سەرەکی » ئاراستە » ئالاسکا ئەو هەرێمەی کە روسیا بە7ملیۆن دۆلار بە ئەمریکای فرۆشت

ئالاسکا ئەو هەرێمەی کە روسیا بە7ملیۆن دۆلار بە ئەمریکای فرۆشت

لە 18 ئۆکتۆبەری هەموو ساڵێکدا ویلایەتی ئالاسکای ئەمریکا ئاهەنگی تایبەت دەگێڕن و بە رۆژی ویلایەتەکە دادەنرێت. لەم رۆژەدا لە ساڵی 1867 دا حکومەتی ئەمریکا بە بڕی 7.2 ملیۆن دۆلار، تەواوی ویلایەتی ئالاسکای لە حکومەتی قەیسەری روسیا کڕیی و بەمشێوەیەش ئەم ولایەتە بووە موڵکی ئەمریکا، کە بە گەورەترین و دەوڵەمەندترین ویلایەتی ئەمریکا دادەنرێت. پرسیاری گرنگ لێرەدا ئەوەیە، بۆچی روسیا ئەم ویلایەتە دەوڵەمەندەی بە ئەمریکا فرۆشت؟ ئایا کڕینی ئەو ویلایەتە هەروا ئاسان بوو بۆ ئەمریکا؟ گرنگی ئەم ویلایەتە لەمڕۆدا چییە؟
لە راپۆرتێکی کەناڵی بی بی سی دا، هەوڵیداوە کۆمەڵێک زانیاریی گرنگ لەبارەی مێژووی ئەم ویلایەتە و گرنگی بۆ ئەمریکا دەربخات. لێرەدا هەوڵ دەدەین کورتەیەک لەو وتارە بخەینە روو.

پێگەیەکی گرنگی جوگرافیی
هەرچەندە ئالاسکا لە رووی وشکانییەوە نابەسترێتەوە بە خاکی ئەمریکاوە، بەڵام بەشێكە لێی. سنووری ئالاسکا لە رووی وشکانییەوە بە کەنەداوە بەستراوەتەوە، لە رووی دەریاییشەوە دراوسێی روسیایە. کۆی گشتی رووبەری دەگاتە 1.7 ملیۆن کم چوارگۆشە، بەمشێوەیەش دەبێتە گەورەترین ویلایەتی ئەمریکا. بەڵام لە رووی ژمارەی دانیشتوانەوە پێچەوانەیە، لەچاو ویلایەتەکانی تردا ژمارەی دانیشتوانی کەمە و کۆی گشتی دانیشتوانی دەگاتە 700 هەزار کەس. جگە لەوەش ئەم ویلایەتە خاوەنی کۆمەڵێک سامانی سروشتی سەر زەویی و ژێر زەوییە و خاکێکی ئێجگار بەپیت و دەوڵەمەندی هەیە.

مێژووی روسیا لە ئالاسکا
هەرێمی ئالاسکا مێژووییەکی دێرینی هەیە بەپێی ئەنسکلۆپێدیای بەریتانی بێت، نزیکەی 10 هەزار ساڵ پێش زایین، مرۆڤ لە ئالاسکا ژیاوە، لەو کاتەشدا پردێک هەبووە کە ئالاسکای بە بەشی سیبیریای روسیاوە بەستۆتەوەو خەڵکیش لە رێگەی ئەم پردەوە هاتوچۆی کردووە و ئاژەڵەکانی گواستۆتەوە. جگە لەوەش کۆمەڵێک خێڵی کۆچەری تێدا ژیاون و هەندێکیشیان هەتاوەکو ئەمڕۆدا تێیدا دەژین لەوانە: ئاتابسکان، ئالیوت،یوبیک وهایدا.
لەپاش داگیرکردنی وڵاتی سیبیریا لەلایەن روسەکانەوە، کشان بەرەو قووڵایی ئەم ناوچە مەزنەی جیهان، روسەکان بوونە یەکەم نەتەوەی ئەوروپی کە دەستیان گەیشتە ئالاسکا. بەپێی سەرچاوە مێژووییەکان بێت، لە ساڵی 1700 ەوە، روسەکان لە رێگەی خەڵکی رەسەنی سیبیریەوە، زانیاریان لەبارەی ئالاسکاوە دەستکەوتووە. دواتر بە فەرمانی پیتەری مەزن شاندێکی جوگرافیناس و جیۆلۆجی بەسەرپەرشتی دەریاوانێکی دەنیمارکی کە ناوی « فیتوس بیرنگ» بووە نێراوە بۆ ئالاسکا. بەڵام شاندەکە نەیتوانی بگاتە خاکی ئالاسکا، چونکە زۆر ساردبووەو رەوشی کەشووهەوا زۆر خراپ بووە.
بەڵام ئەم دەریاوانە کۆڵ نادات و دووبارە لە ساڵی 1741 هەوڵێکی تر دەدات و ئەمجارە سەرکەوتوو دەبێت و بۆیەکەمجار لووتکەی چیای سانت ئەلیاس دەبینێت. دواتریش چاوی بە رێویی دەریایی ئالاسکی دەکەوێت، کە فەرووەکەی زۆر گرنگە و دواتریش لێرەوە بازرگانی بە فەرووی رێوی دەریایی ئالاسکا دەستپێدەکات، کە لە سەدەکانی پێشوودا لە ئەوروپادا زۆر بڵاوبووە.
بەپێی ئەنسکلۆپێدیای بەریتانی بێت، یەکەمین کۆڵۆنیای ئەوروپی لە ساڵی 1784 دا لەلایەن روسەکانەوە لە کەنداوی سینتس دروستکراوە. واتە روسەکان یەکەمین نەتەوەی ئەوروپی بوون کە ئەم وڵاتە جوانەیان داگیرکردووەو تێیدا کۆڵۆنیای خۆیان دروستکردووە.

