سەرەکی » کەلتوور » هەندێک لە کەلتورەکان گەندەڵن

هەندێک لە کەلتورەکان گەندەڵن

جانی تامسۆن

و. کوردستانی نوێ

پوختە
کاتێک لە ئاست ئەخلاق پێوانەی گەردوونیت هەبێت، ئەوە بەو مانایەیە کە بۆ لێکدانەوەی چاکە و خراپە خاوەنی ستانداردێکی گشتگیریت و ئینجا دەتوانیت هەندێک لە رەفتارەکان رەت بکەیتەوە یان بە هەڵە و بەدخوازی ناوزەندیان بکەیت و هەروەها دەتوانیت پێناسەی گەندەڵ و بێڕەوشت بوون بخەیتە پاڵ هەندێک لە کەلتورەکانەوە.

ئایا چاکە و خراپە بابەتێکی ناو کەلتورییە؟ ئایا بەها ئەخلاقییەکان بەپێی کات و شوێن دەگۆڕێن؟
ماوەیەک پێش ئێستا تالیبان رایگەیاند کە لە چوارچێوەی شەریعەتی ئیسلامدا پارێزگاری لە مافی ژنانی ئەفغانستان دەکات. سروشتیش بوو کە باسێک لە مافی مرۆڤ یان مافی یەکسان نەیێتە گۆڕێ. لە راستیدا تالیبان (لە بواری بانگەشەدا) پەنای بردە بەر تەگبیرێکی کۆن واتە «رێژە‌گەرایی کەلتوری» کە شتێکی نوێ نییە و نەریتێکی چەند هەزار ساڵەیە.
ئەوەی ‌کە دەگوترێت چاک یان خراپ بوونی رەفتارەکان گرێدراوی ئەو کەلتورەن کە تێیدا دەژین، لەسەردەمی ئێستادا باوەڕێکی برەودارە. ئێمە بە هیچ شێوەیەک حەز ناکەین بڵێین فڵان کەلتور لەوی دیکە باشترە یان خراپترە، حەزیش ناکەین بڵێین فڵان نەریت «بەد رەوشتییە» یان گەندەڵە، یان فڵان داب سەیر و سەمەرەیە و قێزەونە. هۆکارەکەشی ئەوەیە کە وتنی ئەم قسانە هەندێک مەترسی دروست دەکەن. بەڵام کاتێک بە ئەنقەست ناکۆکییە بەرچاوەکانی پێوانە ئەخلاقییەکانی نێوان کەلتورە جیاجیاکان نادیدە دەگرین، ئەو کاتەیە کە بەڕاستی تووشی زیان دەبینەوە.

شتێک کە لە روانگەی تۆوە ئاساییە، بەلای منەوە قوربانیکردنی مرۆڤە
بنەما ئەخلاقییەکانت لە کوێوە سەرچاوە دەگرێت؟ لە هەستی دەروونی خۆت بەرامبەر بە خێر و شەڕ؟ ئەگەر لە رەهاخوازان بیت، کەوایە دەبێ شێوەیەک لە نەزمی ئەخلاقی بەلای تۆوە بوونی هەبێت. بەڵام ئەگەر لایەنگری رێژەگەرایی ئەخلاق بیت، بە ئەگەری زۆرەوە ئاماژەت بۆ سەرچاوەیەکی ئەم جیهانەیە، وەکو کۆمەڵگا، بنەماڵە یان ویژدانی کەسی.
بە شێوەیەکی گشتی دوو جۆر رێژە‌گەرایی هەیە: هزر‌باوەڕیی و نەریتخوازی. هزر‌باوەڕەکان لەسەر ئەو بڕوایەن کە سەرجەم رەوشت و باوەڕەکان ئافرێنراوی خودی خۆتە. جان پۆل سارتەر فەیلەسوفی فەرەنسی یەکێک بوو لەو کەسانە. ئەو نووسیویەتی: «تۆ سەربەستیت، کەوابوو»هەڵبژێرە» یانی «دایبهێنە». هیچ یاسایەکی گشتی ئەخلاقی ناتوانێت پێت نیشان بدات کە دەبێ چی بکەیت».
هەڵبەت ئەمە لەناو بنەمای «روانگە‌گەرایی» فریدریک نیتچەشدا دەبینین، کە بەرامبەر بە بابەتە راستەقینەکان –بەتایبەت راستییە ئەخلاقییەکان- هیچ پێگەیەک لەبەرچاو ناگرێت، بەڵکو تەنها لە چوارچێوەی یەک جۆر خوێندنەوەدا لێکدانەوە بۆ روانگەی کەسی دەکات. ئەو نووسیویەتی: «سەرجەم فەلسەفە مەزنەکان تا بە ئەمڕۆ دەگات، باوەڕی خوڵقێنەرەکەی و جۆرێک ئۆتۆبیۆگرافی نائاگایانە بووە»، مەبەستی نیتچە ئەوە بوو کە هەرکات ئێمە هەوڵی داکۆکیکردنی شتێک دەدەین، ئەوە لە راستیدا تەنها خەریکین باس لە بەهاکانی خۆمان دەکەین.
بەڵگەی هزرباوەڕەکان ئەوەیە کە دەڵێن تۆ بەهاگەلی خۆتت هەیە و منیش خاوەنی بەهاگەلی خۆمم. بۆ نموونە تۆ گۆشت خۆریت و من گیا خۆرم. تۆ حەزت لێیە بە نایاسایی فیلم دابەزێنیت، بەڵام من حەز ناکەم. بەڵام ئەمانە کێشە دروست ناکەن.
لەلایەکی دیکەوە، نەریتخوازان هۆکاری خۆیان هەیە و دەڵێن رەوشتی ئێمە لە کۆمەڵگا و کەلتور و رێسا مێژووییەکانی کاتەوە سەرچاوە دەگرێت. بە بۆچوونی ئەوان، پێگەی حەق و ناحەق دەگەڕێتەوە بۆ داب و نەریتەکانی سەردەمی خۆمان. یەکەمین دەربڕینی ئاشکرای ئەم بۆچوونە لەناو بەرهەمەکانی هیرۆدۆت-دا دەبیندرێت. (کە هەندێک کەس بە باوکی مێژوو ناوی دەبەن).

