سەرەکی » وتار » نه‌وزادى موهه‌ندیس‌ » عیراق لە بەردەم دەرگای جەهەنەمدا !!!

عیراق لە بەردەم دەرگای جەهەنەمدا !!!

هەڵبژاردنی 12/5 و ئەنجامەكانی عیراقیان خستە بەردەم دووڕیانێكی مەترسیدار و یەكلایكەرەوە، بەوەی كە ئەوهەڵبژاردنە بوە هۆی دووكەرت بوون و دابەشبوونی سەركردە و پارتە سیاسیەكانی عیراق بەكوردستانیشەوە بۆ دوو بەرەی دژ بەیەك و ناكۆك،بەرەیەك كە خۆیان بە براوەی گەمە سیاسیەكە دەزانن و ئەنجامەكانیان قبوڵە و داوادەكەن كە دادگای فیدڕاڵی دانی پێدابنێت بۆئەوەی دەستبكەن بە گفتوگۆ بۆ پێكهێنانی حكومەتی ئایندەی عیراق. بەرەی دووەمیش بریتین لە دۆڕاوەكان وبەرەی دژ و ئەنجامەكان سەرتاپا ڕەتدەكەنەوە و خۆیان بە مەزڵوم دەزانن و داوا دەكەن یان هەڵبژاردن دووبارەبكرێتەوە یانیش دەنگەكان بەدەست ئەژمار بكرێنەوە بەو هیوایەی كە گۆڕانكاری لە ئەنجامەكاندا ڕووبدات وئەمانیش بتوانن بەهێزەوە بەشداری حكومەتی ئایندەی عیراق بكەن.
زۆر ئەستەم بوە
بەم شێوەیە عیراق لە ئێستادا و دوای نزیكەی 40 ڕۆژ لە ڕاگەیاندنی ئەنجامەكان لەلایەن كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانەوە كەوتۆتە دۆخێكی سیاسی ئاڵۆز و ناجێگیر و شڵەژاویەكی قوڵەوە كە ئومێدی زوو پێكهێنانی حكومەتی لێناكرێت،لەلایەك لەبەر دووری و ناكۆكی سیاسی كۆنی نێوان سەركردە و پارتە سیاسیەكان و لەلایەكیشی تریشەوە دووری و فراوانی نێوان بەرنامە و دیدگا و تێڕوانینی ئەو لایەنە سیاسیانەی عیراق لەسەر بەرنامە و كاری حكومەتی ئایندە ، بۆیە پێكەوەنانی هاوپەیمانی و كوتلەی گەورەی پەڕلەمانی زۆر ئەستەم بوە تەنانەت لە نێوان لیستە براوە گەورەكانیشدا و لەناو یەك مەزهەبی ئاینیشدا. هەموو ئەمانەش دەگەڕێتەوە بۆ پەرتەوازەیی نێو ماڵی شیعەكان و سونەكان و كوردەكانیش و هەموانیش لە دیدگایەكی تەسكی حیزبایەتی بچوكەوە دەڕواننە مەسەلە گرنگەكان و هێندەی لەخەمی دەسكەوت و پلە و پۆست و ئیمتیازاتدان نیوهێندە لەخەمی نەتەوە و نیشتیماندا نین و هەریەكە گەرەكێتی گەورەترین بەشی بەربكەوێت.

