سەرەکی » وەرزش » به‌هۆی ڤاكسینه‌وه‌ له‌ توانای كایری ئیرڤینگ بێ به‌ش ده‌بێت

به‌هۆی ڤاكسینه‌وه‌ له‌ توانای كایری ئیرڤینگ بێ به‌ش ده‌بێت

یانه‌ی‌ برۆكلین نیتس پێشبینی ئه‌وه‌ ده‌كات تیپه‌كه‌ له‌ یارییه‌كانی ناو یاریگای خۆی نه‌توانێت سود له‌ تواناكانی كایری ئیرڤینگی ئه‌ستێره‌ وه‌ربگرێت، ئه‌مه‌ش به‌هۆی ئه‌وه‌ی‌ ئه‌و یاریزانه‌ ڤاكسینی كۆرۆنای وه‌رنه‌گرتوه‌.

شاری نیویۆرك له‌و شارانه‌یه‌ كه‌ رێكاری توندی خۆپارێزی له‌ كۆرۆنا په‌یڕه‌و ده‌كات و رێگه‌ نادات هیچ وه‌رزشكارێكی پیشگه‌ر به‌شداری ئه‌و چالاكیه‌ وه‌رزشیانه‌ بكات كه‌ له‌ شاره‌كه‌ ده‌كرێن، ئه‌مه‌ش ئه‌گه‌ر بێت و ڤاكسین له‌خۆیان نه‌ده‌ن.

به‌هۆی ئه‌مه‌ش ئیرڤینگ كه‌ ره‌تیده‌كاته‌وه‌ ڤاكسین له‌خۆی بدات ناتوانێت به‌شداری هیچ یارییه‌كی یانه‌كه‌ی‌ بكات كه‌ له‌ شاری نیویۆرك به‌ڕێوه‌ده‌چێت و به‌هۆی ئه‌وه‌ی‌ برۆكلین نیتسیش له‌ شاری نیویۆركه‌ ئه‌و یاریزانه‌ بۆی نییه‌ به‌شداری ئه‌و یارییانه‌ بكات كه‌ تیپه‌كه‌ی‌ له‌ یاریگای خۆی ئه‌نجامی ده‌دات.

ئیرڤینگ بۆی نییه‌ به‌شداری له‌ یارییه‌كانی به‌رامبه‌ر به‌ نیویۆرك نیكس و گۆڵدن سته‌یت واریۆرز له‌ سان فرانسیسكۆ و هه‌ردوو تیپه‌كه‌ی‌ لۆس ئه‌نجلس بكات كه‌ ئه‌و دووشاره‌ش هه‌مان یاسا په‌یڕه‌و ده‌كه‌ن.

تیپه‌كه‌ش هیوای ئه‌وه‌ ده‌خوازێت ئه‌و یاریزانه‌ په‌شیمان بێته‌وه‌و ڤاكسین وه‌ربگرێت به‌ڵام نیازی ئه‌وه‌ی نییه‌ ئه‌و یاریزانه‌ ناچار بكات ئه‌و كاره‌ بكات.

ئه‌و یاریزانه‌ش كاتی زۆری له‌به‌رده‌م نییه‌ چونكه‌ یارییه‌كانی ئێن بی ئه‌ی رۆژی 19ی ئه‌م مانگه‌ ده‌ست پیده‌كات و به‌شداری نه‌كردنیشی لێدانێكی به‌هێزه‌ بۆ هیواكانی تیپه‌كه‌ی‌ كه‌ ده‌یه‌وێت نازناوه‌كه‌ بباته‌وه‌.

 56 جار بینراوە