سەرەکی » کەلتوور » خوێندنەوەیەک بۆ رۆمانی قەلەندەر و قەڵا

خوێندنەوەیەک بۆ رۆمانی قەلەندەر و قەڵا

ئەردەڵان عەبدوڵڵا

2-2 و کۆتایی

شێوازی نووسین
یەکێک لە خاڵە جوان و سەرکەوتووەکانی ئەم رۆمانە شێوازی نووسینێتی، بەڕاستی نووسەر زۆر جوان توانیوێتی لە رێگەی بەکارهێنانی شێوازێکی جوانی ئەدەبییەوە، رۆمانەکەی بڕازێنێتەوە و زۆربەی رەگەزەکانی رۆمانی بە باشی بەکارهێناوە لە پێش هەمووشیانەوە» دیالۆگ، داڕشتن و شیکردنەوەی کەسایەتییەکان، کات و شوێن، مۆنۆلۆگ، فلاش باگ» لەهەمووشی گرنگتر نووسەر لە باسکردنی کەسایەتییەکەیدا شێوازی « ماگی- ریالیزم، ریالیزمی سیحریی» بەکارهێناوە، ئەمەش زۆر کەم نووسەر تێیدا سەرکەوتوو دەبن، کەمن ئەوانەی دەتوانن ئەم شێوازە بەکار بهێنن. ئەم شێوازی ماگی ریالیزمەش چێژی زیاتر بە خوێنەر دەبەخشێت و زیاتر تێکەڵی دەکات لەگەڵ ناوەڕۆکی رۆمانەکە.

خۆشەویستی
جگە لە پرسی فکریی و فەلسەفیی، چیرۆکی خۆشەویستی بابەتێکی گرنگی تری ناو ئەم رۆمانەیە. نووسەر هەوڵیداوە لایەنێکی تری ژیانی ئەم کەڵە فەیلەسوفەمان بۆ باسبکات و کاریگەریی خۆشەویستی بەسەر ئەم کەسایەتییە فکریی و ئاینییەوە دەربخات. سیندوخت هەتا کۆتایی رۆمانەکە بەشیوەیەکی خەیاڵئامێز، دەبێتە تارماییەک و هەمیشە لە ناخ و دڵ و دەروونی سوهرەوەردیدا دەمێنێتەوە. ئەوەی نوێ بوو بۆ من، شیکردنەوە وشەی « عیشقە» ، ئەم وشە عەرەبییە مانای گیاییەک دەگەیەنێت کە لە دارێکەوە دەئاڵێت و تەواوی لق و پۆپەکانی دەگرێتەوەو هەموو ئاو و وزەی دارەکە دەبات و هەتا لەکۆتاییدا وشكی دەکات. پێدەچێت عەرەب لە هەڵبژاردنی ئەم وشەیەدا زۆر سەرکەوتووبن، چونکە لەراستیشدا عیشق وایە، هەتا کەسەکە نەسووتێنێت واز ناهێنێت، مەبەستم سووتانی رۆحییە.

چەند بابەتێکی گرنگ
وەکو وتم ئەم رۆمانە جگە لەوەی زیاتر باسی ژیانی تایبەتی سوهرەوەردیی دەکات، بەڵام لەپەنا ئەوەشدا باسی کۆمەڵێک بابەتی فکریی و فەلسەفییش دەکات، تاڕادەیەکی باش لەڕووی فکرییەوە سوهرەوەردیی بە خوێنەر دەناسێنێت.
کاتێک کە موغە زەردەشتییەکە دەبینێت، کۆمەڵێک قسەوباسی فکریی و ئایینی و فەلسەفیی باس دەکەن. موغەکە دەڵێت:
«لەفەلسەفەدا سەرچاوەی جیهان بوونە و وەهاش وەسف دەکرێت، کە خۆی پێویستە و پێویستی بە هیچیش نییە، لە حیکمەتی خوسرەوانیدا سەرچاوەی جیهان مینوی پاکە، مینووش واتە عەقڵ. لەم حیکمەتەدا جیهان لە رووناکیی سەرشار و رۆح و ئەقڵەوە پەیدا بووەو سەرچاوەی جیهانیش داناییە.ل100
لە شوێنێکی تردا باسی گرنگی گەیشتن بە زانینی «حس»ی دەکات و چاوی ناخ، کە ئەویش حاڵەتێکی عیرفانیی و تەسەوفە. لە زاری موغەکەوە دەڵێت:
« کاتێک زانینی مەزنەیی دێتە ئاراوە، مەسەلەی کفر و ئیمان نامێنێت، چونکە باوەڕداریی و بێباوەڕیی، پەیوەستن بە جیهانی خودئاگاییەوە، لە جیهانی خودئاگاییدا مەودا هەیە لە نێوان ئاگامەندی و راستیدا. وەختێک ئینسان دەبێتە خاوەنی بینینی دەروونی یان بینین بە چاوی ناخ راستەوخۆ بە هەقیقەت دەگات، ئیدی شتێک نامێنێتەوە بۆ کوفر و ئیمان، چونکە ئەو زانینە خۆی دەبێتە زانراو نەک خەبەر لە زانروا بدات، ئەو زانستە زانیننین نییە بەڵکە بینینە ، ئاگاماندی دەبێتە خودی راستی خۆی، نەک شتێک کە لەڕاستیدا مەودای هەبێت. ل 107

