سەرەکی » راپۆرت » ئاماده‌کردنی : ئه‌رده‌ڵان عه‌بدوڵڵا » جیهانیش بە سەرنجەوە سەیری ئەم لووتکەیە دەکات

هیلسنکی، پوتین و ترەمپ کۆدەکاتەوە

جیهانیش بە سەرنجەوە سەیری ئەم لووتکەیە دەکات

دوێنێ ١٦/٧ لە هیلسنکی پایتەختی فینلەندا دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا و فلادیمیر پوتین سەرۆکی روسیا کۆبوونەوە. ماوەی چەند رۆژێکیشە تەواوی میدیاکانی جیهان بە گرنگییەوە باس لەم کۆبوونەوەیە دەکەن و بەیەکێک لە دیدارە سیاسییە گرنگەکانی ئەمساڵ دادەنرێت. کێشەکانی سوریا و ئۆکرانیا و ئێران و جەنگی ئەلکترۆنی و پەیوەندی هەردوولا ، تەوەرە گرنگەکانی ئەم کۆبوونەوەیە بوو. تەواوی دەوڵەتانی جیهانیش بەتایبەتی لە رۆژهەڵاتی ناڤین و ئەوروپا، بە گومانەوە سەیری ئەم کۆبوونەوەیان کرد، چونکە ترسیان لە رێککەوتنی ژێربەژێری ئەم دوو زلهێزە هەیە.

دووەمین دیدارە
ئەم دووەمین دیدار و کۆبوونەوەیە لە نێوان دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا و فلادیمیر پوتینی سەرۆکی روسیا. پێشتر لە ساڵی 2017 لە کۆبونەوەی سەرانی گروپی 20 لە شاری هامبورگی ئەڵمانیا بوو، ئەمەش دووەمین کۆبوونەوەی ئەم دوو سەرۆکەیە.

بۆچی هیلسنکی
ئەوەی جێگەی سەرنج و تێڕامانە هەڵبژاردنی هیلسنکی پایتەختی فینلەندایە بۆ ئەم کۆبوونەوەیە، ئەمەش بۆتە مایە‌ی گرنگی پێدانی میدیاکانی جیهان. جێگەی ئاماژەیە هەمیشە هیلسنکی بۆتە پردی پەیوەندی نێوان هەردوو زلهێز، بەتایبەتی لەکاتی جەنگی ساردی نێوان یەکێتی سۆڤێت و ئەمریکا. لەهەمانکاتیشدا هیلسنکی یەکەمین شوێنی کۆبونەوەی سەرانی هەردوو دەوڵەت بووە لەکاتی جەنگی ساردا.

هیلسنکی سەرانی ئەمریکا و روسیا کۆدەکاتەوە
هیلسنکی شارە جوانەی ئەسکەندەنافیا، کۆمەڵێک دیداری سەرانی ئەمریکا و روسیا کۆکردۆتەوە . هەتاوەکو ئێستا ئەمە چوارەمین دیدار و کۆبونەوەی سەرانی روسیا و ئەمریکا دەبێت. یەکەمجار لە کاتی جەنگی ساردا لەساڵی 1975 لیۆنێد برجنێف سەرۆکی یەکێتی سۆڤێت و جیراڵد فۆرد سەرۆکی ئەمریکا لە هیلسنکی کۆبوونەوە . دووەمین کۆبوونەوەش دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1991 بە چەند مانگێک لە رووخانی یەکێتی سۆڤێت و لە کاتی جەنگی کوێتدا، میخایل گۆرباتشۆف سەرۆکی یەکێتی سۆڤێت و جۆرج بوشی سەرۆکی ئەمریکا کۆبوونەوە. سێهەمین دیداریش دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1997 لەنێوان بۆریس یەلسن سەرۆکی روسیا و بیل کلینتۆن سەرۆکی ئەمریکا بوو. ئەمەی دوێنێش دەبێتە چوارەمین دیدار لەنێوان پوتین و ترەمپ.

