سەرەکی » دۆسێ » سامانە دۆزراوەکە ئایندەیەکی جیاواز بۆ ئەفغانستان دروستدەکات؟

لە سەردەمی تلیاکەوە بۆ دۆزینەوەی لیسیۆم

سامانە دۆزراوەکە ئایندەیەکی جیاواز بۆ ئەفغانستان دروستدەکات؟

گەیلان عەلی

دوای نزیکەی چوار دەیە لە داگیرکاری و شەڕی دەرەکی و ناوخۆیی، ئەفغانستان بەرەو داهاتوو دەڕوات بەڵام لە بەردەم دووڕیانێکدایە و دەبێت زوو بە زوو خۆی یەکلابکاتەوە.

سڕینەوەی بزووتنەوەی تالیبان
لە ماوەی دوو دەیەی دەستێوەردانی سەربازیدا، ئەمریکا شکستیهێنا لە سڕینەوەی بزووتنەوەی تالیبان لە دیمەنی سیاسیی ئەو وڵاتەدا، ئەو بزووتنەوەیە جارێکی تر گەڕایەوە بۆ حوکمڕانی و دەیەوێت خۆی لە ژێر تەپوتۆزی ئایدۆلۆژیادا دەرباز بکات و سوود لە واقیعی سیاسی و هاوکێشەی نێودەوڵەتیی نوێ وەربگرێت.

ئەوەی جیاواز دیارە و رەنگە کاریگەریی هەبێت لەسەر ئایندەی ئەفغانستان و تێڕوانینی جیهان بەرامبەری، دۆزینەوەی سامانێکی کانزایی گەورەیە کە بەرژەوەندییە نێودەوڵەتییەکان لەسەر بنەمای ئەولەویاتی ئابووری، رەنگە رۆڵی خۆیان لە دیاریکردنی سروشتی ململانێی داهاتووی ئەو سەرزەمینە دیاری بکەن.

واتە ئێستا مشتومڕەکە ئەوەیە، دۆزینەوەی سامانێکی کانزایی گەورە لە هەندێک ناوچەی ئەفغانستاندا، ئەو وڵاتە لە وڵاتی شەڕ و تلیاکەوە دەگۆڕێت بۆ وڵاتی لیسیۆم و دەوڵەمەندی؟

سروشتێکی سەخت و دژوار
لەگەڵ شاخە بەرزەکانی و جوگرافیا سەختەکەی کە رووبەری 652 هەزار کیلۆمەتری چوارگۆشەی داپۆشیوە، ئەفغانستان وڵاتێکی داخراوە و بە دەست سروشتێکی سەخت و دژواریشەوە گیری خواردووە.

تەنانەت تۆپۆگرافیا پەیوەندیی نێوان پێکهاتە کۆمەڵایەتییە خێڵەکییەکانی داڕشتووە و خەسڵەتی گشتی دانیشتوانەکەشی جێگیر کردووە و بۆتە ناسنامەی وڵاتەکە لە هەموو سەردەمێکدا.

پێگەی ئەفغانستان لە سەر رێگەی هاتوچۆ و بەریەکەوتنی شارستانییە گەورەکانی جیهانی کۆندا، هۆیەک بووە بۆ ناکۆکی و شەڕی ئیمپراتۆریەتەکان لەسەری، کە لە سەردەمانێکی کۆنەوە بۆ سەردەمی مۆدێرنە درێژ بۆتەوە.

هەوڵەکانی بەریتانیا لە سەدەی 19 و پاشان داگیرکاریی سۆڤیەت لە 1979 بۆ 1989 و پاشان ئەمریکا لە 2001 بۆ 2021 سەرکەوتوو نەبوون لە داگیرکردن و چۆکدادان بەو وڵاتە هەژارەی شەڕ پارچە پارچەی کردووە و بڕستی لێبڕیووە.

بەرهەڵستیی توند و خوێناویی
شاڵاوی داگیرکاریی سۆڤیەت (1979-1989) لە گەرمەی شەڕی سارددا، رووبەڕووی بەرهەڵستیی توند و خوێناویی ئەفغانییەکان بۆوە، پاشان به شکستێکی گەورەوە پاشەکشەی کرد.

ئەو حکومەتەی سۆڤیەت لە کابول دایمەزراند بە سەرۆکایەتی محمد نەجیبوڵڵا (1987-1992) نەیتوانی زیاتر لە 3 ساڵ خۆی بگرێت. تا ئەو کاتەی بزووتنەوەی تاڵیبان دامەزرا و لە وڵاتێکی تەژی لە پێکهاتەی نەتەوەیی و سیاسی و ئاینی و خێڵەکیدا سەرکەوتنی گەورەی بە دەستهێنا و لە ساڵی 1996 دا کابولی پایتەختی کۆنترۆڵ کرد.

لە دوای هێرشەکانی 11ی سێپتەمبەری 2001، ئەمریکا بزووتەنەوەکەی تۆمەتبار کرد بە داڵدەدانی قاعیدە تا بە هاوکاریی هەندێک وڵاتی خۆرئاوا رژێمی تالیبانی روخاند و ئەفغانستانی داگیرکرد و بۆ ماوەی 20 ساڵ مایەوە.

