سەرەکی » راپۆرت » نرخی مریشک بەرزە و خاوەن کێڵگەکانی بەرهەمهێنانیش هێشتا لە زەرەردان

نرخی مریشک بەرزە و خاوەن کێڵگەکانی بەرهەمهێنانیش هێشتا لە زەرەردان

هەولێر – رەوەست نەوزاد

گۆشتی سپی یان گۆشتی مریشك یەكێكە لە خواردنە سەرەكیەكانی هاووڵاتیان، جگە لە تاموچێژە تایبەتەکەی بۆ تەندروستی مرۆڤیش سوودی تایبەتی هەیە، ئێستا بازاڕی ئەو خۆراكە لە هەرێم بەشێوەیەكی بەرچاو فراوان بووە سەدان كێڵگەی بەخێوكردن و پڕۆژەی پەلەوەر دروستكراون و سەدان بازرگانی تریش كاریان هێنانی گۆشتی مریشكە بۆ هەرێم لەچەندین وڵاتی جیاجیاوە، ئێستا لەبەر چەند هۆكارێك بازاڕی مریشک ناجێگیرە و بەردەوام نرخی لە هەڵکشان و داکشاندایە.

ناجێگیری نرخی مریشک
هێمن عەلی خاوەن دوكانێكی فرۆشتنی مریشكی زیندووە لەشاری هەولێر بۆ كوردستانی نوێ وتی، ئێستا نرخی یەك كیلۆی مریشكی دهۆك 3750 دینارە، بەڵام مریشكی هەولێر نرخی یەك كیلۆی لەنێوان 2250 تا 2500 دینارە كە هۆكاری گرانی مریشكی دهۆك بۆ پێدانی ئالیكی باش و ئاو و شوێنی باشی كێڵگە پەلەوەریەكانی ئەو پارێزگایە دەگەڕێتەوە.
وتیشی، ماوەی ساڵێكە بازاری فرۆشتنی مریشك لە هەولێر خراپە هۆكارەكەشی بۆ گرانی نرخەكەی و نەبوونی پارە لەلای هاووڵاتیان دەگەڕێتەوە كە لەساڵی رابردوو كڕیارێك دەهاتەلام 10 مریشكی دەكڕی، بەڵام ئێستا دێت تەنیا دوو مریشك دەكڕێت و مامەڵەیەكی زۆریشی لەسەردەكات تا بەنرخێكی كەمتری پێ بفرۆشم.
عەبدوڵڵا عەبدولڕەحمان مریشک فرۆشێکی ترە باسی لەوەکرد، هۆکاری ناجێگیری نرخی مریشک بەهۆی ناردنیەتی بۆ ناوەڕاست و باشووری عیراق، هەروەها نەبوونی چاودێری لەلایەن حکومەتەوە بۆ کێڵگەکانی بەرهەمهێنانی مریشک وادەکات خاوەنی کێڵگەکان بۆخۆیان نرخ دیاری بکەن.
ئەو مریشک فرۆشە وتیشی، ئێستا بازاری مریشك فرۆشتن لەچاو شەش مانگ لەمەوبەر 70% كەمیكردووە لە کاتێکدا مریشک فرۆشەکان تەنها پارەی پاکردنەکە قازانج دەکەن لە فرۆشتنی مریشکەکان.