جیهانی بوون
بابەتێکی گرنگی تر کە نووسەر ئاماژەی پێداوە مەسەلەی جیهانی بوونە، ئەمەش لەزاری موغەکە باسی لێوە دەکات و دەڵێت:
« جیهانی بوون بریتییە لە کۆمەڵێک رووناکیی و تاریکی، تەواوی گەوهەرە رووناکەکان ، ئاسمانین و جەستە و ماددە ناگرنەوەو ئەمانە جیهانی مینوو « عەقڵین» پێکدەهێنن. بەڵام جیهانی هەستپێکرا و، واتە جیهانی جەستەیی و ماددیی، تاریکە و پێی دەگوترێت گێتی. لەهەر کوێیەک گیان هەبێت رووناکی هەیە، بەڵام لەم نێوەندەدا، ئینسان تایبەتمەندییەکی هەیە، کە خاوەنی بینیە بە دیدەی ناخ و توانای بەدەستهێنانی زانینەکانی هەیە لەرێی مەزەندەوە» حدس» ەوە.ل 116
جێگەی ئاماژەیە زۆرجار نووسەر هەوڵیداوە بۆچوونە فکرییەکانی سوهرەوەردی لە زاریی خۆیی و ئەم موغە زەردەشتییەوە باس بکات.

سەرچاوەی زانین خۆتی
بابەتێکی فەلسەفیی تر مەسەلەی ناخی مرۆڤە، ئەمەش بە پێی بۆچوونی ئەفلاتونی فەیلەسوفی یۆنانی بێت، سەرچاوەی زانین ناخی مرۆڤ خۆیەتی، ئەم کاریگەرییەش زۆر بە فکری سوهرەوەردیدا هەبووە. ئەمجارە لە زاری شێخ تاهیرەوە ئەم باسە باس دەکات و دەڵێت:
«تۆ خۆت مامۆستای خۆتیت، دواجار ئەوانی تریش هەر ئەوەندەی من و تۆ دەزانن، دەبێ سەرچاوەی کانیاوی زانین لە ناخ و دەروونی خۆتەوە هەڵبقووڵێت، ل 151