دوای چەند گەڕێکی دانوستاندن، واشنتۆن و بزوتنەوەکە لە شوباتی 2021دا رێکەوتنێکیان ئیمزا کرد تالە ئەیلولی 2021دا وڵاتەکە بەجێبهێڵن، بەڵام پێش تەواوبوونی ماوەکە، ئەمریکا رۆیشت، پاشان بە ماوەیەکی کورت سوپای ئەفغانستان و حکومەتی کابول هەرەسیان هێنا.

هەرچەندە وڵاتێکی داخراوی گیرۆدەی ناوچە سەختەکانە، بەڵام ئەفغانستان پێگەیەکی هەستیار و گرنگی جیوستراتجیی گەورە لە ئاسیای ناوەڕاستدا داگیر دەکات، کە دەکەوێتە ناوەڕاستی ناوچە سەرەکییەکانی ئاسیاوە، وەک ئاسیای ناوەڕاست، باشوور و باکووری کیشوەرەکە و هەروەها خۆرئاوا و خۆرهەڵاتەکەی.

رێگەی ئاوریشمیی کۆن
هەروەک ئەفغانستان یەکێکیش بووە لە خاڵە سەرەکییەکانی رێگەی ئاوریشمیی کۆن، هەروەک سنووری هاوبەشی هەیە لەگەڵ چین (تەنها 76 کم) و وڵاتانی یەکێتی سۆڤیەتی پێشوو (تاجیکستان، ئۆزبەکستان و تورکمانستان) و هەروەها ئێران و پاکستانیش.

ئەم پێگە گرنگە، لەگەڵ بونیادێکی لاوازی پێکەوەژیانی پێکهاتەی سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان، هەروەها نەبوونی هیچ سەروەت و سامانێکی سەر زەویی سەلمێنراو (تا ئەم ماوەیەی دوایی)، ئەفغانستانی کردۆتە جێگەی سەرنج و چاوتێبڕینی وڵاتانی زلهێز.

هەروەک بۆتە شوێنێکیش بۆ ساغکردنەوەی هەندێک ململانێی نێودەوڵەتی، ئەمانە هەموویان پێکەوە بۆ چەند دەیەیەک پشێوی و شەڕ و ئاژاوەی لەو وڵاتەدا قەوماندووە.

ئەوەی گرنگییەکی زیاتر بە ئەفغانستان دەدات ئەوەیە کە وەک راڕەوێکی گرنگ و شاراوە وایە بۆ هەناردەکردنی نەوت و گازی سروشتی لە ئاسیای ناوەڕاستەوە لە چوارچێوەی ململانێی نێودەوڵەتی لەسەر سەرچاوەکانی وزە و رێگەکانی گواستنەوە سەیر دەکرێت.

یەدەکێکی کانزایی گەورە
راپۆرتەکان تەئکید دەکەنەوە کە ئەفغانستان لە ئایندەیەکی نزیکدا دەبێتە خاوەنی یەدەکێکی کانزایی گەورە و پێگەیەکی گەورەش لەسەر ئاستی ناوچەکە و جیهان بەدەست دەهێنێت، بەڵام تا ئەو کاتەی ئەو خەونە دەبێتە راستی و واقیعێکی بەرجەستە، ئەو وڵاتە هەر لە خواری خوارەوەی ریزبەندیی وڵاتانی گەشەکردوو دەمێنێتەوە.

دەیان ساڵە، ئەفغانستان هەناسەیەکی بە ئارامی نەکێشاوە و نەپرژاوەتە سەر تا هەوڵ بدات بۆ چنینی شێوازێکی گەشەسەندنی دیاریکراو یان رێکخستنەوەی بارودۆخە ئابوورییەکەی.

شەڕ و ناکۆکی ناوخۆیی و داگیرکاریی بیانی ئەفغانستانی کردۆتە یەکێک لە وڵاتە هەژارەکان کە کەمترین ئاستی گەشەی ئابووریی هەیە لەسەر ئاستی جیهان.

تەنانەت ئەو تریلیۆن دۆلارەی ئەمریکاش لەو وڵاتە خەرجی کرد (زۆربەی خەرجیی سەربازی بوو) نەبووە مایەی ئارامی و سەقامگیری و دەربازبوون لە هەژاری و گەندەڵی، هەروەک نەبووە مایەی باشبوونی باری کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووری.

هەژاری و نائارامی
ئەوانە بۆ ئایندەن، بەڵام ئێستا شەڕی درێژخایەن و هەژاری و نائارامی ئەفغانستانی کردۆتە زەمینەیەکی لەبار بۆ چاندن و هەناردەکردنی مادە هۆشبەرەکان لەسەر ئاستی جیهان.

ئۆفیسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مادە هۆشبەرەکان لە ساڵی 2017دا بەرهەمی تلیاکی ئەفغانستانی بە بڕی 9.9 هەزار تۆن و 1.4 ملیار دۆلار خەمڵاندووە.ئەو دۆخە نالەبارە لە کاتێکدایە کە وەرچەرخان بۆ دۆخێکی باشتر و سوود وەرگرتن لەو هەموو سەروەت و سامانە خەمڵێنراوە، واتە دامەزراندنی پیشەسازیی کانزایی و دەرهێنانی پێویستی بە ژێرخانێکی ئابووریی پتەو و بە‌هێز هەیە کە لەو وڵاتەدا بەردەست نییە، ئەمە جگە لە شارەزایی و لێهاتوویی.

