە دەستوورێكمان هەیە لە عیراق، ئەو دەستوورە مافی كوردستانی پاراستووە، بەڵام ئەم دەستوورە لەژێر مەترسیدایە، هێز ‌و لایەن هەن لە عیراق، كە دەیانەوێت عیراق بگەڕێننەوە بۆ عیراقێكی مەركەزیی، عیراقێك كە ئەو مافەی ئەمڕۆ كوردستان هەیەتی، لێی بسەننەوە.

ئاماژەی بەوەشدا «ئێمە دەتوانین رێگریی لەم پیلانانە بكەین، بە ناردنی ئەم بەڕێزانە كە هەموویان خەڵكی ئەم نیشتمانەن، دڵسۆزی ئەم نیشتمانەن ‌و خەڵكی ئەم دەڤەرەن، دەیاننێرین بۆ بەغدا بە متمانەی ئێوەوە دەتوانن بەرگری لە دەستووری عیراق بكەن، لە مافی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان بكەن، شەڕ بكەن لەپێناوی دابینكردنی بودجە، مووچە، سەقامگیری ‌و خزمەتگوزاریی زیاتر.

بۆیە دووبارە داوای متمانەی ئێوەی بەڕێز دەكەین بۆ ناردنی ئەم خوشك ‌و برا بەڕێزانەمان بۆ بەغدا، بۆ پاراستنی مافەكانی ئێوە.

هەر شاد ‌و سەربەرز ‌و سەركەوتوو بن.

قوباد تاڵەبانی: دەبێ رێژە‌ی كورسی و پۆستە‌كانمان لە بەغدا شایستەی پێگە‌ی كورد بێت

هەردوێنێ قوباد تاڵەبانی سەرۆكی هاوپەیمانیی كوردستان، سەردانی قەزای چەمچەماڵی كرد و لە یەكەم وێستگەی سەردانەكەیدا چەپكەگوڵی رێز و وەفای لەسەر مۆنۆمێنتی ئەنفال دانا، دواتر سەردانی مەڵبەندی رێكخستنی چەمچەماڵی ی.ن.ك-ی كرد و لەگەڵ بەرپرس و ئەندامانی مەڵبەند كۆبۆوە.

لەو كۆبوونەوەیەدا كە بە ئامادەبوونی دابان شەدەڵە ئەندامی سەركردایەتی و كاندیدەكانی هاوپەیمانیی كوردستان لەو دەڤەرە بەڕێوەچوو، باس لە گرنگیی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق كرا. لەوبارەیەوە قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەدا «یەكگرتووییمان لە بەغدا دەبێتە هێزێك بۆ كورد بۆ ئەوەی بتوانین شایستە داراییەكان و سەقامگیریی و خزمەتگوزاریی باشتر بەدەستبهێنین بۆ گەلەكەمان». وتیشی: بەیەكەوە دەتوانین كار لەسەر جێبەجێكردنی مادەی 140ی دەستوور بكەین.

سەرۆكی هاوپەیمانیی كوردستان راشیگەیاند: كار لە‌سە‌ر ئە‌وە‌ دە‌كە‌ین كە‌ رێژە‌ی كورسی و پۆستە‌كانی كورد، شایستە‌ بێت بە پێگە‌ی كورد، ئە‌وە‌ش بە‌ هاوپە‌یمانیی كوردستان دە‌كرێت.

لە درێژەی كۆبوونەوەكەیدا لەگەڵ بەرپرس و ئەندامانی مەڵبەندی چەمچەماڵ، قوباد تاڵەبانی رایگەیاند: بە پەرت و بڵاوی بچینە بەغدا، ئاسانتر دەتوانرێت غەدر لە كورد بكرێت، بۆیە دەبێت بەهێزەوە بچینە بەغدا و بە‌یە‌كە‌وە‌ بە‌هێزترین، داوا لە ئێوە دەكەم كە هەمووتان ئەركی سەرشانی خۆتان جێبەجێ بكەن و كار لەسەر سەرخستنی كاندیدەكانی هاوپەیمانیی كوردستان بكەن.

سەرۆكی هاوپەیمانیی كوردستان ئەوەشی وت: سەلماندوومانە ئێمە باشترینین بۆ گەیشتن بە رێكەوتن لەگەڵ بەغدا و لایەنە سیاسییەكانی عیراق متمانەیان بە ئێمە هەیە، بۆیە دەبێت كار لەسەر سوودوەرگرتن لەو متمانەیە بكەین و مافە رەواكانی گەلی كورد بەدەستبهێنین.

لە كۆتایی كۆبوونەوەكەدا، بەرپرس و ئەندامانی مەڵبەندی رێكخستنی چەمچەماڵی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، سەرنج و پێشنیازەكانی خۆیان لەبارەی بەڕێوەبردنی بانگەشەی هەڵبژاردنەوە خستەڕوو، راشیانگەیاند: پەرۆشن بۆ بەشداریكردن لەو پڕۆسە گرنگەدا و سەرخستنی كاندیدەكانی هاوپەیمانیی كوردستان و ناردنی زۆرترین نوێنەر بۆ بەغدا بۆ داكۆكیكردن لە مافەكانی گەلی كوردستان.

هەردوێنێ قوباد تاڵەبانی سەرۆكی هاوپەیمانیی كوردستان، لە قەزای چەمچەماڵ سەردانی مەكۆی بزوتنەوەی گۆڕانی كرد.

 

 1,173 جار بینراوە