سەرەکی » ئابووری » زۆرترین چالاكی بازرگانی و ئابووری لە هه‌رێم به‌ڕێوه‌ده‌چێت

زۆرترین چالاكی بازرگانی و ئابووری لە هه‌رێم به‌ڕێوه‌ده‌چێت

دوای نزیكه‌ی دوو ساڵ له‌كه‌مبوونه‌وه‌ و سنوورداربوونی سه‌ردانی وه‌فدی بازرگانی و ئابووریی وڵاتان بۆ هه‌رێمی كوردستان، بڕیاره‌ له‌ساڵی داهاتوودا ژماره‌یه‌كی زۆر له‌كۆمپانیاكانی ده‌ره‌وه‌ په‌یوه‌ندییه‌كانیان له‌گه‌ڵ كۆمپانیا و ژووره‌كانی بازرگانی و پیشه‌سازییه‌كانی هه‌رێم ده‌ستپێبكه‌نه‌وه‌ و چه‌ندین كۆنفراس و پێشانگەی ئابووری و بازرگانی بەڕێوەبجێت.

ئه‌سكه‌نده‌ر ‌محه‌مه‌د، به‌ڕێوەبه‌ری راگه‌یاندنی ژووره‌كانی بازرگانی و پیشه‌سازیی هه‌رێم، به ماڵپەڕی‌(PUKmedia)ی راگه‌یاندووە: به‌گوێره‌ی ئه‌و پلان و به‌رنامەیە‌ی دانراوه‌، بڕیاره‌ بۆ ساڵی داهاتوو 2022، ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ كۆمپانیا و وه‌فدی بازرگانی و ئابووریی وڵاتان، سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن، تا به‌هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ كۆمپانیاكانی ناوخۆ به‌شداریی له‌ كۆنفرانس و پێشانگە ئابووری و بازرگانییه‌كان بكه‌ن.

وتیشی: «ئه‌و وڵاتانه‌ی له ‌ساڵی داهاتوودا له ‌هه‌رێم چالاكی ئابوورییان دەبێت بریتین لە: (وڵاتانی كه‌نه‌داو، به‌ریتانیا، توركیا، پاكستان و ئیمارات) و چه‌ند وڵاتێكی تر، كه‌ پێشتر وه‌ك ئاماده‌كارییه‌ك وه‌فده‌كانیان سه‌ردانی ژووره‌كانی بازرگانی و پیشه‌سازیی هه‌رێمی كوردستانیان كردووه»‌.

راشیگه‌یاند: ئه‌و چالاكییه‌ بازرگانی و ئابوورییانەی بڕیاره‌ له ‌ساڵی داهاتوودا له ‌هه‌رێم بکرێت، لە دوای رێكاره‌كانی خۆپارێزی له‌ ڤایرۆسی كۆرۆنا، به ‌گه‌وره‌ترین چالاكی ساڵ داده‌نرێت، ئه‌گه‌ر هیچ پێشهاتێكی نه‌خوازراو نەیەته‌پێشه‌وه‌.

پێشیوابوو: ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی كۆنفرانس و كردنه‌وه‌ی پێشانگە ئابووری و بازرگانییه‌كان له‌لایه‌ن كۆمپانیاكانی ناخۆ و ده‌ره‌وه‌، كاریگه‌ری باشی ده‌بێت له‌سه‌ر جموجۆڵی بازرگانی و ره‌خساندنی ده‌رفه‌تی كار له‌ ناوخۆی كوردستان و به‌هێزبوونه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیی نێوان هه‌رێم و وڵاتان له‌ رووی ئابوورییەوە‌.

 197 جار بینراوە