سەرەکی » دۆسێ » بە گەڕانەوەی سەدر مالیكی لە ویلایەتی سێیەم بێبەش…

بۆچوونی میدیا عیراقییەكانە

بە گەڕانەوەی سەدر مالیكی لە ویلایەتی سێیەم بێبەش…

بە گەڕانەوەی سەدر مالیكی لە ویلایەتی سێیەم بێبەش دەبێت

لە سایەی نزیكبوونەوەی نوری مالیكی سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا و پارتی دیموكراتی كوردستان بەسەرۆكایەتی مەسعود بارزانی، رەوتی سەدر لە زاری موقتەدا سەدر رابەری رەوتەكە لە 27ی ئابی 2021 لە حەنانەوە، پاشگەزبوونەوەی لە بڕیاری بایكۆتكردنی پێشبڕكێی هەڵبژاردن راگەیاند كە بە وتەی سەدر «بەرژەوەندی نیشتمانی خۆی لە گەڕانەوەدا بینییەوە».

لە بەرامبەردا هەندێك لە هێزە سیاسییەكان بە رواڵەت خۆشحاڵییان دەربڕی بەو هەنگاوەی سەدر، بەڵام لەنێوخن و لە راستیدا هەڵوێستێكی ترییان هەیە كە هەڵقوڵاوی هێنانەدی دەستكەوتی حزبی بوو بە بایكۆتكردنەكەی سەدر.

نوری مالیكی سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا كە داوای پێكهاتنەوەی لەگەڵ هەموو هێزە سیاسییەكان كردبوو، بە تایبەتیش سەدر، لەپێش هەموانەوە لە ناخدا گەڕانەوەی سەدرییەكانن بەلاوە ناخۆش، هەر بۆیە عەواد عەوادی وتەبێژی فراكسیۆنی سەدری لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند»نابنە شایەتحاڵێكی ساختە و دووڕوو لە وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆك وەزیران لەلایەن نوری مالیكی»، ئەمەش لەكاتێكدا بوو كە پێشتر سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، بایكۆتكردنی هەڵبژاردنی لەلایەن سەدرەوە قۆستەوە و چاوپێكەوتنی لەگەڵ سەركردە كوردەكان كرد، بۆ گەیشتن بە رێكەوتن لەپێناو زەمینەسازیی بۆ دانانی نەخشەرێگەیەك لەپێناو لێكگەیشتن لە دوای راگەیاندنی ئاكامی هەڵبژاردن.

هەر لەو بارەیەوە پارتی دیموكراتی كوردستان ئاماژەی بە زۆربوونی چانسی مالیكی كردبوو بۆ گرتنەوەدەستی پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران لە قۆناغی داهاتوو.

بەهۆی نزیكبوونەوەی ئەم دواییەی نێوان مالیكی و بارزانی لە پاش دابڕانێكی زۆر و یەكتر تۆمەتباركردن بەدرێژایی ساڵانی رابردوو، چەندان پرسیار لەنێوەندە سیاسی و میدیاییەكان دروست بوو.

یەكێك لەو پرسیارانە وەك عەلی محەمەد سەرای، نوسەر و رۆژنامەنوسی عیراقی باسی دەكات ئەوەیە:»ئایا كورد درۆی بەڵێنەكانی مالیكی بیرچۆتەوە؟ یان لاپەڕەیەكی نوێی كردۆتەوە لەڕێی پێشكەشكردنی سازش لەبەرامبەر زامنكردنی چوونەژوورەوەی مالیكی بۆ كۆشكی حكومی، دوای ئەوەی هەشت ساڵی تێدا بەسەر برد و لەو ماوەیەشدا عیراق رووداوی گورچكبڕی بەخۆوەبینی كە بوونە ئاستەنگێكی گەورە لەبەردەم نەگەڕانەوەی مالیكی بۆ سەرۆكایەتی حكومەت».