بۆچی روسیا فرۆشتی؟
دیارە کۆمەڵێک هۆکار هەن بۆ فرۆشتنی ئەم هەرێمە دەوڵەمەندە بەو بڕە پارە کەمە لەلایەن قەیسەری روسیاوە، بەڵام دیارترین و گرنگترین هۆکار دوو شت بوون.
یەکەمیان: کەمبوونەوەو نەمانی رێوی دەریایی ئالاسکی، کە فەروویەکی باشی هەبووە، ماوەیەکی زۆریش بووبوە مایەی بازرگانییەکی گەورە لە نێوان ئاسیا و ئەوروپادا.
دووەم: جەنگی قرمی ساڵی 1853 بۆ 1856 کە روسیا زەرەروزیانێکی گەورەی تێدا کرد.
ئەمەش وایکرد کە باری دارایی روسیا زۆر خراپ بێت.
وەزیرێکی زیرەکی ئەمریکیش توانی ئەم رەوشە خراپەی دارایی روسیا بۆ بەرژەوەندی وڵاتەکەی بقۆزتەوە، بڕە پارەیەکی باشی خستە بەردەم قەیسەری روسی و دواتریش قەناعەتی پێکرد تاوەکو بە ئەمریکای بفرۆشێت. بەڵام کێشەکە لەوەدا بوو، کە خەڵکی وڵاتەکەی دژی ئەم بڕیارە وەستانەوە. ئەو وەزیرەش ولیام سیواردە، کە ئەمریکییەکان ناویان لێنابوو « سیواردی داماو» .
جێگەیە ئاماژەیە لەو کاتەدا لەبارەی ئەم سەوداو مامەڵەیە، هیچ پرسو رایەک بە گەلی رەسەنی ئالاسکاوە نەکراوەو ئەوانی هیچ ئاگایان لەم سەودایە نەبووە کە زلهێزەکان بەخۆیان و خاکەکەیانەوە دەکەن، بگرە هیچ حسابیان بۆ خەڵکی ئەم وڵاتە نەکردووە.

سیواردی داماو
لەپاش مشتومڕێکی زۆر سیوارد توانی قەناعەت بە شاندی روسیا بکات و بە بڕی 7.2 ملیۆن دۆلار، تەواوی خاکی ئالاسکا لە قەیسەری روسیا بکڕێت و ببێتە بەشێک لە خاکی ئەمریکا. بەڵام لەهەمووی قوورستر قەناعەت پێکردنی کۆنگرێس بوو، لێرەدا ناڕەزایی توند دژی بڕیارەکەی سیوارد وەستانەوەو نەیارانی پێیان وابوو، ئەو خاکە ئەو هەموو بڕە پارەیە نایەنێت، هەربۆیە بە سەفقەکەیان دەووت» سەفقەکەی سیواردی داماو یان نەگبەت» بەڵام دواجار کۆنگرێس رەزامەندی دەربڕیی و لە 18 ئۆکتۆبەری ساڵی 1867 دا بۆ یەکەمجار ئاڵای ئەمریکا لە پایتەختی ئالاسکا « سیتکا» بەرزکرایەوە. دواتریش ناوی ئەم شارە گۆڕا بۆ « جۆنۆ».
لێرەشەوە دووبارە ئەمریکا شانسێکی گەورەی دەستکەوت، چونکە دواتر دەرکەوت کە سیوارد داما و نەگبەت نەبووە، بەڵکە خاکێکی زێرینی پێشکەشی گەلانی ئەمریکا کردووە.