هیلسنکی کۆتایی بە جەنگی سارد هێنا
وەکو پێشتریش ئاماژەم پێکرد هەمیشە هیلسنکی شوێنی نهێنی و ئاشكرای هەردوو زلهێزبووە. لە لایەکی ترەوە ئەم شارە لە رووی مێژووییشەوە بایەخی زۆری هەیە، چونکە یەکەمینجار سەرۆکی یەکێتی سۆڤێت و ئەمریکا لە کاتی جەنگی ساردا یەکتریان بینی و کۆتاییان بە قۆناغی جەنگی سارد هێنا و سەرەتایەکی نوێش لە ئەوروپا دروستبوو کە بە رێککەوتنامەی هیلسنکی کۆتاییهات، کە جگە لە یەکێتی سۆڤێت و ئەمریکا، 35 دەوڵەتی ئەوروپا ئەو رێککەوتننامەیان مۆرکرد، کە بە رێککەوتنامەی هیلسنکی بۆ « ئەمن و هاوکاری» ئەوروپا دەناسرێت و بە یەکێک لە رێککەوتنامە گرنگ و پڕ بایەخەکانی مێژووی نوێی ئەوروپا دادەنرێت و سەرەتایەکی باشبوو بۆ گەڕانەوەی ئاشتیی و ئارامیی بۆ ئەوروپا. زۆرجار یش لە مێژووی ئەوروپادا بە سەرەتای قۆناغی کرانەوەو ئاشتی نێوان بلۆکی دەوڵەتانی سۆسیالیست و سەرمایەدارییەکان دادەنرێت یان وەکو دەڵێن سەرەتایەکی باشبوو بۆ بەرەی « رۆژهەڵات و رۆژئاوا»

خاڵە ناکۆکەکان و تەوەرە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکە
دیارە ماوەی چەندین ساڵە بە تایبەتی لە پاش داگیرکردنی دورگەی قرم لە لایەن روسیاوەو سەرهەڵدانی کێشەی ئۆکرانیا، پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا تێكچووە. لەم کۆبونەوەیەشدا کۆمەڵێک خاڵی ناکۆکی سەرەکی لە نێوان ئەم دوو دەوڵەتەدا هەیە، گرنگترینیان بریتین لەمانەی خوارەوە:

دورگەی قرم و ئۆکرانیا
سەرەتای سەرهەڵدانی ناکۆکی گەورەو کێشە دەگەڕێتەوە بۆ داگیرکردنی دورگەی قرم لە ساڵی 2014 لەلایەن روسیاوەو لکاندنی بە خاکی روسیاوە. پاشتریش تەداخوالکردنی روسیا لە کێشە ناوخۆییەکانی ئۆکرانیا بە تیابەتی لە رۆژهەڵاتی ئۆکرانیا. بە دڵنییایەوە ئۆکرانیا تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەی هەردوو سەرۆک دەبێت. هەندێک میدییای جیهانیش دەڵێن، پێدەچێت پوتین مامەڵەیەک بە هەردوو کێشەی سوریا و ئۆکرانیاوە بکات.

کێشەی سوریا
کێشەی سوریا یەکێکە لە کێشە سەرەکیی و خاڵە ناکۆکەکانی نێوان هەردوولا ، چونکە روسیا پشتگیری رژێمی ئەسەد دەکات و ئەمریکاش پشتگیری لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان دەکات و دژی رژێمی ئەسەدە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا چەند خاڵێک لە سوریا کۆیان دەکاتەوە لەسەروهەمووشیەوە جەنگ لە دژی تیرۆر و بەهێزبوونی هەژموونی ئێران.

ناتۆ
فراوانبوون و زیادبونی ئەندامانی ناتۆ، خاڵێکی گرنگی تری ناکۆکیی نێوان هەردوو دەوڵەتە. روسیا هەمیشە بە ترس و گومانەوە لە فراوانبونی سنووری ناتۆ دەڕوانێت، لە هەمانکاتیشدا هێنانی هێزی سەربازی ئەمریکا و نزیکبوونەوەی لە سنوورەکانی ، بە تەواوەتی روسیای توشی بەدگوومانی کردووە.