بەڵام ئەم دۆخە زۆر بێ ئومێدکەر نییە چونکە دەرگا لەسەر وەبەرهێنانێکی گەورە دەکاتەوە کە دەوڵەت و کۆمپانیا جیهانییەکان پێشبڕکێی لەسەر دەکەن. بۆیە کارە راستەکە ئەوەیە ئەو سامانە بخرێتە خزمەتی وڵاتەکە بۆ باشکردنی دۆخی ئەمنی و گۆڕینی سروشتی سیاسی و ئیداری و کۆمەڵایەتی و گەیشتن بە سەقامگیریی تەواوەتی.

ئەم دۆخەی کە ئێستا لە ئەفغانستان هەیە، دۆخێکی ئاڵۆز و بە یەکدا چووە و هەموو کەس بە باشی و روونی لێی تێناگات، ئەمریکا دوای ئەو هەموو ساڵە و خەرجکردنی ئەو هەموو پارەیە خەریکە بە تەواوەتی ئەفغانستان لە دەست دەدات، بە تایبەتی بە هۆی چین و پلان و بەرنامەکەی لە ئەفغانستانی سەردەمی تالیباندا.

چین و نیگەرانییەکانی ئەمریکا
لە کاتێکدا ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی باڵیۆزخانەکانیان لە کابول داخست و هێزە سەربازییەکانی خۆیان کشاندەوە، بەڵام چین، وەک روسیا و تورکیا و هەندێک وڵاتی دیکە، نوێنەرایەتی دیپلۆماسییان هێشتەوە.

لە کۆتایی مانگی حەوتی ساڵی 2021 دا، وانگ یی وەزیری دەرەوەی چین پێشوازیی لە وەفدێکی تالیبان کرد. دوای کۆنترۆڵکردنی کابولیش، باڵیۆزی چین لەگەڵ ئەمیرخان موتەقی وەزیری دەرەوەی حکومەتی تالیبان کۆبۆوە. چین بەڵێنی دا بڕی 15 ملیۆن دۆلار وەک هاوکاری مرۆیی بداتە حکومەتی نوێ.

پەکین هەنگاوی زیاتری ناوە و خاڵی زیاتری تۆمارکردووە لە رێکخستنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ فەرمانڕەوا نوێیەکانی ئەفغانستاندا، بێ گوێدانە جیاوازیی ئایدیۆلۆژی لەگەڵ تاڵیباندا، کە بێگومان هەوڵێکە بۆ پتەوکردنی هەژموون و کاریگەریی خۆی لە باشووری و ناوەڕاستی ئاسیادا.

لە بەرامبەردا، بزووتنەوەی تالیبان لە هەوڵی ئەوەدایە کە سوود لە چین ببینێت وەک هێزێکی گەورەی ئابووری و تەکنەلۆجی و سیاسی بۆ پشتگیری و پاراستن و گەشەپێدانی ئابوورییەکەی، بۆیە چانسی چین بۆ گەیشتن بە سامانە زۆر و گەورەکەی ئەفغانستان زۆر گەورەترە لەوەی واشنتۆن و هاوپەیمانەکانی هەیانە.

گەنجینەیەکی کانزایی بە بەهای یەک تریلیۆن دۆلار

لە ساڵی 2010دا وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا یاداشتێکی نهێنی و ناوخۆیی لە بارەی ئەفغانستان بڵاوکردەوە کە سایتی کوارتزی ئەمریکی بەشێکی ئاشکرا کرد.

لەو یاداشتەدا ئاماژە بەوە کراوە، ئەفغانستان زۆر دەوڵەمەندە بە لیسیۆم، هاوتای دەوڵەمەندیی عەرەبستانی سعودیەیە لە نەوتدا.

بەپێی ئەو سایتە، زەویناسانی ئەمریکی بۆیان ساغبۆتەوە کە سەروەتێکی کانزایی گەورەیان لەو وڵاتەدان دۆزیوەتەوە کە بەلایەنی کەمەوە بەهاکەی بە یەک تریلیۆن دۆلار دەخەمڵێنرێت.

کانزا دۆزراوەکە ناوی لیسیۆمە و تا دێت بەهای زیاتر دەبێت چونکە بە تایبەتی پێویستە بۆ پیشەسازیی ئۆتۆمۆبیلی کارەبایی و باتری و وزەی نوێبۆوە. ئەمە جگە لە کانزا گرنگەکانی تر وەک ئاسن و مس و کۆباڵت و زێڕیش لە سەرتاسەری وڵاتدا بڵاون.

بۆیە چاودێران پێیانوایە کە ئەم گەنجینەیە دەتوانێت باری ئابووریی ئەفغانستان بە شێوەیەکی بەرچاو بگۆڕێت.

 350 جار بینراوە