سەرەکی » وتار » قسەی کۆتایی هەر بۆ میللەت دەبێت

پەشمەک

قسەی کۆتایی هەر بۆ میللەت دەبێت

ڤینۆس فایەق

(32)

هەناوی کوردایەتی هەناوێکی بەکرێگیراو نەبوو بۆ ئەوەی ستەمکار بخاتەوە، مەدرەسەی کوردایەتی مەدرەسەیەکی ناڕەسەن نەبوو زاڵم دەرچوێنێ. میللەتی کوردی ستەمدیدەی خاوەن مێژوویەکی پڕ لە خەبات و قوربانیدان لە پێناوی خاک و ئازادیی قسەکردن و دەربڕین و کەرامەتێکی پارێزراو، شایستەی توندوتیژی و لغاوکردن و ریسواکردن و بەمێگەلکردن نییە، ئادەمیزاد کە لە دایک دەبێت، ستەمکاری و ئاژاوەگێڕی و زوڵم و زۆرداری لەگەڵ خۆی ناهێنێ، بەڵکو وەریدەگرێ لە دەوروبەرییەوە، ئەوەشی بەردەوامی پێدەدات ویست و بەرژەوەندییەکانیەتی، هەروەک کە دێتە دونیاوە زەلیلی و بێکەرامەتی و بێئیرادەیی پێ نییە، بەڵکو وای لێدەکرێ بێئیرادە و بێ کەرامەت و زەلیل بێت، بەڵام ئەوەی بەردەوامی بەمەشیان دەدات ویست و بەرژەوەندییەکانی ئەویترە، هەموو ئازادییەکی رەها سنوور تێدەپەڕێنێت و ئازادی ئەوانیتر دەخاتە مەترسییەوە، هەروەک هەموو دەسەڵاتێکی رەها ستەمکار و زۆردار دروستدەکات، لەبەرانبەریشدا زوڵم و ستەم خەڵک تووڕەتر دەکات و سنووری بەرگەگرتنیان دەشکێنێ. مێژووی مرۆڤایەتی پڕیەتی لەو دەسەڵاتانەی میللەت خۆی هێناونی و دواتر بوونە ستەمکار، گوتەیەک هەیە دەڵێ: «ئەوەی بە پشتبەستن بە گەمژەیی خەڵک دەگاتە تەختی دەسەڵات، گوێ بە فێرکردن و مەعریفە نادات، نەکا میللەت چاو بکاتەوە، چونکە دەزانێ کە میللەت چاوی کردەوە ئەو کۆتایی پێدێت « ئەوەی هەفتەی رابردوو لە میانەی خۆپیشاندانەکانی خوێندکاراندا روویدا، ئەوەی دووپاتکردەوە بۆشاییەکی ئێجگار گەورە و باوەڕپێنەکراو لە نێوان دەسەڵاتی حوکمداری و خەڵکدا هەیە، ئەوان کە داوای مافی خۆیان دەکەن و بریتییە لە دەرماڵە و خوێندنی خۆڕایی، کەچی ئەوان کە بێگومانم کوڕێک یان کچێک، خوشکێک یان برایەکیان هەیە رەنگە لە ریزی خۆپیشاندەرا بن، ئامادە نەبوون لە ریزی خەڵکدا بن، ئەمەش وایکرد هێزی پۆلیس ئامادە نەبوو ببێتە پەرژینێکی ئاشتییانە بۆیان بۆ ئەوەی دەنگیان بگەیەننە دامودەزگا بەرپرسەکان. ئەمە لێکەوتەی بەخۆڕەوابینینی دەسەڵاتێکی رەهایە لە کۆتاییدا هەمیشە هاووڵاتی ئاسایی کردۆتە ئامانج و هەموو بیردۆزەکانی دیموکراسی و کۆمەڵگای مەدەنی پووچ و بەتاڵ دەکاتەوە، تێکەڵکردنی دەستی حزب لەناو دامودەزگای دەوڵەت دەزگایەکی وەکو پۆلیس دەکاتە دەزگایەکی داپڵۆسێنەر، دوورنەخستنەوەی دەستی حزب لەناو زانکۆکان، پرۆسەی خوێندن ئیفلیج دەکات و دەبێتە مەکینەیەک بۆ بەرهەمهێنانی ئەقڵیەتێکی پارادۆکسی ترسناک کە لە هیچ شتێک رازی نابێت.

ئێستا ئیتر لە دوای هەموو ئەو رووداوە ناشیرینانەی کە روویاندا باشترە ئیتر دەسەڵاتدارانی کوردستان باس لە ئاشتەوایی و ئارامی و دیموکراسی و خۆشگوزەرانی نەکەن، لە کاتێکدا ئەوان بە توندوتیژی وەڵامی خۆپیشاندان دەدەنەوە، هەمیشە مێژووش شاهیدی ئەوەیە لەو جۆرە خۆپیشاندانانەدا خەڵکی هەلپەرست، هێزی فەرهوود و خەڵکی بەکرێگیراو ئاژاوەگێڕ تێکەڵ بە خۆپیشاندەران دەکرێن بۆ بەلاڕێدا بردنی خۆپیشاندانەکە و هەڵگێڕانەوەی راستییەکان و شێواندنی رووداوەکە. ئەگەر خۆپیشاندان دەیان بەهانەی هەبێت، بەکارهێنانی توندوتیژی دژ بە خۆپیشاندەران لە هەرێمێکدا زۆرترین خوێنی لە پێناوی ئازادیدا بەخشیوە هەرگیز هیچ بەهانەیەکی نییە، چونکە هەموو توندوتیژییەکی دەزگای پۆلیس لە کاتی خۆپیشاندانێکی لەوجۆرەدا ئاوێنەی فەلسەفەی حوکمڕانییە لەو هەرێمەدا. باوەڕی تەواوم بەوە هەیە هیچ کات هیچ حوکمدارێک لە هیچ وڵاتێکدا رووی راستەقینەی ئەو وڵاتە پیشانی دەرەوە نادات، ئەو تەنها دەتوانێت نوێنەری بەرژەوەندییەکانی خۆی بێت، بەڵکو ئەوەی رووی راستەقینەی میللەتێک بۆ جیهان دەگوێزێتەوە مومارەساتی دەسەڵاتدارانە لەبەرامبەر خۆپیشاندەراندا و ئەوەی لەو مییانەیەدا روودەدات و ئەنجام و لێکەوتەکانی، دواجار دەمێکە باوەڕمهێناوە هیچ بیردۆزێکی ناڕەزایی و دەنگ هەڵبڕین و خۆپیشاندان چیدی ئەو ئێلیمێنتانە نین کاریگەرییان لەسەر هیچ دەسەڵاتێک هەبێت کە باوەڕی بە ئازادی قسەکردن و دەربڕین نەبێت، ئیتر یەک چارەسەر دەمێنێتەوە بۆ دەسەڵاتێک کە رێز لە هیچ قانونێک ناگرێ لە پێناوی بەرژەوەندی خۆیدا، قسەی کۆتاییش درەنگ یان زوو هەر بۆ میللەت دەبێت.

venusfaiq@hotmail.com
گۆشەیەکی گشتییە هەفتەی جارێک بڵاودەبێتەوە

 189 جار بینراوە