سەرەکی » کەلتوور » ئه‌ژین قادر مه‌رگی وێنه‌یه‌ك له‌ لووتکەی جوانی ته‌مه‌نیدا

ئه‌ژین قادر مه‌رگی وێنه‌یه‌ك له‌ لووتکەی جوانی ته‌مه‌نیدا

ئاماده‌كردنی/ژنۆرناڵ

به‌یانیه‌ك بۆ هه‌موو هاوڕی‌ و ئازیزانی‌ ئه‌ژین جیاوازبوو، هه‌واڵێك سیمای‌ یه‌كه‌ یه‌كه‌ی‌ ستافی‌ كوردستانی‌ نوێ‌ به‌جۆرێك خه‌مباركرد، كه‌س هیچی‌ بۆ نه‌ئه‌وترا، له‌رۆژی‌ ماڵئاوایی ئه‌ژین وشه‌یه‌ك نه‌بوو گوزارشت له‌و كۆچه‌ی‌ بكات.
ئه‌و ویستی‌ له‌ژنۆرناڵ-دا به‌نه‌فه‌سێكی چالاكانه‌ پێكه‌وه‌ كاربكه‌ین، چه‌ند بیرۆكه‌یه‌كمان گه‌ڵاكردبوو، چاوه‌ڕێ‌ بووم ته‌ندروستی‌ باشبێت، له‌ لاپه‌ڕه‌كانی‌ ئه‌م پاشكۆیه‌ به‌فۆتۆكانی‌ ئه‌ژین و تواناو به‌هره‌و جوانی‌ و كێشه‌كانی‌ ژنان ره‌نگبداته‌وه‌، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ مه‌رگ رێگه‌ی‌ نه‌دا ئه‌م كاره‌و هه‌موو خه‌ونه‌ جێماوه‌كانی‌ تری‌ ته‌واو بكات، ئێمه‌ وه‌ك وه‌فایه‌ك بۆ ئه‌و هاوڕێ‌ ئازیزه‌مان، زۆرینه‌ی‌ هاوڕی‌ و خۆشه‌ویستانی‌ ئه‌ژین به‌سه‌رئه‌كه‌ینه‌وه‌، تا لێره‌وه‌ جوانیه‌كانی‌ كچه‌ رۆژنامه‌نووسێك بنووسینه‌وه‌ و به‌رۆحی‌ پاكی‌ بڵێن كه‌ له‌بیری‌ ناكه‌ین، له‌م راپۆرته‌دا ئه‌مانه‌وێت هاوڕێیان و ئازیزانی‌ ئه‌ژین گوزارشتێ‌ بكه‌ن و جوانیه‌كانی‌ ئه‌و كچه‌ بوێرو چالاكه‌ بگێڕنه‌وه‌.
ستران عه‌بدوڵا سه‌رنووسه‌ری‌ كوردستانی‌ نوێ‌ له‌رۆژی‌ ناشتنی‌ ئه‌ژیندا له‌به‌ر گریان قسه‌ی‌ دڵی‌ نه‌كرد وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ ویستی‌  به‌ڵام له‌م راپۆرته‌دا وتی‌:
یادو یادگاری‌ ئه‌ژین به‌خێر. هه‌مووتان ده‌زانن كچان و كوڕانی‌ كوردستانی‌ نوێ‌ وه‌ك خێزانێكن، هێنده‌ی‌ لێره‌ یه‌ك ده‌بینین ره‌نگه‌ خوشك و برا و كه‌سوكاریان نه‌بینن. ئه‌ژین له‌و خێزانه‌دا بزێوترینیان بوو، له‌كاری‌ رۆژنامه‌وانی‌ و له‌په‌یوه‌ندی‌ كۆمه‌ڵایه‌تیشدا، له‌گه‌ڵ‌  هه‌ر چالاكیه‌كدا چیرۆكێكی‌ هه‌بوو.