پێشینەی مێژوویی
هەموو کەسێکی بە ئەزموون دەزانێت کە هەرچەندە لە دەورو پشتی ئەم جیهانەدا رەفتارگەلی جۆربەجۆر و نەگونجاوی زیاتر ببینیت، نوێبوونەوەی زیاتر لەناو هەڵسوکەوتی خۆتدا دەبینیت. بەڵام سەرەڕای سەیرکردنی سەرجەم ئەم کەلتورە جیاوازانە، وەلانانی کەلتوری خۆمان بێ ئەندازە بەلامانەوە دژوارە.
هیرۆدۆت کتێبێکی ناسراوی هەیە بەناوی «مێژووەکان»، بەرهەمێکی هەمەڕەنگ و خافڵێنەرە کە بە شێوەیەکی گەوجانە و ناتەواو باس لە خەڵکی سەدەکانی پێنجەمی پێش زایین دەکات. ئەو لەو کتێبەدا نووسیویەتی، ئەگەر پرسیارت لە کەسێک بکردایە کە لەناو سەرجەم نەریتەکانی دنیا، باشترینەکانی کامانەن، تەقریبەن هەمووان نەریتی خۆیان بە باشترین پێناسە دەکرد و بەڕاستی لەسەر ئەو باوەڕە بوون کە نەریتی خۆیان زۆر زۆر باشترە لە سەرجەم نەریتەکانی باقی کۆمەڵگاکانی‌تر.
هیرۆدۆت بۆ شیکردنەوەی مەبەستی خۆی، چیرۆکێک لە داریوشی پاشای ئێرانی دەگێڕێتەوە. داریوش لە دیلە یۆنانییەکانی پرسی ئایا ئامادەن لە بەرامبەر پارەدا گۆشتی جەستەی باوکی مردووی خۆتان بخۆن. یۆنانییەکان وەڵامیان دایەوە کە بە هیچ شێوەیەک ئامادە نین ئەم کارە بکەن. بەپێی داب و نەریتی ناشتنی یۆنانییەکان، دەبوو تەرمەکان سوتێنرابان. دواتر داریوش فەرمانی کرد تا دیلە هیندییەکانی بۆ بهێنن؛ کە سەر بە نەتەوەیەک بوون بەناوی «کالاتیان»ـەکان. داریوش دەیزانی کە ئەمانە لەپاش مردنی باوکیان گۆشتەکەی دەخۆن. پرسیاریان لێکرا ئایا ئامادەن لە بەرامبەر وەرگرتنی پارەدا تەرمی باوکیان بسووتێنرێت. ئەوان تووشی شۆک بوون و تەنانەت توڕە بوون. ئەمە بۆ ئەوان بەمانای ئەوپەڕی بێڕێزی بوو، وەرگرتنی پارەیان بە هەموو جۆرێک رەتکردەوە.
مەبەستی هیرۆدۆت چی بوو؟ ئەو شتەی بۆ کۆمەڵگایەک حرامە، بۆ کۆمەڵگایەکی دیکە شتێکی ئاساییە. هەموو ئێمە هەندێک بنەمای ئەخلاقیمان هەیە کە تەنها لەبەر ئەوەی لە کات و شوێنێکی تایبەتدا لە دایک بووین، پێیان پابەندین.