خاوەن کێڵگە پەلەوەرییەکان
زیان دەکەن
هاوکات محەمەد نانەكەلی كە یەكێكە لەخاوەن كێڵگەی بەخێوكردنی مریشك لەشاری هەولێر بۆ كوردستانی نوێ وتی، هۆکاری گرانبوونی نرخی مریشک بەهۆی گرانبوونی ئالیکەوەیە پێشتر نرخی یەك تۆن ئالیك بە 400 دۆلار بوو، بەڵام ئێستا نرخی یەك تۆنی بۆتە 540 دۆلارە، جگە لەوەی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلاریش بەرامبەر دیناری عیراقی کاریگەری خۆی هەیە.
باسی لەوەشکرد، هۆکارێکی تر گرانبوونی نرخی هێلکەو جوجک لە وڵاتان ئەوروپا و تورکیاوە جگە لە بەرزبوونەوەی باج لەسەریان.
سەبارەت بەزیانی خاوەن كێڵگە پەلەوەریەكانی هەرێم محەمەد نانەكەلی وتی، سەرەڕای گرانبوونی نرخی مریشك هێشتا خاوەن کێڵگە پەلەوەرییەکان زیان دەکەن، پێشتر لەناو هۆڵەكانی كێڵگەكان مریشكێك نرخەكەی 1570 دینار لەسەر خاوەن كێڵگەكە دەكەوت، بەڵام ئێستا 2400 تا 2500 دینار دەوەستێت.

هەزار و 771 پڕۆژەی
جۆراوجۆری پەلەوەر
بەپێی راپۆرتێكی بەڕێوەبەرایەتی گشتی سامانی ئاژەڵ و ڤێتێرنەری لە وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە دەست كوردستانی نوێ كەوتووە، هەرێمی كوردستان خاوەنی هەزار و 771 پڕۆژەی جۆراوجۆری پەلەوەرییە هەزار و 676 یان پڕۆژەی بەخێوكردنی پەلەوەری گۆشتە،14 یان پڕۆژەی مریشكی هێلكەی خواردن، سێ پرۆژەیان پڕۆژەی دایكانەی جوجەڵەی هێلكەیە، 16 یان پڕۆژەی دایكانەی جوجەڵەی گۆشت، پرۆژەیەکیان نەژادی پەلەوەر، 47 پڕۆژەی هەڵهێنەری پەلەوەر، دوو پڕۆژەی هەڵهێنەری دایكانەو 11 پرۆژەیان سەربڕخانەی پەلەوەر، یەک پڕۆژەش بەخێوكردنی پەلەوەری وشتر مەل – ە.
هەر بەگوێرەی راپۆرتی بەڕێوبەرایەتیەكە لەماوەی شەش مانگی ساڵی 2021 دا زیاتر لە پێنج ملیۆن و 585 هەزار مریشك بەمەبەستی سەربڕین براوەتە كوشتارگەكانی پەلەوەر لەهەرێم زیاتر لە 42 هەزار مریشكی زیندوو بۆ سەربڕین رەتكراونەتەوەو زیاتر لە پێنج ملیۆن و 528 هەزار مریشك لەو ماوەیە سەربڕاون، هەروەك حەوت ملیۆن و 414 هەزارو 383 تۆن گۆشتی مریشك لەو شەش مانگە لەهەرێمی كوردستان بەرهەم هاتووە، راپۆڕتەكە ئاماژە بەوەش دەكات لەماوەی ئەو شەش مانگەی ئەمساڵدا 6259 پەلەوەری نەخۆش لە بنكەكانی ڤێتێرنەری هەرێمی كوردستان چارەسەر كراون.
سەبارەت بەهەناردە و هاوردەكردنی بەرهەمی پەلەوەر لەهەرێمی كوردستان، لە راپۆرتەكەی بەڕێوەبەرایەتی ڤێتەرنەری هەرێم ئەوە هاتووە لە ماوەی شەش مانگی یەكەمی ئەمساڵدا 991 تۆن هێلكەی تروكاندن و 20 هەزارو 145 تۆن گۆشتی باڵندە و بەروبوومەكانی و زیاتر لە یەک ملیۆن و 118 هەزار دانە مریشكی زیندوو و زیاتر لە یەک ملیۆن و 427 هەزار جوجك لەدەرەوە هاوردەی هەرێمی كوردستان كراوە كە زیاتر لە 99 هەزار پەلەوەر گەڕێنراوەتەوە بۆ دەرەوە، لەبەرامبەریشدا تەنیا 46 هەزارو 200 جوجكەی هەرێم هەناردەی دەرەوەی هەرێمی كوردستان كراوە.

 52 جار بینراوە