سەرەکی » راپۆرت » هه‌واڵ و سیاسەت » هەوڵێکی گرنگ بۆ ئاشتی لە کۆریا

هەوڵێکی گرنگ بۆ ئاشتی لە کۆریا

هەفتەی پێشوو تەواوی میدیاکانی جیهان بەوپەڕی گرنگییەوە وێنەی هەردوو سەرۆکی کۆریایان بڵاوکردەوە، ئەمەش بە یەکێک لە رووداوە گرنگەکانی ئەمساڵ دادەنرێت. زۆرێک لە چاودێری سیاسیی و سەنتەرەکانی لێکۆڵینەوەی ستراتیژیش، ئەم کۆبونەوەیە بەسەرەتایەکی باش دانا، بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی سارد و گەرمی نێوان هەردوو کۆریا. هەندێکیش بەسەرەتای کردنەوەی لاپەڕەییەکی نوێی هەردوو بەشی کۆریا و تەنانەت ئەمریکاشیان دانا.

کۆبوونەوەیەکی مێژوویی
رۆژی هەینی 27،4 گوندی بانمونگومی سەر سنووری نێوان کۆریای باکوور و باشوور، کۆبونەوەیەکی مێژوویی تێدا ئەنجامدرا، کاتێک کیم جۆنگ ئاون سەرۆکی کۆریای باکوور بۆیەکەمجار سەردانی کۆریای باشووری کردو و چاوی بە مون جای ئانی سەرۆکی کۆریای باشوور کەوت. ئەم کۆبوونەوەیەش بە یەکێک لە ساتە مێژووییەکانی ئەم گوندەو کۆریا دادەنرێت.

یەکەمجار بوو
لەپاش جەنگی کۆریا کە لەنێوان ساڵانی 1950 تا 1952 ی روویدا، ئەوە یەکمجار بوو سەرۆکێکی کۆریای باکوور سەردانی کۆریای باشووری کرد، ئەمەش لەرووی مێژووییەوە کاریگەری گەورەی هەیە، لەهەمانکاتیشدا دەرفەتێک دەدات بە پرۆسەی ئاشتی لەم دوورگەیە، کە ماوەیەکە گرژیی و ئاڵۆزی زۆری تێکەوتووە.

لەجەنگەوە بۆ ئاشتی
جێگەی ئاماژەیە ماوەی چەند ساڵێکە کۆریای باکوور بەشێوەیەکی سەرنجراکێش دەستیکردووە بە تاقیکردنەوەی بۆمبی ئەتۆمی و مووشەکی بالیستی، کە ئەمەش بووبوە مایەی نیگەرانی گەورە بۆ کۆریای باشوور و تەواوی ناوچەکەشی خستبووە بەر ئەگەری شەڕێكی گەوەرەوە بەتایبەتی لەپاش هاتنە سەرکاری دۆناڵد ترەمپ، تەواوی جیهان ترسی لەهەڵگیرسانی جەنگێکی گەورە دەکرد، هەربۆیە تەواوی جیهان پێشوازی گەرمی لەم کۆبوونەوەیە کرد.

پرۆسەی ئاشتی
ئاژانسی فەرمی کۆریای باکوور ئەم کۆبوونەوەیەی بە کۆبوونەوەیەکی مێژوویی وەسفکرد و ناونیشانی کۆبوونەوەکەشی « دانوستانی نیشتمانی وئاشتی و یەکێتی و پێشکەوتن» وەسفکرد. هەرچەندە کۆبوونەوەکە تەنها سەعات و نیوێکی خایاند، بەڵام پرسی چەکی ئەتۆمی و پرۆسەی ئاشتیی نێوان هەردوو کۆریا، تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەی هەردوو سەرۆکەکە بوو.

