سەرەکی » هەواڵ » رێكخراوی كۆچی نێودەوڵەتی: رێژەی كۆچ زیادیكردووە

رێكخراوی كۆچی نێودەوڵەتی: رێژەی كۆچ زیادیكردووە

سەرەڕای لێكەوتەكانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، بەو رێكارانەشەوە كە رێگری لە زۆر كەس گرت بۆ پەڕینەوە لە سنووری وڵاتان، ساڵی رابردوو رێژەی كۆچ لەسەر ئاستی جیهان زیادیكرد.

لە راپۆرتێكی رێكخراوی كۆچی نێودەوڵەتیدا كە ئاژانسی هەواڵی فەرەنسا بڵاویكردۆتەوە، ئاماژە بەوەدراوە: لە ساڵی 2020 دا ژمارەی كۆچەران لەسەر ئاستی جیهان گەیشتە 281 ملیۆن كەس، ئەو ژمارەیەش 3.6 % ژمارەی دانیشتوانی جیهان پێكدەهێنێت، لەكاتێكدا ساڵی 2019 ژمارەی كۆچەران 272 ملیۆن كەس بوو، كە رێژەی 3.5 %ی دانیشتوانی جیهانی پێكدەهێنا.

ئاشكراشیكردووە: ئەگەر رێكارەكانی بەرگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا نەبوایە، كە ئاستەنگی زۆری بۆ هاتوچۆی خەڵك لە نێوان وڵاتاندا دروستكرد، ساڵی رابردوو یەك ملیۆن كۆچەری تر تۆمار دەكرا.

ماری ماك ئولیف ئامادەكاری راپۆرتەكە دەڵێت: بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا جیهانی گۆڕی ‌و لە هەموو روویەكەوە كاریگەریی نێگەتیڤی لەسەر كۆچ ‌و هاتوچۆی خەڵك هەبووە.

هاوكات ئامارەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان ئاماژە بە زۆربوونی كۆچكردنی ژمارەی خەڵك دەدەن لە ناو وڵاتەكانی خۆیاندا لە ساڵی رابردوودا، ئەوەش بەهۆی كارەسات ‌و ململانێ ‌و توندوتیژییەوە، كە ساڵی 2020، نزیكەی 40 ملیۆن ‌و 500 هەزار كەس لە ناو وڵاتانی خۆیاندا ئاوارەبوون، بەڵام ساڵی پێشتر 31 ملیۆن ‌و 500 هەزار كەس ئاوارەبوون.

 107 جار بینراوە