سەرەکی » مانشێت » پەیامی لیستی‌ ژماره‌ 162 ی‌ یه‌كێتی نیشتیمانی‌ كوردستان له‌ پارێزگای‌ هه‌ولێر

پەیامی لیستی‌ ژماره‌ 162 ی‌ یه‌كێتی نیشتیمانی‌ كوردستان له‌ پارێزگای‌ هه‌ولێر

كۆمه‌ڵانی‌ خه‌ڵكی كوردستان…
جه‌ماوه‌ری‌ كۆڵنه‌ده‌ر و خۆڕاگر…
كه‌س و كاری‌ سه‌ربه‌رزی شه‌هیدان…

له‌ كاتێكدا ڕه‌وشی ناوچه‌كه‌ به‌ قۆناغێكی‌ هه‌ستیاردا گوزه‌رده‌كات، ئێمه‌ش له‌م كات و ساته‌دا به‌ره‌و هه‌ڵبژاردنێكی‌ چاره‌نووسساز هه‌نگاو ده‌نێین، بۆ گێرانه‌وه‌ی‌ ته‌واوی‌ مافه‌ مه‌ده‌نی‌ و سیاسی و ئابووری‌ و كۆمه‌ڵایه‌تی‌ و رۆشنبیریه‌كانمان كه‌ له‌ چوارچێوه‌ی‌ ده‌ستووری‌ هه‌میشه‌یی عیراقدا چه‌سپاوه‌ و تائێستا به‌ پاساوی‌ جیاجیاوه‌ كه‌مته‌رخه‌می‌ له‌ جێبه‌جێكردنیدا كراوه‌ به‌تایبه‌تی‌ گێرانه‌وه‌ی‌ ناوچه‌ جێناكۆكه‌كانی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان كه‌ مافێكی‌ ره‌وای‌ گه‌له‌كه‌مانه‌ له‌ مادده‌ی‌ (140) ی‌ ده‌ستووردا جێگه‌ی‌ خۆی‌ گرتووه‌.
ئه‌مرۆ كه‌ به‌ ره‌وشێكی‌ هێنده‌ چاره‌نووسسازدا تێده‌په‌رین ئه‌ركی‌ نیشتیمانی‌ و نه‌ته‌وه‌یی پابه‌ندمان ده‌كات به‌وه‌ی‌ كه‌ به‌ ئه‌وپه‌ری‌ دڵسۆزی‌ و له‌ خۆبووردووییه‌وه‌ به‌شداری‌ كاریگه‌ر بكه‌ین له‌ هه‌ڵبژاردنی‌ ئه‌نجوومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عیراق بۆ پته‌و كردنی‌ هه‌رچی زیاتری‌ پێگه‌ی‌ گه‌له‌كه‌مان و زووڵاڵكردنی‌ ده‌نگی نوێنه‌رانی‌ كورد له‌ به‌غدا.
هه‌ر به‌مه‌ش نوێنه‌رانی‌ كورد پشت ئه‌ستوورتر ده‌بن و شێلگیرتر ده‌بن له‌ داواكردنی‌ مافه‌كان و چاره‌سه‌ركردنی‌ بژێوی قورسی ژیان كه‌ چه‌ند ساڵێكه‌ كێشه‌ سیاسیه‌كان رێگربوونه‌ له‌ گێرانه‌وه‌ی‌ ته‌واوی‌ بوودجه‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ دادپه‌روه‌رانه‌ تا بتوانرێ له‌ چاره‌سه‌ری‌ قه‌یرانه‌كان و بژێوی‌ فه‌رمانبه‌ران و خانه‌نشینان و خانه‌واده‌ی‌ شه‌هیده‌ سه‌ربه‌رزه‌كانمان و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی‌ كوردستان خه‌رجبكرێت.
ئێمه‌ وه‌كو لیستی‌ ژماره‌ 162 ی‌ یه‌كێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستان له‌ سنووری‌ پارێزگای‌ هه‌ولێر هه‌موو لایه‌ك دڵنیا ده‌كه‌ینه‌وه‌ به‌ پشتگیری‌ كردنمان له‌ رێگه‌ی‌ متمانه‌ی‌ ئێوه‌ی‌ خۆشه‌ویسته‌وه‌ پێگه‌مان به‌هێزتر ده‌بێت و ده‌نگمان دلێرانه‌تر و كاریگه‌رتر ده‌بێت بۆ داكۆكیكردن له‌ ته‌واوی‌ ماف و داخوازیه‌ ره‌واكانتان بۆ رێگرتن له‌ هه‌رپێشێلكاریه‌ك به‌رامبه‌ر گه‌له‌كه‌مان ئه‌نجام بدرێت. مێژوو ئه‌وه‌ی‌ سه‌لماندووه‌، كه‌ بوون و ئاماده‌گی یه‌كێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستان له‌ ئه‌نجوومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عیرا ق و ته‌واوی‌ دام و ده‌زگاكانیدا چه‌نده‌ كاریگه‌ری‌ هه‌بووه‌ بۆ چاره‌سه‌ری‌ بنه‌ره‌تیانه‌ی‌ كێشه‌ هه‌ڵواسراوه‌كان و ئاساییكردنه‌وه‌ی‌ ره‌وشی ئاڵۆزكاوی‌ نێوان هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی‌ ناوه‌ندی‌ عیراق كه‌ هه‌میشه‌ به‌ قازانج و سوود و به‌رژه‌وه‌ندی‌ گه‌له‌كه‌مان كه‌وتۆته‌وه‌ .
بۆیه‌ لیستی‌ ئێمه‌..
لیستی‌ خوێنی‌ شه‌هیدانه‌
لیستی‌ خزمه‌تی‌ كۆمه‌ڵانی‌ خه‌لكی‌ كوردستانه‌
لیستی‌ ئاشتی و دیموكراسی و دادپه‌روه‌ریه‌
لیستی‌ داكۆكیكردنه‌ له‌ ده‌ستكه‌وته‌كانی‌ گه‌له‌كه‌مان
لیستی‌ گه‌ره‌نتی پاراستنی‌ مووچه‌ و بژێوی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستانه‌

بۆیه‌ داواتان لێ ده‌كه‌ین ده‌نگ بده‌ن به‌ لیستی‌ 162 بۆ ئاینده‌یه‌كی‌ رونترو گه‌شتر .

هه‌ر سه‌ركه‌وتوو و سه‌رفرازبن.
لیستی‌ ژماره‌ 162 ی‌ یه‌كێتی نیشتیمانی‌ كوردستان
له‌ پارێزگای‌ هه‌ولێر

print

 81 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*