سەرەکی » ئەدەب و هونەر » رۆڵ و گرنگی هونەر لە ژیانی خەڵک و كۆمەڵگادا

رۆڵ و گرنگی هونەر لە ژیانی خەڵک و كۆمەڵگادا

هەندرێن خۆشناو

هونەر‌ شێوازێكە لە شێوازەكانی دەربڕینی مرۆڤایەتی، هۆكارێكە بۆ دەوڵەمەندبوونی ئەزموونی مرۆڤایەتی و خۆشگوزەرانی و بەرزكردنەوەی ئاستی رۆشنبیریی و چاكتركردنی كەسایەتی، تەنانەت گۆڕانكاریی كۆمەڵایەتیش، چونكە هونەر بەشێوەیەك لە شێوەكان كاریگەری لەسەر ژیانی مرۆڤ و كۆمەڵگا هەیە.

هونەر رۆڵێكی بنەڕەتی لە پەروەردەكردن و فێركردن دەبینێت، چونكە هونەر كارلێكردنی نێوان تاكەكانی كۆمەڵگا زێتر دەكات، ئەمەش لە رێی دەربڕین لە خۆیان بە شێوازێكی ناباو، كە متمانە و بیركردنەوەیەكی ئەرێنیان پێدەبەخشێت، هەروا هونەر رۆڵێكی دیكە دەبینێت لە پتەوكردنی ئەفراندن لە نێو تاكەكانی كۆمەڵگادا، ئەمەش لە رێی گەشەپێكردنی سنگ فراوانی، توانای هزری رەخنەگرتن و رەخنە قبووڵ كردن، هەروا لە گەشەپێكردنی هەڵسوكەوت و داب و نەریتە ئەرێنیەكاندا، چونكە بۆ نموونە فێربوونی كێشانی تابلۆیەكی شێوەكاری یان ژەنینی ئامێرێكی مۆسیقایی، راهێنانن بۆ چاكتركردن و بەردەوام بوون و كۆڵنەدان و ئارام گرتن، ئەمەش گرنگی خۆی هەیە لە گەشەكردنی هەڵسوكەوتەكانی تاك، كە متمانەبەخشن، كاتێك كە هەوڵدەدەن ئەركێكی ئەستەم جێبەجێ بكەن، ئەمەش فێرە دیسپلینیان دەكات، كە هاوكارە بۆ گەشەكردنی كەسایەتیان و فێربوونی هەڵوێست وەرگرتنی پێویست بۆ سەركەوتن، لە هەر بوارێك لە بوارەكانی ژیاندا.

هونەر چەندین پتەوكاری هەیە لە كۆمەڵگادا، لەوانەش پتەوكاری هەڵسەنگاندن، لە رێی نرخاندنی شتەكان، بەمەش دەبێتە هۆی بایەخدان و بەهادانان بۆ شتەكانی دەوروبەرمان، پتەوكردنی بیرەوەری، لە رێی تۆماركردن و پاراستنی مەبەست و ئامانجەكانی كارێكی هونەریی، بە شێوەی كۆمەڵێك هەستی مرۆڤایەتی، پتەوكردنی خۆشی و خەم، هونەر دیدێكی جیاواز بە هەستەكان دەبەخشێت، هونەر تەنیا خۆشی و دڵشادی نابەخشێت بە مرۆڤەوە، بەڵكو دۆزینەوەی رێگایەك بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ خەمەكانیشدا پێدەبەخشێت.

هونەر رێگایەكە بۆ دەربڕین
هونەر شێوەیەكە لە شێوەكانی سەربەستی، رێگایەكە بۆ دەربڕین لە خود و ئازادی كەسایەتی، كارێكە كە دەربڕی بڕوا بەخۆبوونە، ئاوێنەی رەنگدانەوەی رۆح و ئارەزووەكانی مرۆڤە، هونەر لەهەر كۆمەڵگایەكدا تایبەتمەندی خۆی هەیە، كە رەنگدانەوەی تایبەتمەندی كۆمەڵگایە، هونەری هەر كۆمەڵگایەك جیایە لە كۆمەڵگایەكی تر، لە شێوازی دەربڕین لە بارودۆخە رامیاری و ئابووری و كۆمەڵایەتییەكانی كۆمەڵگاكەوە، زۆرێك لە هونەرمەندانی شێوەكار تەنیا بە مەبەستی گۆڕان بەرەو چاكتر تابلۆ دەكێشن، نەك بۆ پارە پەیداكردن، چونكە هونەر شێوازێكە لە شێوازەكانی دەربڕین بەبێ بەكارهێنانی قسە و زمان.

