سەرەکی » وەرزش » مۆندیال زیانی 14.5 ملیار دۆلاری لە‌ كۆمپانیاكان داوه‌

مۆندیال زیانی 14.5 ملیار دۆلاری لە‌ كۆمپانیاكان داوه‌

توێژینەوەیەك ئاشكرایدەكات، یارییەكانی‌ مۆندیالی‌ 2018، كاریگەریی‌ بۆ سەر ئاستی‌ بەرهەمی‌ فەرمانبەران دەبێت و تەنیا لە دوو هەفتەی‌ یەكەمدا 14.5 ملیار دۆلار زیان بە ئابووریی‌ جیهان دەگەیەنێت.
بەپێی توێژینەوەكە كە ئاژانسی‌ هەواڵی‌ (بلۆمبرگ)ی‌ ئابووریی‌ بڵاویكردوەتەوە، دەرکەوتووە رێژەی‌ بەرهەمی‌ فەرمانبەرانی‌ فەرەنسا لەکاتی‌ یارییەكەی‌ فەرەنسادا كەمیكردووەو دوو ملیار دۆلار زیانی‌ بە ئابووریی‌ پاریس گەیاندووە.
هەر بە پێی هەمان توێژینەوە ئاستی‌ بەرهەمی‌ بەڕازیلیش لەكاتی‌ یارییەكانی‌ بەڕازیلدا دادەبەزێت و لە ئەگەری‌ دۆڕاندنی‌ هەڵبژاردەكەشدا ئاستی‌ بەرهەمی‌ ئەو وڵاتە بە رێژەی‌ 15% دادەبەزێت.
بۆ كەمكردنەوەی‌ ئەو كاریگەرییانەش لە پەخشی‌ یارییەكەدا، حكومەتی‌ بەڕازیل بڕیاریداوە دەستكاریی‌ كاتەكانی‌ كاركردنی‌ فەرمانبەران بكات.
سەبارەت بە ناوچەی‌ خۆرهەڵاتی‌ ناوەڕاستیش، كۆمپانیای‌ «گاڵف تالنت» بڵاویكردوەتەوە، بەهۆی‌ ئەوەی‌ کە چوار وڵاتی‌ عەرەبی‌ بەشداریی‌ مۆندیالیان كردووە، ئه‌وه‌ كاریگەریی‌ نێگەتیڤی‌ دەبێت بۆسەر ئاستی‌ بەرهەمهێنان و كەمی دەكاتەوە.
لە توێژینەوەكەدا ئاماژە بەوەش دراوە بەهۆی‌ ئەوەی‌ وادەی‌ یارییەكان دەكەوێتە كاتی‌ دەوامی‌ ره‌سمییەوەو فەرمانبەران مۆبایل بەكاردەهێنن، بەرهەمیان كەم دەبێتەوە.
بەپێی راپرسییەكیش که‌ هەشت هەزار فەرمانبەر لە 10 وڵاتی‌ عەرەبی‌ بەشدارییان تیادا كردووە، 92% جەختیان له‌وه‌ كردوەتەوە كە سەیری یارییەكان دەكەن و 28%-یش رایانگەیاندووە کە لەكاتی‌ كاركردندا یارییەكان دەبینن.
سەبارەت بە چۆنیەتی‌ بینی‌ یارییەكانیش سێ یەکی بەشدارانی‌ توێژینەوەكە دەڵێن مۆڵەت وەردەگرن، 28% وتویانە كاتێكی‌ زووتر كارەكانیان جێدەهێڵن، چارەکی ئەو رێژەیەش وتویانە بەدزییەوە لەرێگەی‌ كۆمپیوتەرو مۆبایلەوە سەیری‌ یارییەكە دەكەن، هەندێكیش بەدووری‌ نازانن كە مۆڵەتی‌ نەخۆشی‌ وەربگرن.

 31 جار بینراوە