سەرەکی » زانست » قاوە لە نێوان خواردنەوە و فاڵگرتنەوەدا

قاوە لە نێوان خواردنەوە و فاڵگرتنەوەدا

نووسینگەی كەركوك، هێمن ئەحمەد

قاوە تام و چێژی تایبەتی خۆی هەیە كە لە نێو جیهاندا رەنگ و بۆی تایبەتی ئەو وڵاتانەی پێ دەناسرێتەوە كە بەناوبانگن بە بەرهەم هێنانی.

قاوە لەگەڵ چای لەو شلەمەنییانن كە هەر لە سەردەمانێكی زووەوە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاشنایان بوون و زۆر گرنگن بۆ هێور كردنەوەی ئاوەزو هەست و دڵی مرۆڤ.

شێوەكانی قاوە
خواردنەوەی قاوە بە جۆرەها شێوە دەخورێتەوە، لە سەرەتای سەرهەڵدانیدا بە سادەیی دەخورایەوە، بەڵام لە دوای پێشكەوتنی مرۆڤایەتیدا بە جۆرەها شێوە دەخورێتەوە و تێكەڵ بە جۆرەها بەرهەمی نایاب وەكو گوێز و بادەم و قەزوان دەکرێ و ئامادە دەكرێت بۆ خواردنەوە.

قاوە و بازرگانی
قاوە بەرهەم هێنانێكی بازرگانی گرنگە و لە سەردەمە جیاجیاكاندا بە جۆرەها شێوە ئامادە كراوە، هەروەها قۆناغی بۆ دیاری كراوە بە هاڕین و پاككردن و كوڵاندن و رێكخستنی بەشێوەیەكی ئەوتۆ كە لەگەڵ ئارەزووی خواستی مرۆڤ بگونجێت.

قاوە و فاڵگرتنەوە
لەهەمانكاتدا كە خواردنەوەیەكی بەتامە، مرۆڤ خەیاڵی خۆشی بۆ دنیا بینینی دوا رۆژی لە چوار چێوەی فاڵدا لە نێو خواردنەوەی قاوەدا چڕكردۆتەوە كە دەگەینە ئەو ئەنجامەی خواستی بەتامییەكەی خەیاڵ و دەروونی مرۆڤی راكێشاوە بۆ فاڵگرتنەوە كە هیچ بنەمایەكی راستی تێدا نییە.

فاڵگرتنەوە هەر چەندە مێژوویەكی دوورو درێژی هەیە كە فاڵگر جۆرەها كەرەستەی بەكار هێناوە، بەڵام زیاتریان بەتایبەتی ئافرەتە فاڵگرەوەكان پەنا بۆ پاش خواردنەوەی قاوە دەبن بۆ فاڵگرتنەوە كە خۆی دەبینێتەوە لە كۆمەڵێك هێڵ و چوار گۆشە و سێ گۆشەی ناوەوەی فنجانی قاوەكە كە بەشێوەیەكی ئەوتۆ چڕ دەكرێنەوە كە فاڵگر سەرنجی مرۆڤ بە خەیاڵ دەباتە نێو فنجانی قاوەكە و سەرنجت بۆ خەیاڵێكی فراوان رادەكێشێت كەهەندێ جار بەڕاست دونیا بینیەكانت لە سەری رۆنادەكەیت و بەڕاست لێی دەڕوانی و پێی خۆشحاڵ دەبێت.

وڵاتانێكی زۆر بەناوبانگن بە قاوە
لەم بارەیەوە رێبین عەلی، خاوەنی كۆفی تایم لە بازاڕی رەحیماوای شاری كەركوك، بە كوردستانی نوێی راگەیاند: ئەگەر سەیری جۆر و شێوە و بەناوبانگی قاوە بكەین لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، قاوەی عەرەبی و توركی زۆر بەناوبانگن كە لە وڵاتی توركیاش لە بیستەكانی سەدەی رابردوودا قاوەی عوسمانی هەبوو كە بنەڕەتی ئەم قاوەیەش قاوەی كوردی بوو، كە لەلایەن كوردانی باكوورەوە بەرهەم دەهێنرا بەتامو بۆنی قەزوان زۆر بەناوبانگ بوو كە دەنێردرایە وڵاتەكانی ئەوروپا و گرنگی خۆی هەبوو، كە ئەم جۆرە قاوە كوردییەش لەلای عەرەب بەناوبانگ بووە.

