سەرەکی » وتار » ناکۆکی ئەمریکا و چین لەسەر تایوان…

ناکۆکی ئەمریکا و چین لەسەر تایوان…

ناکۆکی ئەمریکا و چین لەسەر تایوان بەرەو کوێ هەنگاو دەنێت؟

شەپۆل عەبدوڵڵا

لە سیاسەتی دەرەوەی وڵاتان شتێک نییە بەناوی دۆستایەتی بەڵکو ئەوەی وڵاتان لێک نزیک دەکاتەوە بەرژەوەندییە، دەکرێ ئەم بەرژەوەندییە سیاسی، سەربازی ، ئابووری ، ئاسایشی و شتی تر بێت. لەم چەند ساڵەی دواییدا گرژیەکانی نێوان چین و ئەمریکا رۆژ لە دوای رۆژ روو لە هەڵکشانە و ناکۆکی لەسەر دوورگەی تایوان هێندەی تر هاوکێشەکەی ئاڵۆز کردووە.

چین دوورگەی تایوان بە بەشێک لە خاکی وڵاتی خۆی دادەنێت، بەڵام تایوان خۆی بە وڵاتێکی سەربەخۆ دادەنێت. شی جین پینگ سەرۆکی چین مەبەستی وایە تاوەکو کۆتایی هاتنی ماوەی سەرۆکایەتی لە ساڵی 2027 تایوان بگەڕێنێتەوە سەر چین و چەندینجار لە لێدوانی رەسمیی و دیدار لەگەڵ جۆو بایدنی سەرۆکی ئەمریکا ئەم بابەتەی هێناوەتە بەرباس.

ئێستا چین رەقیبی سەرەکی ئەمریکایە لە جیهاندا، لە رووی ئابووری، سەربازی، سیاسی، لەگەڵ ئەمریکا لە پێشبڕکێ دایە و چین بەهۆی هەبوونی دەستی کاری هەرزان و رێژەی دانیشتوانی زۆر بە خێرایی لەسەرجەم بوارەکان دا لەپێشکەوتن دایە. ئەمریکا، بۆ ئەوەی بەربەست لەبەردەم پێشکەوتنەکانی چین دروست بکات کۆمەڵێک کارتی فشاری لەبەردەست دایە کە لە دژی چین بەکاریان دەهێنێت. دەتوانین بڵێین پشتیوانی لەسەربەخۆیی دوورگەی تایوان یەکێک لەم کارتانەیە ئەمریکا لە دژی چین بە کاری دێنێت.

بۆچی تایوان بۆ ئەمریکا گرنگە؟
قەیرانی تایوان لەکاتی سەرکەوتنی شۆڕشی چین لە ساڵی 1949ی زاینی تا ئێستا یەکێک لە گرنگترین قەیرانەکانی ئاسیای دوور بووە. ئەم بابەتە رۆڵێکی گرنگ و بەرچاوی لە پەیوەندیی نێوان دوو هێزی گەورەی جیهان واتا چین و ئەمریکا هەبووە. لەم ساڵانەی دواییدا تەوژمی گەشەسەندنی چین زیاتر بوو، پکین لە هەوڵی بەرتەسک کردنەوەی بازنەی گۆڕەپانی ئەمریکادایە لەلایەکی تر ئەمریکا لە هەوڵ دایە لە رێگەی بەکارهێنانی تایوان لە دژی چین، کۆمەڵێک ئیمتیاز وەربگرێت.

بۆ تاوتوێکردنی پێگەی تایوان لە هاوکێشەی چین و ئەمریکا دەکرێ لە سێ ڕەهەندەوە سەیری بابەتەکە بکەین. لە ئاستی نێودەوڵەتی پێگەی چین و ئەمریکا لە سیستمی نوێی جیهانی بەرەو گۆڕانکاریی دەڕوات. لە ئاستی ناوچەیی چین هەوڵ دەدات بازنەی هەژموونی ئەمریکا بەرتەسک بکاتەوە و ئەمریکا لە هەوڵی پاراستنی پێگەی خۆیەتی لەناوچەكەدا و لە ئاستی بچووک دا گۆڕانکاری لە پەیوەندیی دوولایەنەی چین و تایوان کاریگەر دەبێت.

ئەمریکا لە دوای کۆتاییهاتنی جەنگی سارد، هەوڵیدا هاوپەیمانی لەگەڵ هێزەکانی وەک ژاپۆن، کۆریای باشوور ، سەنگافورا و تایوان بۆ پاراستنی بازنەی بەرژەوەندییەکانی خۆی بەردەوام بێت و پارێزگاری لەم بازنەیە بکات. لە دوایین لێدوانی جۆو بایدن سەرۆکی ئەمریکا وتی : ئەگەر چین هێرشی سەربازی بۆ سەر تایوان بکات، ئەوە ئێمە لە دژی چین بەرگری لە تایوان دەکەین و سەربەخۆیی تایوان دەپارێزین.

 232 جار بینراوە