سەرەکی » مانشێت » سایەی شکۆمەندی

سبەی چوارەمین ساڵڕۆژی ماڵئاوایی شکۆی نەتەوە و نیشتمان سەرۆک مام جەلال-ە

سایەی شکۆمەندی

سبەی 10/3 /2021 یادەوەرییەکی تاڵە لە مێژووی نەتەوەیی و نیشتمانیی کوردستان و عیراقدا، ئەویش یادی کۆچی دوایی سەرۆک مام جەلال-ە، بەڵام هاوکات کوردستان و عیراق لەبەردەم هەڵبژاردنێکدان کە ئەگەری هەیە نەخشەی سیاسیی لە عیراق و هاوسەنگیی هێز لە کوردستاندا گۆڕانکاریی ریشەییان بەسەردا بێت کە بێگومان دەبێت کوردستان وەک هەرێمێک لە چوارچێوەی عیراقی فیدراڵ و کوردستانیانی ناوچە جێناکۆکەکاندا خۆیان بۆ هەر گۆڕانکارییەک سازو ئامادە بکەن، تا دەرەقەتی ئەو کێشە و تەحەدییانە بێن کە لە ئەنجامی ئەو گۆڕانکارییەدا دێتە ئاراوە.

یەکێک لەو دۆخ و قۆناغەی کە هاووڵاتیانی کورد و هەموو پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینی و ئیتنی و تایفییەکان لە عیراقی دوای رووخاندنی رژێمدا گەواهیی بۆ دەدەن، ئەو قۆناغ و دۆخەیە کە سەرۆک مام جەلال لە بەغدا ببووە چەتری کۆکەرەوەی هەموان و کۆشکی سەرۆکایەتی و بارەگا تایبەتەکەشی ببووە شوێنێک کە هەموو دژ و ناکۆکەکانیشی لە دەوری یەک مێز کۆدەکرەوە و زۆربەی گرێکوێرەکان چەند ئەستەمیش بوونایە، بە حیکمەت و دانایی ئەو سەرۆکە دەکرایەوە و هەموانی وەک عورفی سیاسی لەسەر سیاسەتی تەوافوق پێکدەهێنا و رێکی دەخستن.

لەسەر ئاستی کایەی کوردایەتی و کوردەواریش، سەرۆک مام جەلال ئەو سەرکردە سیاسییە دەگمەنە بوو کە لەسەر ئاستی کوردایەتی و حزبایەتی ئەو نەریتەی تێکشکاند کە بەرژەوەندییە باڵاکانی کوردایەتی لە گۆشەیەکی تەسک و داخراوی حزبایەتیی تەسکەوە ببینێت، بەڵکو پێیوابوو کە نەمەتی پێشکەوتنخوازانەی کوردایەتی و ناسیۆنالیزم دانانی بەرژەوەندیی باڵای نەتەوەیی و نیشتمانییە لەسەروو حزبایەتییەوە و ئەوەشی بە کردەوە سەلماندووە و لە زۆربەی قۆناغەکاندا کە کوردایەتی و دۆزی کورد پێویستی بە یەکڕیزیی و یەکهەڵوێستی بووبێت، بێ سێ و دوو لە پێگەی هێزەوە دەستی ئاشتی و برایەتی بۆ ئەو لایەنانە درێژکردووە کە بەکردار و گوفتاریان کەمترین دەرفەتیشیان بۆ ئاشتی و پێکەوە هەڵکردن نەهێشتۆتەوە. نموونەی هەرە بەرجەستەش هەر لە شاخەوە و لە قۆناغی گفتوگۆی ساڵی 1984دا کە یەکێتی کە لوتکەی بەهێزیدا بوو، لە نەورۆزی ئەو ساڵەدا و لە سورداش لەبەردەم نزیکەی نیو ملیۆن کەسدا پەیامی ئاشتبوونەوەی لەگەڵ حزبە کوردستانییەکاندا راگەیاند کە هەر ئەو پەیامە بووە دەستپێکی ئاشتبوونەوەی حزبەکان و دواتریش بووە مایەی پێکهێنانی بەرەی کوردستانی.

لەسەردەمی شار و حکومڕانیشدا و بە خوێندنەوەی واقیعبینانە بۆ قۆناغی شەڕی ناوخۆ و لێکەوتەکانی و خواستەکانی قۆناغی ئایندە بە نادیدەگرتنی بەرژەوەندیی تەسکی حزبایەتی و وەک بەدەنگەوەچوونێک بۆ خواستی کوردەواری و دۆستەکانی مەسەلەی کورد و بۆ هێنانەدیی ئاشتییەکی یەکجارەکی دیسانەوە دەستپێشخەریی کرد لە ئامادەکاریی بۆ کۆتاییهێنان بە دۆخی نەشەڕ نەئاشتی و بە ناردنی پەیامێک و کۆبوونەوەیەک توانی بەستەڵەکی دوای چوارساڵ شەڕی ناوخۆ بتوێنێتەوە.