چەند زانیارییەکی گرنگی مێژوویی لەبارەی ئالاسکاوە
_ هەتاوەکو ساڵی 1877، ئەم هەرێمە مەزنە لەلایەن سەرکردە سەربازییەکانی وەزارەتی بەرگری ئەمریکاوە حوکم دەکرا.
_ لە ساڵی 1878 دا بۆ یەکەمجار کارگەی دروستکردن قوتی ماسی « سەلەمونی ئامادەکراو» تێیدا دروستکرا، ئەمەش سەرەتایەک بوو بۆ ئەوەی دواتر ببێتە گەورەترین کارگەی پیشەشازی دروستکردنی قوتی ماسی سەلمون.
_ لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەدا، سامانێکی زۆری ئاڵتون دۆزرایەوە، ئەمەش بووە دەرفەتێکی باش بۆپێشکەوتنی ئابووری لەم ویلایەتەی ئەمریکا.
_لە سالی 1844 دا کۆنگرێسی ئەمریکا ئالاسکای وەکو هەرێمێکی فیدڕاڵی ئەمریکای ناساند و یەکەمین دادگای فیدڕاڵی تێدا دروستکرا، هەروەها پێڕەوی سیستمی پەروەردەو خوێندنی ئەمریکای تێیدا کرا.
_ لە ساڵی 1906 دا یەکەمین نوێنەری ئالاسکا لە کۆنگرێسی ئەمریکا دانرا، بەڵام ئەو نوێنەرە بۆی نەبوو دەنگ لەسەر بڕیارو یاساکانی ناو کۆنگرێس بدات.
_لە ساڵی 1912 دا بۆ یەکەمجار هەڵبژاردن کرا و نوێنەری ئالاسکا بۆ کۆنگرێس هەڵبژێرا.
_ لە ساڵی 1946 دا یەکەمین ریفراندۆم کرا و خەڵكی ئالاسکا بڕیارییدا کە هەرێمەکەیان ببێتە ویلایەتێکی ئەمریکی.
_لە ساڵی 1958 کۆنگرێسی ئەمریکا یاسای ویلایەتی ئالاسکای دانا، بەمشێوەیەش بەشێوەیەکی رەسمی ئالاسکا لە ساڵی 1959 ەوە بووە ویلایەتی 49 ئەمریکا.

دۆزینەوەی سامانی نەوت و گازێکی زۆر
لە پەنجاکانی سەدەی پێشوودا نەوت و گازیکی زۆر دۆزرایەوە، هەرئەمەش وایکرد کە پیشەشازیی کانزاکان ببێتە پلەی یەکەم و بەشێکی گەورەی ئابووری ویلایەتەکە پێکبهێنێت. لە ساڵی 1968 یشدا گەورەترین کێڵگەی نەوتی لە کەنداوی برودو دۆزرایوە کە وا مەزندە دەکرێت یەدەگی بگاتە 13 ملیارد بەرمیل نەوت.

چەند زانیارییەکی گرنگ لە بارەی ئالاسکاوە
_ ئالاسکا گەورەترین ویلایەتی ئەمریکایە، 1/5 رووبەری ئەمریکا پێکدەهێنێت.
_ پایتەختی ئالاسکا جۆنۆ هیچ رێگەیەکی وشکانی نییە و دەبێت لە رێگەی فرۆکە یان کەشتییەوە بیگەیتێ.
_لە ئالاسکا نزیکەی 100 هەزار رووباری بەستوو هەیە، کە نزیکەی 5% رووبەروی ویلایەتەکە داگیر دەکات.
_ سەرو 3 هەزار رووبار و ژمارەیەکی زۆر دەریاچەی هەیە، گەورەترینیان دەریاچەی ئیلیامنایە، کە رووبەرەکەی دەگاتە 1000 میل چوارگۆشە.
_ لە دەریاچەی هود گەورەترین فرۆکەخانەی دەرییایی جیهانە و رۆژانە نزیکەی 800 فڕۆکە دەفڕێت و دەنیشێتەوە.
_17بۆ20% چیاکانی ئەمریکا دەکەوێتە ئالاسکاوە.
_لە ئالاسکا ژمارەیەکی زۆر ورچی لێیە، هەربۆیە هەر 21 کەس، ورچێکیان بەردەکەوێت.
_لە ئالاسکا نزیکەی 100 بورکانی تێدایە.

سەرچاوە:
/www.bbc.com/arabic

 94 جار بینراوە