بەرهەم هێنانی قاوە
وتیشی: لە ئێستادا قاوە زۆری لە وڵاتانی (بەرازیل، كۆڵۆمبیا، ئەمریكای لاتین) بەرهەم دەهێنرێت. خواردنەوەی قاوەش لە هەریەكە لە وڵاتانی (شام، ئوردن، لوبنان، میسڕ، سوریا، عیراق)، دەخورێتەوە و پێویستیەكی رۆژانەیە، لەڕووی بەناوبانگیشەوە ئوردن جۆرە قاوەیەكیان هەیە بەناوی بون (العمید) كە بە چەند جۆرێك بەناوبانگە، سعودیەش چەند قاوەیەكیان هەیە كە رەنگی زەرد باوە كە زەعفەرانی تێكەڵ دەكەن و بە قاوەی سپی بەناوبانگە، هەروەها بە ناوبانگترین قاوەی دەنكدار لە یەمەن هەیە و لە وڵاتی ئیتاڵیا دەبرژێندرێت، وڵاتی كۆلۆمپیا جۆرە قاوەیەكی زۆر تاڵی هەیە، هەروەها قاوەی بەناوبانگ لە بەرازیل و ئەفریقا و غینیاش هەیە كە تام بۆنی تایبەتی خۆیان هەیە.

قاوەی عەرەبی و توركی و فاڵ
هەروەها دەربارەی فاڵ و گرتنەوەی فاڵ بەقاوە، خاوەن ئەو كۆفیەیە ئاماژە بۆ ئەوە دەكات و دەڵێت: بۆ فاڵ و گرتنەوەی فاڵ زیاتر قاوەی عەرەبی و توركی بەكار دەهێنرێت، بۆ نموونە قاوەی بەرازیلی بۆ گرتنەوەی فاڵ بەكار ناهێنرێت، وتیشی کە من رێگە بەفاڵگرتناوە نادەم لە کافیەکەمدا، باسی لەوەشكرد لە شارێكی وەكو كەركوكدا قاوەخانە زۆر كەمن بەتایبەتی گەنجان و لاوان زیاتر ئارەزووی كافتریاكان دەكەن، بەڵام ئەوانەی سەردانی كۆفیەیەكەی من دەكەن زیاتر بەساڵاچوان و ئەوانەی لە رابردوودا ئارەزووی قاوە خواردنەوەیان كردووە و لە ئێستاشدا بە هەمان شێوە پێشوازی لە خواردنەوەی دەكەن.

برژاندنی جۆرەكانی قاوە
هەر لەوبارەیەوە فەرەیدون گەڵاڵی، خاوەنی قاوەخانەی دارۆ، لەسەر خواردنەوەی قاوە پێی راگەیاندین: بنەڕەتی قاوەی بەناوبانگ قاوەی بەرازیلییە، بەڵام لەڕووی برژاندن و ئامادە كردنیەوە وڵاتی ئیتاڵیا لە هەمووی بەناوبانگترە و نزیكەی 33 ماركەی بەرهەم هێنانی قاوەیان هەیە لە جۆرەكانی: لاڤازە، سوپەر كرێم، مارۆ، كیندا، لە ئێستادا وڵاتی ئیتاڵیا لە هەوڵداندایە بۆ بەرهەم هێنانی، كێڵكەی تایبەتی لە لایەن خۆیانەوە و بەرهەمێكی بەرچاویان هەیە لەو رووەوە.

 136 جار بینراوە