تواندنەوەی ئەو بەستەڵەکە هاوکات بوو لەگەڵ ئامادەکاریی بۆ رووخاندنی رژێمی بەعسی رووخاو، بۆیە سەرۆک مام جەلال لەو بوارەشدا وەک سەرکردەیەکی نیشتمانیی لەسەر ئاستی عیراق و کوردستان بووە سەرمەرشقی ئەو هەوڵانە و رۆڵێکی میحوەریی گێڕا لەسەر هەموو ئاستەکانی کوردستانی، عیراقی، ناوچەیی و جیهانی و وەک کەسایەتییەکی گوێلێگیراو بەشی زۆری تێز و تێڕوانینەکانی هەرلە ئامادەکارییەوە بۆ رووخانی رژێم و پێکهێنانەوەی عیراقی نوێ و داڕشتنی دەستوور لەلایەن زۆربەی زۆری عیراقییەکانەوە پەسەندکرا.

سەرۆک مام جەلال بەر لە نەخۆش کەوتنی گەیشتە ئەو بڕوایەی کە نیازباشیی و ئاشتیخوازیی ئەو و حزبەکەی لەلایەن هەندێک لایەنەوە قۆزراوەتەوە و ئەو یەکڕیزییەی ئەو کاری بۆکردووە بەمەبەستی چەسپاندنی تێزی تەوافوق لە بەغدا و ئەو هەموو نەرمی نوواندنەی لە پێناوی مانەوەی یەکڕیزیی کوردەواری، بۆ چەسپاندنی هاوسەنگی لە عیراق، هاوسەنگیی هێزی لە هەرێمدا تێکداوە، هەربۆیە لێکتێگەیشتنی دەباشان لەنێوان ی.ن.ک و بزووتنەوەی گۆڕان هاتەکایەوە تا پێ بە پێی بەغدا هاوسەنگیی هێز لە کوردستانیشدا راستبکرێتەوە، کە هەر ئەو لێکتێگەیشتنە بووە سەرچاوەی رێکەوتننامەی دەباشان لە 17/5/2016 و رێکەوتنی بەڕێوەبردنی ئیدارەی خۆجێیی لە سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان و راپەڕین.

ئێستاش قەوارەی هاوپەیمانیی کوردستان کە نێوان یەکێتی و گۆڕاندا پێکهێنراوە بۆ هەڵبژاردنی 10/10/2021، جگە لەوەی بەدیهێنانی ئەو ئاواتەی خوالێخۆشبووان سەرۆک مام جەلال و کاکە نەوەیە هاوسەنگکردنەوەی هاوکێشەی سیاسی لە هەرێمی کوردستان، هاوکات دروستکردنی یەکڕیزیی نێوماڵی کوردە بۆ چوونەوە بەغدا بە گوتار و تێڕوانینێک بەو جۆرەی ئەو دوو سەرکردە مەزنە کاریان لەسەر دەکرد کە مافە دەستوورییەکان و گێڕانەوەی ناوچە جێناکۆکییەکان بە دروشمی شۆڤێنیستانە و سڕینەوەی پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینییەکان ناکرێت، بەڵکو بە پێسەلماندنیان دەکرێت چ لە رێگەی حساب بۆکردنیان و بەشداریپێکردنیان و چ بە سەلماندنی لە رێگەی بەڵگەنامە مێژووییەکان و هەڵبژاردنی دیموکراتییانەی بێ غەل و غەشەوە، کە دیارە ئەو نەهج و رێبازە جیاوازە لەگەڵ نەهج و رێبازی ئەو لایەنانەی کە لەناو هەرێمی کوردستاندا کورد بە پێوەری حزبایەتی دەپێون چخای مامەڵە و رەفتار و گوفتاریان لەگەڵ نەتەوە و پێکهاتە ئایینی و تایفییەکاندی دیکەدا، بۆیە دەشێت لەم یادەدا دەنگدەرانی کوردستان وێڕای بەرزڕاگرتنی یاد و یادەوەریی سەرۆک مام جەلال، ئەم بۆنەیە بکەنە دەرفەتێکیش کە لە هەڵبژاردنی رۆژی 10ی ئەم مانگەدا دەنگ بدەن بە کاندیدەکانی هاوپەیمانیی کوردستان، چونکە هاوپەیمانیی کوردستان نەخشەڕێگەکەی سەرۆک مام جەلال و کاکە نەوە جێبەجێ دەکات کە لەسەر ئاستی عیراق دەبێتە دەنگی واقیعبینانەی کورد و بەدیهێنەری تەواوی مافە دەستوورییەکانی کورد و پێکهاتەکانی کوردستان لە چوارچێوەی عیراقی فیدراڵدا و لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستانیش دەبێتە مایەی هاوسەنگکردنەوەی باری بەئانقەست لاسەنگکراو لەسەر هەموو ئاستەکانی سیاسی و ئیداریی و ئابووریی و کۆمەڵایەتی و مافی مرۆڤ و سەروەریی یاسا.

 306 جار بینراوە