سەرەکی » هەواڵ » كۆمسیۆن: هێشتا ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردن رانەگەیەنراوە

كۆمسیۆن: هێشتا ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردن رانەگەیەنراوە

دوای كۆتاییهاتنی پڕۆسەی هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ‌و راگەیاندنی ئەنجامی بەرایی، بەشێك لە قەوارە ‌و لایەنە سیاسییەكان لە هەندێ شوێن گومانیان لە ئەنجامەكانی هەڵبژاردن هەیە ‌و سكاڵایان تۆمار كردووە، كۆمسیۆنیش سێ رۆژی بۆ وەرگرتنی سكاڵاكان دیاریكردووە.

كۆمسیۆن: ژماردنەوەی دەنگەكان بە دەستی بەردەوامە
كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عیراق لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا، رایگەیاند: هێشتا ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنەكان رانەگەیەنراوە و ژماردنەوەی دەنگەكان بۆ هەموو پارێزگاكانە، هەروەها دەرگای تانەلێدان لە پڕۆسەی هەڵبژاردن كرایەوە و ژماردنەوەی دەنگەكان بە دەستی بەردەوامە.

كۆمسیۆن روونیكردۆتەوە: بەئامادەبوونی نوێنەرانی لایەنەكان، وردبینی بۆ دەنگەكان دەكرێت و هێشتا ئەنجامی تانەكان یەكلایی نەبۆتەوە و وێنەیەكی ئەنجامەكان بۆ دڵنیابوون پێشكەشی نوێنەری لایەنەكان دەكرێت و پابەنددەبین بە ژماردنەوەی دەنگەكان بە دەستی و ئەلیكترۆنی.

ئاماژەی بەوەشكرد: دوای یەكلاییبوونەوەی تانەكان، ئەنجامی هەڵبژاردنەكان رەوانەی دادگای فیدراڵی دەكرێت، بۆ ئەوەی پەسەندی بكات.

تانە لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردن تۆمار بكەن
لە راگەیەندراوێكدا كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق ئاشكرایكردووە: بەپێی مادەی 20 لە یاسای ژمارە 31ی كۆمسیۆن بۆ ساڵی 2019، ئەو لایەنانەی زیانیان بەركەوتووە لە بڕیارەكەی ئەنجومەنی كۆمسیاران بۆ راگەیاندنی ئەنجامی بەرایی دەنگدانی گشتی و تایبەتی هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەرا، دەتوانن لە ماوەی سێ رۆژدا لە نووسینگەكانی هەڵبژاردنی كۆمسیۆن یان نووسینگەی نیشتمانی و نووسینگەی دەستەی هەرێم یان راستەوخۆ لە دەستەی دادوەریی هەڵبژاردن، تانە لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردن تۆمار بكەن.

روونیشیكردۆتەوە: ئەنجومەنی كۆمسیاران لە ماوەی هەفتەیەكدا وەڵامی دەستەی دادوەری دەداتەوە و دەستەی دادوەریش لە ماوەی 10 رۆژدا دەست دەكات بە كاركردن و لێكۆڵینەوە لە تانەكان.

نەتەوە یەكگرتووەكان: پابەندبن بە خشتەی كاتی كۆمسیۆن بۆ یەكلاكردنەوەی سكاڵاكان
نەتەوە یەكگرتووەكان ستایشی هەوڵەكانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عیراق و لایەنە ئەمنییەكان دەكات بۆ رێكخستن و بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەران.

ستیڤان دوجاریك وتەبێژی ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان، لە راگەیەنراوێكدا ستایشی هەوڵی كۆمسیۆن و لایەنە ئەمنییەكانی عیراقی كرد، كە توانیویانە هەڵبژاردنێكی ئارام بەڕێوەببەن، كە یەكێك بوو لە داخوازییەكانی گەلی عیراق بۆ چاكسازی و لێپرسینەوە و بەدیهێنانی داهاتوویەكی باشتر.

سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان داوای لە لایەنەكان كردووە، كە پشوو درێژ ‌و پابەندبن بە خشتەی كاتی كۆمسیۆن بۆ یەكلاكردنەوەی تانە و سكاڵاكان و تەواوكردنی پڕۆسەی هەڵبژاردن لە رێگەی پێكهێنانی حكومەتێكی نوێ بە زووترین كات.

روسیا: پێكهێنانی حكومەتێكی بەهێز و گشتگیر

لای خۆشیەوە، روسیا خوازیارە بە زووترین كات حكومەتێكی گشتگیر و بەهێز پێكبهێنرێت.

وەزارەتی دەرەوەی روسیا ستایشی حكومەتی عیراقی كردووە بۆ ئامادەكاری و رێكخستنی پڕۆسەی هەڵبژاردن و رایگەیاندووە: رێز لە بژاردەی گەلی عیراق دەگرن و هیواخوازن بە زووترین كات حكومەتێكی بەهێز و گشتگیر لەو وڵاتە پێكبهێنرێت.

هەڵمەتی لێكردنەوەی پۆستەر و ریكلامەكان
دوای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، بەشی باڵای ئەندازیاریی ئەمیندارێتیی بەغدا، داوای لە سەرجەم شارەوانییەكان كردووە، كە هەڵمەتی لابردنی پۆستەر و ریكلامی هەڵبژاردن دەستپێبكەن.

ئاماژەی بەوەشداوە: ئامانجی سەرەكی ئەم كارە، پەرۆشیی بەشی باڵای ئەندازیارییە بۆ پاراستنی دیمەنی شارستانیی پایتەخت، بۆ ئەوەی چیتر سیمای بانگەشە و پۆستەر و وێنەی كاندید و لایەنە سیاسییەكانی پێوە نەمێنێت.

 

 67 جار بینراوە