سەرەکی » وتار » ماوەی دوای هەڵبژاردن

ماوەی دوای هەڵبژاردن

برایم محێدین عارف

ماوەی دوای هەڵبژاردن، بریتییە لە ماوەی چاوەڕوانیی بۆ دروستکردنی حکومەتی نوێ، ئەمەش زیاتر چاوەڕوانیی خەڵکە و ئومێدی بەشداربوونە لە حکومەتە نوێکەدا لە بەرژەوەندیی حزبەکانیان تا بەرهەمی رەنجی دەنگدانیان لە رێژەی بەشدارییکردنیان لە حکومەتدا دەربکەوێت، بەڵام ئایا گۆڕانکاریی بنچینەیی دێنێتە ئاراوە؟

بەستنی کۆبوونەوەی یەکەمی پەرلەمان، کێشەی ئەوتۆی نابێت و زوو دەتوانێ بە ئامادەبوونی ئەندامە نوێیەکان کۆببێتەوە و هەیکەلی پەرلەمان دیاری بکات.

ئەوەی دەمێنێتەوە کێشەی دواکەوتنی پێکهێنانی کابینەی حکومەتە.

لە عیراقدا سێ سەرۆکایەتییەکە لەسەر بنەمای نەتەوە و کەمینە دروست دەبن و لەناو نەتەوەشدا کێشەی مەزهەب دێتە ئاراوە، بەڵام تائێستا کێشەی ئەوتۆ لەسەر دابەشبوونی سێ سەرۆکایەتییەکە رووی نەداوە و بووە بە عورفێکی تەوافوقی.

رۆژانی دوای هەڵبژاردن لە وڵاتە پێشکەوتووکاندا، جگە لە چاوەڕوانیی میللەت بۆ دەستبەکاربوونی حکومەتی نوێ و گۆڕانکاریی و دەستکەوت، مەترسی ئەوتۆی وەک شەڕ و ئاژاوە تێدا نابینرێت، چونکە وڵات بەسیستم دامەزراوە، بۆشایی ئیداری کاریگەریی ئەوتۆی نییە.

له هەندێک وڵاتانی خۆرهەڵاتدا کە میلیشیای جۆراوجۆر و ناکۆکی دژبەیەکی تێدایە، ئەگەری هەموو مەترسییەک هەیە بەشەڕی ناوخۆشەوە، لەم کاتانەدا باشترین چارەسەر ئەوەیە، حکومەت زوو دروست بکرێت و دەزگاکان سەرلەنوێ دابمەزرێنەوە و بۆشایی ئیداری دروست نەبێت، تا زەمینەی رەخساندنی پشێوی نەیەتە ئاراوە.

لە ماوەی چاوەڕوانی دوای هەڵبژاردندا مەترسی کاری تیرۆریستی داعش بە سوود وەرگرتن لە بۆشایی ئەمنی، ململانێ و کێبڕکێی توندی حزبەکان، دەستێوەردانی وڵاتان لە بارودۆخی ناوخۆی عیراق و چەندین کێشەی تر سەرهەڵدەدەن، هەموو ئەمانه لە بۆشایی نەبوونی ئیدارەیەکی پتەودا سەر دەردەهێنن، لەکاتێکدا میللەت بەدەست کەمیی خزمەتگوزارییەوە دەناڵێنێ، بەهیوای چاوەڕوانیی ژیانێکی باشتر و خزمەتگوزاریی زیاتر چووە بۆ دەنگدان.

تاکی ئەم وڵاتە هیواکانی لەسەر گۆڕانکاری لە دۆخەکەدا هەڵچنیووە، بەتایبەتی لە عیراقێکدا کە ژیان نەگەیشتۆتە کەنارێکی ئارام و سەقامگیر، تەنانەت دابینکردنی فریاگوزارییە سەرەتاییەکانیش بۆ ژیان بە تەواوی فەراهەم نەبووە، رێژەی بێکاری هەر بەرز دەبێتەوە، پێکهێنانی حکومەت تاکە دەروازەی هیوایە لەسەر ئەو بەڵێنانەی کە نوێنەرانی حزبەکان داویانە بە دەنگدەران، خەڵک گۆڕانکاریی دەوێت کە دڵی گەلێک رازی بکات کە خۆپێشاندانیان دژی هەیکەلی حکومڕانی و هەیکەلی پێشووی حکومەتەکە کردووە، بۆیە سستی لە دروستکردنی حکومەتی نوێدا، دۆخێکی سەخت دەبێت بۆ خەڵک، چونکە قۆناغی دوای هەڵبژاردن قۆناغی ئومێد و چاوەڕوانییە.

بەڵام چاوەڕوانی ماوە درێژ و دروست نەبوونی حکومەت، چاوەڕوانییەکی بێزارکەری دەروونییە لای هاووڵاتیان، کات لە چاوەڕوانیدا سست دەڕوات و ئومێد بۆ بنبڕکردنی هەموو کەموکووڕییەکان بەجارێک لە حکومەتی نوێدا رەچاو ناکرێت، بەڵکو هەڵبژاردن هەلی کردنەوەی دەروازەی دەستپێکردنی هەڵچنینەوەی ئومێدی گۆڕانکارییەکی نوێیە بە دووبارە دروستکردنەوەی هەڕەمی نوێی حکومەت.

 150 جار بینراوە