سەرەکی » زانست » چی لەبارەی ماری كورییەوە نازانیت؟

چی لەبارەی ماری كورییەوە نازانیت؟

كەشتیی نوح

ماری كوری یەكێكە لەو ژنە زانایانەی كە لە دوو بواری جیاوازی زانستیدا كاریكردووە و بە هۆی كارەكەشییەوە بۆ هەمیشە ناوی لە مێژوودا بە درەوشاوەیی دەمێنێتەوە.

ناوی تەواوی (ماریا سكۆودوفسكا)یە و لە 7ی تشرینی دووەمی ساڵی 1867 لە شاری وارشۆی پۆلەندا لە دایك بووە كە ئەو كات ئەو وڵاتە سەر بە روسیا بووە و ناوی (فستولا) بووە، دواتر بووەتە خاوەن رەگەزنامەی فەرەنسیی.

ئەم خانمە بە پێشەنگ لە بواری توێژینەوەكانی لەسەر مادە تیشكدەرەكان ناسراوە و لەگەڵ پییار كوری مێردیدا توێژینەوەیان كردوە لە بواری چالاكیی تیشكدەرەوەكان و توانیویانە هەردوو توخمی كیمیایی رادیۆم و پۆلنێۆم بدۆزنەوە.

یەكەمین ژنەدوو جار خەڵاتی نۆبڵ بۆ دوو بواری جیاواز وەربگرێت، جارێك بە هاوبەشی لەگەڵ مێردەكەی لە بواری فیزیا و ساڵی 1911ش بە تەنها بووە خاوەن خەڵاتی نۆبڵ لە بواری كیمیادا.
یەكەمین ژنە بگاتە پلەی مامۆستای زانكۆ و لە زانكۆی پاریسی فەرەنسا وانەی وتووەتەوە.

یەكەمین خانمە زانایە كە سەرپەرشتیی توێژینەوەیەكی كردووە سەبارەت بە چارەسەركردنی لووەكان بەتیشك.

خێزانەكەی ماری كوری یەكەمین خێزانن كە سێ خەڵاتی نۆبڵیان وەرگرتبێت، چونكە ئیرین جۆلیۆی كچیان و مێردەكەشی لە ساڵی 1935دا بە هاوبەشی بوونە خاوەن خەڵاتی نۆبڵ.

ماری كوری خاوەنی تیۆری چالاكیی تیشكدەرەوەكانە و زاراوەی چالاكی تیشكدانەوە یەكێكە لەو زاراوانەی ئەو دایناوە و هەندێك تەكنیكیشی داهێناوە بۆ جیاكردنەوەی لەیەكچووە تیشكدەرەكان.

لە كاتی جەنگی یەكەمی جیهانیدا یەكەمین سەنتەری تیشكیی سەربازیی كردووەتەوە، لەگەڵ ئەوەی كە ئەم خانمە رەگەزنامەی فەرەنسیشی پێدراوە، بەڵام هەرگیز ناسنامە پۆلەندییەكەی خۆی بیر نەچووەتەوە و كاتێك لە ساڵی 1898دا لەگەڵ پییار كوری مێردی توخمێكی كیمیایی نوێ دەدۆزیتەوە بەناوی وڵاتەكەی (پۆلەندا) ناوی دەنێت پۆلنیۆم، هەروەها دەبێتە ئەندامی رێكخراوی پۆلەندای ئازاد و لە ساڵی 1932شدا پەیمانگایەك بۆ چارەسەركردن بە رادیۆم لە شاری وارشۆ دادەمەزرێنێت كە ئێستاش ماوەو ناوەكەی گۆردراوە بۆ (پەیمانگای ماریا سكۆودۆفسكا كۆری بۆ لووەكان).

ئەم خانمە زانایە لە ساڵی 1934 و لە تەمەنی (66) ساڵیدا بە هۆی ئەو تیشكە زۆرەی بۆ ماوەی چەندین ساڵ لەكاتی توێژینەوەكانیدا بەریدەكەوت توشی نەخۆشییەكی خوێن بوو و هەر بەو هۆیەشەوە كۆچی دوایی كرد و لە گۆڕستانی كەسایەتییە مەزنەكانی فەرەنسا نێژدراوە.

ئەوەی لە دوای مردنەكەی نەزانراوە
دوای ئەوەی ماری كوری كۆچی دوایی كرد تەرمەكەی خرایە تابوتێكی لە قورقوشم دروستكراو، تا ئەمڕۆش هەموو كاغەز و پێداویستیەكانی نووسینی بە كتێبی چێشت لێنانە كەشییەوە لە سندوقی روكەش كراو بە قورقوشم پارێزراون، چونكە لاشەكەی و كەلوپەلەكانی و تەنانەت دەسكی دەرگاكانی ماڵەكەشی ئاستێكی بەرزی تیشكیان پێوە ماوە لەو شتانەن كە بە تیشكی مەترسیدار پیسبوون و وەك زانایان مەزەندەی دەكەن رەنگە مەترسی تیشكدەرەوەكان تا 1500 ساڵ بمێنن.

هەر بۆیە ئەو كەسەی بیەوێت سەیری دەستنووسەكانی بكات جگە لەوەی دەبێت پۆشاكی تایبەت بە خۆپارێزی لە تیشكە زیانبەخشەكان بپۆشێت، پێویستیشە بەڵگەنامەیەكی تایبەت ئیمزا بكات كە لێپرسراوێتی هەر زیانێك بگرێتە ئەستۆی كە لە ئەنجامی بەركەوتنی ئەو تیشكانەوە تووشی دەبێت، بۆیە مادەی قورقوشمیش بەكار دەهێنرێت، چونكە ئەو تیشكە زیانبەخشانە هەڵدەمژێت و رێ لە دزەكردنیان دەگرێت، لەبەر ئەوەی تیشكدانەوە لە رووی كیمیاییەوە بە هۆی توخمە ناجێگیرەكانەوە روودەدات ئەو تیشكانە دەردەدات تا دەگاتە قۆناغی جێگیربوون.

ماری كوری ئەندام بووە لە ئەكادیمیای شاهانەی سوید بۆ زانست و ئەكادیمیای روسیا بۆ زانست و ئەكادیمیای نیشتمانی پزیشكیی.

ئەو خەڵاتانەی پێبەخشراوە
خەڵاتی نۆبڵ بۆ فیزیا 1903
مەدالیای دیڤی 1903
مەدالیای ماتیوچی 1904
خەڵاتی نۆبڵ بۆ كیمیا 1911

سەرچاوە: نساء غیرن مجری التاریخ

 152 جار بینراوە