به‌رده‌وام ده‌یخستیته‌ به‌رده‌م پێشنیازی‌ نوێوه‌، كه‌یان ده‌بوایه‌ په‌سه‌ندی‌ بكه‌یت، یان ده‌بوایه‌ قه‌ناعه‌تی‌ پێ‌ بكه‌یت كه‌ دوای‌ بخات، یان شێوه‌كه‌ی‌ بگۆڕێت.
خه‌فه‌ت و گریان بۆ خوشك و هاوڕێی‌ پیشه‌یت پاكانه‌ی‌ ناوێ، چونكه‌ یاده‌وه‌ری‌ كه‌سه‌ بزێوه‌ ئیشكه‌ره‌كان ده‌بێته‌ به‌شێك له‌ژیانت و له‌ناكاو لێی‌ داده‌بڕێی كه‌ باوه‌ڕناكه‌یت.
كه‌سی چالاك وبه‌توانا هه‌میشه‌ له‌به‌ره‌ی‌ خێرو چاكه‌ خوازین له‌سه‌ره‌تادا به‌نادادپه‌روه‌ری‌ ده‌زانیت كه‌ له‌ده‌ستی‌ بده‌یت لێ‌ دوایی‌ ناچاری‌ به‌بڕیاری‌ قه‌ده‌ر رازی‌ بیت.
كه‌مترین مۆڕاڵی‌ هاوڕێیه‌تی‌ ئه‌وه‌یه‌ بۆ ئه‌ژین به‌ڵێن بده‌ین له‌بیری‌ نه‌كه‌ین و چاوه‌ڕی بین به‌درێژایی‌ كات ئه‌وه‌ی‌ ماوه‌ له‌ خواسته‌كانی‌ ئه‌و به‌دیبیهێنیت. ره‌نگه‌ ئه‌وه‌ سه‌بووری‌ بێ‌ بۆ ئێمه‌ و بۆ هاوڕێكانیشی‌.
هه‌ڵكه‌وت زه‌نگه‌نه‌ ئه‌ندامی ده‌سته‌ی نووسه‌رانی كوردستانی نوێ له‌وباره‌یه‌وه‌ وتی:
(AZHEN QADIR)، ئه‌مه‌ ناونیشانی ئه‌و فۆڵده‌ره‌یه‌ له‌ كوردستانی نوێ، كه‌ هاوڕێ‌و هاوپیشه‌مان خاتوو ئه‌ژین قادر به‌ به‌رده‌وامی وێنه‌ی نوێترین كارو چالاكییه‌كانی رۆژانه‌ی تێدا داده‌نا، ته‌نها به‌ ته‌ماشاكردنی ئه‌م فۆڵده‌ره‌ كه‌ئێستاش له‌ KN ماوه‌و 55 فۆڵده‌ری ناونیشان جیاوازی تێدایه‌ كه‌ هه‌ریه‌كه‌یان پڕن له‌چه‌ندین وێنه‌ی چالاكییه‌كانی سلێمانی‌و ده‌وروبه‌ری‌و له‌لایه‌ن خاتوو ئه‌ژین-ه‌وه‌ وێنه‌ گیراون، بۆت ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ (ئه‌ژین)ی جوانه‌مه‌رگ چه‌ند فۆتۆگرافه‌رێكی به‌تواناو ماندوونه‌ناس‌و كارمه‌ندێكی خه‌مخۆرو دڵسۆزی كوردستانی نوێ بوو، ئه‌و له‌ناو وێنه‌كاندا نه‌بوو، به‌ڵام «فۆتۆ: ئه‌ژین قادر» له‌سه‌ر زۆربه‌ی ئه‌و وێنانه‌ بوو كه‌ رۆژانه‌ له‌كوردستانی نوێ بڵاوده‌بوونه‌وه‌.