دەبێتە حكومەتی كار
ئاشكرایە لەدوای 30/6/2018وە ماوەی یاسایی ئەم خولەی پەڕلەمانی عیراق كۆتایی دێت و ئیدی گەر تەمەنی خۆی درێژنەكاتەوە ئەوا عیراق دەكەوێتە نێو بۆشاییەكی یاساییەوە و زەحمەتە بە ئاسانی كارەكان ڕێك بكرێنەوە و حكومەتیش دەبێتە حكومەتی كار بەڕێكەر و توانا و دەسەڵاتی بڕیاری گرنگ و چارەنوسسازی نامێنێت. ئەوكاتیش عیراق دەرگای جەهەنەمێگی پڕ ئاگر و سوتێنەری بەسەردا دەكرێتەوە و تەڕ و وشك پێكەوە دەسوتێنێت،چونكە دەوڵەت بونێكی مادی نامێنێت و داموزدەزگاكانیش مەرجەعێكی یاسایی و ئیداریان نامێنێت و وڵات دەبێتە پاشاگەردانی و سەرهەڵدانی میلیشیای چەكداری و تیرۆر و تۆقاندن و گەندەڵی و تاوان و هەموو دیاردە دزێوەكان سەرهەڵدەدەن و عیراق دەگەڕێتەوە بۆ چوارگۆشەی یەكەمی ساڵانی 2003 تا 2005 و هەڵایسانی شەڕی تایەفی و ئاینی و نەتەوەیی و ناوخۆیی. عیراق بەرەو وێرانبونی زیاتر و لێكترازان و جیابونەوەش هەنگاو دەنێت. ئەمە ئەو مەترسیانەیە كە ڕووبەڕووی عیراقی ئایندە دەبێتەوە ,گەر سەركردە و پارتە سیاسیەكان پەرۆشی و خەمخۆری خۆیان دەرنەبڕن لە زوو پێكەوەنانی حكومەتی ئایندەدا.چونكە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆخۆی بۆتە جێگەی ناكۆكی و ململانێ جیهانیەكان و بەتایبەتیش لەنێوان ئەمریكا و ئێراندا كە هەردووكیان خاوەن نفوز و هەژموونی گەورەن لە عیراقدا و تەواوی ململانێكانی خۆیان چڕكردۆتەوە لەناو عیراقدا و خاك و ئاو و گەلانی عیراقیان كردۆتە گۆڕەپانی ململانێكانیان و ئەنجامیش تەنها عیراقیەكان دەبنە سووتەمەنی. كێشەكانی نێوان عەرەب _ئیسڕائیل و كێشەی سوریا و یەمەن و وڵاتانی كەنداو و توركیا و..هتد.هەموو ئەمانەش دەبنە مەترسی بۆسەر عیراق و وا پێویست دەكات كە بۆ ڕووبەڕووبونەوەی هەموو ئەم مەترسیانە عیراق ببێتە خاوەن حكومەت و دەسەڵات و پەڕلەمانێكی بەهێزی وەها كە بتوانێت بەرەنگاری و وەڵامی هەموو ئەو مەترسیانە بداتەوە،چونكە عیراق وڵاتێگی گەورە و گرنگ و دەوڵەمەندی ناوچەكەیە و هەموو ئەو ئاڵنگاریانە بەباش یان خراپ كاریگەریان دەبێت لەسەری.

گرتنەوەی ئاوی هەردوو ڕووبار
عیراق جگە لەم كێشە و ململانێ ناوخۆییانەی خۆی ، ڕووبەڕووی كێشە گەلێگی گەورەتر بۆتەوە لەگەڵ وڵاتانی ناوچەكە و بەتایبەتیش ئێران و توركیا بەوەی كەدەبێت وەڵامی هاتنە ناوەوەی سوپای توركیا بداتەوە و وەڵامی بڕین و گرتنەوەی ئاوی هەردوو ڕووباری دیجلە و زێی بچوك بداتەوە لەلایەن ئێران و توركیاوە كەهەموو ئەمانە پێشێلكردنی یاسا و ڕێكەوتنە نێودەوڵەتیەكانن و پێشێلكردنی سیادە و سەروەری عیراقن و ئەركی دەوڵەتی ناوەندیشن لە بەغداد نەك هەرێمی كوردستان.
سەركردە و پارتەسیاسیەكانیش
كوردیش لەم نێوەندەدا هەموو پڕیشك و ئازار و ململانێ‌ و ناكۆكیەكانی عیراقی بەردەكەوێت و كاریگەری زۆر خراپیشی لەسەر دادەنێن ،چونكە نێوماڵی كوردیش زۆر پەرتەوازە و ناڕێك و لێكترازاوە،گەرەكە سەركردە و پارتەسیاسیەكانیش زیاتر لەوانەی عیراق بەخەم و تەنگی كوردستانەوە بێن و هەوڵی ئاشتەوایی و لێكنزیكبونەوە و ڕێكخستنەوەی نێوماڵی كورد بدەن بۆئەوەی نەبنە سووتەمەنی هەموو ئەو ململانێ ناوچەیی و نێودەوڵەتیانە و بەرژەوەندی تەسكی حیزبایەتیش نەخەنە سەروو بەرژەوەندیە باڵاكانی نەتەوە و نیشتیمانەوە،گەرەكە كوردستان و كوردایەتی نەكەنە قوربانی چەند كورسیەكی پەڕلەمان و چەند دەسكەوتێكی كەموكورت لە بەغداد كە هیچ كاریگەری گەورەیان نابێت بۆ مەسەلەی كوردایەتی،بۆیە گەر ئەو پەرۆشیە نەنوێنن ئەوا بەدڵنیایی دەرگای جەهەنمێكی سووتێنەر بەسەر عیراق و كوردستاندا دەكرێتەوە و هەموانیش بێ‌ جیاوازی لێی بەرپرسیار دەبن.

print

 5 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*