سەرەکی » وتار » هیوا محەمەد » بایکۆتکەران چییان بەدەست هێنا؟

بایکۆتکەران چییان بەدەست هێنا؟

هەروەک پێشتریش لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا دەمانوت: «بایکۆتکردنی هەڵبژاردن کارێکی زیرەکانە و زانستییانە نییە بۆ مامەڵە لەگەڵ پێشهاتەکانی وڵات و دۆخی حکومڕانی و بەڕێوەبردن». بایکۆت کرا و هەڵبژاردنیش کۆتایی هات و ئەنجامەکانیش کاریان پێدەکرێت، ئەگەرچی رێژەی بەشداریی کەم بوو.

ئەوانەی بایکۆتیان کرد بەو مەبەستە کردیان کە رێگە لە سەرکەوتنی پرۆسەکە بگرن، بەڵام ئەمەیان بۆ نەچووەسەر و هەر ئەوانەی کە ئەوان بەلایانەوە جێگەی رەزامەندیی نەبوو، دەنگییان هێناوە و بەرەو دانوستان دەڕۆن بۆ دامەزراندنی حکومەتی نوێی عیراق.

هیچ حزبێکی نوێ یان رێکخراوێک سەرنەکەوتووە بە رێژەیەک کە بتوانێت بێتە مەیدان و رۆڵی ئەوانی تر بسڕێتەوە، کەوابوو هەمان ئەو حزبانەن کە بایکۆتکەرەکان پێیان وابوو بەو هەڵوێستە دەتوانن گۆڕانکاریی گەورە بهێننە گۆڕێ.

باشتر وابوو لەبری بایکۆتکردن و کارکردن بۆ ئەوە، داوایان لە خەڵک بکردایە بچن دەنگ بدەن و بەدەنگەکانیان بیگۆڕن نەک بە دانیشتن لە ماڵەوە.

بایکۆتکەران بەهەر بیانووییەک بێت، توانییان بڕێک لەو کورسییانەی کورد کەم بکەنەوە بە تایبەتی لە کەرکوک، ئەویش بەوەی بایکۆتیان کرد و لە ژێرەوە لە دژی پرۆسەکە وەستانەوە، چونکە دەنگیان تەنها بەر تەسکانە بوو بۆ کاندیدێک و ئەویش دەنگی پێویستی نەهێنا، کەواتە بەم هەڵوێستە زیانی کورسییەک یان دووانیان بە کورد گەیاند بۆ بەغدا.

دەبوو ئەوانەی خۆیان بە خەمخۆری ئەم هەرێمە دەزانن و وتەی بریقەدار دەبێژن، سەبارەت بە کورد و کورد بوون، هەرچی هۆکاری نابەدڵییانە بیخەنە لاوە و خەڵکیان هانبدابایە بۆ دەنگدان تا کەسێکمان لە بەغدا زیاتر بێت.

دەبێت بایکۆتکاران وێڕای ئەو لایەنانەی کە دەنگی پێویستیان نەهێناوە و بڕیاری بەخۆداچوونەوەیان داوە، ئەوانیش بەخۆیاندا بچنەوە و بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی هەرێم ئەو رێکارە نەگرنەبەر، لەبری ئەوە خەڵک هانبدەن بچێتە دەنگدان و بەشداربن لە کێشانی نەخشەی سیاسیی داهاتوو.

ئەوانەش کە دەنگیان بە هەندێک لە سەربەخۆکان داوە لەوانەی لەکاتی بانگەشەدا کەوتبوونە ناو و ناتۆرە و قسەی ناشرین و بوختان لەسەر کەسایەتی و حزبەکان و پێیان وابوو کە بەمە دەچنە سەرەوە، با تەماشای ئەو دەنگانە بکەن کە بەدەستیان هێناوە، ئەوکات بۆیان دەردەکەوێت کە تا چەندە خەڵک دوای ئەو جۆرە بوختانانە دەکەوێت، ئینجا ئەوانیش بە خۆیاندا بچنەوە، چونکە لە رێگەی چەواشەکارییەوە ئەگەر بڕێکیش بچنە پێشەوە، بەڵام هەرگیز سەرناکەون و ئەوە تاسەر نایخوات.

 92 جار بینراوە