سەرەکی » ئەدەب و هونەر » ئێما ستۆن

ئێما ستۆن

ئاکار نەجم

ئیمێلی جان ستۆن یان ئێما ستۆن « Emma Stone « خانمێكی شۆخ و شەنگ، ئەكتەرێكی ناوداری دنیای سینەما. كە سەرەتا وەك زۆرێك لە ئەكتەرە ناودارەكانی سینەما لە زنجیرە دراماكانەوە دەركەوت و رۆڵە جوانەكانی ئەویان گەیاند بە لووتكەی سەركەوتن و ناوبانگ.

ئێما ستۆن ساڵی 1988 لە سكۆتسدەیل- ئەمریكا لە دایكبووە. ئەم ئەكتەرە شۆخە چەندین خەڵاتی وەرگرتووە لەوانە خەڵاتی ئۆسكار و گۆڵدن گلۆب. هەروەها ساڵی 2017 لەلایەن گۆڤاری فۆربیسەوە بەگرانترین خانمە ئەكتەر دانرا، ئەوەش دوای وەرگرتنی بیست و شەش ملیۆن دۆلار لە ساڵێكدا. هەمان ساڵ لەلایەن گۆڤاری تایمەوە ناوی لە پێرستی ئەو سەد كەسە كاریگەرەی دنیادا بووە. ئێما لەو ئەكتەرە ناسراوانەی دنیای سینەمایە كە توانیوێتی رۆڵەكانی بە جوانی ئەدا بكات. لە چەندین فیلمدا رۆڵی سەرەكی بینیوە. لەوانە فیلمی ترسناكی دوورگەی زۆمبی و فیلمی پیاوی جاڵجاڵۆكە سەرسوڕهێنەرەكە و…

ساڵ و سەردەمی چالاكی هونەری و رۆڵ بینینی ئەم ئەكتەرە دەگەڕێتەوە بۆ 2004 كە لە سەرەتادا بە بەشداریكردنی لە بەرنامەی دۆزینەوەی بەهرەكاندا بۆ یەكەم جار دەركەوت. پاشان وردە وردە هاتە بوارەكەوە و لە چەند زنجیرەیەكدا وەك میوان بەشداری كردووە، لەوانە میدەیم و ماڵكۆم ئن زە میدڵ… ساڵی 2007 توانی سەركەوتن بەدەستبهێنێ لە یەكێك لە رۆڵە سەرەكییەكانی لە درامای Drive بەڵام دوای پەخشكردنی حەوت ئەڵقە دراماكە هەڵوەشایەوە. هەمان ساڵ ستۆن بەشداری لە فیلمی كۆمیدی superbad كرد. ساڵی 2008 لە دوو فیلمدا بەشداری كرد، ئەوانەش بریتی بوون لە فیلمی زە رۆك و زە هاوس بەنی بوون.

فیلمی زە رۆك لەلایەن رەخنەگرەكانەوە پێشوازی نەرێنی لێكرا بەتایبەت رۆڵی ئێما. ئەم فیلمە لە رووی بازرگانییەوە شكستی هێنا. بەڵام فیلمی زەهاوس بەنی لە بۆكس ئۆفیس سەركەوتنی بەدەستهێنا. ساڵی 2009 ساڵی ناوداربوونی ئێمابوو، ئەوەش دوای ئەوەی لەگەڵ ماسیۆ ماكۆن لە» Ghosts of Girlfriends Past « رۆڵی بینی. پاشان فیلمی زۆمبیلاند وێستگەیەكی دیكەی سەركەوتنەكانی ئێما بوو. فیلمی زۆمبیلاند ئەو فیلمە بەناوبانگەی سەد و سێ ملیۆن دۆلاری بردەوە. وێستگەیەكی دیكەی سەركەوتنەكانی ئێما فیلمی لالا لاند بوو، كە فیلمێكی كۆمیدی بووە و ساڵی 2010 بەرهەمهێنرا.

فیلمی لالا لاند « La La Land « فیلمێكی مۆسیقی، رۆمانسی و كۆمیدییە. دامیێن چازێل دەرهێنەر و سیناریستی فیلمەكەیە. ئێما لەم فیلمەدا لە تەك رایان گۆسلینگ رۆڵی سەرەكی بینیوە. ئەم بەرهەمە بۆ یەكەمجار لە نۆی كانوونی دووەمی 2016لە ئەمریكا نمایش كراوە. چیرۆكی فیلمەكە باسی خانمە ئەكتەرێك و كوڕێكی پیانۆژەنە. چیرۆكی ئەوینداری ئەو دوانەیە. كە بەهۆی جیاوازییەكانیانەوە كێشەیان بۆ دروست دەبێ. ئەم فیلمە كە ئێما رۆڵی سەرەكی تێدا بینیوە لە لایەن رەخنەگرانی سینەماوە پێشوازییەكی گەرمی لێ كراوە. پاڵێوراوە بۆ چەندین خەڵات و حەوت خەڵاتی گۆڵدن گڵۆبی بردووەتەوە. ئەو خەڵاتانەش باشترین فیلمی كۆمێدی و باشترین دەرهێنەر و باشترین ئەكتەر بۆ گۆسلینگ و باشترین كچە ئەكتەر بۆ ئێما… ئەم فیلمە ریكۆردی زۆرترین خەڵاتی گۆڵدن گڵۆبی تۆماركردووە. ئێما لەم فیلمەشدا رۆڵێكی جوانی بینیوە. جگە لەم بەرهەمە لەچەند فیلمێكی دیكەكەدا رۆڵی بینیوە و بە یەكێ لە ئەكتەرە ناودارەكانی سینەما دادەنرێ.

 213 جار بینراوە