ئه‌ژین؛ بۆ هه‌میشه‌ له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵانی ستافی ئێواره‌ تامه‌زرۆی ئه‌وه‌ین كه‌ جارێكی دیكه‌ پێت بڵێین: (ئه‌ژین خان خۆپیشاندانه‌كه‌ قه‌ره‌باڵغ بوو)، كه‌ دواجار ئه‌م رسته‌یه‌مان ته‌نها سێ ئێواره‌ پێش كۆچی دوایت بیرخسته‌وه‌و تۆش وه‌ك هه‌میشه‌ به‌پێكه‌نین، كه‌ زۆر به‌داخه‌وه‌ پێكه‌نینی ماڵئاواییت بوو، وه‌ڵامت داینه‌وه‌.
 ئه‌ژین؛ هه‌میشه‌ ده‌توت: (هه‌ڤاڵان رۆژانه‌ ته‌ماشای فۆڵده‌ره‌كه‌م بكه‌ن، چونكه‌ له‌وێ وێنه‌كانتان بۆ داده‌نێم)، بۆیه‌ ئێستاش هه‌موو ئێواره‌یه‌ك له‌سه‌ر بنه‌مای راسپارده‌كه‌ی خۆت‌و به‌نیازی ده‌ستكه‌وتنی وێنه‌ی ئه‌و چالاكییانه‌ی كه‌ رۆژانه‌ له‌سلێمانی ده‌كرێن، ته‌ماشایه‌كی فۆڵده‌ره‌كه‌ت له‌KN  ده‌كه‌م، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ دوای تۆ هه‌م ده‌ستكه‌وتنی وێنه‌كان زه‌حمه‌ت بوون، هه‌م فۆڵده‌ره‌كه‌ت ئیتر له‌ 55 فۆڵده‌ری پڕ له‌وێنه‌ی كاروچالاكییه‌كان زیاتر نابێت، به‌ڵام (ئه‌ژین)و یاده‌وه‌رییه‌كانی له‌دڵی ئێمه‌و هه‌موو هاوڕێ‌و هاوپیشه‌كانیدا هه‌ر (ئه‌ژین)‌و زیندوو ده‌مێننه‌وه‌.
ئاشنا ره‌ئوف هاوڕێی‌ ئه‌ژین سه‌باره‌ت به‌و كۆچه‌ ناواده‌یه‌ ده‌ڵێ: ئه‌ژین ئه‌و ڕۆحه‌ پر جوانیه‌ بوو، كه‌ هه‌میشه‌ هه‌وڵی ئه‌دا به‌ كامێراكه‌ی جوانترین وێنه‌و ڕوناكترین و پر ره‌نگتیرن وێنه‌كانی كه‌ له‌ ناخ و ژیانی خۆی ون بوو پیشانی هاوڕێ و خۆشه‌ویسته‌كانی بدات.
ئاوات كۆكه‌یی هاوڕێ و هاوكاری ئه‌ژین له‌كوردستانی نوێ له‌وباره‌یه‌وه‌ وتی: چوارشه‌ممه‌ی شووم ئه‌ژینی هاوڕێ و هاوپیشه‌، له‌ زۆر رووه‌وه‌ چیرۆك و رووداوه‌كانی ژیانمان له‌ هی یه‌كتری ده‌چوو، هه‌ر بۆیه‌ كه‌ هاوڕێیه‌تیمان گه‌یشته‌ قۆناغی متمانه‌یی ته‌واوه‌تی، ئه‌و به‌بێ پرینگانه‌وه‌ هه‌مووشته‌كانی خۆی بۆ باسده‌كردم و منیش هه‌روا، زۆر كاری رۆژنامه‌وانیی هاوبه‌شمان هه‌یه‌، ته‌نانه‌ت دواكاریشمان هه‌ر پێكه‌وه‌ ئه‌نجامدا كه‌ چه‌ند رۆژێك پێش كۆچی دواییه‌كه‌ی بوو.
