سەرەکی » دۆسێ » پیلانگێڕییە گەورەکەی کازاخستان

پیلانگێڕییە گەورەکەی کازاخستان

حوسنی مەحلی

سنووری هاوبەشی نێوان کازاخستان و روسیا، بەلایەنی کەمەوە 7000 کیلۆمەترە، بەقوڵایی جوگرافیی 2.725 هەزار کیلۆمەتری دووجا، هیچ وڵاتێک لە جیهاندا ناتوانێت کۆنترۆڵی ئاسایشەکەی بکات و رێگە لە دزەکردن و تیرۆریزم بگرێت.

پاش روخانی یەکێتیی سۆڤێت
کازاخستان وڵاتێکی موسوڵمانە، ژمارەی دانیشتوانی دەگاتە 19 ملیۆن کەس، لەسەدا 20یان بەڕەچەڵەک روسین، پاش روخانی یەکێتیی سۆڤێت سەربەخۆ بووە، هاوشێوەی کۆمارەکانی دیکەی ئاسیای ناوەڕاست وەک تورکمانستان و قرغیزستان و ئۆزبەکستان و تاجیکستان.

کازاخستان یەکێک لە گرنگترین دەوڵەتەکانی ناوچەکە بووە و دەبێت، ئەوەش چەندین هۆکاری هەیە، ئەوانەی لەسەرەوە باسم کردن بەشێکین، سەرەڕای ئەوەش، سامانێکی سروشتیی کانزایی زۆری هەیە کە بە 12 تریلیۆن دۆلار دەخەمڵێنرێت، دیارترینیان بریتین لە یۆرانیۆم، کرۆم، رەساس، زینگ، مەگنیسیۆم، مس، خەڵوز، زێڕ، ئاسن، ئەڵماس، نەوت و گاز.

لە هەمووشی گرنگتر، ئەو وڵاتە هاوسنووری چینە، 1500 کیلۆمەتر سنووری هاوبەشیان هەیە، هەروەها هاوسنوورە لەگەڵ کۆمارە ئیسلامییەکانی تری ئاسیای ناوەڕاست کە بە باخچەی پشتەوەی روسیا ناسراون، کە پێکەوە نزیکەی 3800 کم سنووری هاوبەشیان هەیە.

بە واتایەکی تر، کازاخستان دەروازەی روسیایە بۆ ئەم کۆمارانە، لەگەڵ ئازەربایجانیش. کە هەموویان خەونی ئەردۆغانی سەرۆک کۆماری تورکیان، وەک چۆن خەونی تورگوت ئۆزالی سەرۆک کۆماری کۆچکردوو و پێشووتری ئەو وڵاتە بوون، بەتایبەتی کاتێک لە ساڵی 1991دا دروشمی (یەک نەتەوەی تورک لە بۆسنەوە بۆ بەنداوی گەورەی چین) بەرزکردەوە.

رێکخراوی دەوڵەتە تورکییەکان
ئۆزال، دوای ئەویش سەرۆکەکانی دیکەی تورکیا، زیاتر لە جارێک سەرکردەی ئەو وڵاتانەیان کۆکردۆتەوە، بەم دواییانەش رێکخراوی دەوڵەتە تورکییەکان لە ئیستانبول راگەیەندرا.

بەیاننامەی کۆتایی لوتکەی دامەزراندنی ئەو رێکخراوە زیاتر لە 120 بڕگەی لەخۆگرتوەە، باسی هەماهەنگی و هاوکاریی نێوان وڵاتانی ئەندامی رێکخراوی دەوڵەتە تورکییەکان دەکات لە ئاسیای ناوەڕاست و باشووری قەوقاز بەئازەربایجانەوە کە سنووری هاوبەشی هەیە لەگەڵ جۆرجیا و تورکیا پەیوەندیی پتەوی لەگەڵیدا هەیە، هەروەک لەگەڵ ئەرمینیا کە دیسان تورکیا دەیەوێت لاپەڕەیەکی دیکە لە پەیوەندییەکانیاندا هەڵبدەنەوە، بەتایبەتی دوای سەرکەوتنی پەلاماری ئازەربایجان بەپشتیوانیی تورکیا بۆ بەدەستهێنانەوەی هەرێمی ناکەرنۆقەرەباخ.

ئەم سەرکەوتنە و هەوڵەکانی کرانەوەی تورکیا بەڕووی ناوچەی قەوقازدا، پێشتر هاوکاریی لە چەند بوارێکدا لەگەڵ ئۆکرانیا و دەوڵەتانی باڵتیک و خۆرهەڵاتی باڵکان، لە هۆکارە سەرەکییەکانی ناکۆکی روسیا و

تورکیان، کە بەهۆی بارودۆخی لیبیا و سوریاوە پەیوەندییەکانیان زیاتر بەرەو خراپی چوون.

