سەرەکی » وتار » ئازاد ئیبراهیم ‌ » کوردو هەڵبژاردنە پێشوەختەکەی تورکیا

کوردو هەڵبژاردنە پێشوەختەکەی تورکیا

ئەگەرچی دەبوو لەساڵی 2019 لەتورکیا هەڵبژاردن ئەنجام بدرایە، بەڵام بەبڕیارێکی «ڕەجەب تەیب ئەردۆغان»ی سەرۆککۆماری تورکیا هەڵبژاردنەکە پێشخرا بۆ 24ی حوزەیرانی 2018.
ئەم بڕیارە لەلای چاودێران و شارەزایانی سیاسی لەناوخۆی تورکیاو لەدەرەوەی تورکیایش گرنگی زۆری پێدەدرێت و پێیانوایە بەئاشکرا هەڵپەی سەرۆککۆماری تورکیایە لەلایەک بۆ دەستگەشتنی ئەردۆغان بەپۆستی سەرۆککۆماری تورکیا تاکو مێژوویەکی دوورتر لە2029لەتورکیاو تاگەشتن بەمێژووی سەدساڵەی دامەزراندنی کۆماری تورکیا، لەلایەکیتریشەوە ئاوتکردنی تەواوی لایەنەکانیتری دەرەوەی ئاکپارتی و ئۆپۆزیسیۆنە لەدەسەڵات.
بەنیسبەت کوردەکانیشەوە لەتورکیادا. ئەگەرچی کوردەکان ئامادەکاریان کردووە بۆ ئەو هەڵبژاردنەو «سەلاحەدین دەمیرتاش»ی هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە کە ئێستا لەزینداندایە کاندیدی سەرۆککۆمارە بۆ جاری دووەم لەدوای خۆکاندیدکردنی لەهەڵبژاردنی 2014 کە ڕێژەی %90ی دەنگی دەنگدەری بەدەستهێنا، بەڵام ئەم هەڵبژاردنە کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر کوردانی هەردوو پارچەکەیتری باشووری کوردستان و خۆرئاوای کوردستان دەبێت. ئەمەش لەڕوانگەی ئەگەری سەرکەوتنی ئۆپۆزیسیۆن، یان دووبارە سەرکەوتنەوەی ئەردۆغان و ئاکپارتی کە ئێستا دەسەڵاتیان بەدەستە. هەرچی کوردەکانیشە ئەگەرێکی لاوازە پۆستی سەرۆککۆمار بەدەستبهێنن.
لەنێوان هەردوو لایەنی ئۆپۆزیسیۆن (ئۆپۆزیسیۆنی دەرەوەی ئاکپارتی و ئۆپۆزیسیۆنی ناو ئاکپارتیش!)و دەسەڵاتی ئێستادا، هەرکامیان هەڵبژاردنەکە ببەنەوە، بۆ کوردانی باکوری کوردستان هەمان شتە. بۆ کورد لەباکوری کوردستان هیچ لەدۆخەکە ناگۆڕێت و لەڕوانگەی بوونی گرژییەکانی نێوان سوپاو گەریلاکانی پەکەکەو نزیکی و خۆشەویستی کوردانی باکور بۆ پەکەکە، هەمان دیدگا دێتەسەر کورسی دەسەڵات و پێیوایە شەڕی تیرۆرەو دەبێت بکرێت. بەمەش پێناچێت نەگرژیی و خوێنڕشتنی نێوان سوپاو پەکەکە کۆتایی بێت لەتورکیا، نەپرسی کوردیش بەئاستێکی گرنگ بەرەوچارەسەرکردن بچێت و کۆتایی بەوچیرۆکە بهێنرێت کە ناوی «پرسی ئاشتی لەتورکیا»یە.
هەرچی پەیوەندی بەخۆرئاوای کوردستانەوە هەیە. لەم دۆخەدا ئۆپۆزیسیۆن «ناوەوەو دەرەوەی ئاکپارتی» سودێکی باشیان لەهوتافی کۆتاییهێنان بەپێشڕەوی سوپای تورکیا بۆناو خاکی سوریاو عەفرین وەرگرتووەو ئەجێندای سەرەکی بانگەشەکانیانەو «داود ئۆغڵۆو عەبدوڵڵا گویل لەناوخۆی ئاکپارتی»دا دەیانەوێت تۆڵە لەئەردۆغان بکەنەوەو لەژێرناوی کۆتاییهێنان بەجەنگ لەسوریا کە بووەتەهۆی کوژرانی سەدان سەرباز و دۆخی ئابووری تورکیاو لیرەی تورکی هەرەسپێهێناوە، هەڵبژاردنەکە لەسوودی خۆیان کۆتایی پێبهێنن. هەرچیش ئۆپۆزیسیۆنی دەرەوەی پاکپارتییە، نزیکن لەبۆچونی ئۆپۆزیسیۆنی ناو ئاکپارتی و پێیانوایە ئەو جەنگە پێویست نییەو ئەردۆغان تورکیای بەرەو گێژاوێک ڕاپێچکردووە.