ناوەندە سیاسییەكان خۆشحاڵییان بەرامبەر بە گەڕانەوەی سەدرییەكان بۆ پێشبڕكێی هەڵبژاردن دەربڕی، لەپێش هەموو ئەوانەش مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران، ئەمەش هێندەی تر دەرگای ئەگەرەكان ئاواڵادەكات لەبەردەم پشتگیریكردنی سەدر بۆ ویلایەتی دووەمی كازمی.

هەر لەو چوارچێوەیەدا، ئیبراهیم سومەیدەعی شرۆڤەكاریی سیاسی دەڵێت:»هەست بە خۆشحاڵییەكی زۆر دەكەم بە گەڕانەوەی رەوتی سەدر و بەشداریكردنی لە هەڵبژاردن، ئەمەش مانای ئەوە دەگەیەنێت كە هیوام دەبێت بە رۆیشتنی هاوڕێ‌ سەوزەكانم، رەنگە خۆم بۆ نوسینی كتێبێك بە ناونیشانی، ساڵی فیل، ساڵی كازمی لە كۆشكی كۆماری، بەبێ‌ ئەوەی دەستگیركردنەكەم دژ بە نادیارێك، پێوەند بكرێت».

شوێنكەوتوانی رەوتی سەدر، داوایان كرد سەرلەنوێ‌ ناوتۆماركردن بۆ كارتی بایۆمیتری هەڵبژاردن بكرێتەوە، دوای ئەوەی زۆرێكیان كارتەكانیان دڕاند و سوتاند، ئەمەش وەك بەدەنگەوەچوونێك بۆ بڕیاری رەوتەكە سەبارەت بە بەشدارینەكردن لە هەڵبژاردن، لەبەرامبەردا فائیق شێخ عەلی لە تویتێكیدا لەسەر تۆڕی كۆمەڵایەتی (تویتەر) نوسیبوی:» كاتێك شوێنكەوتووەكان ئەڵقەلەگوێ‌، هەرچی و پەرچی، بەكرێگیراو، گەوج و نەفام، چڵكاوخۆر، گوێدرێژ و هیچ لەبارانەبوو دەبن، دەبێت سەرۆكەكەیان و كۆیلەكارەكەیان تف بكاتە نێوچەوانیان و سوكایەتییان پێبكات و گاڵتەیان پێبكات و یاریی بە هەستییان بكات و بڕیاری زۆری دژ بە یەك دەربكات، ئەوانە دەربكە، چونكە شیاوی ژیان نیین».

گەڕانەوەی رەوتی سەدر بۆ بەشداریی لە هەڵبژاردن، كۆتایی بە مشتومڕی بەڕێوەچوون یان دواخستنی هێنا، لە سایەی تەواوبوونی ئامادەكارییەكانی هێزە سیاسییەكان بۆ چوونە نێو پێشبڕكێكە كە بەبێ‌ جیاوازیی لە هەموو پارێزگاكاندا توند دەبێت و هاوكاتە لەگەڵ نزیكبوونەوەی لە وادەی دەنگدان.

دوای ئەوەی وادەكەی لە مانگی حوزەیرانەوە بۆ 10ی تشرینی یەكەمی داهاتوو دواخرا، لە سایەی بایكۆتكردنی رەوتی سەدر و هەندێك لە هێزە سیاسییەكانی تر، زۆرێك لە پێشبینییەكان روو لەوەبوون، جارێكی تر پرۆسەی هەڵبژاردن دوابخرێتەوە بۆ دوای كۆتایی ئەم خولەی ئێستای پەرلەمان و پرۆسەكە لە مانگی نیسانی 2022 سازبكرێت، بەڵام بە گەڕانەوەی سەدرییەكان و سوربوونی سەرۆك وەزیران و كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن لەسەر بەڕێوەچوونی پرۆسەكە، پێدەچێت هەڵبژاردنی پێشوەختە بە چاودێرییەكی زۆری نێوخۆیی و نێودەوڵەتی بەڕێوەبچێت.

 109 جار بینراوە