و بەرپرسانی روسیا، بەسەرۆک پوتین و لاڤرۆڤی وەزیری دەرەوەشەوە، نیگەرانی و بێزاری خۆیان لە سیاسەتەکانی ئەنقەرە لە ئۆکرانیا ناشارنەوە، چونکە ئەردۆغان بەردەوام باسی مێژووی عوسمانی لەو ناوچەیەدا دەکات.

زیندووکردنەوەی یادەوەری
هەموو کەس دەزانێت، ئەردۆغان لە خەونی زیندووکردنەوەی ئەم یادەوەریانە پاشگەز نابێتەوە، چونکە باوباپیرانی لە ئاسیای ناوەڕاستەوە هاتوون تا گەیشتنە ناوەڕاستی ئەوروپا و زۆربەی جوگرافیای عەرەبی، چەندین جار لەگەڵ روسدا شەڕیان کردووە و چین بەربەستێکی گەورەی دروستکرد بۆ ئەوەی بەر بەجەنگیزخان و سوپا مەغۆلییەکەی بگرێت.

ئەگەر ئەو بیرەوەرییە مێژووییانە بخەینەلاوە، گرنگیدان و بەرژەوەندیی تورکیا لە ئاسیای ناوەڕاست و قەوقازدا، لە رووی نەتەوەیی و ئایینییەوە، کۆمەڵێک مانای ستراتیژیشی لەگەڵدایە کە ئەردۆغان دەیەوێت تورکیا بکاتە زلهێزێک کە بەرەنگاری دوو زلهێزەکە، ئەمریکا و روسیاش ببێتەوە و بگاتە وڵاتە ئیسلامییەکانی ئاسیای ناوەڕاست کە خاوەنی سامانێکی سروشتی گەورەن.

گرنگیدانی ئەردۆغان بەئەفغانستان دوای کشانەوەی ئەمریکا ئەو مەسەلەیە زیاتر رووندەکاتەوە. دیارە ئەو جموجوڵانەی ئەردۆغان لە لایەن واشنتۆنەوە پشتیوانی دەکرێت کە دەیەوێت هەر جووڵەیەکی تورکیا، جا هەر قەبارەیەکی هەبێت، مۆسکۆ بێزار بکات و کۆمەڵێک کێشەی دەرەکیی بۆ دروست بکات کە لە رووی ئابووری و کۆمەڵایەتییەوە رەنگدانەوەی لەسەر واقیعی روسیا هەبێت کە خۆی لە بنەڕەتدا قورس و ئاڵۆز بووە.

دەستوەردانی راستەوخۆ
بڕیاری خێرای روسیا بۆ دەستوەردانی ڕاستەوخۆ لە کازاخستاندا، دوای ئەوە هات کە پوتین ئەو پیلانە گەورەیەی بەبیرهاتەوە کە دوژمنانی روسیا لە کاتی شۆڕشە ڕەنگاوڕەنگەکانی جۆرجیا و ئۆکرانیادا لە ساڵی 2004دا هەوڵیان بۆ دا، هەروەک لە قرغیزستان لە ساڵی 2010دا، دووبارە لە جۆرجیا لە ساڵی 2008 و پاشان لە ئۆکراینا لە ساڵی 2014 و لە کۆتاییدا ساڵی پار لە بیلاڕوسیا، ئەمەش لە کاتێکدا کە واشنتۆن و هاوپەیمانەکانی بەردەوام بوون لە توندترکردنی گەمارۆکانی سەر روسیا لە دەریای رەشدا.

پوتین لە مانگی شوباتی 2011دا دانی بەهەڵەی خۆیدا نا لە پشتگیریکردنی بڕیاری نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی لیبیا کە بووە هۆی ئەوەی دواتر و ئێستا لەو وڵاتە ستراتیژیە روودەدات، شیکەرەوە روسییەکان دەڵێن پوتین پەشیمانیشە لە ئاسانکارییەکانی بۆ تورکیا لە سوریا، سەرەڕای دەسکەوتە زۆرەکانی روسیا لەوێندەر.

دیارە ئەمەش وەڵامدانەوەی خێرای روسیا بۆ پلانی خۆرئاوا لە ئۆکرانیا روون دەکاتەوە کە تێیدا روسیا هەرێمی کریمیای گرتەوە و هاوسەنگییەکی ستراتیژیی بەدەستهێنا لە رێگەی هاوپەیمانیی لەگەڵ پارێزگاکانی خۆرهەڵاتی ئۆکرانیا و دانیشتوانەکەی کە بەڕەچەڵەک روسن.

مۆسکۆ هەرگیز لەو ناوچەیە دوور نەبووە بەتایبەتی ئەو کاتەی ئۆسیتیای باشوور و ئەبخازیای بەدەستهێنایەوە کە دواتر بەهۆیەوە واشنتۆن لەگەڵ تەلئەبیبدا لە ساڵی 2008دا هەوڵیدا لە رێگەی دراوسێ باشوورییەکەی، جۆرجیا، کێشە بۆ روسیا دروست بکات.