بۆ کوردانی خۆرئاوای کوردستان، تائاستێکی کەم باشترە ئەگەر ئۆپۆزیسیۆنی ئەمڕۆ هەڵبژاردنە پێشوەختەکەی حوزەیران بباتەوە. چونکە ئەگەر بۆهەمیشەییش نەبێت، بۆ ماوەیەک هێرشەکانی تورکیا بۆسەر کوردانی عەفرین و خۆرئاوای کوردستان کۆتایی دێت، یان هیچ نەبێت گۆڕانێک لەهەڵپەی تورکیادا بۆ داگیرکردنی خۆرئاوای کوردستان کۆتایی دێت و خەونی ئەردۆغان دەخرێتەگۆڕ. چونکە هوتافی ئۆپۆزیسیۆن بۆ گەلی تورک ئەوەیە ئیتر ڕۆڵەی تورکیا لەسوریا نادەن بەکوشتن و ئابووری وڵاتیش ناخەنە خزمەت جەنگێکی بێ ئەنجامەوە.
هەرچی کوردانی باشووری کوردستانە، لەهیچ یەکێک لەدوولایەنی ئۆپۆزیسیۆن و دەسەڵاتی ئێستای تورکیا سوودمەندنابن، تەنها لەسەر ئاستی حیزبی نەبێت ئەگەر دەسەڵاتی ئێستا هەڵبژاردن بباتەوە ئەوا لەباشووری کوردستان و لەسەر ئاستی تورکیایش سوودگۆڕکێکە حیزبی دەبێت و ناچێتە خزمەت میللەتەوە.
هەرچیش بەرەی ئۆپۆزیسیۆنە بەدەسەڵاتی ئێستای تورکیا، بەهەموو جۆرێک لەزیانی باشووری کوردستانە ئەگەر بگەن بەدەسەڵات. چونکە ئۆپۆزیسیۆن و بەتایبەتیش ئۆپۆزیسیۆنی ناو حیزبی ئاکپارتی دژی هەموو ڕێککەوتننامەکانی بنەماڵەو زاواو خزمانی ئەردۆغانن لەگەڵ حیزب و بنەماڵەیەکی باشووری کوردستان، دەیانەوێت ئەوە لەلای دەنگدەر بچەسپێنن کە بنەماڵەی ئەردۆغان هیچ ڕێککەوتننامەیەکیان لەسوودی میللەت و تورکیا واژوو نەکردووەو ئەو ڕێککەوتننامانە نەک سوودی تورکیایشی تێدانییە بەڵکو بووەتەهۆی دەوڵەمەندکردنی هێزێکی دیاریکراوی کوردی عێراق!.
گەیشتنی ئۆپۆزیسیۆن بەدەسەڵات وەرچەرخانێکی جۆری و چەندێتی لەپەیوەندی نێوان دەسەڵاتی تورکیاو باشووری کوردستاندا دێنێتە ئاراوەو پەردە لەسەر زۆر شتی شاراوە هەڵدەداتەوە، چونکە بەرەی ئۆپۆزیسیۆن نەوتیان کردۆتە هێزی گەورەی وتاردانیان بۆ شەقامی تورکی و ڕێگری لەهەڵلوشینی داهاتەکەی لەلایەن ئەردۆغان و زاواکەیەوە.
وەک پێشبینی دەکرێت هەڵبژاردنی ئەمجارە لەتورکیا لەدوو ئەگەر بەدەرنییە. یان ئەوەتا ئەردۆغان بەخەونی لەمێژینەی شاددەبێت و «حوسنی مەحلی» وتەنی «تورکیا دەچێتە قوڵایی تونێلە تاریکەکە»و بۆ چەندان ساڵیتر تورکیا دەگەڕێتەدواوە. یاخود ئۆپۆزیسیۆن و دەنگدەری تورکی ڕێگری لەم خەونەی ئەردۆغان و تیمەکەی لەدەسەڵاتی ئێستای تورکیا دەکەن و لەڕێگەی سەرخستنی ئۆپۆزیسیۆنەوە خەونی دەسەڵات بۆ سەدساڵەی کۆماری تورکیا دەزڕێنن.

print

 15 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*