سەرەکی » مانشێت » ״لەمەودوا وەك هێزی پێشمەرگە پلان و ستراتیژی خۆمان دەبێت بۆ پاراستنی زیاتری هەرێم و سەلامەتیی گیانی پێشمەرگە״

״لەمەودوا وەك هێزی پێشمەرگە پلان و ستراتیژی خۆمان دەبێت بۆ پاراستنی زیاتری هەرێم و سەلامەتیی گیانی پێشمەرگە״

بافڵ جەلال تاڵەبانی، لە دەباشان لەگەڵ ژمارەیەك لە فەرماندەكانی هێزی پێشمەرگە و دەزگا ئەمنییەكان كۆبۆوە بۆ تاوتوێكردنی بارودۆخی ئەمنی ناوچە كێشەلەسەرەكان و ئەو سنوورانەی بۆشایی ئەمنییان هەیە، چەند بڕیارێك دران لەپێناوی ئاسایش و ئارامیی زیاتر و پاراستنی سەروماڵی هاووڵاتیان و روبەڕوبوونەوەی پاشماوەكانی داعش.

لە كۆبوونەوەكەدا، كە سەرپەرشتیار و فەرماندەی هێزەكانی حەفتا ئامادەیبوون، بافڵ جەلال تاڵەبانی، دووبارە پرسە و سەرەخۆشی و هاوخەمیی قووڵی خۆی دەربڕی بۆ شەهیدبوونی ژمارەیەك پێشمەرگەی قارەمان و هیوای زوو چاكبوونەوەشی بۆ برینداران خواست.

لە كۆبوونەوەكەدا بە وردی هەڵسەنگاندن بۆ دۆخی ئەمنیی ئەو سنوورانە كرا، كە بۆشایی ئەمنی تێدایە، دوای گفتوگۆكردن و راگۆڕینەوە لەسەر میكانیزمەكانی روبەڕوبوونەوەی پاشماوەكانی داعش و پاراستنی هەرێمی كوردستان، چەند بڕیارێك دران لەپێناوی ئاسایشی زیاتری هەرێمی كوردستان، لەو رووەوە بافڵ جەلال تاڵەبانی، روونیكردەوە چەندینجار هۆشداریمان داوە بە حكومەتی عیراق و هێزەكانی هاوپەیمانان لە مەترسیی جموجوڵەكانی پاشماوەكانی داعش و سوودوەرگرتنیان لەو ناوچانەی بۆشایی ئەمنییان تێدایە، بۆیە ئێمە لەمەودوا وەك هێزی پێشمەرگە پلان و ستراتیژی خۆمان دەبێت بۆ پاراستنی زیاتری هەرێمی كوردستان و سەلامەتیی گیانی هێزی پێشمەرگە، چونكە چۆن خەممان ئارامی و ئاسایشە، پێویستە گیانی هێزەكانی پێشمەرگە و كارمەندانی دەزگا ئەمنییەكان لە ئاسایش و دژەتیرۆر و هێزەكانی ناوخۆش بپارێزین،

كە ئەمەش بە دابینكردنی پێداویستییەكانیان دەبێت.
بافڵ جەلال تاڵەبانی، فەرماندە و تەواوی هێزە ئەمنییەكانیشی راسپارد كار بەو بڕیارانە بكرێت و چاوكراوەتربن لە بەرامبەر مەترسییەكانی تیرۆریستان سڵ نەكەنەوە، بە توانا سەربازی و ئەمنییەكانیان ئارامی و ژیانی خەڵك بپارێزن و وەك هەمیشە گیانفیدابن لەپێناوی ژیانی خەڵك و ئاسایشی هەرێمی كوردستان.

 1,230 جار بینراوە