هونەر هۆكارێكی بنەڕەتییە لە هۆكارەكانی ئەخلاق، چونكە هونەر لە خودی خۆیدا زیانبەخش نییە (لەوانەیە بەكارهێنانەكانی زیانبەخش بن) بەڵكو دەبێت سوودبەخش بێت، لە خزمەتكردنی مرۆڤ و بەخشینی چێژ و بیركردنەوە و ئاسوودەیی، زۆرێك لە كارە هونەرییەكان بیروڕاكان و هەڵوێستە ئەخلاقییەكان پتەوتر دەكەن، چونكە كاریگەرییەكی كارای هەیە لەسەر رەفتاری تاكەكانی كۆمەڵگا، ئەویش لە رێی وەرگرتن و هەڵچنینی ئەو مەبەست و بنەما و رێنماییانەی كە هونەرمەند مەبەستیەتی پێشكەشی بكات و بیبەخشێت.

هونەر یەكێكە لە چارەسەرە سوود بەخشەكانی رێگری كردن‌ لە تاوان، ئەویش لە رێگای دابینكردنی هونەر بۆ هەموان، كە وادەكات خەڵكانێكی زۆر دوور‌كەونەوە لە شەقامەكان، و خەریكی كارێكی وابن كە ئەرێنیانە خۆیانی پێ دەرببڕن، بۆ نموونە بەشداری كردن لە كارە درامییەكان و گۆرانی گوتن و شایی كردن و هونەرەكانی شێوەكاری و ئەوانی تر، كاریگەری خۆیان سەلماندووە لە رێگریكردن لە بڵاوبوونەوەی تاوان، بە هۆی زۆریی و بڵاوبوونەوەی دەزگاكانی راگەیاندن وەكو تەلەفزیۆن و رادیۆ و رۆژنامەگەریی و تۆڕەكانی ئینتەرنێتیشەوە، كارە هونەرییەكان و بیرۆكەی هونەرمەندەكانی سەردەم لەبەردەستی هەموانە، بێجگە لە گرنگی هونەر لە هۆكارەكانی بەیەكگەیشتنی كۆمەڵایەتی، كە وای كردووە نمایش كردنی كارە هونەرییەكان و بە بازاڕكردنیان لەرێی تۆڕەكانی فەیسبووك و تویتەر و ئینستاگرامەوە ئاسانتر و بڵاوتربێت.

یەكێك لە ئامراز و هۆكارەكانی زانین هونەرە، هونەر یەكێكە لە گرنگترین هۆكارەكانی دەوڵەمەندكردنی مێشكی مرۆڤ، چونكە هونەر ئەنجام و ئاكامی هزر و بیركردنەوەیەكی بە پیتی داهێنەرانەیە، رۆشنبیری و كولتور و دابونەریتی گەلان نمایش دەكات، یان زمان و رووداو و ئەزموونی مێژوویی كۆنی گەلانی دەگێڕێتەوە، لە دیارترین هونەرەكانی زانین هونەری ئەدەبە، كە چەندین بواری فراوانی زانین لەخۆ دەگرێت، وەك شیعر و دراما و چیرۆ كی خەیاڵی و واقیعی و پەند و ئیدیۆم و رۆژنامە و گۆرانی… هتد، هەروا كاری هونەری بەهایەكە و بەپێی مێژوو و جیاوازی كولتورەكانەوە گۆڕانكاری بەسەردا دێت، هونەرمەندێكی زۆری وەكو پاپلۆ پیكاسۆ و ڤان گۆخ و مۆنیێ و بیتهۆڤن و شكسپیر، هەریەك لەمانە جێی پەنجەیان بەسەر مێژووی كۆمەڵگاوە دیارە، كە بە چەندین شێوە لە شێوەكانی داهێنانی هونەرمەندانەوە بە روونی بەدەر دەكەون، لە شانۆ و سینەما و ئەدەب و هونەرەكانی شێوەكاری و گۆرانی، هەندێك پێیانوایە كە هونەر بریتییە لە پارچە قوماشێك كە بە دیواری مۆزەخانەیەكەوە هەڵواسراوە، بەردەوام وەكو هۆكارێكای زانین دەمێنێتەوە.

