سەرەکی » دۆسێ » تا دێت وادەی کشانەوەی تورکیا لە پەیمانی ناتۆ نزیکتر دەبێتەوە

لێکەوتە و کاریگەریی گەورەی هەرێمایەتی و جیهانیی لێدەکەوێتەوە

تا دێت وادەی کشانەوەی تورکیا لە پەیمانی ناتۆ نزیکتر دەبێتەوە

محەمەد منشاوی

لە پایتەختی ئەمریکا پێشبینییەکان لە بارەی خواستی حکومەتی ئێستای تورکیا بە سەرۆکایەتی ئەردۆغان بۆ کشانەوە لە پەیمانی ناتۆ زیاتر بووە.

ئەمەش بە هۆی بەردەوام ئاڵۆزبوونی پەیوەندییەکانی ئەنقەرەوە دێت لە لەگەڵ واشنتۆن و برۆکسلدا، بە تایبەتی کە ئێستا گەیشتۆتە ئاستێک ئیتر خۆرئاوا قبوڵی نەکات دۆخەکە بەو جۆرە بمێنێتەوە.

قەبارەی ناکۆکییەکان
لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا، قەبارەی ناکۆکیی نێوان هەردوولا بە زەقی دەرکەوت بە تایبەتی لە قەیرانی پەیوەست بە گرێبەستەکانی کڕینی فڕۆکەی ئێف -35ی جەنگی کە هێشتا کۆتایی نەهاتووە.

هەروەها مەسەلەی دۆسێی مافی مرۆڤ لە تورکیا کە واشنتۆن بەخراپ وەسفی دەکات و بە پێویستی دەزانێت چارەسەر بکرێت، کە دوایین دۆسێیان تایبەتە بە کەسایەتییەکی ئۆپۆزسیۆن بە ناوی عوسمان کاڤالا.

ناکۆکی نێوان تورکیا و هاوپەیمانە خۆرئاواییەکانی، کە ئەمریکا سەرۆکایەتی دەکات، تەنها چەند رۆژێک پێش لوتکەی جی 20 لە رۆما، زەقتر بۆوە.

لە کاتێکدا سەرۆکی تورکیا هیواخواز بوو دیدارەکانی لەگەڵ جۆ بایدنی سەرۆکی ئەمریکا و سەرکردەکانی دیکەی خۆرئاوا ئەنجامی دڵخۆشکەری لێبکەوێتەوە.

حوکمدانێکی خێرا
نۆ وڵاتی ئەندامی ناتۆ (کەنەدا، فەرەنسا، فینلاند، دانمارک، ئەڵمانیا، هۆڵەندا، نەرویج، سوید و ئەمریکا) هەروەها نیوزیلاند داوای حوکمدانێکی خێرا و دادپەروەرانەی عوسمان کاڤالا بازرگان و چالاکوانی سیاسیی تورکیایان کرد.

بەڵام ئەردۆغان بە هەڕەشەی دەرکردنی باڵیۆزەکان وەڵامی دانەوە. ئەنقەرە کاڤالا بەوە تۆمەتبار دەکات کە هەوڵی تێکدانی سەقامگیریی تورکیا دەدات.

سزادانی ئەنقەرە لە لایەن واشنتۆن و دوورخستنەوەی لە گروپی بەرهەمهێنەرانی فڕۆکەی جەنگیی پێشکەوتوی ئێف -35 بەهۆی کڕینی ئەنقەرەی سیستەمی بەرگری ئاسمانی ئێس-400 لە روسیا، خاڵی سەرەکیی گرژیی سەربازیی نێوان هەردوو وڵاتە.

تورکیا لە کاتی دەستپێکردنیدا، بەشداربوو لە گروپی بەرهەمهێنەرانی فڕۆکەی جەنگیی پێشکەوتوی ئێف -35 و بڕیاربوو نزیکەی 100 دانە لەو جۆرە فڕۆکەیە بەدەست بهێنێت.

هاوپەیمانە مێژووییەکان
بەڵام واشنتۆن لە ساڵی 2019دا دوای بەدەستهێنانی سیستمی بەرگری ئاسمانی روسیا، تورکیای لە بەرنامەکە دوورخستەوە.

ئەمەش لە کاتێکدایە کە تورکیا، دوای سوپای ئەمریکا، دووەم گەورەترین سوپای بەشدارە لە پەیمانی باکووری ئەتڵەسیی ناسراو بە ناتۆ و یەکێکیشە لە هاوپەیمانە تەقلیدی و مێژووییەکانی واشنتۆن لە ناوچەکەدا.

