سەرەکی » کەلتوور » سەردار كیستەیی كاریكاتێریستێكی شێوەكار

سەردار كیستەیی كاریكاتێریستێكی شێوەكار

به‌ختیار سه‌عید

سەرەتای ساڵانی 2000 ئەو ساڵە بوو، كە لە رێگەی كاری رۆژنامەنووسیم و كاركردنم بۆ پاشكۆی ئەدەب و هونەری كوردستانی نوێ دەچوومە شار و شارۆچكەکان بۆ سەیرکردنی چالاكییە هونەرییەكان كە لەلایەن شێوەكارانەوە رێک دەخران.

ئەو کات لە دهۆک سەردانی چەند گەلەریی و پیشانگەیەکەم کرد، لەوێ لەگەڵ چەند هاوڕێیەکی شێوەکار ئاشنا بووم، وەک(سەردار كیستەیی، رەشید عەلی، ستار عەلی، حەمید شەریف، سلێمان عەلی) ئەمە بووە هۆی ئەوەی کە دواتر زۆرترین نزیکایەتیم لەگەڵ ئەو شێوەكارانە دروست ببێت.

سەردار كیستەیی جگە لەوەی شێوەكارێكی دەستڕەنگین بوو، كاریكاتێرستێكی سەركەوتوو بوو، لەهەمانكاتدا دیزاینەرێكی زۆر تایبەت بوو، ئەندامێكی چالاكی سەرپەرشتیارانی بەڕێوەبردنی گەلەری دهۆك بوو، ئەو بەردەوام پلانی چالاكی هەبوو و بیری لەوە دەكردەوە چۆن لینکی پەیوەندی لەگەڵ بەشەكانی تری كوردستان و بەتایبەت شێوەکاران دروست بکات، بۆیە ئەگەر بڕوانینە چالاكییە شێوەكاریی و كاریكاتێرییەكانی، ئەوە بە بەردەوامی هونەرمەندێكی یەكێك لە پارچەكانی تری كوردستانی تێدایە، باشترین نموونەش بۆ ئەو كارە پۆرترێتیانەی بۆ كەسایەتییە كوردییەكانی كێشاوە و زۆرترین كەسایەتی بوونەتە بەرهەمی خەیاڵی سەردار وەكو كاریكاتێریستێك.

لەهەمانكاتدا ئەگەر بڕوانینە كارەكانی چ وەكو رەنگ و چ وەكو بابەت ژیانی كوردەواری، هەڵپەڕكێ و جلوبەرگە ئاڵاو واڵاكانیان بەردەوام لەناو تابلۆكاندا ئامادەیی هەبووە، ئەوەش بۆتە هۆكارێك تابلۆکانی سەردار وەک شێوەكارێکی دهۆك زۆرترین فرۆشی هەبێت.

ئەگەر بەراوردێك بكەین لەنێوان تابلۆ و پەیكەرەكانی سەردار، ئەوە هەست بە ئەكادیمی بوونێك دەكەین لە چۆنێتی بەكارهێنانی رەنگ و هێڵەكان، لە هاڕمۆنییەتی رەنگ چ لە تابلۆكان و چ لەناو كاریكاتێرەكان و بەردەوام بەرهەمەكانی ئەوانە بوونە، كە پەیوەست بووە بە ژیانی خەڵكی كوردستان، چ بابەتەكان كۆمەڵایەتی بێت یاخود سیاسی یان ژینگەیی بێت، واتا سەردار وەكو هونەرمەندێكی دانەبڕاوی ناو كۆمەڵگە و ژینگەكەی ژیاوە و كاری هونەری كردووە.

سەردار كیستەیی یەكێكە لەو شێوەكارانەی كە دەستڕەنگینیان بە مێژووی هونەری شێوەكاری لە دهۆكدا دەمێنێتەوە، چونكە توانیوێتی بەهاوكاری هاوڕێكانی لە رێگای گەلەری دهۆكەوە دنیایەكی هونەری بنیاد بنێن، كە پێشتر ئەو شارە بەخۆیەوە نەیبینیووە. هەر بۆیە بەردەوام یەكێك بووە لە هەڵسوڕێنەرەكانی ئەو چالاكییە شێوەكاریانەی سازکراون، لەهەمانكاتدا یەكێك بووە لەو كاریكاتێریستانەی كە بەردەوام لەناو رۆژنامە و گۆڤارەكانی تایبەت بە كاریكاتێر و ئاساییەكاندا ئامادەیی هەبووە و كاریكاتێرەكانی ئەو رەونەقێكی پێ بەخشیوون، لەوانە رۆژنامەی ئەڤرۆ، هەروەها گۆڤاری گەپ كە بەردەوام بە كاریكاتێرەكانی تایبەتمەندی دەبەخشییە ئەو كێشانەی كە وەكو بابەت دەیخستنەڕوو، بۆیە بەردەوام داواكاری لەسەر كاریكاتێرەكانی هەبوو.

 

بایۆگرافیای سەردار كیستەیی

*ساڵ1972 لە شاری دهۆك لە دایك بووە.
*ساڵی1994 یەكەمین پیشانگەی تایبەتی كاریكاتێری كردۆتەوە.
*ساڵی1995 دووەمین پیشانگەی تایبەتی كاریكاتێری كردۆتەوە.
*ساڵی1996 سێیەمین پیشانگەی تایبەتی كاریكاتێری كردۆتەوە.
*ساڵی 1997 چوارەمین پیشانگەی تایبەتی كاریكاتێری كردۆتەوە.
*ساڵی1998 پێنجەمین پیشانگەی تایبەتی كاریكاتێری كردۆتەوە.
*ساڵی 2003 یەكەمین پیشانگەی تایبەتی شێوەكاری لە شاری دهۆك کردەوە.
*ساڵی 2006 بەشداری پیشانگەی تایبەتی كاریكاتێری- سوید.
*ساڵی2005-1998 بەشداری سەرجەم خولەكانی گەلەری دهۆكی كردووە.
*ساڵی2005 بەشداری سەرجەم خولەكانی گەلەری كوردستان- هەولێری كردووە.
*ساڵی2000 بەشداری خولی گەلەری زاموای كردووە.
*ساڵی 1998-2008 بەشداری زیاتر لە 25 پیشانگەی هاوبەش كردووە لە دهۆك و هەولێر و سلێمانی.
*ئەندامی سەندیكای رۆژنامەنووسانی جیهانی IFJ.ـیە.
*ئەندامی سەندیكای رۆژنامەنووسان و هونەرمەندانی كوردستانە.
*زیاتر لە 10 ساڵە لە ئەمریكا دەژی و بەردەوامە لە كاری هونەری.

 

 

 97 جار بینراوە