هونەر بە كولتورەوە بەستراوە
پتەوكردنی كولتور، هونەر بە پەیوەندیەكی توندوتۆڵەوە بەستراوەتەوە بە كولتورەوە، پارچە شوێنەواریەكان و جێماوەكان وەكو كەڤاڵ و وێنەكێشراوەكان و چاپەمەنییەكان و داتاشراوەكان و وێنە فۆتۆگرافیەكان و دۆكیۆمێنتەكان و پەرتوك و دەستنووسەكان و ئامرازەكان، هەموویان ئاماژەن بۆ داهێنانی مرۆڤایەتی، ئەو كولتورە تەنیا كۆمەڵێك پارچەی رۆشنبیری و هونەری یان كلاسیكی رابردوو نین، بەڵكو نیشانەی جیاكاری هەر كۆمەڵگایەكن لەگەڵ ئەوەی تریاندا.

پتەوكردنی تەندروستی دەروونی، هەڵبەتە هونەر كاریگەری لەسەر دەروون هەیە، بۆیە زۆركات هونەر بریتییە لە چالاكیەك بۆ حەوانەوە و ئیلهام بەخشین، چ ئەو كارە هونەرییە لە داهێنانی خۆی بێت یان یەكێكی دیكە، دەربڕینی هونەری زۆر قووڵترە لە حەوانەوە حەسانەوە و چێژ وەرگرتنێك، بەڵكو دەگاتە قۆناغی چارەسەركردن بە هونەر، چونكە هونەر رێگایەكی نایابە بۆ دەربازبوون لە خەمۆكی و راڕایی و دردۆنگی، هونەر بریتیە لە دەربڕینی هەستەكانمان بەبێ وشە، یان رووبەڕووبونەوەی هەستە ئاڵۆزەكان بۆ گەیشتن بە حەسانەوە.

پتەوكردنی لایەنی ئابووری
دەتوانین زۆربەی هونەرەكان وەكو كاڵایەك سەیربكەین، چونكە هونەر بریتیە لە هەست و نەست و ئیلهام و داهێنان و سۆزەكانی مرۆڤ، ئەمانەش سەرنجی زۆرێك لە ئارەزوومەندانی هونەر و كۆكردنەوەی كارە هونەرییەكان هەروەها پیاوانی كار و سەرمایەدارانیش رادەكێشن، زۆرجار كۆمێنتێكی هونەرمەندان و ناودار و بەناوبانگان كاریگەری لەسەر بازاڕ و نرخی كارەكان هەبووە، بەتایبەتی كارە هونەریی و مێژوویی و هزری و كولتورییەكان، هەروا پەیوەندی نێوان هونەرمەندان و كڕیاران و نمایشكاران و بینەران كە كاریگەری لە بواری ئابووریدا هەیە.

پتەوكردنی پیشەسازی
هونەر بەشدارە لە زۆرێك لە بوارەكان لە پتەوكردنی پیشەسازییەوە، زۆرێك لە هونەرمەندانی كارە دەستییەكان و بەهۆی ئەو شارەزاییەی كە هەیانە لەم بوارانەدا، دەتوانن دەستكەوتی دارایی بەدەست بێنن، لە رێی فرۆشتنی كەڤاڵ و تابلۆ و وێنە و دیزانین و دیكۆرەكانیان، ئەمەش پتەو كردنێكی بەرچاوی پیشەسازییە دەستیەكانە، هەروا هونەر دەستێكی باڵای هەیە لە دیزانكردنی لۆگۆ و ماركە و تەنانەت جلوبەرگیشەوە، هونەر لە بواری پیشەسازیدا تەنیا پەیوەست نییە بە شارەزایی لە كارە دەستیەكانەوە، بەڵكو هونەرە دیجیتاڵی و كۆمپیوتەرەكانیش لەم سەردەمەدا رۆڵێكی بەرچاویان هەیە، بۆیە هونەرە شێوەكارییەكان و میللیەكان و ئەدەب و مۆسیقا و شانۆ، هەر هەموویان بەشدارن لە بیناكردن و بەرەوپێشوە چوونی كۆمەڵگا لە هەموو بوارەكانەوە.

 75 جار بینراوە