بۆچی هەندێک لە کەلتورەکان دژە ئەخلاق یان گەندەڵن؟
کێشەی نەریتخوازی یان رێژە‌گەرایی کەلتوری ئەوەیە کە لەکردەوەدا ناکرێت نەریتە پەسەند نەکراوەکانی نەتەوەکانی دیکە بخرێتە بەر لێکدانەوە. ئەگەر بەڕاستی لەسەر ئەو بڕوایەین کە ئەوە کۆمەڵگایە بەگشتی چاکە و خراپە دیاری دەکات، ئیتر پێویستە قبوڵی بکەین کە سەرجەم کارە قێزەونەکان ئاسایین- لە قوربانی کردنی منداڵانەوە بگرە تا دەگات بە هۆلۆکۆست.
واتە ئەگەر وڵاتێک نەریتێکی کۆن و جێکەوتووی هەبێت، بۆ نموونە خەتەنە کردنی کچان، ئیتر مافی ئەوەمان نییە بڵێین ئەوە کارێکی هەڵەیە. هەروەها ئەگەر کەلتورێک بانگەشەی مناڵ‌ هاوسەری یان مارەبڕینی بەر لە باڵغ بوون دەکات، ئەمە ئیتر داب و نەریتی خۆیانە. هەروەها ئەگەر کەلتوری تالیبانی و نەریتگەلی ئیسلامی لە وڵاتانی وەکو ئەفغانستان ژنان سەرکوت دەکەن و ئازادی رادەربڕین قەدەغە دەکەن، هیچ بنەمایەک بۆ دژایەتی کردنیان بوونی نییە.
ئەم پرسگرێیە لە رواڵەتدا چارەسەری بۆ نییە. هەر لەبەر ئەمەش هەندێک پەنایان بردۆتە بەر «واقعبینی سیاسی» کە مێژووی ئەم بیرۆکەیەش دەگەڕێتەوە بۆ یەکێکی دیکە لە «باوکانی مێژوو» لە یۆنانی کەونارا بە ناوی توسیدید. بەپێی تیۆرییەکەی ئەو، حەق و ناحەق یان دادپەروەری و رێزگرتن کە هەندێک چەمکی ئایدیاڵیستییانەن، لە پەیوەندییە ناودەوڵەتییەکاندا خاوەنی پێگە نین. کاتێک وڵاتان لەگەڵ یەکتردا تووشی شەڕ دەبن ئیتر سەگ خاوەنی خۆی ناناسێتەوە و «حەق بە لایەنی براوەیە» – کە ئەمە بە جۆرێک هاوشێوەیە لەگەڵ تیۆری «مانەوەی لایەنی شایستەتر»ـە، واتە حەق بە بەهێزترەکانە.
بەڵام مرۆڤ ناتوانێت ئەمە قبوڵ بکات و ئەگەر نەریت یان بڕوایەک نائەخلاقی یان قێزەونە، ئیتر «گرنگ نییە لە کوێ و لە چ سەردەمێکدا روو دەدات» و ئەمە بەو واتایەیە کە لەناو ئەخلاقدا بڕوامان بە جۆرێک لە رەهابوونە و ئەمەش واتە بڕوامان بە پێوانەگەلی جیهانی یان واقعبینانەیە کە لەسەر ئەساسی ئەوان لێکدانەوە بۆ خەڵکی دیکە دەکەین.
کاتێک لەئاست ئەخلاق پێوانەی گەردوونیت هەبێت، ئەوە بەو مانایەیە کە بۆ لە یەک جیاکردنەوەی حەق و ناحەق، خێر و شەڕ، چاکە و خراپە، ستانداردێکی گشتگیرت هەیە و ئەوسا دەتوانیت هەندێک لە رەفتارەکان بە ناحەق، هەڵە یان بەدخوازی ناوزەد بکەیت و پێناسەی گەندەڵ و بێ‌رەوشت بوون بخەیتە پاڵ هەندێک لە کەلتورەکانەوە.
دەرئەنجام ئەو نمایشکردن و فێڵ و تەڵەکەی تالیبان، دووبارە دەریخست کە هاوڕایی کردن لەگەڵ ئەوان لەسەر بنەمای رێژەگەرایی پێوانە ئەخلاقییەکان، بۆ زۆربەی خەڵک قابیلی قبوڵ نییە. لەوانەیە ئەزموونی ئەفغانستان فێرمان بکات کە ئێمەی مرۆڤ پێویستمان بە پێوانە ئەخلاقییە گشتگیرە جیهانییەکانە.

*مامۆستای فەلسەفە لە زانکۆی ئۆکسفۆرد

سەرچاوە: Big Think

 79 جار بینراوە