ئه‌ژین خاوه‌ن خه‌می قوڵی تایبه‌تی و به‌هه‌مان شێوه‌ش خه‌ونی گه‌وره‌ی هه‌بوو له‌بواری كاره‌كه‌یدا، به‌ڵام خه‌مه‌كانی نه‌ببوونه‌ رێگر له‌به‌رده‌م چالاكی و داهێنانه‌كانی، گورج و گۆڵ و ئازابوو.
هاوڕێی هه‌مووانیش بوو، دڵێكی پاك و هه‌ستێكی ناسكی هه‌بوو، زۆرجاران له‌شتێكی بچووك زیز ده‌بوو و دواتر دڵی وه‌ك ئاوی پلوسكی ناو نزاران، روون و پاكژ ده‌بووه‌وه‌، ئه‌مه‌ سروشتی جوانی ئه‌ژین بوو.
به‌داخه‌وه‌، له‌چوارشه‌ممه‌ی شوومی 20/9/2017 رووی ژیانی لێوه‌رگێڕاین و به‌ده‌م خه‌مه‌ كه‌ڵه‌كه‌بووه‌كانی ژیانه‌وه‌، رۆی، به‌ڵام هه‌زاران یادگاری و وێنه‌ی وای له‌دڵ و ئه‌لبوومه‌كانماندا به‌جێ هێشتووه‌ كه‌ هه‌رگیز بیرچوونه‌وه‌ی بۆ نییه‌.
شارا مسته‌فا هاوڕێیه‌كی‌ تری‌ ئه‌ژین وتی: ئه‌ژینه‌كه‌م،  هاورێكه‌م به‌ڕواڵه‌ت له‌سه‌ر پێكانی خۆت راوه‌ستابوویت پێكه‌نینه‌كانت .. گریانه‌كانت.. ئازایه‌تیت .. بوێریت .. چاونه‌ترسیت و خۆشه‌ویستیت بۆ كاره‌كه‌ت له‌ناو ئه‌و دنیا ململانێ و جه‌نجاڵه‌ی راگه‌یاندن زۆر بێباكی ده‌رئه‌خستیت به‌ڵام حه‌قیقه‌ت وانه‌بووی ! ماندوو ماندوو زۆر له‌وه‌ زیاتر وێنابكرێت ته‌نها رۆحی فریوت ئارامی به‌جسته‌ی ماندووت بخشی بزانه‌ هاورێ له‌ر جێگایه‌كی ئه‌م شاره‌ له‌كۆڕێ له‌كۆبوونه‌وه‌یه‌ك له‌كۆنسێرت و فیستیڤاڵه‌كان چاوت بۆ ئه‌گێڕم و له‌چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ی بتبینم  باوه‌شێكی پڕتاسه‌ت پیاكه‌م و پێت بڵێم زۆر بیرت ئه‌كه‌م.
هاوكارێكیتری‌ ئه‌ژین له‌كوردستانی‌ نوێ‌ دیاری‌ سابیر سه‌باره‌ت به‌ كۆچی‌ ئه‌ژین ده‌ڵێت:-
ئه‌گه‌ر وه‌ك هاوكارێك له‌ ئه‌ژین بڕوانین، كه‌سایه‌تییه‌كی ماندوو نه‌ناس‌و له‌خۆبوردوو بوو، هه‌میشه‌ به‌پێكه‌نینه‌وه‌ ئه‌و كاره‌ی جیبه‌جێ ده‌كرد كه‌ پێی ده‌سپێردرا، ئه‌و هه‌رچه‌ند وێنه‌گر بوو، به‌ڵام زۆرجار هه‌واڵیشی بۆ ده‌هێناینه‌وه‌.
