سەرەکی » مانشێت » یەكێتی كۆبوونەوە بۆ (یەكڕیزیی) دەكات

له كوردستان تا بەغدا

یەكێتی كۆبوونەوە بۆ (یەكڕیزیی) دەكات

״سەرەتای هەفتەی داهاتوو وەفدی یەكێتی و پارتی سەردانی بەغدا دەكات״

یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هەوڵەكانی چڕ كردۆتەوە بۆ یەكڕیزیی و یەكهەڵوێستی و ئامادەكردنی پڕۆژەیەكی هاوبەشی لایەنە كوردستانییەكان بۆ گفتوگۆكان لە بەغدا.
بۆ ئەو مەبەستە لە ماوەی ئەم هەفتەیەدا وەفدی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە هەولێر و سلێمانی زنجیرەیەك كۆبوونەوەی لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان، بزووتنەوەی گۆڕان، هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری، یەكگرتووی ئیسلامی، كۆمەڵی ئیسلامیدا كرد و تەئكیدی لە پێویستی یەكڕیزیی لایەنە كوردستانییەكان كردەوە.

رۆژی شەممە وەفدی هاوبەش سەردانی بەغدا دەكات
هەوڵەكانی یەكێتی لەوبارەیەوە، لەكاتێكدایە بڕیارە 3/9/2018، یەكەم كۆبوونەوەی خولی نوێی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بەڕێوەبچێت. هەروەك بڕیارە سەرەتای هەفتەی داهاتوو وەفدی هاوبەشی یەكێتی و پارتی سەردانی بەغدا بكات، لەوبارەیەوە سەعدی ئەحمەد پیرە وتەبێژی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: بڕیارە رۆژی شەممە وەفدی هاوبەشی یەكێتی و پارتی سەردانی بەغدا بكات، وتیشی: وەفدەكە لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی عیراقدا گفتوگۆ دەكات لەبارەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عیراقی فیدرال، ئاماژەی بەوەشدا «وەفدە هاوبەشەكە بەپێی پێویست لە بەغدا دەمێنێتەوە».

یەكێتی و كۆمەڵ كۆبوونەوە
لەلایەكی دیكەوە، لەمیانی سەردانی وەفدی یەكێتی بۆ لای لایەنە سیاسییەكان، دوێنێ لە هەولێر وەفدی باڵای یەكێتی بە سەرۆكایەتیی مەلا بەختیار لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی، سەردانی كۆمەڵی ئیسلامیی كوردستانی كرد و لەگەڵ مامۆستا عەلی باپیر ئەمیری كۆمەڵ و وەفدی كۆمەڵی ئیسلامیدا كۆبۆوە.
دوای كۆبوونەوەكەش لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا سەعدی ئەحمەد پیرە وتەبێژی یەكێتی رایگەیاند: كۆبوونەوەمان لەگەڵ كۆمەڵی ئیسلامی لە چوارچێوەی كۆبوونەوەی یەكێتی بووە لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی هەرێم بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی رێكەوتنی لایەنەكان و پێكهێنانی حكومەتی نوێی عیراق و پشك و داخوازییەكانی كورد لە حكومەتی نوێی عیراقدا. راشیگەیاند: بەشێكی تری كۆبوونەوەمان تاوتوێكردنی ئەنجامی كۆبوونەوەمان بوو لەگەڵ لایەنەكانی تری وەك پارتی و گۆڕان و هاوپەیمانی و یەكگرتووی ئیسلامی، بۆ ئەوەی پڕۆژەیەكی هاوبەشمان هەبێت بۆ دانیشتن لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی عیراقدا.
لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانیشەوە، سەعدی پیرە رایگەیاند: وەك یەكێتی ئامادەین بۆ هەڵبژاردن لە كاتی خۆیداو هیچ كێشەیەكمان نییە.
عەبدولستار مەجید ئەندامی وەفدی كۆمەڵی ئیسلامیش رایگەیاند: لەپێناوی بەدەستهێنانی مافە دەستووری و یاساییەكاندا، چی بۆ هەرێم قازانج بێت لە پڕۆژە و كاری هاوبەش، بە باشی دەزانین.

پارتی و یەكگرتوو كۆبوونەوە
هەمان رۆژ لە هەولێر نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی و وەفدێكی مەكتەبی سیاسیی پارتی، سەردانی مەكتەبی سیاسیی یەكگرتووی ئیسلامی كرد و لەگەڵ سەڵاحەدین محەمەد بەهادین ئەمینداری گشتی و وەفدێكی یەكگرتوودا كۆبوونەوە.
دوای كۆبوونەوەكە، نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند: ئەوەی بۆ هەموو لایەنە كوردستانییەكان گرنگە ئەوەیە كە دەبێت هەموومان بەیەكەوە بۆ دەستكەوتەكانی خەڵكی كوردستان هەوڵ بدەین و لێكگەیشتنێكی هاوبەشمان لە بەغدا هەبێت.
ئەمینداری گشتیی یەكگرتووی ئیسلامیش وتی: ئومێد دەكەین بەم نزیكانە لایەنە سیاسییەكان پێكەوە دانیشتنێكی فراوانتر بكەن و ئەو شتانەی كە پێویستن بڕیاری جددییان لەسەر بدرێت.

 19 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*