مێژوویەکەی خوێناویی
دیارە هەردوو بەشەکەی کۆریا، مێژوویەکی خوێناوی لەنێوانیاندا هەیە. لە25 .6.1950 سوپای کۆریای باکوور پەلاماری کۆریای باشوور دەدات و لەماوەی 3 رۆژدا سیئۆلی پایتەختی کۆریای باشوور داگیر دەکات، بەڵام دواتر ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی دژی سوپای کۆریای باکوور دەوەستنەوە. ئەم جەنگە هەتاوەکو ساڵی 1952 بەردەوام دەبێت. لەئەنجامی ئەم جەنگەش بە هەزاران کەس دەکوژرێن و ملیۆنەها کەسیش ئاوارە دەبن.
لە 21 مانگی یەکی 1968 یش جارێکی تر خەریکبوو دووبارە ببێتەوە بە جەنگ ئەوەش پاش ئەوەی کە کۆریای باکوور 31 کۆماندۆزی بەنهێنی ناردە کۆریای باشوور تاوەکو، بارک جونگ سەرۆکی کۆریای باشوور بکوژن، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو. لەئەنجامیشدا نزیکەی 90 هاوڵاتی کۆریای باشوور کوژران و خەریکیشبوو جەنگێکی گەورە هەڵبگیرسێت.
لەکاتی جەنگی ساردیش، گرژی و ئاڵۆزییەکان لەنێوان هەردوو بەشەکەی کۆریا، هەتا دەهات بەهێزتر دەبوو.

کۆبوونەوەکانی پێشتر
جێگەی ئاماژەیە ئەمە یەکەمین کۆبوونەوەی سەرۆکی هەردوو کۆریا نەبووە، بگرە پێشتریش لەساڵی 2000 و 2007 کۆبوونەوەی هەردوو سەرۆک روویداو کۆریای باکووریش بۆ ماوەیەک لەساڵی 2007 دا، بەرنامە ئەتۆمییەکانی راگرت، لێ پاشان بەهاتنە سەرکاری کیم جۆنگ ئاون، دووبارە گرژی گەورە کەوتەوە نێوانیان.

ئەمریکا بە کۆبوونەوەیەکی مێژوویی وەسفکرد
لەیەکەمین کاردانەوەیەدا دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا پێشوازی لەم کۆبوونەوەیە کرد و بە مێژوویی وەسفی کرد و رایگەیاند: پاش ساڵێک لە تاقیکردنەوەی ئەتۆمی و موشەکی بالیستی، لەئێستادا کۆبوونەوەیەکی مێژووی لەنێوان کۆریای باکوور و باشوور روویدا. بەڵام لە هەمانکاتیشدا رایگەیاند: هێشتا بەتەواوەتی رەوشەکە دیار نییە و پێویستی بە کاتە.

روسیا بە گەرمی پێشوازییی لێکرد
دیمیتری بیسکۆف وتەبێژی کۆشكی کرێملین بە میدیاکانی راگەیاند: ئەمە هەواڵێکی زۆر باشە. راشیگەیاند: چەندین جار سەرۆک فلادیمیر پوتین رایگەیاندووە، کە تاکە چارەسەری کێشەی کۆریا، تەنها لەرێگەی دیالۆگی راستەوخۆی هەردوو بەشەکەوە دەبێت، ئەمڕۆش ئێمە ئەوە دەبینین.

چین
هوا چون وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چینیش بە میدیاکانی راگەیاند: ئەم کارەی هەردوو سەرۆکی کۆریا، هەنگاوێکی مێژوووییە بەرەو ئاشتی. راشیگەیاند: پکین هیواخوازە ئەم کۆبوونەوەیەی نێوان هەردوو سەرۆکی کۆریا، دەرئەنجامی باشی هەبێت.

سەرچاوە:
-سایتی دویتچە ڤێلەی ئەڵمانیا. بی بی سی . بەشی عەرەبی.
-الانصات المرکزی. العدد. 6882. الاحد. 29.4.2018

 622 جار بینراوە