لە رووی مێژووییەوە، هیچ وڵاتێکی دیکە ئەو رۆڵە گرنگ و میحوەرییەی نەبووە کە تورکیا لە کاتی جەنگی سارد دا گێڕاویەتی کە دواجار بووە هۆی سەرکەوتنی ئەمریکا و خۆرئاوا بەسەر یەکێتی سۆڤیەتدا.

ئەمەش گرنگی تورکیا بۆ ستراتیجی ئەمریکا لە ناو ناتۆ و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆرئاوا لە ئەوروپا و خۆرهەڵاتی ناوەڕاست نیشان دەدات.

لە توێژینەوەیەکی ناوخۆیی کۆنگرێسی ئەمریکادا، ئاماژە بە گرنگی بەشداربوون و ئامادەیی سەربازیی ئەمریکا لە ناو تورکیادا کراوە وەک ئەندامێکی سەرەکی ناتۆ.

توێژینەوەکە بە تایبەتی لە بارەی بنکەی سەربازیی ئینجەرلیک دواوە کە پێشتر بە شێوەیەکی تەقلیدی 2500 سەربازی ئەمریکی لێ جێگیر کرابوو بۆ ئەرکە سەربازییەکان لە وڵاتانی سنووری خۆرهەڵاتی ناوەڕاست.

ئامادەیی سەربازیی
توێژینەوەکەی کۆنگرێس پرسیارێکی قورسی وروژاندووە سەبارەت بە دۆزینەوەی بەدیلێکی گونجاو و کرداری بۆ ئەم بنکەیە کە کاریگەریی گەورەی دەبێت لەسەر ئامادەیی سەربازیی ئەمریکا لەم ناوچە ئاڵۆزەی جیهاندا.

فەرمانگە و دەزگا پەیوەندیدارەکانی ئەمریکا پێیانوایە، دەرچوونی تورکیا لە ناتۆ دەبێتە مایەی زیانێکی ئەنقەست بۆ بەرژەوەندییەکانی واشنتۆن.

تورکیا هەر بریتی نییە لە ئەردۆغان بەڵکو هێزێکی زەبەلاحی جوگرافی و ئابوورییە لە ناوچەکەدا و رۆڵی یەکلاکەرەوە دەگێڕێت لە نێوان خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوروپا، خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و روسیا.

بۆیە لەدەستدانی تورکیا بەو پێیەی هاوپەیمانی خۆرئاوایە، دەبێتە مایەی نزیکبوونەوەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و کێشەکانی لە ئەوروپا، هەروەک دەشبێتە نەمانی بەربەستێکی بەردەم روسیا بۆ دەستوەردانی زیاتر لە دلێ خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا.

سەرەڕای ئەوەش تورکیا لە باشترین پێگەدایە بۆ پاراستنی هاوسەنگی بەرامبەر ئێران، کە تەماح و کاریگەریەکی زۆری هەیە و هاوبەشییەکانی لەگەڵ روسیا و چیندا بەردەوام گەشە دەکات.

لە رووی فەلسەفییەوە، زۆرجار ئەوروپا پرسیار لە بارەی پێویستیی ئەندامێتی تورکیا لە پەیمانی ناتۆ دەرورژێنێت کە لە بنەڕەتدا هەندێکیان بە وڵاتێکی سەر بە»خۆرهەڵاتی ناوەڕاست»ی دەزانن!

پێشتر لە دیدارێکیدا لەگەڵ گۆڤاری بەناوبانگی ئیکۆنۆمیست، ئیمانوێل ماکرۆنی سەرۆکی فەرەنسا سیناریۆی دەستێوەردانی سەربازیی بۆ بەرگریکردن لە تورکیای ئیدانەکرد.

ماکرۆن ئاماژەی بە بڕیارە سەربازییە گرنگەکانی تورکیا و ئەمریکا کرد کە لە لایەن خۆیانەوە دراون، بەبێ گەڕانەوە و راوێژکردن بە هاوبەشەکانیان ناتۆ، بە تایبەتی لە مامەڵەکردن لەگەڵ پرسی سوریادا.

ماکرۆن بە راشکاوی باسی مادەی 5ی پەیمانی ناتۆی کرد، کە دەوڵەتە ئەندامەکان ناچار دەکات دەستوەردانی سەربازی بکەن بۆ بەرگریکردن لە هەر دەوڵەتێکی ئەندام کە هێرش دەکرێتە سەری.

