سەرەکی » وتار » لەشکر حەمە ساڵح » كوردستان لە حكومەتی نوێی عیراقدا

وردتر

كوردستان لە حكومەتی نوێی عیراقدا

هەرچەندە هێشتا ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رانەگەیەندراوە، بەڵام لایەنەكان بە شێوازی جۆراوجۆر دەستیانكردووە بە ئامادەكاریی بۆ قۆناغی نوێی پڕۆسەی سیاسی.
عەرەبی شیعە لە عیراقدا، بە یەكێك لە قۆناغە قورس و ئاڵۆزەكانی دوای 2003دا تێدەپەڕێت، لە بری هێوربوونەوەی ناكۆكی و گرژیی پێش هەڵبژاردن، كەچی لە دوای پڕۆسەكە قووڵتر بۆتەوە، تەنانەت بەشێوەیەكی مەترسیدار بەسەر دوو بەرەی دژ بەیەكدا دابەشبوون.

بەرەیەك دەیەوێت ئەنجامی هەڵبژاردن وەك خۆی پەسەند بكرێت و جومگە سەرەكییەكانی حوكمڕانی كۆنترۆڵ بكەن، بەرەكەی تریش لە دەوری بیرۆكەی رەتكردنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردن گردبوونەتەوە، ئەگەرنا دەیانەوێت خۆیان فراكسیۆنی گەورەی ئەنجومەنی نوێنەران و حكومەتی داهاتوو پێكبهێنن.

ئەو دابەشبوونە، ئەگەر تا وادەی رەسمی راگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی چارەسەر نەكرێت، بێگومان دەرگا لەبەردەم سیناریۆ جیاوازەكاندا دەكاتەوە كە بێگومان هەندێكیان زۆرناخۆش دەبن، ئەمەش لەم دۆخە ئاڵۆزەی عیراقدا، كە زۆربەی لایەنەكانی ناوەڕاست و باشوور چەكدارن، مەترسی و هەڕەشەكان گەورەتر و قووڵتر دەكەن.

حاڵی عەرەبی سوننە، ئەگەر لەوان خراپتر نەبێت باشتر نییە، بەڵام لە لای ئەمان دۆخەكە كەمێك جیاوازە، چونكە جیاوازییەك هەیە لە نێوان قەوارەی یەكەم و دووەمدا، بۆیە ئەگەری دابەشبوونیان بەسەر دوو بەرەكەی شیعەدا ئەگەرێكی بەهێزترە لە ئەگەری پێكەوەبوون و گردبوونەوەیان لە دەوری پڕۆژەیەك كە زۆرینەی سوننەكان كۆبكاتەوە.

لایەنەكانی كوردستانیش، بەهەمان شێوەی شیعە و سوننە، ناكۆكن، بەڵام بەپێچەوانەی ئەوانەوە، هەوڵی جددی هەیە بۆ ئەوەی لەو هەلومەرجە تازەیەدا كورد ماڵی خۆی رێكبخاتەوە و جەختبكاتەوە لەسەر خواستەكانی خەڵكی كوردستان.

ئەركی گرنگ و گەورەی ئەم قۆناغە بۆ لایەنە كوردستانییەكان ئەوەیە بە یەكدەنگی و یەكڕیزیی بگەڕێنەوە بەغدا، بێگومان ئەوەش دروشم و بەرنامەی سەرەكیی هاوپەیمانیی كوردستان بوو لە كاتی هەڵمەتی هەڵبژاردندا.

بەگوێرەی لێدوانی بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لەم هەلومەرجەی هاتۆتەپێش، وادەخوازێت كورد یەك گوتاری هاوبەشی هەبێت بۆ بەغدا، یەكێتیش دەستپێشخەریی دەكات و هەماهەنگ دەبێت بۆ یەكڕیزیی تاپێكەوە سەنگی نەتەوەییمان بپارێزین و لە چوارچێوەی دەستووردا شەڕی مافەكانمان بكەین بۆ خزمەتكردنی ئامانجە باڵاكانی گەلی كورد.

لەمپەرەكانی بەردەم كورد لە عیراقدا زۆر و جۆراوجۆرن، گرنگترینیان پرسی ئابووری و بودجە و بابەتەكانی پەیوەست بە ناوچەكانی مادەی 140 و كارنامەی كابینەی نوێی حكومەتی عیراقە، ئەو حكومەتەی هێشتا دیارنییە كەی و چۆن دادەمەزرێت و كێ دایدەمەزرێنێت؟.

لە ماوەی ئەو چەند رۆژەی دوای هەڵبژاردندا، لێدوان و شیكردنەوەی جۆراوجۆر دەكرێت بۆئەوەی لایەنە كوردستانییەكان چۆن دەست بە گفتوگۆ و كۆبوونەوەكانیان لەگەڵ لایەنە عیراقییەكاندا بكەن، بێگومان گفتوگۆ ناڕەسمییەكان، چونكە هێشتا ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردن رانەگەیەنراوە تا كۆبوونەوە و دیدارە رەسمییەكان دەستپێبكەن.

یەكێك لەو خاڵانەی كە چەند جارێكە باس دەكرێت، ئەوەیە، ئایا لایەنەكانی كوردستان كەی و لەگەڵ كام لایەنی عیراقی خۆیان ساغبكەنەوە؟ ئایا كاتی ئەوەیە كورد ببێتە پارسەنگی لایەنێكی عیراقی دژی لایەنێكی تر؟

بەر لە وەڵامی ئەو پرسیارانە پێویستە بزانین، ئایا كورد ژمارەیەكی قورسی ئەم خولەی ئەنجومەنی نوێنەرانە بۆ ئەوەی پارسەنگی هێز لە نێوان لایەنەكاندا یەكلایی بكاتەوە؟

واتە لە رووی پەرلەمانییەوە، كورد چۆن دەتوانێت كاریگەریی دروست بكات؟ بەتایبەتی وەك دەردەكەوێت، كۆی ژمارەی كورسیی پەرلەمانیی لایەنەكانی كوردستان، ئەمجارە لە جاری پێشوو زیاترە.

لە راستیدا، لایەنەكانی كوردستان، كە هەریەكەیان بەڕێژە و قەبارەیەك نوێنەرایەتی خەڵكی كوردستان دەكەن، بەر لەوەی بیر لەوەبكەنەوە لەسەر چ لایەك خۆیان ساغبكەنەوە، دەبێت كاری جددی بكەن بۆئەوەی بەهایەكی پەرلەمانی گەورەتر بۆ خۆیان پەیدابكەن، ئەگەر ئەوەشیان كرد ئەوكات دەتوانن رۆڵێكی كاریگەرتر بگێڕن.

لەوانەیە ئێستا دەرفەتێكی گونجاو بێت، هەم بۆ دەستپێشخەرییەكەی یەكێتی بۆ بەدیهێنانی یەكڕیزیی، هەمیش بۆ گردبوونەوەی لایەنە كوردستانییەكان لە دەوری پڕۆژەیەكی نیشتمانیی كوردستانی، كە خەمە گەورەكانی كوردستان لەسەر ئاستی عیراق بكاتە ئەولەویەت، نەك دابەشكردنی پۆست و پلە و پایەكان.

 536 جار بینراوە