دۆسێی ئەتۆمی و هەژموونی ئێران
ئێرانیش خاڵێکی تری ناکۆکی نێوان هەردوولایە. ئەمریکا، ئێران بە دوژمنی سەرسەختی خۆی لە ناوچەکە دەزانێت، لە هەماناکتیشدا ئەمساڵ دۆناڵد ترەمپ یەک لایەنانە لە رێکەوتنامەی 5+1 بۆ دۆسییە ئەتۆمییەکەی ئێران کشایەوە. هەروەها زیادبوونی هەژموونی ئێران لە ناوچەکە بە تایبەتی لەسوریا و لوبنان و یەمەن و عیراق، مایەی نیگەرانی ئەمریکا و دۆستەکانییەتی لە ناوچەکە. گەرچی روسیا، ئێران بە دۆستی خۆی لەناوچەکە دەزانێت و پشتگیری رێککەوتنامەی ئەتۆمی نێوان ئێران و دەوڵەتانی 5+1 دەکات. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا نیگەرانە لە بەهێزبوونی هەژمونی ئێران لە سوریا. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا روسیا ئامادەیە کە رێککەوتن و سازش لە بارەی ئەم پرسەوە بۆ ئەمریکا بکات.

جەنگی ئەلکترۆنی
جەنگی ئەلکترۆنی یان جەنگی مۆدێرن، خاڵێکی تری ناکۆکی نێوان هەردوولایە، بە تایبەتی پاشئەوەی ئەمریکا روسیای بەوە تۆمەتبارکرد، کە لە هەڵبژاردنی ساڵی 2016 دا، دەزگای هەواڵگری روسیا، پەلاماری حساباتی ئەلکترۆنی پارتی دیموکراتی ئەمریکا داوەو تەداخولی لە هەڵبژادرنەکانی ئەمریکا کردووە. هەرچەندە هەمیشە روسیا ئەم تۆمەتانە رەت دەکاتەوە.

چەند کێشەیەکی تر
دیارە جگە لەم کێشانە مەسەلەی کۆریای باکوور و بازرگانی نێوانیان و سزا گومرگییە نوێکانی ئەمریکا لەسەر هاوردەکردنی کاڵای بیانی، تەوەری تری کۆبوونەوەکان دەبێت.

ئەگەری سازشکردن
میدیاکانی جیهان باس لە سازشکردنی هەردوولا دەکەن بۆ یەکتری، پێدەچێت سوریا و ئێرانیش ، ببنە مایەی ئەو سازشکردنەی نێوان هەردوولا.
سوریا
بەپێی زۆربەی میدیاکانی جیهان بێت، پێدەچێت ئەمریکا لەسەر مەیدانی سوریا، سازشی گەورە بۆ روسیا بکات، یەکێک لە ئاماژەکانی ئەم سازشەش لە سەرکەوتننەکانی ئەم دواییە‌ی رژێمی ئەسەد لە باشووری وڵات دەبینرێت، کاتێک ئەمریکا هیچ هەڵوێستی لەو سەرکەوتناننەی رژێمی ئەسەد نەبوو. هەروەها لەوانەبێت ئەمریکا ئامادەبێت، تەواوی سوریا پێشکەشی روسیا بکات، بەو مەرجەی رێگا لە هەژموونی ئێران بگرێت.

وازهێنان لە ئێران
ئێران کە بە دوژمنی سەرسەختی ئەمریکا دادەنرێت، پێدەچێت روسیاش ئامادەبێت لە بەرامبەر سوریادا، واز لە ئێران بهێنێت، هەربۆیە ئەمریکا داوا لە روسیا دەکات، کە فشاری زیاتر بخاتە سەر ئێران تاوەکو دۆسێیی ئەتۆمی و بەرنامە مووشەکییەکان و هەژموونی لە ناوچەکە رابگرێت. ئەمەش پێناچێت هەروا کارێکی ئاسان بێت، هەرچەندە روسیا و ئەمریکا مێژوویەکی دێرینیان لە سەوداو مامەڵەکردن بەگەلانی جیهانەوە هەیە.