وا دیارە مۆسکۆ ئاگای لە هەموو شتێکە. ئاگای لە دەستکەوتەکانی تورکیایە کە لە رێگەی ئاسانکارییەکانی روسیاوە لە سوریا بەدەستیهێناوە، هەروەک ئاگاداری هەوڵی تورکیایە لە چەند ناوچەیەکی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا و بالکان و باڵتیک و قەوقاز و ئێستاش لە ئاسیای ناوەڕاست و ئەفغانستان و پاشان کازاخستان.

روسیای سەردەمی پوتین بە باشی ئاگادارە کە واشنتۆن لە رێگەی هاوپەیمانەکانییەوە لە وڵاتانی وەک پاکستان و قەتەر و تورکیا و ئیمارات، دەستبەرداری کارتی ئیسلام نابن، کە پلانی هەیە یان دایدەنێت بەوەی ئیسلام چەکی داهاتووی بێت دژی روسیا لەناو ماڵەکەیدا کە زیاتر لە 20 ملیۆن موسڵمان تێیدا دەژین. ئەنقەرە دەڵێت زۆربەیان تورکن.

وا دیارە واشنتۆن دوودڵ نابێت لە قۆستنەوەی لێدوانە ناسیۆنالیستی و ئاینییەکانی ئەردۆغان و زیاتر هانیدەدات و لە ئاسیای ناوەڕاست و قەوقازدا، تەنانەت لە بالکان و ڕخۆرهەڵاتی ناوەڕاستیش، تا دەگاتە ئێران، بڵاوی دەکاتەوە و کاری لەسەر دەکات.

ئەوەی دەمێنێتەوە باسکردنە لە «بەهاری تورکیا»، ئەو شتەی کە واشنتن و هاوپەیمانەکانی دەیانەوێت روسیای پێوە سەرقاڵ بکەن و کاریگەرییەکەشی بگاتە هەندێک ناوچەی وەک ئەفریقا و ئەمریکای لاتین و خۆرهەڵاتی ناوەڕاست. لەوانەیە ئەمە هەوڵەکانی ئەردۆغان، بۆ ئاشتبوونەوە لەگەڵ نەیارەکانی، وەک ئیمارات و سعودیە و میسر و ئیسرائیل روونبکاتەوە.

واشنتۆن دەیەوێت تورکیا رۆڵ ببینێت لە سیناریۆ نوێیەکانی بەهارێکی تردا، وەک ئەوەی لە بەهاری عەرەبیدا کردی کە دواتر دەبێتە بەشێک لە واقیعێکی پراکتیکی لە کۆمارەکانی ئاسیای ناوەڕاست و قەوقازدا.

ئێستاش ئەوە روونبۆتەوە کە ئەم وڵاتانە بوون یان دەبنە گۆڕەپانی ململانێی شاراوە یان ئاشکرای نێوان ژمارەیەک لایەن، کە دیارترینیان روسیا و چینن (چین پشت بە گاز و نەوتی کازاخستان و تورکمانستان دەبەستێت) لەگەڵ تورکیا کە پشتیوانی خۆرئاوای هەیە.

چین هەست بە ئاسوودەیی ناکات
هەمووان دەزانن ئەمە قورس نابێت، چونکە فەرمانڕەواکانی ئەم وڵاتانە جیاواز نین لە تورکیا و سیستمە نادیموکراتییەکەی، هەروەک بیرەوەریی گەلانی ئەم وڵاتانە لەگەڵ روسیادا و پێشتریش یەکێتی سۆڤێت، ئەرێنی نین، چینیش هەست بەئاسوودەیی ناکات کاتێک روسیا کۆنترۆڵی کازاخستان بکات، وروژاندن و ختوکەدانی ئەو هەستە ئایینی و نەتەوەییانەی گەلانی ئەو وڵاتانەش کارێکی قورس نییە.

هەروەک هەمووان دەزانن، جووڵانەوە و هاندانی خەڵکی ئەو وڵاتانە قورس و زەحمەت نابێت بەهۆی دیکتاتۆرییەت و ناعەدالەتی و گەندەڵی و هەژاری و برسێتی کە باڵی بەسەر ئەو وڵاتە دەوڵەمەندانەدا کێشاوە، کە پێشتر کاری لەم جۆرەیان لە وڵاتانی بەهاری عەرەبیش تاقیکردەوە.

واتە ئەمجارەیان بە وروژاندنی بیرەوەرییە مێژووییەکان و هەستە نەتەوەیی و ئایینییەکان کاردەکەن، بێگومان ئەمەش دەرفەتێکە بۆ ئەوانەی حەزیان لە راوەماسییە لە ئاوی لێڵدا، بەحەزی هاوشێوەی تیمساحیشەوە.

 78 جار بینراوە