ئه‌گه‌ر وه‌ك هاوڕێیه‌ك له‌ ئه‌ژین بڕوانین، ئه‌و زۆر له‌سه‌رخۆ‌و هێمن بوو، ئێستاش له‌ به‌رچاومه‌ كه‌ چۆن به‌ شێنه‌یی ده‌رگای هۆڵه‌كه‌ی ده‌كرده‌وه‌‌و به‌خه‌نده‌وه‌ سڵاوی لێده‌كردین، ئیدی ئه‌و رۆژه‌ هه‌رچییه‌كی بۆ كردبووین له‌ هه‌واڵ‌و وێنه‌، پرسیاری ده‌كرد تا له‌ فۆڵده‌رێكدا دایبنێت.
ئه‌گه‌ر وه‌كو فۆتۆگرافه‌رێك لێی بڕوانیت، ئه‌ژین یه‌كێك بوو له‌وانه‌ی زۆربه‌ی كاته‌كانی خۆی بۆ وێنه‌گرتن ته‌رخان ده‌كرد‌و له‌ گۆشه‌ی زۆر جوانه‌وه‌ كامێراكه‌ی ده‌چركاند‌و به‌كوالێتییه‌كی زۆر به‌رز وێنه‌ی ده‌گرت، چونكه‌ خۆشه‌ویستییه‌كی گه‌وره‌ی بۆ كاره‌كه‌ی خۆی هه‌بوو، به‌جۆرێك ئاوێته‌ی یه‌كتر بووبوون، ئه‌ژین جیاواز له‌ كچانی دیكه‌ی هاوته‌مه‌نی خۆی، له‌ جیاتی ملوانكه‌ هه‌میشه‌ كامێراكه‌ی له‌ مل ده‌كرد.
میدیا عباس ئه‌لبه‌دری هاوكاری ئه‌ژین له‌وباره‌یه‌وه‌ وتی: كۆچی ناواده‌‌و له‌ناكاوی خوشك‌و هاورێ‌و هاوپیشه‌ی خۆشه‌ویستم (ئه‌ژین)گیان له‌ناخه‌وه‌ هه‌ژاندمی، به‌ڕاستی نموونه‌ی وه‌فا‌و دڵسۆزی بوو، هه‌ركاتێك كه‌ ده‌مبینی به‌و زمانه‌ شیرین‌و زه‌رده‌خه‌نه‌ جوانه‌ی دڵخۆشی ده‌كردم، دڵنیام پڕكردنه‌وه‌ی جێگاكه‌ی چ له‌ كوردستانی نوێ‌و چ له‌ رۆژنامه‌گه‌ری كوردیشدا ئه‌سته‌مه‌، هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ ده‌ڵێم ئه‌ژین گیان درود له‌گیانی پاكت‌و هه‌تاهه‌تا به‌یادگاریه‌ جوانه‌كانت له‌ناوماندا ده‌مێنیته‌وه‌‌و هه‌رگیز له‌یادت ناكه‌ین.
ژینۆ محه‌مه‌د بۆ مه‌رگی ئه‌ژین
 ئه‌ژین كچه‌ فۆتۆگرافه‌ره‌كه‌ی نێو میدیای كوردی، هه‌رزوو جێیهێشتین. ئه‌و له‌ ماوه‌یه‌كی كورت و به‌ته‌مه‌نێكی گه‌نجییه‌وه‌ خزمه‌تێكی گه‌وره‌ی پێشكه‌ش كردو له‌ لێنزی كامێراكه‌یه‌وه‌ جوانی سرووشتی و زینده‌گی پیشان ئه‌داین.
 هاوڕێیه‌كی ڕۆح سووكی هه‌مووان بوو هه‌رگیز جیاوازییه‌كان له‌به‌رده‌م ئه‌ژین نه‌بۆته‌ ڕێگر بۆ هاوڕێیه‌تی، به‌كۆچی ناواده‌ی ئه‌ژین كه‌لێنێكی دیكه‌ بۆ میدیای كوردی دروست بوو.
 ڕۆحت شاد كچه‌ ڕۆح سووكه‌ ده‌م به‌خه‌نده‌كه‌ .. ڕۆحت شاد.
