سەرەکی » وەرزش » مۆندیال و قسه‌ی‌ تریش

مۆندیال و قسه‌ی‌ تریش

ئاكۆ عارف

مۆندیالی‌ روسیا ده‌ستیپێكرد و كۆمه‌ڵێك یاری‌ زۆریش ئه‌نجامداران، وه‌ك وتمانه‌ ده‌كرێت مۆندیال به‌جه‌نگ به‌ڵام جه‌نگی‌ ئاشتی‌ و شارستانییه‌تی وڵاتانی‌ جیهان وێنابكه‌ین، بۆیه‌ گرنگه‌ له‌یه‌ك گۆشه‌نیگاوه‌ ته‌ماشای‌ یارییه‌كانی‌ مۆندیال نه‌كه‌ین و مۆندیالیش زیاتر له‌وێنه‌یه‌ك و زیاتر له‌ په‌یامێك وزۆرترین لێكه‌وته‌شی‌ هه‌یه‌.
ئێمه‌ راهاتووین زۆرترین ته‌ركیز و بینین و قسه‌ و به‌دواداچونمان له‌سه‌ریاری‌ و ئه‌نجامی هه‌ڵبژارده‌ به‌هێز و به‌ناوبانگه‌كانی‌ وه‌ك ئه‌رجه‌نتین، برازیل، ئه‌ڵمانیا، فه‌ره‌نسا و ئینگلته‌را بێت، دیاره‌ له‌مۆندیاله‌كانی‌ پێشوودا كه‌ ئیتاڵیا و هۆڵنداشی تیادابوو هه‌مان هه‌ڵویسته‌مان له‌سه‌ریان هه‌بوو، ئه‌مساڵ ئیسپانیاشی بۆزیاد بووه‌، ئه‌گه‌رنا تامۆندیالی‌ 1998- فه‌ره‌نسا زیاتر ئه‌رجه‌نتین و برازیل و ئیتاڵیا و ئه‌ڵمانیا لای‌ بینه‌رانی‌ یاری‌ له‌ كوردستان هه‌واداریان هه‌بوو.
ئێستا یارییه‌كانی‌ مۆندیال له‌وه‌ ده‌رچووه‌ ته‌نیا یاری بێت، ئه‌مه‌ به‌ریه‌ككه‌وتنی‌ گه‌لانی‌ جیهانه‌، ئه‌مه‌ ناسینی ره‌گه‌زه‌كانه‌ و ئاشنابوونه‌ به‌ دونیا به‌شێوازێكی تر، بۆنمونه‌ زۆر گرنگه‌ پێشكه‌وتنه‌ هه‌مه‌لایه‌نه‌كانی‌ رووسیای‌ رێكخه‌ر و سه‌رمه‌شقی‌ ئه‌فراندن و گه‌شه‌كردنی ئه‌و ووڵاته‌ بزانین، یان به‌هۆی‌ مۆندیاله‌وه‌ ئاشناتربین به‌كلتور و ژیانی‌ فره‌ ره‌نگی‌ ئه‌و ووڵاته‌، هه‌روه‌ك ئاست و توانای‌ ووڵاته‌ عه‌ره‌بیه‌كان جارێكی تر پێوا نه‌بكرێنه‌وه‌ چونكه‌ به‌ئێستاشه‌وه‌ به‌و هه‌موو وڵاته‌ عه‌ره‌بییه‌وه‌ نه‌یاتوانیوه‌ ئامانج بپێکن، به‌ڵکو تا هه‌نگاوێک ده‌چنه‌ پێش دوو هه‌نگاو دێنه‌ دواوه‌.
له‌ مۆندیالدا جگه‌ له‌ هه‌ڵبژارده‌ گه‌وره‌ و به‌ناوبانگه‌كان ده‌كرێت چاومان له‌سه‌ر یاری‌ و ئه‌نجامی‌ هه‌ڵبژارده‌كانی‌ تریش بێت، بۆ نمونه‌ هه‌ڵبژارده‌ی‌ ئۆرۆگوای‌ كه‌ساڵی‌ 1930 بۆ یه‌كه‌م جار مۆندیال له‌وێ‌ به‌رێوه‌ چوو و هه‌رخۆشیان خاوه‌نی‌ یه‌كه‌مین جامن، با بزانین ئه‌مان چی به‌چی ده‌كه‌ن، هه‌روه‌ها پرتوگالی‌ پاڵه‌وانی‌ كیشوه‌ری‌ ئه‌ورووپا تابزانین له‌سه‌ر وه‌ختی‌ كریستیانۆ و ئه‌ستێره‌ گه‌لێكیدا چیان بۆ جیهان پێیه‌.
كۆریای‌ باشوور ‌یاری‌ یه‌كه‌م و دوومی به‌ سوید و مه‌کسیک دۆڕاند، ئه‌م هه‌ڵبژارده‌یه‌ به‌شێری‌ ئاسیا ناسراوه‌، چاودێرا پێیان وایه‌ هه‌رگیز له‌سه‌ره‌تادا چۆك دانادات و ناوی‌ ئه‌م تیپه‌ له‌ خانه‌ی‌ به‌هه‌ند وه‌رگرتن دایه‌،به‌ڵام ئه‌مجاره‌ هێمای پرسیاری له‌سه‌ر تۆپی پێی ئاسیا دانا، له‌هه‌مووی‌ گرنگتر له‌یادنه‌كردنی‌ هه‌ڵبژارده‌كانی‌ به‌لجیكا و كۆڵۆمبیایه‌ و پێده‌چێت به‌لجیکا ئه‌سپی‌ ره‌شی‌ مۆندیال بێت.
مۆندیالی‌ روسیا به‌هۆی‌ ئه‌نجامه‌ چاوه‌ڕوان نه‌كراوه‌كانی‌ یارییه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانه‌وه‌ به‌ مۆندیالی‌ چاوه‌ڕوان نه‌كراو ناوی‌ ده‌ركرد، به‌ڵام چاوه‌ڕوانیه‌كان له‌ئێستاوه‌ ده‌ستپێده‌كه‌ن.

 55 جار بینراوە