سەرەکی » وتار » بورهان شێخ ڕەئوف‌ » سوریا و وڵاتانی عەرەبی بەرەو ئاساییكردنەوەی…

سوریا و وڵاتانی عەرەبی بەرەو ئاساییكردنەوەی…

سوریا و وڵاتانی عەرەبی بەرەو ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكان هەنگاو دەنێن

دوای 10 ساڵ لە دابڕان و دڕدۆنگی وا وڵاتانی عەرەبی بەرەو ئەوە دەڕۆن پەیوەندییەكانیان لەگەڵ حكومەتی سوریادا ئاسایی بكەنەوە، هەرچەندە ئەمریكا و هاوپەیمانە خۆرئاواییەكانی هێشتا خۆیان دوورەپەرێز دەگرن لە هەڵسوكەوت و مامەڵە لەگەڵ حكومەتی سوریادا ناكەن بەهۆی شەڕ و رووداوە خوێناوییەكانی ئەو وڵاتە كە حكومەتی دیمەشق بە هۆكاری سەرەكیی دەزانن.

خۆرهەڵاتی ناوەڕاست گۆڕانكاری خێرا بەخۆیەوە دەبینێت
ئێستا هاوپەیمانە عەرەبەكانی واشنتۆن لە ناوچەكەدا سەرقاڵی ئاساییكردنەوەی پەیوەندییە دیپلۆماسی و ئابووری و بازرگانیەكانیانن لەگەڵ دیمەشقدا، ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەی نێوان (محەممەد بن زاید)ی شازادەی جێنیشینی ئەبوزەبی لەگەڵ بەشار ئەسەدی سەرۆكی سوریاشدا، ئەو تەریككردنەی سەرۆكی سوریای كۆتایی پێهێنا كە ساڵانێكە درێژەی هەیە، بەتایبەتی دوای كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە ئەفغانستان و ئەو ئاژاوە و بێ‌ سەروبەرییەی هاتەكایەوە، هەروەها سەرقاڵیی ئەمریكا بە ململانێكانی لەگەڵ چیندا. پێدەچێت واشنتۆن بێلایەنی هەڵبژێرێت لە زۆرێك لە كێشە و قەیرانەکاندا، بۆیە ئێستا سەركردەكانی وڵاتانی عەرەبی كاری لەپێشینەیان ریفۆرمی ئابوورییە كە ساڵانێكە بەهۆی ململانێ و ناكۆكییە ناوخۆییەكان و پەتای كۆرۆناوە چەقی بەستووە و كۆتوبەندی گەورەی بۆ دروستبووە.

لەلایەكی تریشەوە لە ئاسۆوە ئاماژەگەلێك دەركەوتووە كە هۆكارە بۆ ئەوەی قاهیرە و عەممان و ئەبوزەبی بە پەیوەندییەكانیاندا بچنەوە لەگەڵ سوریادا و ئەو پەیوەندییانە ئاسایی بكەنەوە، بەهۆی پەیوەندییەكانیان لەگەڵ مۆسكۆدا كە بەهێزترین پاڵپشت و هاوپەیمانی بەشار ئەسەد بوو لە قەیرانی ناوخۆیی سوریادا.

روسیا هەوڵدەدا جارێكی تر سوریا ببەستێتەوە بە دراوسێ عەرەبەكانییەوە، ئەوەش زیاتر بۆ بەرگرتنە بە هەژموونی زۆری ئێران و توركیا لە سوریادا.

ئەمریكا و حكومەتی سوریا
تائێستاش ئەمریكا بایكۆتی حكومەتی دیمەشق دەكات و هیچ گۆڕانكارییەك لە سیاسەتی بەرامبەر بەو حكومەتەدا نەهاتۆتە ئاراوە، بەڵكو واشنتۆن خوازیاری گۆڕانكارییە لە سیستمی سیاسی سوریادا و بە گوێرەی بڕیارەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی تایبەت بەو وڵاتە، سزاكانی واشنتۆن لەسەر دیمەشق تائێستا وەک خۆیان ماونەتەوە كە لە سەردەمی دۆناڵد ترەمپدا بەسەریدا سەپێنراوە.

لەهەمان كاتدا پێناچێت ئێستا بارودۆخی سوریا لە كارە لەپێشینییەكانی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا و ئیدارەی سەرۆك جۆ بایدن-دا بێت، بەتایبەتی یاسای قەیسەر كە سزاگەلێكی توند لەخۆدەگرێت دژ بە سوریا و تا ئێستا نەخراوەتە بواری جێبەجێكردنەوە، كە گوشاری زیاتر دەخاتە سەر حكومەتی دیمەشق.

وەرچەرخان لە پەیوەندی سوریا و وڵاتانی عەرەبیدا
ناوەندەکانی هەواڵ لە ئەمریكا و خۆرئاوا، باس لەوە دەكەن كە هاوپەیمانە عەرەبەكانی ئەمریكا لە ناوچەكەدا، هانی واشنتۆن دەدەن كە سزاكانی سەر سوریا لاببات و زەمینەسازیی بكات بۆ گەڕانەوەی ئەو وڵاتە بۆ ریزی وڵاتانی عەربی. وادیارە ئیدارەی بایدن تاڕادەیەك گوێ بۆ خواستێكی لەوجۆرە دەگرێت. ئەمەش گۆڕانكاریی و وەرچەرخانێكی گرنگە دوای ساڵانێكی زۆری دابڕانی نێوان وڵاتانی عەرەبی و سوریا، بەهۆی هەڵپەساردنی ئەندامێتی سوریا لە كۆمەڵەی وڵاتانی عەرەبی. هەندێك لە وڵاتانی عەرەبی وەكو ئیمارات و عەرەبستانی سعودی و ئوردنیش، لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا یارمەتیی گروپە چەكدارە بەناو ئۆپۆزسیۆنەكانی سوریایان دەدا.

هەموو ئەو رووداوانە ئاكامی شۆڕش و بەرخۆدانی خەڵكی سوریا بوو بۆ بەدەستهێنانی وڵاتێكی باشتر و ئازاد لە سەروەختی بەهاری عەرەبیدا، بەڵام تاقم و گروپە تیرۆریستییەكان سواری شەپۆلەكانی شۆڕش بوون و لە رێڕەوی راستەقینەی خۆی لایانداو نیوەی خەڵكی ئەو وڵاتە لە ماڵ و حاڵی خۆیان دەربەدەر بوون و هەزارانیان لێ‌ كوژرا و بریندار بوو، ملیۆنانیشیان ئاوارەی وڵاتانی ئەوروپا و دراوسێ بوون.

رووداوەكانی سوریا تائێستاش یەكلایی نەبوونەتەوە، هەرچەندە حكومەتی سوریا بەهاوکاریی روسیا بەشێكی خاكی سوریای لە گروپە چەكدارەكانی ئۆپۆسیۆنی سوریا پاككردۆتەوە، بەڵام خۆرئاوای كوردستان واتە ناوچەكانی باكوور و خۆرهەڵاتی سوریا ئیدارەی خۆسەریی هەیە و لەلایەن هەسەدەوە بە هاوكاریی ئەمریكا هاوپەیمانەكانی دەپارێزرێت، هێزە توندڕەوەكانیش جێ پێی خۆیان لە ناوچەی ئیدلیب كردۆتەوە لە باكووری سوریا بە پشتیوانیی دەوڵەت و سوپای توركیا.

 148 جار بینراوە