دیاری‌ ده‌ستگیرانه‌كه‌ی ئه‌ژین به‌ ده‌نگ و سیمایه‌كی‌ پڕ خه‌مه‌وه‌ وتی‌:-
به‌ماوه‌یه‌كی‌ كه‌م له‌ ناسین و تێكه‌ڵ‌ بوون له‌گەڵ‌ ئه‌و كچه‌ نازداره‌ خۆشمویست و بووه‌ ده‌ستگیرانم، به‌ له‌ده‌ستچوونی‌ ئه‌ژین هاوژینی‌ من بووه‌ نه‌قسێكی‌ گه‌وره‌ له‌سه‌ر دڵم بوو به‌خه‌مێكی‌ گه‌وره‌ له‌ناو خێزانه‌كه‌مان، چونكه‌ كه‌سێكی‌ شیرین و ئازیزی‌ من و خێزانه‌كه‌شم بوو، له‌ 19/8/2017 بووه‌ دستگیرانم و له‌رۆژێكی‌ ره‌شدا 20/9/2017 خه‌م روویتیكردم به‌ مه‌رگی‌ ئه‌ژین.
نیشتمان خوشكی‌ ئه‌ژین ئه‌ڵێت: چاوه‌ڕێبووم دوای‌ سه‌فه‌ر له‌ژیان ئه‌حه‌سێته‌وه‌ نه‌مزانی‌ بۆ یه‌كجاری‌ ماڵئاوایی‌ ئه‌كات، رۆحت شاد و جێگه‌ت به‌هه‌شتبێت خوشكه‌ دڵسۆزو نیشتمان په‌روه‌ره‌كه‌م، كچه‌ ئازاو چالاكه‌كه‌.
داده‌ گیان هێشتا چاوه‌ڕێم بیێت و له‌سه‌رچنار وێنه‌یه‌كی‌ پایزم بگریت، خۆم ناناسێنم چونكه‌ كه‌وتم داده‌ ئه‌زانی‌ كێم شه‌نگه‌ خوشكی‌ ئه‌ژین وای‌ وت.
به‌كر برای‌ ئه‌ژین: ئه‌ژین خه‌مخۆرو دڵسۆزی‌ هه‌موو كه‌سێك بوو خۆی‌ نه‌بێت، مناڵ‌ بوو باوكی‌ شه‌هید بوو خۆشی‌ به‌گه‌نجی‌ جێی هێشتین.
شانیا مه‌حمود هاوڕێ‌ و هاوكاری‌ ئه‌ژین له‌كوردستانی‌ نوێ‌:
ئه‌گه‌ر گه‌ڕای‌ به‌شوێن پایزدا مه‌چۆ بۆ هیچ شوینێكی‌ تر، دڵم نه‌بێت ئه‌ژین گیان هاوڕێ‌ رۆح سوكه‌كه‌م تۆ له‌دڵی‌ ئێمه‌ زیندویت.
ئاشتی مه‌حمود نزیكترین هاوڕێی ئه‌ژین له‌كوردستانی‌ نوێ‌ سه‌باره‌ت به‌ هاوڕێ‌ كۆچكردووه‌كه‌ی‌ ئه‌ڵێت:-
هاوڕێ‌ ئازیزه‌كه‌م كاتێك كه‌قسه‌ی‌ دڵمان بۆ یه‌ك ده‌كرد به‌بێ‌ دوودڵی‌ و ترس ئه‌دوای بۆ یه‌ك به‌ڵێنمان به‌یه‌ك دابوو تا مردن هاوڕێ‌ بین، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ مه‌رگ رێگه‌ی‌ نه‌دا تۆ سه‌فه‌ری‌ یه‌كجاریت كرد منیش به‌ته‌نیا مامه‌وه‌.
print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

رقصە اخیلتی

رقصە اخیلتی دیوانە شیعرێكی شاعیر عەلی مەعروف بەهروردییە، عەبدولستار شارباژێری ...