مێژووی روسیا لە سەوداکردن بە گەلانی جیهانەوە
دیارە روسیا و ئەمریکا مێژووییەکی ناشیرین و قێزەونیان لە سەوداکردن بەگەلانی جیهانەوە هەیە. ئەمەش بۆ عەقڵیەتی هەردوولا دەگەڕێتەوە بە تایبەتی روسەکان. ئەمەش زیاتر پەیوەندی بە عەقڵیەتی ئەرستۆکراتی روسییەوە هەیە، کاتێک کە زەوییەکیان دەکڕی، جووتیارەکانیشیان بە زەوییەکەوە دەکڕی، واتە جووتیاران حسابی کۆیلەیان بۆ دەکرا. کاتێک ساڵی 1867 روسیا هەموو زەوی ئالاسکا و خەڵکەکەشی بە بڕی 7.5 ملیۆن دۆلار بەئەمریکا فرۆشت، هیچ حسابێکیان بۆ خەڵکی ئالاسکا نەکرد. ئەمەش سەرەتایەک بوو بۆ مێژووی سەوداکردن بە گەلانی جیهانەوە. هەربۆیە تەواوی جیهان، بەترسەوە سەیری ئەم کۆبونەوەیە دەکەن، بە تایبەتی ئەوروپایی و رۆژهەڵاتییەکان.

ئەوروپا ترسی هەیە
ئەوروپییەکان بە ترس و گومانەوە سەیری ئەم کۆبوونەوەیە دەکەن، چونکە دەترسن ئەمریکا سازشی گەورە بۆ پوتین بکات و واز لە بەرگیکردن لە سنوورەکانی ئەوروپا بهێنێت بەتایبەتی لە کێشە‌ی ئۆکرانیا، جێگەی ئاماژەیە ماوەیەکە پەیوەندی نێوان ئەمریکا و ئەوروپا بەتایبەتی لە سەردەمی ترەمپ کێشەی زۆری هەیە بەتایبەتی لە بواری بازرگانیی و تێکچوونی رێکخراوی ناتۆ.

ئێران ترسی گەورەی هەیە
گەرچی ئێرانیش بە ترسەوە سەیری ئەم کۆبونەوەیە دەکات، بە تایبەتی ئێستا تەواوی میدیاکانی جیهان باس لە بوونی سەفقەیەکی نهێنی نێوان ئەمریکا و روسیا دەکەن لەسەر ئێران. روسیاش مێژووییەکی خراپی لە ئێران هەیە و ترسیشیان هەیە روسیا وەکو هەر کاڵایەکی تر بیانفرۆشێت.
کورد
هەمیشە کورد قووربانی سەوداو مامەڵەی نێوان روسیا و ئەمریکا بووە. سەرەتای ئەم سەوداو مامەڵەیەش بۆ کۆماری مهاباد دەگەڕێتەوە، کاتێک روسیای سۆڤێتی لەسەر فشاری ئەمریکا وازی لە کۆماری مهاباد هێنا و رادەستی رژێمی شای ئێرانی کرد. هەروەها دوایین جاریش ئەمساڵ کاتێک روسیای پوتین، ئامادەبوو شاری عەفرین رادەستی تورکیا بکات و خەڵکەکەیی وناوچەکەش رووبەروی کارەساتی گەورەبکات. لە ئێستاشدا باس لەوە دەکرێت، کە ئەمریکا ئامادەییە واز لە ناوچەکانی رۆژهەڵاتی فورات بهێنێت بۆ روسیا، ئەمەش دووبارە کورد رووبەروی ترسێکی گەورە دەکاتەوە. هەربۆیە بە گشتی کورد لە رۆژئاوای و باشوریش، بەگوومانەوە سەیری ئەم کۆبوونەوەیە دەکات.

دەرئەنجام
زۆرێک لەمیدیاکانی جیهان باس لەوە دەکەن پێدەچێت ئەم کۆبوونەوەیە ببێتە سەرەتایەکی باش بۆ پەیوەندی خراپی نێوان هەردوو وڵات، بەڵام لە هەمانکاتیشدا لەرێککەوتنی ئەم دوو زلهێزە ، گەلانی تر دەبنە قوربانی، هەربۆیە زۆرێک لەگەلانی ئەوروپا و رۆژهەڵات، دڵیان بەم کۆبوونەوەیە خۆش نییە و ترسیان لە دەرئەنجامەکانییەتی.

سەرچاوە : -سایتی روسیا الیوم، بی بی سی. شپیگل ئۆنلاین.

 394 جار بینراوە