ماکرۆن بە سەرسامییەوە پرسیاری کرد، ئەگەر سوپای سوریا یان هاوپەیمانە سەربازییەکانی هێرش بکەنە سەر تورکیا کە خۆی هێرشی کردووە، دەبێت بەرگری لە تورکیا بکەین؟

راپۆرتەکانی ئەمریکا ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەردۆغانی سەرۆک کۆماری تورکیا لە هاوینی 2016ەوە پلانی جێهێشتنی ناتۆی داڕشتووە، بە تایبەتی دوای شکستهێنانی هەوڵی کودەتایەکی سەربازی لە دژی.

بەو بیانووەی واشنتۆن رێگری لە کودەتاکە نەکردووە، تەنانەت پێشوازیشی لەو پێشهاتە کردووە. بۆیە سەرۆکی تورکیا وا تێگەیشتووە کە وڵاتەکەی هیچ دۆستێکی راستەقینەی نییە لە پایتەختی ئەمریکادا.

دواتر، لە رووی سەربازیەوە پەیوەندییەکانی تورکیا و روسیادا بەرەو پێشەوەچوونی بەخۆیەوە بینی، بە تایبەتی کاتێک تورکیا سیستمی دژەموشەکیی پێشکەوتووی S-400 لە روسیا کڕی.

سزادانی ئەنقەرە
واشنتۆن و هاوڕێکانی لە ناتۆ سەرکەوتوو نەبوون لەوەی تورکیا لەو هەنگاوە پاشگەز بکەنەوە. تەنها سزادانی ئەنقەرە ئەوە بوو کە لە گروپی بەرهەمهێنەرانی فڕۆکەی جەنگیی پێشکەوتوی ئێف -35 دوورخرایەوە.

ئەمەش بەر هەوڵی بەردەوامی تورکیا کەوت بۆ وەرگرتنی دووەم دەستەی سیستمی بەرگریی دژەموشەکییەکەی روسیا، پاشان ئاگادارکردنەوەیەکی نوێ لە واشنتۆنەوە ئاراستەی ئەنقەرە کرا سەبارەت بە مەترسییەکانی تێکچوونی تەواوەتی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوانیان.

تورکیا و روسیا
دوای سەردانەکەی بۆ نیویۆرک بۆ ئامادەبوون لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەردۆغان تووڕەیی خۆی لە جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا و بێ متمانەییشی بە ئەمریکای هاوپەیمانی دەربڕی.

پاشان ئەردۆغان چووە روسیا و لەوێ لەگەڵ ڤلادیمیر پوتین سەرۆکی روسیا کۆبووەوە و لەسەر قوڵکردنەوەی هاریکارییەکانی نێوانیان لە بواری بەرگریدا رێکەوتن بەو جۆرەی بزوێنەری فڕۆکەی جەنگی و ژێر دەریایی و مووشەکی لە خۆبگرێت.

هەروەها تورکیا ئامادەیی خۆی دەربڕیوە بۆ کڕینی دوایین نەوەی فڕۆکەی جەنگیی سوخوی -35ی روسیا ئەگەر لەگەڵ واشنتۆندا نەگاتە هیچ رێکەوتنێک.

بەرپرسانی پیشەیی سوپای تورکیا پێیان باشە پەنا بۆ فڕۆکە جەنگی و شەڕکەرەکانی روسیا بەرن چونکە لەگەڵ کەلتووری هێزی ئاسمانی خۆرئاوایی تورکیادا ناگونجێت تەنانەت رێکەوتنێکی لەو شێوەیە رەنگە کۆتایی بە ئەندامێتی ناتۆی تورکیا بهێنێت.

حەفتا ساڵ پێش ئێستا، لۆرد هیستینگز ئێسمای سکرتێری گشتی یەکەمی پەیمانی ناتۆ وتی، هاوپەیمانییەکە ئامانجی ئەوەیە «روسیا لە ئەوروپا دووربخاتەوە، ئەمریکا لە ئەوروپادا جێگیر بکات، ئەڵمانیاش لە ناو سنووری خۆیدا قەتیس بکات».

ئێستاش، دوای تێپەڕینی 70 ساڵ بەسەر دامەزراندنی پەیمانی باکووری ئەتڵەسیی ناسراو بە ناتۆ و تێپەڕینی 30 ساڵ بەسەر کۆتایی جەنگی سارد، وا دیارە تورکیای خاوەن دووەم گەورەترین سوپا لە دوای ئەمریکا، بە جددی بیر لەوە دەکاتەوە پەیمانەکە جێبهێڵێت، کە رەنگە ببێتە سەرەتای کۆتایی گرنگترین هاوپەیمانیی سەربازی لە مێژووی هاوچەرخدا.

 72 جار بینراوە