خۆت پزیشکی خۆت بە!
پاشان لە شوێنێکی تردا لەزاری دەروێشێکەوە درێژە بەم باسە دەدات و کاتێک سوهرەوەردی پێی دەڵێت: دەستم دامێنێت، یاریدەم بدە، ببە بە پزیشكم.
ئەویش لە وەڵامدا پێی دەڵێت:
« تۆ خۆت پزیشکی خۆتیت! کەس ناتوانێت ببێت بە پزیشكی کەسێکی تر، تینوو بە، بەڵام با تینوێتیت رووی لە خۆت بێت و ئاوی کارێزی دەروونی خۆت بخۆرەوە، هەرچییەکت بوێت، لە ماڵەکەی خۆتدا هەیە.ل 181
خەڵکی جاهیل و قسەکردن
بابەتێکی فکری تر مەسەلەی خەڵکی نوخبە و خەڵکی جاهیلە، لەهەمانکاتیشدا چۆنێتی مامەڵەکردنی نێوان ئەم دووانە باس دەکات. لە زاری شێخ تاهیرەوە ئەم بابەتە باس دەکات و دەڵێت:
«قسەکردن لەهەموو شوێنێک هەڵەیە، پرسیارکردنیش لەهەموو کەسێک هەڵەیە. مرۆڤ نابێت لە قسەکردندا بۆ خەڵکی شایستە درێخی بکات. بەڵام خەڵكی ناشایستە و نامۆ بە هەقیقەت، وەکو ئەو پڵیتەیە وایە، کە لەجیاتی زەیت، بە ئاو تەڕ بووبێت، چەند بتەوێت دایبگرسێنیت، داناگیرسێت، قسەی ئەهلی دڵ، لە ئاگر و رووناکی خاڵی نییە، وەلێ ئاگر و رووناکی لە مۆم بەر دەبێت نەک لە پڵیتەی تەڕ. ل 145

عەقڵ
عەقڵ تەوەری سەرەکی بیرکردنەوەی سوهرەوەردییە، لە زۆر شوێندا باسی ئەم بابەتەی کردووە. لە زاری سوهرەوەردییەوە دەڵێت:
«عەقڵ تاکە ئامڕازە کە مرۆڤ لە گیانەوەر جیا دەکاتەوە، ژیریی واتە پەیبردن بەو یاسا و رێسا و بنەما روون و بەردەوامانەی دەکرێ لە رێیانەوە تەفسیری بوون بکەین. عەقڵ تاقە رێگە و ئامڕازی ئادەمیزادە بۆ ڕاڤەکردن و رێکخستنی ئەزموونە هەستییەکان.

پاشانیش دەڵێت:
من نرخی ئەقڵ و ئەنجامگیریی ژیان دەزانم، بەڵام لە هەمان کاتدا، نابێت زەوق و زانینە زەوقییەکانیش فەرامۆش بکەین. ل222

حاڵەتی رۆحی تایبەت
کاتێک لەگەڵ دەرویش بەڵخی دەبێت ئەو داوای لێدەکات کە سەیری دواوە بکات، سەیر دەکات کەسێک هەمان سیما و دەموچاوی ئەوی هەیە، پاشان رێزێک جەستەی خۆی بینی، تا دەگاتە خۆر، تارادەیەک هەموویان لەیەک دەچوون. ل 215
ئەم حاڵەتەش زیاتر دەچێتە قالبی ماگی» سیحرئامێزەوە› هەرچەندە ئەمجۆرە حاڵەتانەش لەناو عالەمی تەسەوف و عیرفاندا بوونی هەیە.

بۆچوونی لە بارەی دەسەڵاتەوە
سوهرەوەردی خاوەنی دیدگای تایبەت بەخۆی بووە لەبارەی دەسەڵاتەوە، کە تەواو پێچەوانەی ئەو دیدگایە بووە کە لەوکاتدا زاڵبووە. لەکاتی ئامۆژگارییکردنی زاهیر شادا سوهرەوەردی دەڵێت:

سێ شت گرنگن:
یەکەم: رێز لە کەسایەتیی و پایەی و رێزی هاووڵاتییان بگریت. دەستماچکردن و کڕنووشی خەڵک بۆت، هیچ لە تۆ زیاد ناکات، بگرە ئەوە دەبێتە نیشانەیەک بۆ بچووکیی و جەهلی تۆ، کە بە سووککردنی خەڵکی، خۆت بە گەورە بزانیت. ئەو کەسەی کڕیاری ستایش و مەراییە، مرۆڤێکی خۆپەرستە و پڕە لە گرێی خۆ بەکەمزانین.
دووەم: هەموو میر و زانایەک دەبێت بیر لە پاراستن و پشتیوانیکردن لە خەڵک بکاتەوە، نەک پاراستن و پشتیوانیکردن لە خوا! چونکە خوا پێویستی بەپشتیوانیی کەس نییە و لە هیچی کەم نییە، بەڵکە ئەوە خەڵک و ئادەمیزادەکانن، کە پێویستیان بە میهرەبانیی و پشتوانییە، لەبەر ئەوە نابێت بە بیانوی بەرگرییکردن لە خوا و دینەوە، ستەم لە خەڵک بکەیت، یان بە بیانوی جیهاد و زەکاتەوە، دەست بە رۆح و سەر و ماڵی خەڵکیدا بگریت.
سێهەم: ئەوەی پێیدەڵێن بەیتولماڵ. عومەر رۆژێکیان لە سەلمانی پرسی، من خەلیفەیەکی راستەقینەم یان نا؟ سەلمان لە وەڵامدا گوتی: ئەگەر بە ناهەق درهەمێک لە خەڵك وەرنەگریت و بە ناهەقیش درهەمێک خەرج نەکەیت، ئەوا خەلیفەیەکی راستەقینەیت، ئەگینا نەخێر. ل 281
پاشان لە شوێنێکی تردا بەمجۆرە وەسفی فەرمانڕەوا دەکات و دەڵێت:
« ئەو کەسانەی دەسەڵات دەگرنە ئەستۆ دەبێت لەوانی تر داناتر بن و لەڕووی رەفتار و پەروەردەوە لەوانی تر بەئاگاتربن. ئەگەر دەسەڵات بکەوێتە دەستی کەسانێکی ناشایستە، وەکو ئەوە وایە گوێزان بدەیتە دەست کەسێکی شێت. ل317

پاشگەزنەبوونەوە و داکۆکیکردن لە خۆی
یەکێک لە خاڵە جوانەکانی ژیانی سوهرەوەردیی مەسەلەی داکۆیکردن بووە لە بیروباوەڕی خۆی، ئامادە بووە لەپێناو ئەو بیروباوەڕانەی خۆی، ژیانی بکاتە قوربانی. لەهەمووشی گرنگتر هیچ کاتێک سازشی لەو بۆچوونانەی نەکردووە. تەنانەت کاتێک دواجار بڕیاری لە سێدارەدانی بۆ دەردەچێت، زاهیر شا لەرێگەی نێردراوێکەوە هەواڵی بۆ دەنێرێت کە بەڵکو پەشیمان بێتەوە، بۆئەوەی سزای مەرگی بەسەردا نەسەپێت، بەڵام ئەو رازی نابێت و لە وەڵامدا بە نێردراوی زاهیر شا دەڵێت:
« ئەگەر بە بارتەقای کێوەکان ئاڵتوون بخەنە بەر پێم، یان هەموو شمشێرەکانی دونیا بخەنە سەر ملم و هەموو تیرەکان دڵی من بکەنە نیشانە، تازە لەو رێیەی گرتوومەتە بەر، گەڕانەوەم نییە. ل336
جێگەی ئاماژەیە نووسەر زۆر بەجوانی توانیویەتی وەسفی ئەو دادگاییە بکات کە بۆ سوهرەوەردیی دانرا بوو، کە لەپاش دادگاییکردنەکەی سوکراتەوە، بە یەکێک لە دادگا بەدناوەکانی مێژووی فکر و فەلسەفە دادەنرێت. تێیدا فەیلەسوفێک لەبەر بۆچوونە فکرییەکانی سزای مەرگی بەسەردا دەسەپێت.

دواقسە
دیارە ئەم رۆمانە جگە لەم بابەتانەی سەرەوە، کۆمەڵێک تەوەری کۆمەڵایەتیی و فکریی و سیاسیی تر لە خۆ دەگرێت کە لێرەدا ناتوانین باسی هەموویان بکەین. من تەنها ویستم بەرچاوڕوونییەک بە خوێنەر بددەم. بەگشتیش رۆمانەکە چ لەڕووی ناوەڕۆک و شێوازیشەوە مایەی دەستخۆشییە و نووسەر ئەوپەڕی لێهاتوویی خۆی بەکارهێناوە بۆ نووسینی ئەم رۆمانە و ناساندنی فکر و فەلسەفە و ژیانی شەخسی یەکێک لە فەیلەسوفە مەزنەکانی خۆرهەڵات و جیهان.

سەرچاوە:
یەحیا یەسریبی. قەڵەندەر و قەڵا. ئازاد بەرزنجی لە فارسییەوە کردوویە بە کوردی. دەزگای غەزەلنووس بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە. سلێمانی 2021

 47 جار بینراوە